ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دیاردەیەکی ناشیرین و نامۆ سەریهەڵداوە لە ناو میدیا و میدیاکارانی کوردا ، هەندێ لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەتایبەت تەلەفزیۆنەکان لە ئێستادا دەچن چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسانێک دەکەن کە نەخۆشی نەروونی هەیە، تەنها لەبەر ئەوەی بینەریان هەبێ وە بیر لە کاریگەریە نەرێنییە کۆمەڵایەتیەکانی ناکەنەوە ، نازانم چ ڕەوایەتیەک هەیە بۆ چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی لەگەڵ کەسێک کە نەتوانێ خۆی بەڕێوەبەرێت وە لە ڕووی ئاگایی و عەقڵی یەوە ناتەواو بێت، ئیتر دەبێ چ پەیامێکی پێ بێت بۆ بینەر و بیسەر ، بەدڵنیاییەوە پەیامی پێ نیە ، تەنها ڕووبەری نەزانی و گەمژەیی فراوانتر دەکات.

ئەم دیارەیە ڕۆژانە دووبارە دەبێتەوە و ڕیکلام بۆ چاوپێکەوتنێکی تازە لەگەڵ کەسانێک دەکەن کە " نەخۆشی دەروونی " هەیە و ئیتر هەندێک لە کەناڵەکانی تریش بەدوایدا سەرە دەگرن و چاوپێکەوتن لەگەڵ قوربانیەکەدا دەکەن، هەندێک لەکەناڵەکانی تەلەفزیۆن لە ئێستادا، لە نێوان کەسێکی ڕۆشنبیر و کەسێک کە باری دەروونی و عەقڵی تەواو نیە، ئەو کەسە هەڵدەبژێرێت بۆ چاوپێکەوتن کە باری دەروونی تەواو نیە!

پرسارەکە ئەوەیە ئایا ئەو ڕاگەیاندکارانە کاتێ چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەن ، کە باری دەروونی عەقڵیان تەواو نیە ، چ پەیامێک لە ئەو کەسانەوە دەگوازنەوە بۆ منی بینەر و بیسەر ،لەکاتێکدا مەهامی ڕاگەیاندن ئاڵوگۆڕی زانیارییە بە ئامانجی ڕاستکردنەوەی ڕەفتارەکانمان بەرەو باشتر ، کەسێک کە باری دەروونی تەواو نیە و ناتوانێ خۆی بەڕێوەبەرێت ، چ زانیاری و پەیامێکی پێیە بۆ کۆمەڵگا ؟

ئەم جۆرە میدیا و میدیاکارانە ناتوانن خزمەتی پڕۆسەی گەشەپێدان و بەرژەوەندییە گشتیەکان بکەن، بۆیە زۆرێک لە میدیا کوردیەکان، میدیای گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و جەماوەری نین، بەڵکو پێچەوانەی ئەوە هەنگاو دەنێت ، و ناتوانێ ڕۆڵی هەبێ لە گەشەپێدانی کۆمەڵگە ، چونکە ناوەڕۆکی گەشەپێدان لە پەیامە میدیاییەکانیاندا وونە، ئەگەر هەشبێ ئەوەندە کەم ڕەنگە جێگای سەرنجی وەرگر نیە، ئەوەی بە ڕوونی لە پەیامی ئەو کەناڵانە دەبینرێت ، وروژاندنی هەستی وەرگرە بە تێرکردنی بابەتی کاتبەسەربردن و خافڵاندن کە بەسەر ناوەڕۆکی بەرنامەکانەوە زاڵە، هەندێک دەزگا وا خۆ نیشان دەدەن کە ناوەڕۆکی پەیامەکانیان بۆ گەشەپێدانی هۆشیاری گشتیە ، بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە کە بە بابەتەکانیان ڕووبەری نەزانی فراوان دەکەن .

لە وڵاتە هەرە پێشکەوتوەکانی دنیاشدا سنوورێک دانراوە بۆ کاری میدیای و ڕاگەیاندن ، چونکە بواری میدیا وەکو هەر پیشە و بوارێکی دیکە دەشێت بەچاکی و بەخراپیش بەکاربهێنرێت ، بۆیە ئەو وڵاتانە لە پێناو سوودی کۆمەڵگەکەیانداو بۆ پاراستنی کۆمەڵ و ناوبانگی کەسەکان و پاراستنی ئەخلاقی گشتی وڵات، هەندێ کۆت و بەند و مادەی یاساییان داناوە ، تا میدیاکار ئازادی ڕادەربڕین بە لاڕێدا نەبات ، و پەیامە مدیاییەکەی بە خێری گشتی بشکێتەوە.

ئەگەر سەرنج بدەینە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و لە پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسیەکان و لە مادەی (۱۹ )دا نووسراوە : ڕۆژنامەنووسان ئازادییەکی بەرفراوانیان هەیە لە ڕادەربڕین و گواستنەوەی زانیارییەکانیاندا، تەنانەت دەوڵەتان و حکومەتەکانیش ناتوانن سنوور بۆ ئازادییەکان دابنێن، بەمەرجێک ، ئەگەر ئەو سنوورە پێویست بێت بۆ : " پاراستنی سومعە و کەرامەتی کەسەکان و ژیانی تایبەتیان و پاراستنی ئەخلاقی کۆمەڵگە و سیستەمی گشتیی و تەندروستی گشتیی کۆمەڵگە " کەواتە لە جەڕنامەی مافەکانی مرۆڤیشدا ئازادی ڕۆژنامەنووسی بە ڕەهایی نەهاتووە ، چ جای کۆمەڵگەیەکی وەک ئێمەش کە بەدەست چەندین کێشەو دەردەسەری سیاسیی و نەتەوەیی و ئایینی و خێڵەکیەوە دەناڵێنین.

ئاخر لە کوێی دنیا بووە ، دەزگاکانی میدیا چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسانێک بکات کە " نەخۆشی دەروونیان " هەیە و میوانی هەمیشەیی شاشەکانی تەلەفزیۆن بن لە ژێر ناوی بەرنامەی کات بەسەربردن و تەرفیهی ، ئەو کەناڵانە کارێکیان کردوە کە کەسمان چوا دکتۆری کۆلێژی ڕاگەیانی زانکۆکانی کوردستان ناناسین، ئایا ڕێپدراوە لەژێر ناوی ئازادی ڕا دەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەری نەزانی جەهل بەرهەم بێت.!

ئەگەر بە خێرایی سەیرێکی قوربانیەکانی میدیا بکەین ، تێدەگەین ئەوە تەنها بیر و هزری داعش نیە کە بکوژ و جەلاد بەرهەم دێنێت ، هەر پیشەیەک و بەتایبەت میدیا" ئیتیک و ئەخلاقی " تێدا غایب بوو ، وە ئامانجەکەی تەنها کۆکردنەوەی زۆرترین بینەر و لایک و کۆمێنت و ئەکتیڤ بوو ، بێ دوو دڵی هەم بکووژ هەم کوژراو بەرهەم دەهێنێت،و ڕوح و ناوەوەی کۆمەڵگە بریندار دەکات ، بۆیە کۆی توێژەرانی میدیا کۆکن لەسەر ئەوەی ئەگەر میدیاکار ئیتیکی پەیڕەو نەکرد ، ئەوا جیاوازی نیە لەگەڵ ئەو ستەمکارەی کە بە شمشێرەکەی لاشەی کەسێک دەبڕێت

لەم دیاردەیە زەرەرمەند هەموومانین زەرەرمەند کۆمەڵگەی کوردەواری و خودی میدیاکارە ، دەبێت ڕۆژنامەنووس بەشێوەیەکی جوان و بە شێوازێکی پڕ لەبەرپرسیارێتی کارەکانی خۆی بکات، بە بوونی سانسۆرێکی خودی و بوونی ئەو سانسۆرە یاساییانەی هەیە، بەو پێیەی ڕۆژنامەگەری بە دەسەڵاتی چوارەمە و سوود بە کۆمەڵگە دەگەێنێت لە ڕێگای کەشفکردن و هەڵماڵینی گەندەڵیەکانی داموودەزگاکان و گەیاندنی داواکارییەکانی خەڵکی بەدەسەڵاتداران ، و گەیاندنی هەواڵ و چالاکیەکانی حکومەتیش بە خەڵکی ، سوود بە حکومەت و دەسەڵاتیش دەگەێنێت کە هەڵە و کەموو کوڕیەکانیان پێدەڵێت بە ئامانجی چارەسەرکردنی.

  • 1