ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گۆڕانکاری دراماتیکی لە ڕۆژە بەراییەکانی ساڵی نوێدا لەناوچەکەماندا ڕوودەدەن!، ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەری ئەوەندە فرەوان و زۆرە هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، لەگەڵ تیرۆرکردنی قاسم سلێمانی – ئێرانی و ئەبو موهەندیس-عێراقی ئەو فتیلە ئاگری بەردایە شەڕی ساردی نێوان ئەمریکا و ئێران. هەرچەندە پێم وانییە ئەم توندبوونی بارگرژییە ڕاستەوخۆ بچێتە قۆناغی شەڕی ڕووبەروو، چونکە نەشێواز و نەجۆری گۆڕەپانەکە شەڕی تەقلیدی تێدا دەکرێت، نەلایەنەکانی نەیار شەڕی درێژخایەن دەخوازن.

بەرپەچدانەوەی سیاسی ئێران لەپای تیرۆرکردنی ژەنەراڵ سلێمانی ناچارکردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو بە بڕیاری دەرکردنی هەموو هێزە بیانییەکانی سەرخاکی عێراق و داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنامەی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا، کە حکوومەتی ئیتحادی دەبێت جێبەجێی بکات، کام حکوومەت؟ ئەم حکوومەتەی ئێستا کاربەڕێکەرە و توانای ئەوەی نییە هیچ ڕێککەوتنێک بکات یان هەڵبوەشێنێتەوە، ئەگەر عەبدولمەهدی ناچارکرا ئەوە بکات، ئەوکاتە بەتەواوی ئەو هێڵەباریکە دەپچڕێت کە نیشانەی سەروەری عێراقە. هەرچەندە پێمان وایە عێراق هیچ سەروەرییەکی نییە و توانای گێڕانەوەی هەیبەتی دەوڵەت و سەروەریشی نییە، ئەوەی دەکرێت و دەگوترێت، چ لە دەزگا فەرمییەکانی وەکو حکوومەت و پەرلەمانی عێراق و نافەرمییەکانی وەکو کەتائیب و سەرایا یا حزبەکانی سیاسیی، تەنیا دروشمی تایفەگەرییە و سواربوونی شەپۆلی دژواری ئەگەری گۆڕانکارییەکانە.

هاوکات، پرسی ناردنی سوپای تورکیا بۆ لیبیا بۆ هاوکاری حکوومەتی سیراج و لەبەرانبەردا، ئیدانە و تووڕەبوونی توندی میسر و سعودیە و ئیمارات و ئەوانیش هاوکاری خەلیفە حەفتەر دەکەن، پرسی شەڕ و کاولکاری، لەمەغریبەوە تاوکو پاکستانی گرتۆتەوە کە دەکاتە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واتە هەموو گەلانی ناوچە لەژێر هەڕەشە و مەترسیدان.

تووندبوونی ململانێی نێوان وڵاتانی هەرێمایەتی و زلهێزەکان بەو هاوپەیمانێتییانەی کە پڕە لەناکۆکی و دژە بەرژەوەندی، شیکردنەوە و لێکدانەوەی دروست بەداتا و دپلۆماسیەتێکی لێوەشاوەی دەوێت، ئەم ئەرکە بەنووسین ئاسانە بەڵام پراکتیزەکردنی بەبێ کارتی بەهێز و بەشداربوون لەهاوکێشەییەک کە قوڵایی بەرژەوەندی ستراتیژی هاوبەشیان هەبێت، کارێکی سەخەتە.

هەرێمی کوردستان لەبەردەم تەوژمی ئاگری کوورەکەدایە، چ لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و چ لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیدا، ئایا کوردستان چی بکات باشە؟ ئەم هەنگاوانە چییە کە پێویستە بۆ دەربازبوون لەم قۆناغە هەسیتارەدا بگیرێتەبەر؟ کارتەکانی بەردەستی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان چییە؟ عێراقی دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق ئایا جێگای نوێنەرانی هەرێمی کوردستانی تێدا دەبێتەوە؟ ئایا فەرمانبەر و نمایندە فەرمیییەکانی گەلی کوردستان لەبەغدا سەلامەت دەبن؟ ئایا هەرێمی کوردستان لەبەغدا لەگەڵ کێ مامەڵەی فەرمی بکات؟، ئایا بیرۆکەی زۆرینەی سیاسی بەرەو سەپاندن دەچێت و سەردەگرێت؟ ئایا هەڵوێستی تورکیا لەم وەزعە چی دەبێت بەتایبەتی ئەو ئێستا سەرقاڵی شەڕی دوورمەودای خۆیەتی لە لیبیا و سوریا؟ ئایا بوونی سوپای ئەمریکا لەهەرێمی کوردستان هەمان بڕیار دەیگرێتەوە و ئەی چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت؟ ئایا هیچ زەمانەتێک بۆ پاراستنی کوردستان لە ئەگەری هێرشی کەتیبە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی کە بە ئەمری دەرەکی دەجولێنەوە و هەروەها داعش و هاوشێوەکانی هەیە؟ ئایا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەنیازە بەچ میکانزێک رووبەرووی ئەگەری تەنگژەی ئابووری ببێتەوە؟ ئایا یەکڕیزی ناوخۆیی زەمانەت دەکرێت؟ بەدەیان پرسیاری دیکە هەیە کە پێویستە راوێژکار و سەرکردایەتی سیاسی و دانایانی کوردستان وەڵامی بدەنەوە و پلانە ستراتیژییەکانی پاراستنی کوردستانی لەسەر بونیاد بنێن.

بەبۆچوونی من، ئێستا قۆناغی دپلۆماسییەت نەرمە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی، هاوکات، داوای فەرمی زەماناتی نێودەوڵەتی بکرێت بۆ پاراستنی هەر ئەگەرێکی نەخواستراو لەناوچە نزیکەکانی سنووری هەرێم، لەگەڵ ئەم هێڵە گەرمانە، لەبونیادی دەوڵەتدارییدا، بەرپرسانی وڵات، بەدوای دروشمدا نەبن، بەڵکو بەپێی رۆژ و ڕووداوەکان، ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانە گفتوگۆ لەگەڵ هاووڵاتییانی کوردستان بکەن، بەجۆرێک بەرپرسیارێتی بەکۆمەڵ دروست بکرێت، لەڕووی گوتاری میدیاییدا، حکوومەت پلانێک دابنێت، بۆ هەندێک چەمک و دەستەواژە و گواستنەوەی هەندێک هەواڵی ناوخۆیی و دەرەکی لەمیدیاکانی کوردستان کە بەبارتەقای گرژی و مەترسییەکاندا بێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کارتی نیشتمانی کوردستان دروست بکات بۆ هاووڵاتییانی خۆی، بۆ هەر ئەگەرێک کە ڕەنگە لەداهاتوو هەموو رەگەزنامەی خەڵکی کوردستان هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەم کارتە جێگرەوە بێت.. دەیان هەنگاوی دیکەی کردەیی هەیە، بەڵام گۆشەکەم هەر ئەوەندە جێگای دەبێتەوە.

 

  • 1