ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 لە هەشتی کانونی دوەمی ۲۰۲۰دا، مامۆستا و هاوڕێی خۆشەویستمان بەڕێز ئەحمەد دڵزار سەد مۆمی تەمەنی دەکوژێنێتەوە، سەد ساڵی تەواو بەسەر لەدایکبوونی تێکۆشەری نیشتمانپەروەر و کۆمەنیستی دڵسۆزی بیروباوەڕ، شاعیری جوانپەرست و هەست ناسک و عاشقی گوڵ و کەژ و کێو و شۆخانی کوردستان تێدەپەڕێت.

نووسەری نەمر محەمەد تۆفیق وردی زیاتر لە شەست ساڵ بەر لە ئێستا لە پێشەکی نامیلکە شیعری (ئاوازی ئاشتی و ئازادی)ی دڵزاردا نووسیویەتی و دەڵێ؛ "بەڵێ ئەم شاعیرە کوردە ئەگەر لە میللەتێکی سەربەست و ئازاد بووایە، من گومانم نەبوو، ئێستا میدالیای ئاڵتونی بە سینگەوە بوو"...

لەناو شاعیرانی کورددا وابزانم مامۆستا دڵزار یەکەمینە کە سەد مۆمی تەمەن دەکوژێنێتەوە، لەو سەد ساڵەی زیاتر لە هەشتا ساڵە بێ پچڕان و لادان، بەردەوامە لە کاروانی ژیانێکی پڕ لە سەروەری پڕ لە داهێنان، هەمیشە تێکەڵ بە کاروانی خەبات، تێکەڵ بە کۆڕی ئەدیبان، تێکەڵ بە ئەحباب و خۆشەویستان، دەست لە ملانێی جوانی و سروشت...

دڵزاری شاعیر هاوڕێی نزیکی هەردوو لوتکە لە شیعری کوردی گۆران و دڵدار بوو، زۆر یادگاری لەگەڵیان تۆمارکردووە، سیاسەت و کۆڕی تێکۆشان دڵزاریان لە داهێنان و ئەدەبیات دوور نەخستۆتەوە، بەڵکو ئەم مرۆڤە خاوەن هەڵوێستە نەگۆڕە، شان بە شانی سیاسەت و پێشمەرگایەتی هەمیشە لە داهێنان بەردەوام بووە، چونکە پەروەردەی سەردەمی ڕەسەنایەتی و بیروباوەڕە، کوڕی سەردەمی جوامێرانە، سەردەمی شۆڕش و داستانە ڕاستەقینەکان..

دڵزار لەپاڵ ئەوەی جوانترین و ناسکترین شیعری ڕۆمانسی و جوانپەرستی نووسیوە، ئیلهامی لە ناو سروشتی جوان و کچە جوان و شۆخەکانی کوردستان وەرگرتووە، لە هەمان کاتدا بە هێزترین هۆنراوەی نیشتمانی داهێناوە، بۆ چەندین دەیە ساڵ هۆنراوەکانی سروودی سەرزاری شۆڕشگێڕان بوو، زۆر لە هۆنراوە ناسکەکانی کراون بە گۆرانی.

دڵزار قوتابخانەیەکە پڕ لە وانەی نیشتمانپەروەری، تژی لە داهێنانی ئەدەبی، دەوڵەمەند بە بیرەوەری تۆمارکراوی ڕاسەقینە.

بەم بۆنە جوان و پیرۆزە پڕ بە دڵ هیوای تەمەندرێژی بۆ دەخوازم بە تەندروستی باش.