ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

چاكسازی :ئەو دەستەواژە گەورەو پیرۆزەیە كە ئەنجامدەدرێت لە پێناوی نەهێشتنی گەندەڵی و نایەكسانی لە سەرجەم كەرتەكانی وڵاتدا, واتە بە ئەنجام دانی چاكسازی هەموو تاكەكانی كۆمەڵگا ژیانێكی خۆشگوزەرانیان بۆ دەستەبەر دەكرێت بەبێ هیچ جۆرە جیاوازیەكی چینایەتی كە ئەمەش لە دەرئەنجامی ئەو چاكسازیەدا دادپەروەری بەشێوەیەكی بەرفراوان بەرقەرار دەبێت لە نێوان سەرجەم تاكەكانی كۆمەڵگا بەبێ ئەوەی تاكێك لە ڕووی داراییەوە باشتر بێت لە تاكێكی دیكەدا بەڵكو بە پێچەوانەوە هەموو تاكەكان خۆیان لەیەك ئاستدا دەبیننەوە وە هەروەها بە ئەنجامدانی چاكسازی دەبێتە ڕێگایەكی گەورە بۆ نەهێشتنی جیاوازی لە نێوان چینی هەژاران و دۆڵەمەندان.

لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستەواژەی چاكسازی وەكو قەلغانێكی گەورە هاتە نێو گۆڕەپانی سیاسی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستانەوە ,بەڵام هەرچەندە لە كابینەكانی دیكەش ئەم دەستەواژەیە قسەی بریق و باقی لەسەر دەكرا بەڵام لە كۆتایی دا بێ دەرئەنجام بوو,بەڵام پڕۆژە چاكسازیەكەی ئەم جارەی كابینەی نۆیەم تەنیا قسەی بریق و باق نەبوو بەڵكو بە كردار ئەنجام درا و ڕەوانەی پەرلەمان كرا بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت لە پێناو بەرژەوەندی خەڵكی هەژارو نەهێشتنی جیاوازی چینایەتی چوونكە خۆی لە بنەڕەتدا دەستەواژەی چاكسازی بریتیە لە نەهێشتنی جیاوازی لە نێوان چینەكانی كۆمەڵگا كە هەروەكو لە سەرەتادا ئاماژەم بە دەستەواژەی چاكسازی)دا, بەڵام ئەو چاكسازیەی لە هەرێمی كوردستان ڕووی دا من پێم وایە بە دەستكاری كردنی دەستەواژەی چاكسازی دادەنرێت, چوونكە نەبووە هۆی چاكسازیەكی ڕاستەقینە بۆ سەرجەم تاكەكانی كۆمەڵگا بەڵكو لە دەرئەنجامی ئەم چاكسازیە بووە قازانجێك بۆ بەشێك لە تاكەكانی كۆمەڵگا كە خۆیان بە پلە باڵا هەژمار دەكەن, واتە لێرەدا دووبارە دەستەواژە ڕاستەقینەكەی چاكسازی و و لەگەڵ بەرقراركردنی دادپەروەری هەردووكیان بە شێوەیەكی كتوپڕدا تیرۆر كران .

ئەوە هەر مڕۆڤەكانن ئەگەر بیانەوێت یەكسانی بەرپابكەن بەرپای دەكەن یاخود بەپێچەوانەوە ئەگەر بیانەوێت نایەكسانی بەرپابكەن ئەوە زۆربە شێوەیەكی ئاسانتر بەرپای دەكەن لە بەرپاكردنی یەكسانیەكەدا, بەڵام ئەوەی كە من بینیم و گوێبیستی بوو لەم پڕۆژە بە ناو چاكسازیەدا زۆر نیگەرانی كردم ,چوونكە دەستە ماندووەكانی كارگوزارێكم بیر هاتەوە كە بەیانیان زوو لە سەرماو گەرمادا لەنێو شەقام وشۆستەكانی شاردایە كە بە جوانترین شێوە خاوێنیان دەكاتەوە كەچی تەنیا 300هەزار بۆ400هەزاری پێ دەدرێت, بەڵام لەپاش ئەوەی كە تەمەنێكی زۆر لە خزمەتكردنی شەقام وشۆستەكانی شاردا بەڕێدەكات كەچی لەكاتی خانەنیشینەكەی تەنیا 200 هەزارێكی بەزۆر پێی ڕەوا دەبینن واتە نە لەكاتی كاركردنەكەی دا خۆشی لەخۆی بینی كەچی لەكاتی خانەنیشیكردنەكەیشیدا بە تەواوەتی ژیانی لێ بوو بە دۆزەخ, هەروەها بە هەمان شێوەش فەرمانبەرێكیش ساڵانێكی دوورودرێژ لەنێو فەرمانگەكەی خۆیدا خزمەتێكی بەرچاو پێشكەش دەكات كە ئەم فەرمانبەرە بە بڕبڕەی پشتی حكوومەت دادەنرێت بەڵام حكوومەت ئەم بڕبڕەیە پشت گوێ دەخات وكەمترین مووچە بۆیان دابین دەكات كە لەشایستەی ئەو ماندووبونەیان دانیە لە ماوەی ئەو چەندین ساڵەدا پێشكەشیان كردوە, كەچی لەلایەكی ترەوە دەبینین پەرلەمانتارێك یاخو وەزیرێك یان بریكارێك یان ئیتر چووزانم هەر بەرپرسێكی تر بێت كەچەند ساڵێكی كەم لە سەر ئەركێكی زۆر سادە و ساكاردایە كە زۆرجاریش ئەو ئەركە سادەو ساكارەی خۆی بەشێوەیەكی تەواو جێ بەجێ ناكات یاخود گەندەڵی تێدا دەكات كەچی لە پاش ئەوەی دەستبەرداری ئەو پۆستەی دەبێتەوە بە پارەیەكی زۆر زەبەلاحەوە بۆ خۆی لە ماڵەوە ئیسراحەت دەكات , وە جیاواز لەو پارە زۆرەی كە لەكاتی خانەنیشین بوونەكەی وەری دەگرێت كەچی لەپاڵ ئەوەدا لە كاتی خۆی كە لەپۆستەكەی دابووە بە چەندین ئیمتیازاتی جۆراو جۆری دیكەی بۆ خۆی و خێزانەكەی دابین كردوە واتە تەنیا ئەو پارە زۆرەی كەلە كاتی خانەنیشین بوونەكەیدا وەری دەگرێت تەنیا وەكو شیرینیەك وایە كە بۆخۆی دەیخاتە گیرفانیەوە.

چەندە جوانە كە مڕۆڤەكان مافی یەكتر نەخۆن و بۆ خۆیان زۆر بەشێوەیەكی دادپەروەرانە لە نێوان خۆیاندا بۆ خۆیان دابەشی بكەن بەبێ ئەوەی هیچ كەسێك مافی كەسێكی تر بخوات و خۆی بسەپێنێت بەسەر كەسانی دیكەدا ئیتر بەم شێوەیە چاكسازیەكی ڕاستەقینە درووست دەبێت.

 

  • 1