ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

تا دێت ئەمریکا و ئێران ناکۆکیەکانیان زیاتر پەرەدەسێنـێت ، ئەو دوو ووڵاتە لەگەڵ هاتنە سەردەسەڵاتی مەلاکان لە ئێران لە یەکەم ڕۆژەوە لە ململانێ و ناکۆکی سیاسیی و ئایدۆلۆژی قوڵدان ، لەدوای بەناو ئازاد کردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە، کە لەئەسڵدا بۆ دەست بەسەرا گرتنی" وزە " بوو عێراق بۆتە گۆڕەپانێک بۆ ململانێی هەردوو ووڵات ، ناکۆکیەکان بە جۆرێک پەرەیسەند ئەمریکا فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێرانی کردە ئامانج و کوشتی لە فڕۆکەخانەی بەغدا ، لەدوای کوژرانی قاسم سولێمانی، ئەگەرەکانی سەرهەڵدانی جەنگێکی خوێناوی لە عێراق لەنێوان ئەمریکا و ئێران لە ئارادایە.

لە تازەترین لێدوانیدا " مایک پۆمپـێۆ " وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵـێت: بیرمان لە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کردۆتەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئێران بکەن بۆ ئەوەی نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهـێـنـێت ،لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆڕێ ، کورد لە نێوان ئاگری شەڕی ئەمریکا و ئێراندا چی بکات؟

وەک دەزانرێت عێراق یەکێکە لەو ووڵاتانەی کە زۆرترین کێشمەکێشی سیاسی تێدا ڕووی داوە ،ئەگەر بە خێرایی چاوێکیش بە مێژووی عێراقدا بخشێنینەوە ، دەبینین عێراق هەردەم شوێنێکی پڕ قەیران و کێشمەکێش و بەگژیەکداچوون بووە، ئەویش بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە کە هەمیشە لە قەیران و نائارامی سیاسی و بەڕێوەبردن نەبوونی سیادەدا بووە ، یەکەم ، بوونی ژمارەیەک نەتەوە و پێکهاتە و ئایدیای جیاواز ، دووەم ، بوونی یەدەگێکی زۆر لە نەوت و غاز و کانزایی سروشتی.

هۆکاری یەکەم: هەر لەگەڵ دامەزاندنی عێراق وەک دەوڵەت چووە نێو کێشەیەکی ناوخۆیی ، نێوان نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی ناو سنووری جوگرافیای عێراق و لەگەڵیا ململانێی مەزهەبی ، کە مێژووی ململانێی مەزهەبی سونە و شیعە زیاتر لە هەزار ساڵە درێژە دەکێشێ و تا بێت قوڵتر دەبێتەوە و خوێنی زیاتری لێدەچۆڕێ ، هەر دوو مەزهەبیش بەپشت بەستوو بە ئایدیاکەیان هەمیشە دەست پێشخەرن بۆ ڕژانی خوێنی زیاتر ! ئێستا عێراق یەکێکە لەو ووڵاتانەی کە ژمارەیەکی زۆر لە پارت و ڕێکخراوی ئاینی و مەزهەبی تێدایە ، وە ئەم دیاردەیە لەناو هەر سێ پێکهاتە سەرەکیەکەی سوونە و شیعە و کوردا هەیە،ئەم ڕەوتە ئایینیە سیاسییانە بەگشتی لە چوارچێوەی یەک ئایینزا و یەک ئیجتیهادی ئایینزایی و یەک مەرجەعیەت و یەک ئاڕاستەی کار کردن و یەک ناوەندی فیقهی و یەک ناوەندی فەتوای یەکگرتوودا نیە، چونکە لە نێوان سەرجەم پارت و ڕێکخراو و گرووپەکانی ئیسلامی سیاسی لە عێراقدا ، جیاوازی و ناکۆکی و ململانێی زۆر و جۆراوجۆر هەیە.

هۆکاری دوەمیش : نەوت یا بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە " وزە " یا کانزای سرۆشتی لە عێراقدا ، هەر لەگەڵ دامەزراندنی عێراق ڕاستەوخۆ بۆتە گۆڕەپانی زۆرانبازی و ململانێی هێزە گەوەرەکان،و لە نێوان بەریتانیا و یەکێتی سۆڤێتی جاران ، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ، ململانێکە گۆڕا بۆ ململانێی یەکێتی سۆڤێت و ئەمریکا لە ناوچەکەدا ، لەگەڵ هەموو ئەو ململانێ هەرێمی و ناوخۆیی و شەڕی مەزهەبی و نەتەوەیی و ڕاپەڕینی جەماوەری کە تا ئەمڕۆ بەردەوامە ، و لە ئێستاشدا "چین "وەک دەوڵەتێکی زەبەلاح کۆشش دەکات ببێتە یاریکەرێکی سەرەکی ململانێکە و هەوڵدەدات کاریگەری بخاتەسەر هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکە لە ڕێی وەبەرهێنان لە ناوچەیەکی هەستیاری وەک عێراق بەهۆی پـێگەی جوگرافی کانزای نەوتەوە ئەویش دەهەوێت بەشی هەبێت لە نەوتی عێراقدا، وە ڕێکەوتنێکی زەبەلاحی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران واژو کردووە ، هاوشانی ڕوسیای نوێ ململانێی ئەمریکا دەکات بۆ دەست ڕاگەیشتن بە وزە و نەوتی عێراق وناوچەکە، هاوکات چین و ڕوسیا دوو هێزی زەبەلاحی سەربازی و ئابوورین و هاوپەیمانی ئێرانن !

لەگەڵ بوونی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ئێستا ئەگەر بڕوانینە نەخشەی جوگرافی ئەم ناوچە و دەورووبەری دەبینین ، هێزی ئەمریکا لە تورکیاوە دەست پێدەکات بۆ جۆرجیا و قەفقاز و ئۆزبەکستان و ئەفغانستان و پاکستان و لە ووڵاتانی عەرەبیش لە زۆرێکیان بنکەی سەربازی و بنکەی هێزی ئاسمانی هەیە لەگەڵ بوونی هێزی کەشتی گەلی دەریایی ئەمریکا لە ئاوە هەرێمیەکانی ناوچەکە و هاوکات ئاسمانی ناوچەکە بەتەواوی کۆنتڕۆڵە لە دەستی ئەمریکادا ، لەبەرامبەردا بوونی هێزی سەربازی ڕوسیا لە ناوچەکە و هاتنی چین بۆ گۆڕەپانەکە و ئێران و گروپە میلیشیا شیعەکانی لە عێراق و وڵاتانی هەرێمی ئەگەرەکانی ڕوودانی شەڕی زیادتر کردووە، بەڵام تا ئەم ساتە ،شەڕی نوێنەرایەتی لە ڕێگەی گروپە بچوکەکان دەکەن ، واتا خەڵکی و گروپی تر بەکار دێنن شەڕیان بۆ بکات ، یا زیاتر بژاردەی شەڕی ئابووری و سایکۆلۆژی لەگەڵ نەیارەکانیان دەکەن بۆ لاواز کردن پوکانەوەیان، ئێرانییەکان لەمدا زیرەکانە سوود لە هەموو گروپە شیعیە مەزهەبیە نزیکەکانی دەکات ،وە ئەو هێزانە دژی ئەمریکا بۆ ئەم شەڕە بەکا دێنێت لە یەمەن و سوریا و لوبنان و عێراق .

بۆ کورد یا هەرێمی کوردستان ئەم ئاڵۆزیی و ململانێ گەرمەی نێوان ئەمریکا و ئێران بە پاڵپشتی ڕوسیا و چین ، لە ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان و کورد لە ناوچەکە هەیە،بەتایبەت کوردی باشوور کە بەشێکە لە عێراق، ئەوەی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ،نەچێتە ناو بەرەیەک لە دژی بەرەیەکی تر و هاوسەنگی بپارێزێت ، سەبارەت بە پڕۆژە یاساکەی پەرلەمانتارە شیعەکان کە بەهاندانی ئێران دژی ئەمریکا و دەرکردنی هێزەکانی لە عێراق لە پەڕلەمان دەنگی لەسەردرا ،پێویستە نوێنەرانی کورد لە بەغدا بێ لایەنانە مامەڵە لەگەڵ ڕەوشەکەدا بکەن ، کاری سەرەکیان پاراستنی هەرێمی کوردستان بێت لە ئاگری ئەو شەڕە کە وا پێدەچێت لە عێراق و ناوچەکەدا هەڵگیرسێت، ئەگەر کورد بخزێتە هەر بەرەیەک لە دژ بەرەکان ، ئەوا بن دەست و پێی ئەو هێزە گەورانە شوێنی دەبێت و کورد ئەوەی هەشیەتی نامێنێ و لەژێر پێی فیلە زەبەلاحەکانی سەرمایەداری لە دەستی دەدات . !!!