ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئێمەی سایکۆلۆجیست مامەڵە لەگەڵ مرۆڤ بەهەموو ڕەهەندەکانیەوە دەکەین، وەک جەستە دەیبینین، سەرنجی دەخەینە سەر و ڕەفتارەکانی هەڵدەسەنگێنین و ناوەناوە دەیپێوین، دۆخی شڵەژان و هاوسەنگی تیادا دەخەمڵێنین.

وەک دەروونیش دەیناسین، هەوڵدەدەین تێیبگەین و خەسڵەتە دەروونیەکانی بزانین، هاوسەنگی و لاسەنگی تیادا دیاردەکەین و ئاستی گونجان و نەگونجانی لەگەڵ خۆی و خەڵک و ژینگە دەقرسێنین.

وەک سەرکەوتنی بۆ ئەودیو عەقڵ دەیپشکنین بزانین تاچەند لەسەر خۆی بەرز دەبێتەوە و لەدەرەوەی خۆی خودی خۆی دەناسێ و لە دوای وەدیهێنانی خواستە ڕۆحانیەکانیەتی.

لەبەر ئەم ئەرکە ئەخلاقیە ئەکادیمیە، نەک کەسە ئاساییەکان، نائاساییەکانیش لە فەیلەسووف و زانا و بیرمەندانیش دەخەینە سەر کلینیکی خۆمان قسە لەسەر هاوسەنگی کەسێتی و گونجانیان دەکەین و بڕیار لە دەستنیشانکردنی باری جەستەیی و دەرونیان دەدەین.

لای سایکۆلۆژیستەکان‌کەس بەسەر کەسیەوە نیە و هەمو کەسێک تاکێکی ئاساییە و دەخرێتە بەر هەڵسەنگاندنی کەسێتیەوە.

ئەگەر وتمان نیتشە شڵەژانی عەقلی و دەروونی هەبوو هەر ئەوەش بو زو مرداندی کفرێکمان نەکردووە.

ئەگەر وتمان هیگل و نیتشە بێئاگا یا بە ئاگا ڕۆڵیان لە تەشەنەپێکردنی گیانی ناسیۆنالیستی و ڕایسیستی جەرمانی هەبوو دنیا کاول نابێ.

ئەگەر وتمان هیگل بەپیر ناپلیۆنەوە چوو و دڵی بەداگیرکاری ئەو بۆ وڵاتەکەی خۆش بوو ئاسمان نەڕووخا.

ئەگەر وتمان جیل دۆلۆز نەدەبوا خۆی بکوژێ و خۆکوشتنەکەی ڕەنگدانەوەی کێشە دەروونیەکانی بوو بەرد نەباری.

ئەگەر وتمان نەدەبوا کانت لە نامەکانی بۆ دەرباری قەیسەر خۆی بەهیچ و پوچ وەسف کا و لە کۆتایی نامەکانی وەها خۆی دەرخا قیڕ سپی نەبوو.

ئەگەر وتمان ئاڵتۆسێر نەدەبوا ژنەکەی خۆی بکوژێ قیبلە کەچ نەبوو.

ئەگەر وتمان نەدەبوا مارکس پشگیری داگیرکردنی ئینگلیز بۆ هیندستان بکا خۆر لە خۆرئاواوە هەڵنەهات.

ئەگەر وتمان میشێل فۆکۆ نەدەبوا ساڵانە بۆ تێرکردنی مەیلە هۆمۆسێکسواڵیەکانی بچێتە سانفرانسیسکۆ و خۆی بخزێنێتە نادیە شەوانەییە عەربەدیە ڕەشبەڵەکیەکانەوە کەس لینگەوقوچ نەبۆوە.

ئەگەر وتمان جانجینێ نەدەبوا نێرەوەزی جەزائیری و تونسی و مەغریبی سواری خۆی کردبایە ڕەش دانەگەڕاین.

ئەگەر وتمان کافکا و شوبنهاوەر و ڕایش مەیلی پەیوەندیان لەگەڵ سۆزانیەکان بوو لەجیاتی بەحەیاکان ئەرز شەق نەبوو.

ئەگەر وتمان هەندێ نوسەری لای خۆمان لە کوڕونا و ئایدز مەترسیدارترن و گۆشەگیری و خەمۆکی و بێزاری زیاتر لە گەنجاندا قوڵدەکەنەوە وڵات ئاگری نەگرت.

ئەمانەی لەسەر هەموو ئەوانە و هیتریشی دەڵێین سایکۆلۆژیایە پێمان دەکا و ئەو زانستە فەیلەسوف و زانا و بیرمەندان بە نموونەی کەسی داهێنەر و گونجاو دەپێوێ و ئەگەر لەو تاقیکردنەوەیە دەرنەچوون ئەوا شایانی پێشەوایەتی و خۆپێگرتنی ڕەها نین.

لە کۆتاییدا دەڵێین ئەوانیش وەک ئێمە مرۆڤن و مەحکومی بەرخوردن لەگەڵ دەوروبەر و هەرگیز پاکیزە نین، بەڵام خەسڵەتی دیکەی ئەوتۆیان تیا بو مێژووی مرۆڤایەتیان بە ئاراستەی دیکەدا برد.

  • 1