ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  

ئەگەر بتانەوێ بە دەری شەنگاڵی ببەن ، ئاوڕێ لە عەفرین و کۆبانێ بدەنەوە  دەسەڵاتی تورکی فاشی ،  خەڵکە خۆڕاگر و سەربەرزەکەی باکوری لە زێدی باوو باپیران  دەربەدەر و ئاوارەکرد ، بۆ پەنایەکی هێمن و ئارام روویان لە باشور کرد و لە کەمپی ئەتروشی نزیك پارێزگای دهۆك نیشتەجێکران ، بەڵام تورکە گورگە بۆرەکان دڵیان بەوەندە ئاوی نەخواردەوە و ئۆقرەی نەگرت ، بۆیە لە ساڵی 1998 وەك بەردەوام کەوتنە بەر شاڵاوی زەبر و زەنگی دڕندەکان ، هێشتا برینەکان ساڕێژ نەبوبون ، زامدار بونەوە و بە ناچاری هاتنە ژێر دەسەڵاتی بەعس و لە بناری چیای قەرەچوخ لە باکوری رۆژهەڵاتی مەخمور نیشتەجێکران ، بەڵام چ شوێنێك !!! وشك و برینگ ، دوور لە ئاوەدانی و هاتوچۆ بە بێ سادەتریین خزمەتگوزاری ، پڕ لە مار و دوپشك و زەردەواڵە و ......  ، کە بۆ ماوەی ساڵێك پتر لە 30 منداڵ تەنها بە پێوەدانی دوپشکەوە گیانیان لە دەستدا !!! بەڵام ئیرادەی خەڵکەکە زۆر لەوەی بەرز و قایم و رق ئەستوورتربوو کە چۆکدابدەن ورەبەردەن ، ئەوەتا بە چاوی خۆتان ببینن ئەو بیابانە وشك و رەق و تەلان و بەرداویەیان گۆڕی بۆ شوێنێکی ئاوەدان ، پڕ لە چیمەن و دار و درەخت و سەوزایی دڵڕفێن ، شەقام و کۆڵانی پاك و تەمیز ، قوتابخانە ، کاری هاوبەش و هەرەوەزی ، تەبایی و بە یەکەوە ژیان ، ئەنجومەنی خۆسەری بەڕێوەبردن و هۆشیاری سیاسی و هزری و کۆمەڵایەتی و ......   .                       کاتێ چەتەکانی داعش لە مانگی ئاداری ساڵی 2017 پەلاماری مەخموریاندا  بە فیتی توركی رابەری داعش و نەیارەکان ، تەنها بۆ ئەوەی بە دەردی شەنگاڵی ببەن ، بەڵام خەیاڵیان خاوبوو ، هەر زوو لە روو بەڕووبوونەوەکەدا ، هێزی پاراستن و قەڵغانی گەل ، وڵاتپارێزانی خۆ بەخش و پارێزەرانی خاك ، لێیان هاتنە دەست وخەونەکانیان پوچەڵکردنەوە و توانیان شکۆ و سەرفرازی بۆ مەخمور و دەڤەرەکەی بگەڕێننەوە ، هەرچەندە رێگری کرا لە چوونی هاووڵاتیانی وڵاتپارێز و خۆبەخش بۆ بەدەنگەوە چونیان . دوا بەدوای رووداوەکەی ( هۆقە باز ) ، بۆ ماوەی پتر لە  7 مانگە دەسەڵاتی باشور بە فیتی میت ، ئابلۆقەیان خستۆتە  سەر  کەمپەکە بۆ  تێکشکاندی ئیرادەیان ، جگە لە سووڕانەوەی فڕۆکەی سیخوڕی و  بۆمبا بارانکردنی کەمپەکە . چەندەمین جاریشە دەکەونە بەر پەلاماری تیرۆریستانی داعش ، هەرچەندە ناوچەکە پارێزراوە بە هێزی پاراستنی دەسەڵات ، ئەوەی جێگەی گومانە چۆن توانییتیان بە رۆژی روون دزە بکەن و هێڕشبەرن ؟ ئەمڕۆ گەلی کوردمان بە قۆناخێکی هەستیار و دژواردا گوزەر دەکا و کلکایەتی و چاوساخی بۆ داگیرکەران هێڵی سوورە ، پارتەکانی باشور  ، تا زووە  و کار لە کار نەترازاوە دەبێ هەڵوێست وەرگرن و  وەڵامیان هەبێ و چیتر بێدەنگ نەبن بەرامبەر خیانەت ولەکەدارکردنی شکۆی خاك و نیشتمان و خوێنی شەهیدان  .

 

 

  • 1