ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لاى هەمووان ڕوونە کە هەرێم لەساڵى 2014ەوە تووشى تەنگژە و قەیرانێکى ئابوورى و کۆمەڵایەتى هاتووە و تا ئەمڕۆ بەردەوامە و ئاسەوارەکانى لەژیانى ڕۆژانە و هەست و هۆش و بیروڕاى هاووڵاتییانى دا، واتە زۆرینەى دانیشتوواندا ڕەنگى داوەتەوە "بەتایبەتى کێشەى بێکارى، واتە  دابڕاندنى سەدان هەزار هاووڵاتى لەبوارى بەرهەمهێنان. چ بۆ ژیانى خۆیان چ بۆ بەرژەوەندى گشتى  .

هۆکارى یەکەم؛ ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە حکوومەتە یەک لە داواى یەکەکانى هەرێم خاوەنى بەرنامەیەکى واقیعییانە و زانستییانە نەبوون. لەسەر ئەساسى تێگەیشتن لە پێداویستییە بنچینەییەکانى کۆمەڵگە. بەتایبەتى ئابووریى و لەگەڵ خۆیان دا بوارى کار بۆ بێکاران مسۆگەر دەکەن. وەک :

کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى و باخ و بێستان. کە ئابووریناسان پێیان دەڵێن: (نەوتێکى هەمیشەیى)، بە مەرجێک خاک و ئاوهەواى هەرێم لە بارە بۆ هەموو کشتوکاڵێکى هاوینە و زستانە .

ئەم وڵاتە سەرەڕاى سیاسەتى جیاوازکارى داگیرکەران هەمیشە نەک هەر بەروبومەکانى ئەم لایەنەى بەشى خەڵکى وڵاتەکەى کردووە، بەڵکو زۆرێکى نێردراوە بۆ دەرەوە .

پرسیارەکە لێرەدایە؛ ئەى بۆچى لەماوەى 27 ساڵ دەسەڵاتى خۆنەتەوەیى دا، ئەم بەشە سەرەکییەى ئابوورى کوردستان نەبوژێنرایەوە و هەر لە پاشەکشێدایە؟

بوژاندنەوەی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى بێجگە لەوەى کە دەیان هەزار خێزانى خەڵکى لادێى بە ناچار کۆچکردوو  بۆ شار و شارۆچکەکان ، دەگێڕێتەوە بۆ سەر ئەرز و ئاوى بە جێهێڵراویان. بەتایبەتى ئەوانەى (دوو ماڵەکى دەکەن). بەمەرجێک گوندەکانیان لەسەر ئەرزێکى هاوچەرخانە بۆ ئاوەدان بکرێتەوە و یارمەتى بدرێن .

لەلایەکى ترەوە گەشەسەندن بەم بەشە گرنگە دەبێتە مایەى پەیداکردنى جۆرەها کەرەستەى خاو بۆ دامەزراندنى ئەو وردە پیشەسازییانەى کە دانیشتووان لە ژیانى ڕۆژانەیاندا بەکارى دەهێنن واتە (النتجات الواسعە الاستعمال) وەکو (خورى، موو، پێستە، گۆشت، شیر و ڕۆن).

هەروەها (بێجگە لە دانەوێڵە) لۆکە، کەتان، کونجى، توتن، گوڵەبەڕۆژە، تەماتە، پەتاتە، میوە و.. هتد). ئەم بەروبومانە بنچینەى دامەزراندنى دەیان جۆر کارگە و کارخانەن کە هەزاران بێکار تیایدا ببن بە بەرهەمدار. ئەوەى جێگەى داخە، ئێمە هەرچى خۆراک و کەلوپەلێک کە لەو بەرهەمانە بەرهەم دەهێنرێ لە دەرەوە دەیانکڕین. نەک هەر ئەمە بەڵکو حکوومەت تائێستا نەیتوانیوە یان نەیویستوە بازار بۆ ئەو بەروبومانەى جووتیاران زامن بکات لە بەربەرەکانێى بێگانە بیانپارێزێت.

وەک دەبینین زۆرێک لەو بەروبومانە بۆگەن دەکەن و فڕێ دەدرێن و خاوەنەکانیان نائومێد دەبن و بەرە بەرە دەستبەرداری کشتوکاڵ دەبن و کۆچ دەکەن.ٍ

سەرباری ئەمانەش حکوومەت پەیتا پەیتا، هەرچى (نەرمە زەوی) واتە زەوى کشتوکاڵی هەیە؛.

ا_دابەش دەکات بۆ خانووبەرە.

ب_ دەدرێ بە کۆمپانیا خۆماڵى و بیانییەکان .

ج_ دەدرێ بەکاربەدەستەکانی حزب و حکوومەت ...

لەبری ئەوەی بدرێ بەو کەس و خێزانانەی کە بەرهەمى بێنن، لایەنێکی تر کە زۆر گرنگە بۆ چارەسەری بێکاری، وەگەڕخستنی سەرمایەی  سەرمایەدارانى وڵاتە. لە هەردوو بوارى کشتوکاڵ و پیشەسازى دا، نەک وەک ئێستا کە تەرخان کراوە تەنیا بۆ بوارى بازرگانى، واتە بۆ دەستکەوتى تایبەت، چونکە برەودان بەکەرتى تایبەت یان کەرتى هاوبەش، شان بەشانى کەرتى گشتى لەهەردوو بوارى کشتوکاڵى و پیشەسازیدا بە جۆرێکى بەرفراوان بێکاران بە تایبەت دەرچووانى کۆلێژ و پەیمانگاکان دەگرێتە خۆى.

هەندێک هەنگاو و بڕیارى تر کە یارمەتیدەرن بۆ چارەسەرى بێکارى ؛

یەکەم؛

ا-بەپێى یاسایەکى نیشتیمانییانە فەرز بکرێت بەسەر کۆمپانیا بیانییەکاندا کە بەڕێژەى %50 کارمەند و کرێکارەکانیان خەڵکى هەرێم بن  ب- ساڵانە بەڕێژەى %30 کارمەند و کرێکارانى هەرێم ڕابهێنن و شارەزایان بکەن .

دووەم؛

ا-سنور دابنرێت بۆ ئەو دەوڵەتانەى کە بۆ قازانجى خۆیان و ئارەزوومەندانە لێرەو لەوێ کۆلێژ و پەیمانگا دەکەنەوە و دەرچووەکانى دەکەنە بار بەسەر حکوومەتى هەرێمەوە.

سێیەم؛ زانکۆ و کۆلێژەکان، لەم هەرێمە بچووکەدا بووەتە چاولێکەرى و ئارەزوومەندانە، خەریکە لە هەموو قەزایەک زانکۆیەک دەکرێتەوە و ساڵانە بە ملیار پارە لەم بوارەدا خەرج دەکرێ بەبێ ئەوەى حسابێکى زانستییانە بۆ پێویستى وڵات (هەردوو کەرتى گشتى و تایبەت) بکرێ کە ئاخۆ چى و چەند دەرچوویان ساڵانە پێویست دەبێت. بەبێ ئەوەى بیر لەوە بکرێتەوە هەزاران لە دەرچووان کەڵەکە دەبێ و داواى کار دەکەن و بوارى کاریش ئەمڕۆ تەنیا (ئاخنینى) دامودەزگاکانى حکوومەتە یان بڕینەوەى یارمەتییەکى (خەرجییەکى) مەمرە و مەژى بۆ دەرچووان، بەشێوەیەکى کاتى بەڵام ئەو (پینەوپەڕۆیە)، کێشەکە چارەسەر ناکات و سەرناگرێت.   

    

 

 

  • 1