ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

"گوتاری ڕق" یەکێکە لەو دیاردە سیاسییانەی ئەمڕۆ لە جیهان بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی لە گەشەکردندایە، و بەشێکی زۆری ئەو هێزانەی خەمخۆری ئاشتی و بەیەکەوەژیان و باوەڕیان بە داننان بە مافی بەرانبەردا هەیە بە مەترسییەکی گەورە بۆ بەردەوامبوونی چاوگەکانی بارگرژی و زەمینە خۆشکردن بۆ پێکدادان و شەڕ، دایدەنێن.

ئەوەی هاوبەشە لە تێکڕای ئەو بابەتانەی کە باس لەو گوتارە دەکەن ئەوەیە کە ئەم گوتارە بریتییە لە هەر وتە و ڕەفتار و کارێکی ئاشکرا کە هانی توندوتیژی بدات و ببێتە هۆی ئاشووب و بارگرژی و پێکدادانی کۆمەڵایەتی ناوخۆیی یان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. گوتاری ڕق دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی ئاڵۆزە و ئاراستەکانی لە بەکارهێنانی توندوتیژی زارەکی و جیاکاری ڕەگەزی و دەمارگیری نەتەوەیی و دەربڕینی شۆڤینی و بەکەمزانینی گەل و نەتەوە و پێکهاتەی بەرانبەر و پەراوێزخستنیان، دەردەکەوێت.

هەرچەندە لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا مەترسی ئەم گوتارە لە ئەدەبیات و هزری سیاسیدا زۆر بەکار دێت، بەڵام ئەم گوتارە لە جیهاندا نوێ نییە، و پاشخانێکی مێژوویی دیاری هەیە، و دەتوانین بڵێین کە بەشی هەرەزۆری پێکدادان و شەڕ و بارگرژی نێوان گەلان و پێکهاتە و نەتەوەی جیاواز لە سەرەتاوە لە ڕێگای گوتاری ڕقەوە زەمینەی بۆ خۆش کراوە و هەردەم ئەم گوتارە وەک دەسکەلایەک بۆ مەشروعیەتدان بە نەهێشتنی بەرانبەر بەکارهاتووە.

نموونەکانی ئەم گوتارە لە مێژوودا هەردەم بنەمایەکی گرنگ بوو لە بەرپاکردنی شەڕی ئیمپراتۆرییە کۆنەکان و لەناوبردنی گەلە ڕەسەنەکان و کۆیلایەتی و شەڕی ئاینی و فەرزکردنی "جزیە"، و کۆلۆنیالزمی هەمەجۆر.

گوتاری ڕق دەسکەلای بەرپاکردنی شەڕی دووەمی جیهانی و بانگەشەکردن بۆ فاشیزم و نازیزم، و پێشتریش بۆ شەڕی ئیبادەکردنی ئەرمەن، و زیاتر لە حەفتا جینۆساید دژ بە ئێزیدییەکان بووە، و ئێستاش هەر ئەو گوتارەیە کە لە بڵندگۆی مزگەوتەکانی تورکیا بۆ بەکافرکردنی کوردی ڕۆژئاوا و داگیرکردنی سوپای تورک بۆ ئەو دەڤەرە، بەکار هات.

مێژووی بەکارهێنانی گوتاری ڕق لە عێراقدا تەنیا بۆ مێژووی دەوڵەتی عێراق ناگەڕێتەوە، بەڵکو لە سەرەتاکانی تۆمارکردنی مێژووی دەوڵەتی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا ئەم گوتارە بەرچاوە و بەردەوامی هەبووە، و تا ئێستاش کار بۆ داڕشتنی وێنەیەکی نەگونجاوی نێگەتیڤ و سڕینەوەی بەرانبەر دەکات، و ئەم گوتارەش بە شێوەیەکی مێژوویی بەرانبەر کورد بەکار هاتووە و هەردەم کارکراوە کە وێنەیەکی شێواوی بۆ دروست بکرێت. وێنەی کورد لە کتیبەکانی کەلەپووری ئیسلامی و هەندێک کتێبەکانی بواری فقەی ئیسلامی بە هەردوو مەزهەبی سوننە و شیعەوە بریتی بووە لەوەی کە کورد نەوەی "جن"ە و لە سەردەمی سلێمان پێغەمبەر 80 کەنیزەی لە چیاکانەوە هێناوە و لە دەریاوە جن هاتووە و لاقەیانی کردووە و کورد لە دایک بوون. بە هەمان شێوە باس لەوە دەکرێ کە کورد لە نەوەی "جن"ە و لەلایەن حوسەینی کوڕی عەلی ئامۆژگاری دراوە کە کەس لەگەڵیاندا تێکەڵاو نەبێت، و دەیان بابەتی دیکەی لەم جۆرە.

ئەم بابەتانە کە لە بازنەی بەکەمزانینی نەتەوەی کورد لەو سەردەمە مێژووییەدا هاتووە، کاری کردووە کە وێنەیەکی نەرێنی و نێگەتیڤانە بە کورد ببەخشێت و لە کتێبەکانی (الراغب الاسفهانی، جواهر الکلام، تهزیب الاحکام، تفسیر ابن کسیر و دەیان کتێبی دیکە) بەدی دەکرێت، و تەنانەت وشەی (کرد) لە فەرهەنگی عەرەبیدا بە مانای دەرکراو دێت.

داڕشتنی ئەم وێنە نەرێنییە هەردەم بەردەوام بووە و حوکمڕانان بە درێژایی مێژووی ئەم ناوچەیە بە دواکەوتوو باسیان لە کەسایەتی کورد کردووە. ئەم بابەتە لەگەڵ پەرەسەندنی شۆڕشی تەکنۆلۆجی بەتایبەتی لە بواری پەیوەندییەکاندا، بەڵام لە ناوچەیەکی دواکەوتوودا چۆتە قۆناغێکی دیکەوە و سەرلەنوێ بەپێی پێداویستییەکانی سەردەم لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا وێنە بۆ کەسایەتی کورد دادەڕێژرێت. لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستان کورد بە کرێگیراو و وابەستی بیانی و ئیستعمار ناوزەند کرا. لە سەردەمی بەعسدا ئەنفال و کیمیاباران و تەعریب و ڕاگواستن لە ژێر پەردەی ئەم گوتارە کرا. لە 2003 وە تا ئێستا وێنەی کورد لە پڕوپاگەندەی بەرانبەردا بریتییە لەوەی کە کورد زیاتر لە ڕێژەی خۆیان سوودیان لە نەوتی عێراق وەرگرتووە، و ئەو ئاوەدانییەی و سەقامگیرییەی تیایدا دەژین لە سەر حیسابی عێراقە و بەکرێگیراوەی ئەمریکا و ئیسرائیلن و هەردەم هەڕەشەن بۆ دەوڵەتی عێراق ... و هتد.

یەکێک لە ئەرکەکانی ئەمڕۆی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان ڕووبەڕووبوونەوەی "گوتاری ڕق"ە لە ڕێگای کارکردن بۆ کاراکردنی ئەو مادانەی دەستوری عێراق لەوانەش مادەی حەوت کە بانگەشەی بۆ هەر پێکهاتە و ڕێبازێکی شۆڤینی و تیرۆر و تەکفیر و پاکتاوی تایفەگەری قەدەغەکردووە، و هەروەها مادەی 47 لە یاسای سزای عێراق، جگە لە هاندانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گوتاری ڕق و ڕێکخستنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، و رێگاگرتن لەو گوتارە ئاینییانەی کە هانی ڕق و کینە دەدات. لە هەمان کاتدا پێویستە کارکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بۆ بانگەشەکردنی بەردەوام و خستنە ڕووی چەمکی مافی چارەنووسی گەلی کوردستان بێت کە ڕێگای سەقامگیری و ئاشتی و بەیەکەوەژیان و گەشەپێدانە لە ناوچەکەدا.

بەشێکی گرنگ لە تێکۆشان دژ بە گوتاری ڕق دەبێ لە خودی کۆمەڵگای کوردستان و لە ناوخۆوە دەست پێبکات لە سەر بنەمای زامنکردنی یەکسانی نێوان سەرجەم نەتەوە و ئاین و ئاینزاکانی کوردستان و نەهێشتی پەراوێزخستنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری هیچ پێکاتەیەک لە کۆمەڵگای فرەکەلتووری کوردستان. بەشێکی دیکەی تێکۆشان بۆ نەهێشتنی ئەم گوتارە مەترسیدارە پەیوەندی بە قەدەغەکردنی گوتاری سوکایەتی بە ژنانی کوردستانە، کە ئەمڕۆ لە لایەن هەندێ کەسەوە بە بەرگی ئاینییەوە سوکایەتی بە ژنان دەکەن و هەر لە ئێستاوە بە نیازی خۆدەرخستن وەک بانگەشەێکی هەڵبژاردنی پێشوەخت بە بەکارهێنانی ئەم گوتارە کەسانێک لە دەوروبەری خۆیان کۆدەکەنەوە. جگە لە هێزی پێشکەوتنخواز و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بەشێکی گرنگی بەرهەڵستی ئەم گوتارە دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە. 

   

  • 1