ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

حکوومەتی هەرێمی کوردستان چۆن کێشەی چەکداری لەدەست دەرچوو چارەسەر دەکات؟ ئەم پرسیارە هەر پەیوەندی بە کێشەی کۆمپانیای هەناردنی غازی چەمچەماڵەوە نییە بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستان، بەڵکو پرسیارێکی فرەوانە و ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەشێوەی بەڕێوەبردنی حکوومەت و چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی دێنە پێش و کام میکانزم هەڵدەبژێرێت و چۆن بڕیاری ناوەندێتی دەسەپێنێت.

کێشەی ڕێگری کردن لەهەناردنی غاز بۆ هەولێر و دهۆک وەک گوتەبێژی حکوومەت دەڵێ، بەهۆی ڕێگری چەند چەکدارێکی دەستڕۆیشتوو لەگرێبەستی نوێی حکوومەت لەگەڵ کۆمپانیایەکی نوێ دروست بووە!. هەتا ئێرە بابەتی کەمبوونەوەی غاز  و ڕێگری بەهۆی (چەکداری دەستڕۆیشتووە)، بۆ هەر کەسێکی چاودێر جێگای سەرسوڕمانە، چونکە یەکەمین شت بێتە هزری پرسیاری ئەوە دەکات، ئایا گرووپی مافیایی چەکدار ئەوەندە بەهێزن ڕێگری لە بڕیاری حکوومەت بکەن؟

ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە وڵاتی چینی میللی سەریهەڵداوە، ئیستا جێگای مشتومڕ و هەواڵی جیهانییە. کۆنگرەی نێودەوڵەتی هەڵدەوشێنێتەوە، هاتن و چوون بۆ ئەم وڵاتە کەم دەکاتەوە یان ڕادەگرێت.. ئاڵوگۆڕی بازرگانی دووچاری تەنگژە دێت، شاری گەورەی 11 ملیۆنی و بەناوچەی جوگرافی 800 کیلۆمەتری دووجا پەک دەخات، بەڵام هیچ کات حکوومەتی (چینی میللی) لەکاری حکوومەتایەتی خۆی سڵی نەکردۆتەوە و خەتاکەی نەخستۆتە ملی کەس و لەدژی ئەو کەس و لایەنانەی ڤایرۆسەکەیان بەهۆیەوە بڵاوبۆتەوە کە لە بازاڕی گۆشت و خواردنی دەریایی و زیندەوەراندا کاردەکەن، هەرچی لەدەستی بێت بەهێزی حکوومەت و کەرتی تەندروستی خۆی پیشان دەدات، هەموو چرکەساتێک دەقۆزنەوە کە ئەم تەنگژە و مەترسییە گەورەیە بگۆڕن بۆ بەهێزی دەوڵەتەکەیان و مەزنی میللەتەکەیان. گرنگی لەوەوە دێت چۆن چیینی مللی چارەسەری کێشەکانی دەکات و لەکوێوە حکوومەت، توانای خۆی بەکار دەهێنێت کە شایەنی ئەوەیە حاکمی ئەم وڵاتە بکات و شایەنی ئەوەیە جیهان ڕێزی لێبگرێت و بایی ئەوەندەش هەیە ڕکابەرەکانی لێی بترسێن.

پەیوەندی نێوان مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چینی میللی و کێشەی غاز لە هەرێمی کوردستان، لەوەدا دەبینمەوە کە حکوومەتی هەرێم چۆن چارەسەری ئەم کێشەیەی دەکات؟ هەرچی چینی میللییە ئەوەتا بەبەرچاوی جیهان توانای ئەم دەوڵەتە دەخرێتە ڕوو، ئەوەشم لەبەرچاوە کە ڕەنگە بڵین، وڵاتی چینی میللی، لە هیچ ڕوویەکەوە لەگەڵ هەرێمێکیی بچووکی وەکو کوردستان بەراورد ناکرێت، بەڵام بۆچی بەردەوام خۆ بەکەم زانین و خۆلادان لە پەند وەرگرتن لە باشترین نموونەی جیهانی پەیڕەو بکرێت، بۆچی لەهەموو شتێک باشترینی جیهانی نەکەینە نموونە؟ ئایا هاووڵاتییانی کوردستان شایانی باشترین خزمەتگوزاریی نین لەهەموو کەرتەکاندا؟

لەم کێشەی کە بەکێشەی چەکداری دەستڕۆیشتوو لەناوچەی گەرمیان و سلێمانی ڕێگری لەهەناردنی غاز دەکەن، دەناسێنن، سەیرم بەساویلکەیی بەیاننامەی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دێت، وەکو هاووڵاتی ئاسایی (گلەیی) دەکات، لەبیریان دەچێت حکوومەت واتە شەرعیەت و گشتگیری و سەروەری لەسەر خاکی هەرێمی کوردستاندا، ئەگەر ئەم سیفەتانەی تێدا نییە واتە نیشانەی پرسیاری زۆری لەسەرە، هەر بۆ زانین ئەم کێشەیە (چەکداری دەستڕۆیشتوو) هەر لەبابەتی ڕێگری لەهەناردنی غاز و بەرژەوەندی چەند کەسێک قەتیس نییە، بەڵکو لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا، نموونەی دیکە هەیە، ئەوەتا لەوێ فەوج و لیوای تایبەت بە خێڵ و عەشیرەت و بنەماڵە هەیە، لەملا، دوو گوند دەبێتە شەڕیان هەموو چەکی هێزی سەربازی بەکار دەهێنن، کەسێک لەناو بازاڕ لەکەس ناترسێت و تەقە لە پۆلیس دەکات ...بەم شێوەیە!.

حکوومەت دەبێت بڕیار بدات و کۆنتڕۆڵی هەموو جومگەکانی حوکمڕانی بکات، کێشە لەململانێی حزبی هەیە و بەرژەوەندی کەس و لایەنەکان گەیشتۆتە لوتکەی پەکخستنی کاری حکوومەتایەتی، دەبێت ئەوەمان لەبەرچاوبێت، ئەم لەدەست دەرچوونە بەرەو کوێمان دەبات؟، ئینجا گوتەبێژی حکوومەت بۆچی ناوی ئەم گرووپ و چەکدارانە ناهێنێت بۆ ئەوەی ناچار بێت موحاسەبەیان بکات یان بایی ئەوە دهێڵێتەوە سوڵحی تێدا بکرێت. بەڕێزینە کاری حکوومەت بە بەیاننامە نییە بۆ ڕای گشتی، بەڵکو بەهەیبەت و سەروەرکردنی یاسایە، یان ئەوە شتێکی لەبنەو هاووڵاتییان لەوە ئاگادار نیین، کە لە پشتی پەردە چی دەگوزەرێت؟

یوسف زێدان بیرمەندی میسری زۆر لەسەر مەسەلەی بەکارهێنانی چەمکەکان بەمانای ڕاستەقینەی خۆیان کە دەبێتە هۆی پێشکەوتنی فیکری و داهێنان وتار و دەرسی هەیە، بۆیە باشە حکوومەتیش ئەو چەمکە بەهەڵە بەکارهاتووانە چاک بکاتەوە لەوانە (چەکداری دەستڕۆیشتوو!!) ئایا چەکداری مافیایین یان چەکداری لایەنێکی فەرمی حکوومەتن لەدەست دەرچوونە، هەرچییەک بن پێویستە باش بناسرێن و ئاشکرا بکرێن. بۆ ئەوەی چەکداری دەستڕۆیشتوو مانای هەقیقی بزانرێت چییە؟

  • 1