ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە کۆتایى مانگى تەمووزى 1982 هاوڕێ (ئارام) لە دەشتى کۆیە پەیوەندى بە هێزەکانى حزب کرد، لە لێژنەى شارى هەولێر بڕیارماندا کە هاوڕێ (ئارام) بخرێتە ناو لێژنەى شار و ئەرکەکانى حزبى بەڕێوەببات، لەبەرئەوەى خۆى کادیرێکى زیرەک و وریا بوو، لە ڕێکخستنەکانى ناو شارى هەولێر بەر لەهاتنە دەرەوەى بۆ ناو ڕیزەکانى پێشمەرگە کارى حزبى دەکرد، لە هەمان کاتدا کرێکارێکى خوێندەوار و لێهاتوو بوو لە (مەعمەل جگەرەى هەولێر) کارى دەکرد. هاوڕێ (ئارام) خۆیشى بەمانەوەى لە ئەندامییەتى لە لێژنەى شارى هەولێر ڕەزامەند بوو.

دواى مانەوەمان ماوەیەک بەیەکەوە لە دەشتى کۆیە و لەتەک هێزەکانى پێشمەرگەى حزبمان، ئەوکاتە پێشمەرگەکان بە پیادە لە نێوان گوندەکان هاموشۆیان دەکرد، هیچ ئۆتۆمبێلێکمان نەبوو، هەر کاتێکیش مەفرەزەیەکى ژمارە کەم بۆ دەشتى هەولێر و کەندێناوە و چیاى قەرەچوغ جووڵەى بکردایە، ئەوە لە گوندەکان پیکابى جووتیارەکان یان تەرەکتەریان دەبرد تا بە شوێنى مەبەست دەگەیشتن. ڕۆژێکیان لەگەڵ هاوڕڵ (ئارام و شەهید کۆچەر) دیدارێکمان ئەنجامدا و باسى بارودۆخى ناوشار و دەوروبەریمان کرد و بەزۆرى هاوڕێ (ئارام) بارودۆخەکەى ڕوون کردەوە، لەبەر ئەوەى زانیارى تەواوى دەربارەى ناوشار و گوندەکانى نزیک شار هەبوو، دواى ئەوە باسى هاتوچۆى نێوان گوندەکانمان کرد، کە زۆر ناخۆش و پڕ لە ماندووبوون بوو، بۆ هەر ئیش و کارێکى پێویست بە گەرماى نێوەڕۆ دەبوو جووڵە بکرێت، هاوڕێ (ئارام) باسى ئەوەى کرد، کە ئەگەر سەیارەیەک یان چەند سەیارەیەکمان هەبێت بۆ ڕاپەڕاندنى هەندێ ئەرکى ڕۆژانە باشە و یارمەتیدەر دەبێت، بارودۆخەکە لە دەشتى کۆیە لە بار بوو بۆ بەکارهێنانى ئۆتۆمبێل، لەبەر ئەوەى هێزەکانى حکوومەتى عێراق زیاتر خەریکى شەڕى نێوان عێراق و ئێران بوون، هاوڕێ ئارام گوتى ڕفاندن و هێنانى ئۆتۆمبێلى حکوومەت بە ئاسانى و بەبێ زیان دەتوانین ئەنجام بدەین و سەیارەیەک بێنین، گوتى لە گوندى گردەڕەشەى گچکە کە لەسەر سنورى شارەوانى هەولێرە، لە نزیک ڕێگاى کەرکووک – هەولێر، مەزرەعەیەکى میرى هەیە و جۆرەها بەروبومى هاوینەى لێ چاندراوە، ڕۆژانە بەڕێوەبەرى (مەزرەعەکە) لە دەورى کاتژمێر (8 ، 8،30) دەگاتە شوێنى کارەکەى و سەیارەیەکى لاندگرۆزەرى نوێى هەیە، تەنیا یەک هاوڕێى پێشمەرگەم لەگەڵدا بێت و شوفێرێکى لێهاتوو بێ، بەیەکەوە شەو دەچینە ماڵى ئێمە لە گوندى گردەڕەشە و لەگەڵ مەلابانگداندا خۆ دەگەیەنینە ناو (مەزرەعەکە) لە ناو شینایى باینجان و بامیە و تەماتە خۆمان حەشار دەدەین و لە کاتى هاتنى بەڕێوەبەر دەردەچین و سەیارەکە دەڕفێنین و بەبێ گیروگرفت دەگەڕێینەوە.

ڕێککەوتین بیرۆکەکە لەگەڵ هاوڕێ (کانەبى گەورە) باس بکەم، کە بەرپرسى عەسکەرى هێزەکانى پێشمەرگەى حزب بوو، ئەگەر ڕەزامەندى نواند، ئەوە جێبەجێی دەکەین، لەگەڵ هاوڕێ (کانەبى) دیدارێکم سازدا و بیرۆکەکەم خستە بەر دیدى، گوتى زۆرباشە و منیش شارەزایم لە دەوروبەرى (مەزرەعەکە) هەیە کە هیچ پێگەیەکى سەربازى لێوە نزیک نییە، با لەگەڵ هاوڕێیان قسە بکەم بۆ دەستنیشان کردنى هاوڕێیەکى پێشمەرگە و شارەزا و هەروا لێخورێکى باشى سەیارە بێت، پاشان هاوڕێ (ئارام) لەگەڵ هاوڕێ (کانەبى) دیدارێکى ئەنجامدا و بڕیاردرا کارەکە لەگەڵ (سەرباز سەعدى قۆریتانى و سەربازى سێقوچانى) جێبەجێ بکەن، هاوڕێ (سەرباز سەعدى) سایەقێکى چاک بوو، هەردوو (سەرباز) لاو و ئازا و نەترس بوون، لە ناوەڕاستى مانگى ئابى 1982 هەر سێ هاوڕێ لە پێشمەرگەکان جیا بوونەوە و بەرەو ئەنجامدانى ئەرکەکە بەڕێکەوتن، شەو دەچنە گوندى گردەڕەشەى گەورە و لە ماڵى هاوڕێ (ئارام) دەمێنینەوە و، بەیانى لەگەڵ مەلابانگداندا دەچنە ناو (مەزرەعەکە) و لە ناو شینایى باینجان و بامیە خۆیان حەشاردەدەن، لە کاتژمێر هەشتى بەیانى فەرمانبەران و کرێکارەکان دێنە (مەزرەعە) بۆ کارکردن، هاوڕێیان چاوەڕوانى هاتنى بەڕێوەبەر دەکەن، بەڵام ئەو ڕۆژە بەڕێکەوت بەڕێوەبەر بۆ دەوام نایەت و ئەوانیش بەو گەرمایە هەر لەناو شینایى باینجان و بامیە چاوەڕوان دەکەن، تا دەوروبەرى کاتژمێر چوارى ئێوارە کاتێک کرێکارەکان دەیانەوێ بەرەو ماڵەکانیان ببنەوە و کاتى کارکردن تەواو دەبێت ، هاوڕێیان لە شوێنى حەشارگەیان ڕادەکەن و دەگەنە لاى کرێکارەکان، هەموویان واقیان وڕدەمێنێت و سەرسام دەبن و نازانن ئەو سێ پێشمەرگەیە لە کوێوە هاتوون، پێشمەرگەکان دەڵێن مەترسن، ئێمە پێشمەرگەى حزبى شیوعین و سویچى (لۆرییە)کە لە لێخورەکە وەردەگرن و بۆى دەردەچن، بەڕێگاى کندۆران لە نزیک باغەمرە بەرەو ناوچەى بەستى شەرغە دەگەڕێنەوە، هێزەکەى پێشمەرگەکانى حزب لە نزیک گوندى بایز ئاغا و سماقە بووین، هاوڕێیان بە (لۆرییەوە) گەڕانەوە و بۆ یەکەمجار لەم ناوچەیە بووینە خاوەنى ئۆتۆمبێلێک، دواى ئەوە هێنانى (سەیارەى حکوومەت) بووە کارێکى پێشمەرگایەتى ئاسان و پێویست لە بەکارهێنانى بۆ ئەرکى پێشمەرگایەتى و خێرا گەیشتن بە شوێن و جێگاکانى مەبەست، داخەکەم هاوڕێ (سەرباز سەعدى قۆریتانى) لە گەڕەکى عەدالەى شارى هەولێر، لە شەڕێکى دەستە و یەخە لەگەڵ پیاوانى ئەمن لە کردەوە خیانەتکارییەکەى (مەمۆ خاین) شەهید بوو، تەمەنى درێژ و ژیانێکى ئاسودە و بێ گیروگرفت بۆ هاوڕێ (ئارام و سەرباز سێقوچانى).

 

  • 1