ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

۱- کاتێک فەرمانبەر/مامۆستا تۆمەتبار کرا بەتاوانێک و لەلایەن دادگاوە ڕاگیرا(توقیف کرا)،واتە هێشتا تۆمەتبارەو حوکمی کۆتایی لەبارەیەوە دەرنەچووە بەتاوانباربوونی یان بێتاوانبوونی، ئەوا پێویستە لەدائرەکەی دەستپێکێشانەوە (سحب الید)ی بۆ بکرێت بۆ هەمان ماوەی توقیفەکەی،بەپێی ماددەی(١٦) لەیاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەران،ژمارە(١٤)ی ساڵی(١٩٩١)، لەو ماوەیەدا نیوەی مووچەکەی بۆ سەرف دەکرێت بەپێی ماددەی (١٨)ی هەمان یاسا،وە بۆ نیوەکەی دیکەی چاوەڕێی حوکمی کۆتایی دۆسیەکەی دەکرێت،بەپێی ئەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت،بەجۆرێک ئەگەر بێتاوان بوو یان افراج کرا ئەوا نیوەمووچە ڕاگیراوەکەی پێدەدرێتەوە، بەڵام ئەگەر لەئەنجامی دۆسیەکەدا حبس یان سجن کرا ئەوا نیوەمووچە ڕاگیراوەکەی پێنادرێتەوەو ئەو نیوەیەش کە وەریگرتووە لێی وەرناگیرێتەوە،بەپێی ماددەی (٨ و ١٩)ی هەمان یاسا.

۲- هەرکات فەرمانبەر/مامۆستا لەلایەن دادگای تایبەتمەندەوە حوکمی کۆتایی تاوانباربوونی بۆ دەرکرا بە بەندکردن(حبس) یان زیندانیکردن(سجن)،ئەوا ئەگەر تاوانەکەی لەجۆری لەکەدارکردنی شەرەف وەک (دزیکردن،اختلاس، ساختەکردن(تزویر)،خیانەتی ئەمانەت،فێڵکردن(احتیال) ،بەرتیل(رشوە)،ئەتککردنی ناموس یان تاوانەکانی تیرۆر)،یان تاوانی گەندەڵیی بەئەنقەست بوو،ئەوا عزل دەکرێت و بەهەمیشەیی لەوەزیفە دووردەخرێتەوە بەجۆرێک کە دووبارە مافی دامەزراندنەوەی نییە لە هیچ فەرمانگەیەکی حکومیی.

۳- بەڵام ئەگەر تاوانەکەی لەجۆری تاوانەکانی لەکەدارکردنی شەرەف یان تیرۆر یان گەندەڵیی بەئەنقەست نەبوو، ئەوا بۆ هەمان ماوەی حبسەکەی یان سجنەکەی فصل دەکرێت و پێویستە دوای ماوەی فصلەکەی بگەڕێنرێتەوە بۆسەر وەزیفەکەی،بەپێی خاڵی (ب)ی بڕگەی (حەوتەم)ی ماددەی (٨) لەهەمان یاسا

  • 1