ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

خوێندنەوە باشترین دەرمانە (چیرۆکە تەکسی)

(1)

ئەوەی تا ئێستا لە كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێم بەدی دەكرێت ئەوەیە كە لە بواری رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا لە خوارەوە بۆ سەرەوە دەستپێبكات.لە كاتێكدا مێژووی ئەزموونی گەلانی دیكە سەلماندوویانە كە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی سەركەوتوو ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیەیە كە لە سەرەوە بۆ خوارەوە دەستپێدەكات.بەو واتایەی (ئەگەر لە پێدارو دەسەڵاتدارەكانەوە دەستپێنەكرێت،ئەوە بێ پێی و دەسەڵاتەكان سوودێكی ئەوتۆی نابێت) لە نەهێشتن و سنوورداركردنی گەندەڵیدا!

لەو دۆسێیەشدا هەمووان دەزانن كە پێدارو دەسەڵاتدارەكان لەنێو هەردوو حزبی دەسەڵاتداردا خۆیان قایم كردووەو سپایەكی بەهێزو داكۆكیكاری بەهێز لە پشتیانەو بگرە كەم بڕیار دەردەچێت ئەگەر بە فلتەری ئەواندا تێپەڕ نەبێت.هەر بۆیە هەر پڕۆسەیەكی چاكسازی راستەقینە دەبێت هەردو حزبی دەسەڵاتدار سەرەتا لەنێو حزبەكانی خۆیانەوە دەستپێبكەن و دواتر بیپەڕێننەوە بۆ نێو كایەی حكومی.هەر ئەوەش دەتاونێت گەرەنتی سەركەوتنی هەر هەنگاوێكی چاكسازی و پاكسازیی بكات،ئەگەر نا خەڵك لە دواكارتەكانی دەسەڵاتیش بیزار و بیهوودە دەبێت و قسەیەكتان نامێنێت!هەر بۆیە پێویستە هاوكێشەكە بگۆڕدرێت بۆ چاكسازی لەسەرەوە بۆ خوارەوە،پاكسازی لەنێو حزبە دەسەڵاتدارەكان و چاكسازی تیایاندا!

(2)

قەیرانی سامانی سروشتی بەتایبەتی (نەوت،غاز،بەنزین)لەهەرێمی كوردستان تەنها لەنێوان بەغدا و هەرێمدا نیە،بەڵكو قەیرانی راستەقینە لە نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستاندایە.جگە لەوەی كە سەروەت و سامانەكە و داهاتەكەی روون وشەفاف نیە و كەرتەكە خراوەتە بەردەستی دەستڕۆشتوانی نێو حزبە دەستڕۆشتووەكان،ئەوانیش خستویانەتە خزمەتی ئەم گروپ و ئەو حزب لە وڵاتانی دیكە،لە نێوخۆشدا داویانەتە چەند كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی و ئەوانیش خستویانەتە بەردەستس هەندێك كۆمپانیای كەرتی تایبەتی ناوخۆیی حزبی.ئیدی لەو نێوەندەدا سەدان بەرژەوەندی و گەندەڵی لەسەر دۆسێكە لەنێوخۆ و وڵاتانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەیە.سیاسەتی نەوتی لەهەرێمی كوردستان بونیادنراوە لەسەر بنەمای گەندەڵی و مافیایی و نە خزمەتی ئابووری سەربەخۆ،ٍیاسەتی سەربەخۆ،دەوڵەتی سەربەخۆ دەكات،نەش خزمەتی پەرەپێدانی هەرێم و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان دەكات.هەر بۆیە پێویستە هاوكێشەكە بگۆڕدرێت دان بە شكستی كەرتی تایبەت لە سامانی سروشتی بنین،حكومەتی هەرێم بە پڕۆسەكە هەڵبستێت،داهاتەكەشی دابەش بكرێت بەسەر هاوڵاتیاندا،نە بۆ حكوومەتی هەرێم بێت نەش بگەڕێندرێتەوە بۆ بەغدا!

  • 1