ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

هاوڕێیانى شەهید (فەهد و حازم و سارم) ڕۆژى 18/1/1947 لە بەغداد لەماڵى (ئیبراهیم شومەیل) دەستگیرا کران، هەر یەکەم سەعات، فەهد ڕای گەیاند کە سکرتێرى حزبى شیوعى عێراقە و هەروەها هاوڕێکانى ڕایان گەیاند کە ئەندامانى مەکتەبى سیاسى حزبن، ڕۆژى 21/6/1947 واتە پاش پێنج مانگ دران بە مەحکەمە و ڕۆژى 23/6/1947 هەرسێکیان حکومدران بە ئیعدام، بەو هۆیەوە لە وڵاتە عەرەبییەکان و لەبەریتانیا بەهۆى بانگەوازى حزبەوە هەڵمەتێکى بەرفراوان بۆ ڕزگارکردنیان بەرپا کرا، لە عێراقیش ژمارەیەک لە پارێزەرە دیموکراسیخوازەکان ئامادەبوون یاساییانە داکۆکیان لێ بکەن، بەم هۆیانەوە 13/7/1947 حکوومەکەیان گۆڕدرا بۆ (موئەبەد) و نێردران بۆ بەندیخانەى کوت. 

 

 

هۆکارەکان : 

1. حکوومەتى عێراقى نورى سەعید بەتایبەتى بۆ هەر هەلێکى لەبار دەگەڕا کە لەناویان بەرێت.

2. ڕاپەڕینەکەى کانوونى دووەمى ساڵى 1948 پاش ئەوەى توانى پەرلەمان و حکوومەتى ساڵح جەبر بڕوخێنێ و پەیامانى (پۆرتسماوس) هەڵبوەشێنێتەوە و شەقام کەوتە دەست جەماوەر حزبە بۆرجوازییەکان بەو کەشوهەوا دیموکراسییەکانیان هەڵخەڵەتان و سەرەڕاى جەخت کردنى هاوڕێ فەهد لە بەندیخانەوە ڕاپەڕینەکە ساردبووەوە و لەو ئاستەدا ڕاوەستا !!

3. لەماوەى کانوونى دووەمدا تا مانگى ئایار حکوومەت خۆى ڕێکخستەوە و بە پشتیوانى موخابەراتى بەریتانیا نەخشەى بۆ پەلاماردانەوەى بزووتنەوە جەماوەرییەکە داڕشت، حزبى شیوعى لە ناوەراستى نیساندا ئەو نەخشەیەى دەست کەوت و بڵاوى کردەوە و حزبەکانى لێ ئاگادار کردەوە، بەڵام بەداخەوە نەهاتن بەدەنگ حزبەوە .

4. لە 15/5/1948 دا حکوومەتى بەریتانیا، حکوومەتى ئیسرائیلى ڕاگەیاند و بەرەبەرە دەوڵەتەکانى ئەوروپا ئیعترافیان پێ کرد و فەلەستین دابەشکرا دەوڵەتە عەرەبەکان ئەوەیان ڕەتکردەوە و حاڵەتى جەنگیان لەگەڵ حکوومەتى ئیسرائیل ڕاگەیاند، حکوومەتى عێراقیش بەو بیانووەوە حوکمى عورفى عەسکەرى ڕاگەیاند لەسەرانسەرى وڵاتدا .

5. لە کۆتایی حوزەیرانى 1948ەوە هێرشێکى بەرفراوان بۆ گرتن و ڕاوەدوونانى شیوعى و دیموکراسییەکان دەستى پێکرد. لەو کاتەوە تا حوزەیرانى 1949 پێنج سەرکردایەتى حزبى شیوعى یەک لەدواى یەک دەستگیرکران بەهۆى سزا و ئەشکەنجەدانەوە ژمارەیەک لەسەرکردە و کادرەکان ڕووخان و کەسان و نهێنییەکانى حزبیان دابەدەستەوە، چەند کەسێکیان بوون بە پیاوى ئەمن و دەستیان بەڕاوکردنى شیوعییەکان کرد .

6. لەو هێرشەى حکوومەتدا و لە ماڵى (مالیک سەیف و هودا سدیق) هەندێک نامەى هاوڕێ فەهد کەوتە دەست حکوومەت و کە لەماوەى چەند مانگى ڕابردوودا ناردوویەتى بۆ سەرکردایەتى حزب و جەختى لەسەر درێژەپێدانى ڕاپەڕینەکە کردبووەوە، ئەوە بوو بە بەڵگەى پێویست بەلاى حکوومەتەوە کە جارێکى تر (فەهد و دوو هاوڕێکەى بداتەوە بە مەحکەمەى عورفى عەسکەرى و ڕۆژى 12/2/1949 حوکم درانەوە بە ئیعدام و ڕۆژانى 13/14ى شوبات هەر سێکیان لەسێدارەدران، هاوڕێ فەهد پێش ئیعدام کردنى تەنیا دوو قسەى کرد:

1. شیوعیەت لە مردن بەهێزترە و باڵاتریشە لە سێدارە.

2. ئێمە بریتین لە جەستە و فیکر ئێوە دەتوانن جەستەکانمان لەناو بەرن بەڵام هەرگیز ناتوانن بیروباوەڕەکەمان لە ناو بەرن .

 

  • 1