ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە جوغزی سەربەخۆییدا

"التقیە" بیرۆکەیەکە لە مێژوودا ئەرکی سیاسی هەمەجۆری بینیوە و تا ڕادەیەک لە ئاکامی پەیڕەوکردنیدا لەوانەیە ئامانجی جیاوازی بینیبێت و مەبەستی ناکۆک بە یەکتری لێ بەرهەم هاتوو بێت.

بیرۆکەی "التقیە" لە بواری هزری ئاینیدا بەکار دێت، و لە تێکستی ئاینی جولەکە و تا ڕادەیەک کریستیان و لە هەردوو ئاینزای ئیسلام واتە سوننە و شیعە بەدی دەکرێن، تا ئەو ڕادەیەی لە تێکستێکی فقهی ئاینزای شیعەدا ئەم بیرۆکەیە بە نۆ لەسەر دەی ئاین دەژمێردرێت.

"التقیە" زاراوەیەکی عەرەبییە و مانای شاردنەوەی بیرباوەڕ و ڕا و بۆچوونە و نەدرکاندنێتی بەهۆی مەترسی و لێکەوتەکانی دەڕبڕینی کە مەترسی و سزاکەی گەیشتۆتە زیندانیکردن و دەربەدەرکردن و کوشتن و پێشێلکردنی سادەترین مافی خاوەنەکەی.

هەرچەندە ئەم بیرۆکەیە جلوبەرگی شەرعیەتی ئاینی لەبەرکراوە، بەڵام لە مێژووی سەرجەم ئاینەکاندا دیاردەی "التقیە" هاوکات بووە لەگەڵ دەستپێکردنی شاڵاوی چەوساندەوەی گەلان و پێکهاتەوە و چینێکی دیاریکراو لە لایەن ئەوانەی دیکەوە لە نەتەوە و چینی باڵادەست، و شێوازی جیاکاری و چەوساندنەوەی ئاینێک یان ئاینزایەک لە لایەن ئاین و ئاینزایەکی دیکەوە بە بیانووی جیاوازی یان بە تابۆ ژماردنی ڕا و بیر و بۆچوونی، وەرگرتووە، و ئەمەش بەمەبەستی چەوساندنەوەی ئابووری و سیاسی و فرە لایەنی، ئەنجام دراوە.

بەشێک لە گەلان یان توێژێکی کۆمەڵایەتی یان لەسەر ئاستی تاکەکەسیدا بە مەبەستی خۆپاراستنی بوونیان ئەم بیرۆکەیەیان پەیڕەوکردووە، و لەوانەیە هەندێ جار لە قۆناغێکی دیاریکراودا و بۆ ماوەیەک "التقیە" ئەم ئەرکەی بینیبێت، بەڵام بەردەوامبووونی بەکارهێنانی ئاکامی نێگەتیڤانەی زۆری لێکەوتۆتەوە، و پەیڕەوکردنی ئەم بیرۆکەیە نەوە لە دوای نەوە هەندی جار بۆتە هۆی نەمانەی بەها و نەریت و ڕا و بۆچوونەکان بەهۆی شاردنەوەی، و هەندێ جاریش بۆتە هۆی لاوازی کەسایەتی ئەو پێکهاتەیە، یان بەکەم تەماشاکردنی لە کۆمەڵگا لە لایەن فەرمانڕەوا و باڵادەستانەوە.

لە هەلومەرجی ئەمڕۆی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستان، یەکێک لە مەترسییەکان، دزەکردنی دیاردەی "التقیە"یە بۆ نێو کەلتووری سیاسی ئەم جوڵانەوەیە، بەتایبەتی لە گوتاری سیاسی و ئاخافتن و ڕاگەیاندراوەکانی سەرکردە سیاسییەکان لەو کاتانەی باس لە ئەرکە  نیشتمانییە ستراتیجی و سەرەکییەکان لە لێدوانەکانیان دەکەن، بە جۆرێک هەندێ داواکاری و بابەتی هەنوکەیی دەبنە ڕەهەندی سەرەکی لێدوانەکانیان و باز بەسەر بابەتە سەرەکی و ستراتیجی و گرێکوێرەکان لە مەسەلەی نیشتمانیی کوردستانی دەدەن، و وەکوو بڵێی مەبەست ڕازیکردنی بەرانبەرە کە لەوانەیە بە باسکردنی مافی چارەنووس و ئیرادەی ئازادی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی، دڵی قەرس بێت، و ئەو جۆرە ئاخافتنەی بێ قەبوڵ نەبێت.

کاتێک باس لە گرنگی ڕوونی و ڕاشکاوی سەبارەت بەمافی چارەنووس لە لێدوانی سەرکردە سیاسییەکان دەکەین، مەبەست ئەوە نییە بەشێوەیەکی دروستکراو و ناجۆر کە بابەتەکە ئەوە نەبێت، باسی لێ بکرێت، بەڵام هەندێ جار پرسیاری ئاراستەکراو بۆ بەرپرس و سەرکردەیەکی سیاسی، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی کوردستانەوە هەیە، و لەو حاڵەتانەدا ئەگەر بە شێوەیەکی دیپلۆماسی و بارودۆخی جۆراجۆریش بە هەند وەرگیرێت ئەوا ناکرێ ئەو لێدوانە و وەڵامدانەوەیە لە سەر حیسابی پرەنسیپی مافی چارەنووس بێت کە مافی حزبێکی سیاسی یان سەرکردەیەکی سیاسی نییە فەرامۆشی بکات، بەڵکو مافێکە پەیوەندی بە سەرجەم گەلی کوردستانەوە هەیە.

لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و لەگەڵ دروستکردنی بەناو دەوڵەتی نیشتمانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە بەدەر لە ئیرادەی گەلی کوردستان نیشتمانەکەی بەسەر ئەو دەوڵەتانە دابەشکرا، زۆر جار دروشم و داوا سیاسییەکانی بزووتنەوەکەمان لە چوارچێوەی مافی خوێندن بە زمانی دایک و مافی ڕۆشنبیری و حوکمی زاتی و تا دەگاتە فیدرالیزم بووە، و هەندێ عەقڵیەتی سیاسی تا ئێستا لەو باوەڕەدایە کە بەم چوارچێوە سواو و ئێکسپایەرانە مافەکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە شکستخواردووانەی دروست کراون، وەدی دێت، و گرفتیش ئەوەیە کە دوای سەد ساڵ هەندێک لەسەر هەمان ڕیتم دەڕۆن، بێ ئەوەی بە ڕوونی لە گوتارێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا ڕوونی بکەنەوە کە ئەم شێوازانەی تا ئێستا باسی لێدەکرێت نە سەقامگیری و ڕواندنەوەی مەترسی لەسەر گەلی کوردستان دابینکردووە، و نە سەقامگیری و ئاشتی و بەیەکەوە ژیانی لەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەدیهێناوە.

فەرامۆشکردنی مافی بریاردانی چارەنووس وای کردووە کە تا ئێستا لەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، بەڵگەنامەیەکی سیاسی فەرمی نەبێت کە دان بە مافی چارەنووسی گەلی کوردستان بنێت. لە ئەدەبیاتی سیاسی حزبە ناکوردستانییەکانی ئەو وڵاتانە باس لەو مافە ناکرێت، و ئەگەر حزبێکیش لە بەڵگەنامەیەکدا باسی بکات ئەوا هێندە بە تەمومژاوی باسی کردووە کە وەک مەتەڵی لێهاتووە، و هێندەش مەرجی بۆ داناوە کە لەهەر کاتێکدا دەتوانێ بڵێت کاتی نەهاتووە. لە ئەدەبیاتی حزبە کوردستانییەکانیش ڕۆژانە بابەت و داواکارییە سیاسییە هەنووکەییەکان یەکەمین پلەیان وەرگرتووە و مافی بریاردانی چارەنووس بە پلەی دووەم دێت.

هەرچەندە تێکۆشان بۆ ئازادی خاک و سەربەخۆیی و مافی خەڵکی زەحمەتکێش و دیموکراسی و ئازادییەکان داینەمۆی بەردەوامبوونی چەندین ساڵەی خەبات بووە، و ئەمەش گیانی موقاوەمەتی لای جەماوەر دروستکردووە، بەڵام ئاماژە نەکردن بە مافی چارەنووس لە لێدوانی بەرپرسە سیاسییەکاندا بە تایبەتی بەرپرسەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا کە پێویست بێت، ئاو بۆ ئاشی نەیارانی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان دەبات و دەبێتە کۆمەکێک بۆ پروپاگەندەی سوپا ئەلیکترۆنییەکان کە لە دەزگا جۆراوجۆرەکاندا بە مەبەستی نێوزڕاندن و بە کەم تەماشاکردنی مافی چارەنووس و سەربەخۆیی کوردستان، بەرپای دەکەن.

لە مێژووی هاوچەرخی چوار پارچەی کوردستان دوو بەڵگەنامەی کوردستانی بۆ بریاردانی مافی چارەنووسی گەلەکەمان هەیە، یەکەم: دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە ساڵی 1946 لە ڕۆژهەڵاتدا و دووەم: دەنگدانی خەڵکی کوردستانی باشور بۆ سەربەخۆیی لە ڕیفراندۆمی 2017دا.

پێویستە سێیەمین بەڵگەنامە بۆ مافی بریاردانی چارەنووس ئاماژەکردنی دەستور هەرێمی کوردستان بۆ ئەو مافە بێت.

خۆلادانی بەرپرسەکان لە بیرۆکەی مافی بریاردانی چارەنووس هەڵوێسەکانیان لاواز دەکات و کەسیش بە "التقیە" بۆیان حساب ناکات، و ڕای گشتی جیهان ڕێز لە ڕوونی و ڕاشکاوی و ڕاستەوخۆیی داواکارەکان دەگرێت.

 

  • 1