ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەرپرسیارێتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كاربۆ خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان بكات، هەركەم كردنەوەیەك لەمافە سەرەتاییەكانی پێویستی رۆژانە، كاریگەری لەسەر بەها مرۆیی‌و بنەمای دادپەروەری دادەنێت، بەشێوەیەك چەندە كاری باش كرابێت، بەڵام كە دۆخە دێتە سەر مافەسەرەتاییەكانی خەڵك، كارەباشەكان بەهای خۆیان لەدەست دەدەن، چونكە مۆركی رووكەشانە وەردەگرێت، لەبەرامبەردا داخوازی گشتی‌و پیداویستیە سەرەتاییەكان ئەولەویەت وەردەگرن.

هەرێمی كوردستان، خەسڵەتێكی تایبەتی هەیە، كەستاتیۆیەكی نادەوڵەتە، ئەم خەسڵەتەی وادەخوازێت كە تائەوپەڕی توانا، حكومەت بەرپرسیارێتی سەرشانی خۆی بەرامبەر بەهاوڵاتیانی خۆی جێبەجێ بكات‌و داخوازی سەرەكی ئەوەیە كە كەرامەتی مرۆڤی كوردستانی لەسەروی هەموو شتێكەوە دابنێت و كار بۆ هێنانەدی خۆشگوزەرانی بكات.

هەموو مرۆڤێك مافی ئەوەی هەیە كەژیانێكی بەكەرامەت بژێت‌و لانی كەمی مافە سەرەتاییەكانی بۆ دابین بكرێت، ئەمەش بەرپرسیارێتی حكومەت‌و وڵاتەكانە. كاركردن لەسەر ئەم مافە سەرەتایی‌و دەستەبەریی ژیانێكی ئاسودە، بەرپرسیارێتی حكومەتو دامودەزگا بیرۆكراسییەكانێتی كەبەوپەڕی هەستیارییەوە كار بۆ هێنانەدی بكەن‌و وەكو تۆڕێكی گەورەی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بەناو وڵاتدا بڵاویبكەنەوەو هەموو كەسێك بگرێتەوەو كەس لێی بێبەش نەكرێت، بەمشێویەش بەتێكهەڵكێشكرنی زەمانی مافە سەرەتاییەكان لەگەڵ هەلی كاركردنی سەربەرزانە، هاوڵاتیان لانی كەمی ژیانێكی شەرەفمەندانەیان بۆ مسۆگەر دەبێت.

حكومەت لەداڕشتنی سیاسەتی گشتی خۆییدا، بۆ هێنانەدی مافی خەڵك و هێنانەدی دادپەروەریو گەشەپێدانێ وڵات‌و بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵی‌و پیشەسازی‌و ئاوادانكردنەوەدا، پێویستە یەك شتی سەرەكی لەبەرچاوبێت، ئەویش هاوڵاتییانی خۆیەتی، پێویستە بەرپرسانی وڵات بەردەوام و رۆژانە ئەم پرسیارە لەخۆیان بكەن، چ شتێك پێویستە بۆ ئەوەی تاكی كوردستان ئەوپەڕی سەربەرزی بۆمسۆگەر بێت‌و لەنێو گەلانی ناوچەو جیهاندا شانازی پێوە بكات؟

ئەگەر ئەم بیركردنەوەیە مێشكی داڕێژەرانی سیاسەتی گشتی وڵاتیی داگیركرد، ئەو دەمە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، قۆناغی یەكەمی یەكانگیری نێوان هاوڵاتی‌و دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەت تەواو دەكات‌و حكومەتیش بوارێكی باشی لەبەردەستیدا دەبێت بۆئەوەی بەرپرسانی بێ توانا و تەمبەڵ لەكۆڵ خۆی بكاتەوە، هەروەها سەركەوتوو دەبێت لەوەی پلانی سەرەكی حكومەت بەئاسانی‌و بێ پرتەو بۆڵەی ئەم بەرپرس‌و فلانە كەس جێبەجێبكرێت‌و كەفائەتی گەیشتن بەهاوڵاتی كاراتر دەبێت.

چاڵاكی سیاسی‌و ئابوری و كۆمەڵایەتی حكومەت‌و دامەزراوەكانی تەنها هەواڵی تەلەڤزیۆنی نییە، بەڵكو بنەمای سەرەكی ئەم چاڵاكییانە پێویستە بەسەر مافی خەڵك‌و تاكەكانی وڵاتدا رەنگ بداتەوە، هاوڵاتی بەسروشتی خۆی هەست بەم چاڵاكیانە بكات، ئەو هۆشیارییەی لادروست بێت كە بەرەو ژیانێكی خۆش هەنگاو دەنێت، خۆ ئەگەر هەر لەشێوەی هەواڵی بێزاركەری تەلەڤزیۆنیدا مامەڵەی لەگەڵ كراو بەرپرسان بەمە دڵخۆش بوون، باشە بزانرێت، رۆژ بەرۆژ كەلێنی نێوان حكومەت و زۆرینەی هاوڵاتیان بەرینتر دەبێت، دواجار حكومەت هەرچییەك بكات‌و بڵێ خەڵك پێی بڕوا ناكات، كەئێستا لەقۆناغێكی وەهاداین و بێ دوودڵی دەتوانم بڵێم هەتا لەناو بەرپرسە باڵاكانی حكومەتدا پستەپستی بەپەناوپێچ دەكرێت‌و گومانیان لەهەر گۆتن و زانیارییەك هەیە كەلەخۆیان سەرووتر دەردەچێت، ئەم حالەتە مەترسیداترە لە شەڕی داعش‌و هاوشێوەكانیان لەسەر كوردستان، چونكە حكومەت لەناوەوە دەخواتەوەو هەرس بەبونیادی سیاسەتەكانیان دەهێنێت.

"ئایا بەرپرسانی یەكەمی وڵات ئەمە دەزانن كە لەخوار خۆیانەوە گومان لەهەموو چاڵاكییەك و قسەولێدوانی نێوان خۆیان هەیە؟ ئایا ئەوە دەزانن سیاسەتی كڵاوی خۆت بگرە با(با) نەیبات لەنێو بەڕێوەبەرو شارەزاو راویژكارەكانی حكومەتدا تەشەنەی كردوەو هەرچییەكیش ئەنجام دەدرێت نیوەی ئەو تواناییە كەدەكرێت زیادتر بێت؟" 

لەچەند بۆنەی دیكەشدا، باسمان لە كەرتی پەروەردە كردوە(بۆنموونە هێنانەوە)، بەو ئاراستەی كە گرنگترین كەرتی كۆمەڵایەتییە، لەوێوە داهاتووی نوێی گەشەپێدراو مسۆگەر دەكرێت، ئایا ئەم كەرتە بەهۆی (سیاسەتی لەكۆڵكردنەوە)و( بەحزبی كردنی هەمووشێتێك) ئێستا لەچ حالێكدایە؟، سەیری ناوەندی شارەكان مەكەن سەیری گەڕەكە میللی‌و هەژار نشینەكان بكەن، سەیری گوندە دوورە دەستەكان بكەن..ئایا ئەم كەرتی پەرەوەردە كەبنەمای بەهای مرۆیی‌و نەوەی كارایی داهاتووە، بۆنموونە سەرلەبەری پێویستی بەپێداچوونەوە نییە؟

بەهای مرۆیی سیستمێكی تەواوی بەهای كۆمەڵایەتی و ئەخلاقییە، رێككەوتنی گشتی لەسەرە، لەجیهانی ئەمڕۆدا، بەهای مرۆیی سنووری داب‌و نەریت تێپەڕ دەكات‌و مافەكانی گشتی‌و ژیانی شەرەفمەندانە دەگرێتەوە، ئەم ژیانە شەرەفەمەندایە، بەراستگۆیی‌و كۆششی حكومەت دەستەبەركردن‌و زەمانەتكردنی لانی كەمی پێداویستیەكانی ژیانی خەڵكی كوردستان مسۆگەر دەكرێت.

یەكێك لەو بەها مرۆییانە، ئەوەیە كە بەرپرسانی وڵات دەبێت كار لەسەر ئەوە بكەن، كە هاوڵاتی كوردستان شانازی بەوە بكات كەخەڵكی كوردستانە، من باسی هەستی نەتەوەیی ناكەم، باسی ئەوە دەكەم شانازییەكەی لەوە بێت كەلەكوردستاندا، مرۆڤ بوون تا رادەی گەیشتن بەدادپەروەری هەیە..

 

  • 1