ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕۆمان 

پورخورشید 

نوسینى: شێخ سدیق

زەریا کشومات و بێدەنگ، دەنگى خوێندنى قومرییەکان و فڕینى قاز و قوڵینگەکانى سەر زەریاکە و شەپۆلى ئاو لەگەڵ نەرمە بایەکى سارد. کەشێکى جوان بوون مرۆڤیان مەست دەکرد. ڕۆژێکى غەمگین لەچاوەڕوانى بەڕێکردنى تەرمى سێ هونەرمەندى بێناسنامە و نەناسراو کە لە ڕۆژگارێکى پڕ لە شەڕوشۆڕ و جەنگ و ماڵوێرانى و خاپورکردنى نیشتمان ژیابوون. 

هەریەکەیان هەڵگرى پەیامێکى مرۆڤدۆستى بۆ مرۆڤایەتى و گەلەکەیان پێ بوو، بۆیە هەموومان قەرزارى خێزانى پورخورشیدین تا دواین ساتەکانى ژیان خزمەتیان لەبوارى دەفژەنین و وێنەکیشان و مەقام و کۆکردنەوەى ئاوازى سروشت و دواتر گۆڕینیان بۆ مۆسیقا لەزانکۆ ئەکادیمییەکان .

دواى ڕووداوەکان و شەڕەکان ئەوەمان بۆ ڕوون بۆوە ڕەچەڵەکى ئەو خێزانە دەچێتەوە سەر ئاینى زەردەشتییەکان.

بەیانییەک بۆنى تەڕى زەریا و بەهار و سەوزایى دەهات لەوپەڕى بێهیوایدا بووم، کەمێک سەرمام بوو، ڕێگا دوورەکان زۆر ماندوویان کردبووم دەترسام! نەتوانم ئەم تەرمانە بگەیەنمە چیاى مارزانى سپى .

کاتژمێر هەشتى سەرلەبەیانى هەمان ڕۆژ گالیسکەیەک لە دوورەوە بۆنى شەرابى خەستى ترێى سپى لێدەهات "گالیسەکەوانەکە" ئەوەندە شەرابى خواردبووەوە، کوڵمەکانى سور هەڵگەڕابوون، کاتێ گەیشتە تەنیشتم هەڵاوى شەرایى نێو دەمى مەستى کردم. بەبێ سڵاوکردن وەکوو ئەوەى پێشتر ئاگادارکرابیتەوە، گالیسکەکەى وەستان لەسەر پشتى ئەسپەکەى خۆى هەڵدایە خوارەوە و گوتى: پورخورشید ئاگادارى کردوومەتەوە بێمە پێشوازیتان !.

تەرمەکان بەخامى سپى داپۆشرابوون جارجار پریشکى زەریاکە لەگەڵ نەرمە بایەکدا تەڕى دەکردن. سەریانم هەڵدایەوە، هەردەتگوت لەخەوێکى قوڵدان بۆنى شەراب لەجەستەیان دەهات، چاوەکانیان لەئاسمانیان دەڕوانى وەکوو ئەوەى هێشتا بیانەوێت کەمێکى تر بژین .

تەرمى "مازوانى ڕۆستەمی" کەمێک بەقورسى هەڵگیرا بۆنى تابلۆ و وێنەى لێدەهات، وەکو ئەوەى تازە لە وێنەکێشانى تابلۆیەک بووبێتەوە. ژنێک بەکوڵ بۆى دەگریا، دواتر بۆم دەرکەوت ئەوە پەریزاى دەزگیرانێیەتى کەسایەتییەکى ناو تابلۆکانى خۆیەتى .

لەسەر پشتى گالیسەکەکە داماننا و هەموو تابلۆکانیمان لەتەنیشتیەوە ڕێکخست.

"بارامى پەڕاگەندە" سوکتر هاتە دەستمان بۆنى نۆتە و ئاوازى سروشتى لێدەهات پڕ بوو لەئاواز، بە کەشکۆڵى ئاواز و مۆسیقاى سروشتەوە لەناو گالیسکە کە بەدرێژى داماننا.

"فەرزیباى" خوشکیان زۆر بەئاسانى لەزەویەکە هەڵمانگرت، پرچەکانى تەڕتەڕ بوون. بۆنى مەقام و ئەڵاوەیسى و خاوکەر و ڕێست و قەتارى لێدەهات، مەقامەکانمان لە تورەکەى بوکێنییەکەیدا گرێدا و خستمانە ژێر سەرییەوە.

گالیسکەوانەکە سوارى پشتى ئەسپەکە بوو بە منیشى گوت: بچۆرە لاى تەرمەکان .

هەروام کرد لەنێوان هەر سێ تەرمەکەدا هەڵکورمام. تا ماوەیەکى دوور و درێژ تەنیا دەنگى سمى ئەسپەکان و جیڕەى تایەى گالیسکەکە دەهات. ڕێگاى چیاى مارزان زۆر سەخت و ناخۆش بوو، دەمەوئێوارەیەکى درەنگ گەشتینە لوتکەى چیاکە، لەبەردەم ئاتەشگاکەى زەردەشتییەکاندا گالیسکەکە وەستا و یەک یەک تەرمەکانم ڕادەستى پیرى زەردەشتیان کرد .

پێڵاوەکانم داکەند و بەپێى پەتى ڕۆیشتمە ناو ئاتەشگاکە و لەسەر ڕەفەیەک دواین چیرۆکى پورخورشیدم دانا و پاشەوپاش گەڕامە دواوە. هیچ سروودێکى زەردەشتیم ئەنجام نەدا هەر سەیریان دەکردم، منیش باکم بە سەیرەکانى ئەوان نەبوو، هیچ بڕوایەکم بە زەردەشت نەبوو. کە هاتمە دەرەوە گالیسکەوانەکە چاوەڕوانى دەکردم. وەکو ئەوەى ئاگادار کرابێتەوە. من هیچم نەگوت، ئەو گوتى پورخورشید پێیگوتم بتگەینمەوە شوێنى خۆت، پێم سەیر بوو ئەوێک سی و یەک ساڵ لەمەوپێش مردبێت چۆن کەسێک ڕادەسپێرێت بۆ ئەوەى ئاگاى لەمن بێت. کەوتمە گومانێکى قوڵى فەلسەفییەوە نەک بەمانا ئاینییەکەى، کەوتمە قوڵایى بیرى ڕۆحەوە کاتێ مرۆڤەکان دەمرن هەموو خانەکانیان لەناو دەچێت. ئایا ڕۆح لەجەستەدا دەگوازرێتەوە بۆ جەستەى مرۆڤێکى تر زۆر قوڵ بوومەوە لەدڵى خۆمدا گوتم: لە دەرەوەى ئاین و خودا بوونێک لەدنیاى ڕۆحیدا دەژى کە نە خودا نە ئاینەکان درکیان پێنەکردووە بۆیە مرۆڤەکان دواى مردنیان نە بەهەشت دەبینن نە جەهەنەم ئەوە هەردووکیان درۆن و بۆ ترساندنى مرۆڤەکانە گەوجاندنى مرۆڤە، دواى تێڕامان بیرکردنەوەکى قوڵ دەزانم ڕۆح شتێکە لەگەڵ جەستەى مردوودا ناچێتە ناو خاک هەر بەزیندوویى دەمێنێتەوە. بۆیە مرۆڤ یەکجار لەدایک دەبێت هەرگیز نامرێت، ئەوە جەستەیە ناتوانێ بەزیندوویى بمێنێتەوە. بەرگەى ناخۆشی ژیان بگرێت و زوو نەخۆش دەکەوێت یان بەڕووداوێک جەستەى لەکاردەکەوێت.

بەبێ ئەوەى هیچ بڵێم سەرێکم لەقاند و خۆم هەڵدایە سەرپشتى گالیسکەکە. هیچم نەگوت تەنیا لەبیرى ڕۆحدا بووم .

یەک مانگى ڕەبەق بەسەر شاخەکانەوە دەڕۆیشتین هیچ گفتوگۆیەک لەنێوانمان دروست نەبوو تەنیا دەنگى قەمچى و پێى ئەسپ و جیڕە جیڕى گالیسکەکە دەهات. جار نا جارێک پێکێ شەرابى پێدەدام و هیچى نەدەگوت .

دواى ئەو هەموو کاتە بێدەنگییە ئۆقرەم لێ بڕا و گوتم: ڕۆح دواى مردن چى بەسەردێت .

"گالیسەوانەکە" بەچاوێکى توڕەوە سەیرى کردم و گوتى :

دەچێت بۆ چیاى مارزانى سپى لەوێ جارێکى تر دەست دەکەنەوە بە ژیان .

گوتم: پورخورشید لەوێ بوو ؟

بەتوڕەبوونەوە گوتى: پێم نەگوتى. ئەو بە منى گوت چاوەڕوانى تۆ بکەم.

زیاتر ڕۆچوومە ناو پرسیارەکان لەدڵى خۆمدا دەمگوت ڕاستیەک هەیە ڕۆح نامرێت ئەوە جەستەیە دەمرێت. بۆیە ئەوە دەهات بەبیرمدا. دەبێت گژوگیایەک لەم چیایەدا بدۆزینەوە لەسەر گۆڕى هەر مردوویەکدا ڕۆى بکەین خانە مردووەکان زیندوو بکاتەوە جارێکى تر ئەو جەستەیە دەست بکاتەوە بەژیان .

لەناو گالیسکەکە خەوم لێکەوت، پورخورشید بەخۆیى و دەفەکەیەوە هاتە بەرانبەرم تەنیا گوتى: ئەوە گیاى "ناژوانى"یە تەنیا لەچیاى مارزوان لەسێبەرى بن تاشەبەردى بەهاردا سەوز دەبێت.

خەبەرم بۆوە لە گالیسکەکە خۆم هەڵدایە خوارەوە، کەوتمە گەڕان، هەموو بن تاشەبەردەکان دەگەڕام دواجار لەبن تاشەبەردێکدا چەپکێک لەگیاى "ناژوانیم" دۆزیەوە، گالیسکەوانەکە هاوارى کرد دەست لەو گیایە مەدە ژەهراوى دەبیت و بەزووترین کات دەتکوژێت. من گوێم بەقسەکانى گالیسکەوانەکە نەدا. لەسەر گۆڕى هەموو مردووەکانى چڵێکم ڕژان لەگۆڕەکانەوە جەستەکان دەهاتنە دەرەوە و ڕۆحەکان دەگەڕانەوە ناو جەستەکانیان. زۆر ترسام هەستم کرد من دەتوانم مردووەکان زیندوو بکەمەوە، ڕۆحەکان بگەڕێنمەوە بۆ جەستەکان .

گالیسکەوانەکە هاوارى دەکرد و دەیگوت: تۆزیک بدە بە من با منیش زیندوو ببمەوە، ئەوجا بۆم دەرکەوت ئەوە ڕۆحى گالیسکەوانەکە بووە لەگەڵ ڕۆحى پورخورشیدا قسەى کردووە، زانیم من و گالیسکەوانەکەش جەستەمان زۆر لە مێژە مردووە ئەوە ڕۆحەکانمان بەیەکتر دەگات. من و گالیسکەوانەکەش سەر و چڵمان لەگیاى ناژوانى خوارد و زۆر بە ئاسانى هەستاینە سەر پێیەکانمان، بەڵام ئەمجارە ڕۆحەکانمان نەیبردینەوە بۆ سەر زەوى، شوێنێک بوو، ئارام من نەمدەزانى ئەو شوێنە کوێیە، مازوانى ڕۆستەمى وێنەى دەکێشا "فەرزیباى" دەزگیرانى لە باوەش گرت بوو.

"بارامى پەڕاگەندە" کەشکۆڵى نۆتە و ئاوازى فێرى قوتابییەکانى دەکرد.

فەرزیباى بەدەنگە خۆشەکەى مەقامى بۆ فەرەیدوونى ڕەوانسەر دەگوت .

پورخورشید بەسەر لوتکەى مارزانەوە دەفى دەژەن .

ئەوێ ژیان نەبوو مردنیش نەبوو، تەنیا گیایەک دەمانى بەستەوە بەو شوێنەوە!. کە ناوى ناژوان بوو.

بایەک لەسەر لوتکە و دەشتاییەکاندا هەڵیکردبوو بۆنى گوڵى بەهارانەوە هەناسەى ڕۆحەکان تێکەڵ بەیەک دەبوون. نمەى بارانێکى بەهارانە گیاوگوڵەکانى تەڕ دەکرد و ڕۆحەکان یەک بە یەک دەچوونە جەستە مردووەکان و جەستەکان هەڵدەسانەوە و سەمایان دەکرد. سەمایەک جوانتر لەهەناسەى با، ڕەنگاوڕەنگتر لە ڕەنگەکانى سروشتى بەهار و تەڕتر لەبارانى پایز.

"پورخورشید" بەسەر لوتەکەى چیاى مارزانى سپییەوە دەفى دەژەنى، "فەرزیباى" بەتەنیشت دەفەکانى دایکەوە مەقامى دەخوێند، لەناو گۆڕەکان جەستەکان دەهاتە دەرەوە و دەفیان دەژەنى لە لوتکەى شاخ و دۆڵ و دەشتاییەکان و هەموو بن داربەڕوویەک و تاشەبەردێک و ناو ئەشکەوتە قوڵەکان، ڕۆحەکان دەفیان دەژەنى !.

مازوانى ڕۆستەمى وێنەى ڕۆحەکانى بەدەستەکانى دەکێشا و و بارامى پەڕاگەندەش ئاواز و مۆسیقا ڕژاوەکانى کۆدەکردەوە .

 

  • 1