ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

هەموو ڕۆژێ هەواڵی مەرگ و دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی لە ڕاگەیاندن و شوسیالمیدیا دەبارێ ، توندوتیژی بە هەموو جۆر و داهێنانێکەوە ،هەر کە تەلەفزیۆن هەڵدەکەیت بێ یەکو و دوو گوێبستی هەواڵی مردن و مەرگ و کوشتن یان سوکایەتی پێ کردن و هەڕەشە کردن لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ یان کچۆڵە پەپولە ئاساکان ئەبیستین،ئیتر چیرۆکی کوستن و سوکایەتی کردن بە ژنان و مناڵان و ڕفاندن و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان و سوکایەتی و هەڕەشە لە ڕۆژنامەنووسان دەبیستین و دەبینین.

ئەم پێشەکیە چەند وشەیەکی ڕیز کراو نیە، بەڵکو ئاکام و ڕاستی زنجیرەیەک کاری توندوتیژی مەرگ هێنەرە ، کەوا ڕۆژانە زیاد و زیاتر دەبێت، هۆی زیاد بوونیشی پەشێووی و نائارامی کایەی سیاسی کوردستانە ، کە هەنگاوی کردەیی نانرێ بۆ کەمکردنەوە و کوژاندنەوەی ئاگری ململانێ و ناکۆکیە سیاسیەکان.

شێوازەکانی توندووتیژی و کوشتن و دەست درێژیەکان بۆ سەر مافی گشتی ڕۆژ بە ڕۆژ سەرسوڕهێنەرتر نمایش و دەرهێنانیان بۆ ئەکرێت ، چەن ڕۆژێکیشە چیرۆکی پەپولەکەی هەولێر " لاڤان لوقمان " کە لەلایەن زڕدایکەکەیەوە داوی بۆ دانراوە و کراوەتە قوربانی ، هەر لە هەولێر پار مانگی حەوت کچۆڵەیەکی تر بەناوی " دیلین" تەمەن دە ساڵ دەستدرێژی کرایە سەر و تاوانبار دوای تاوانە قیزەونەکەی دیلین ی پەپولەی کوشتبوو.

کاتێ مرۆڤ لە چیرۆکی ئەم ڕووداوە کاریسە ئامێزانەی " لاڤان "ەکان دەڕوانێ بەمانای وشە جەنگەڵستانێک پڕ لە دڕندەی زیانبەخش ، شەقام و شار و وڵاتێک پڕ لە مافیایی بێ پرەسیپ و وەحشی دەبینێت،ئەگەر منداڵەکەت چوو بۆ قوتابخانە دەبێ دڵت لە مشتت دابێت تا دێتەوە ئەمە وڵاتە یا جەنگەڵستان . !

دیاردەی دەستدرێژی سێکسی سەر منداڵان یەکێک لە ترسناکترین باری نەخوازراوی ئەخلاقی کە هەڕەشە لە کۆمەڵگە و کاریگەریەکی ڕوخێنەر لەسەر منداڵ و لایەنی دەروونی هەیە ،کاریگەریەکەشی درێژخایەنە لەسەر ژیانی ،ئیتر وەک گرێیەکی دەروونی لەناو ناخیدا هەموو شەوێ سەدان جار لە خەوی شیریندا ڕایدەچڵەکێنێت ، ئەوەی جێی داخە لەفەرهەنگی ئێمەدا باسکردنی ئەم ڕووداوانە بڤەیە ، لەنگیە ، بەداخەوە دەبوایە پێچەوانە بوایە ، قسەی لەسەر بکرێ بۆ چارەسەر.

دەبێت دان بەو ڕاستیە تاڵەدا بنێن ئەم کۆمەڵگەیەی ئێمەش فەرهەگەکەی بەشێکە لە فەرەنگی گەلانی ناوچەکە لە نێوان چێشتخانەو تەوالێتدا دەژین ، کۆمەڵگەیەکی وەرگر، بخۆر ، پیسکەر، ، و نابەرهەمهێن ، کاتێ برسی دەبێت هیچ بەهاو هێڵێکی سوور و ئەخلاقی و ویژدانی ناناسێ،هەر بۆیەش بەشێوەیەکی دڕاندانە پەلاماری ژینگەی دەورووبەری و دەدا و وێرانی دەکات بێ بیرکردنەوە لە ئەنجامەکانی ، هەر ئەم فەرهەنگەیە هاوکارە کاتێ سێکسی دەبزوێ وەک دڕندە پەلاماری پەپولەکانی نزیک خۆی دەدات .!

بۆ ئەوی چیتر لاڤانەکانمان پەپولەکانمان نەبنە قوربانی دەبێ کۆمەڵگە و حزب و ڕیکخراوەکان دەست لە ناودەست بن بۆ ئەوەی لەم پاشا گەردانیە دەرچین ، ئێستا کەس نامەی کەس ناخوێنێتەوە هەرکەس بە مەتری خۆی پێوانە دەکات ،حوکم ئەو کەسە ئەیکا خاوەنی هێز و دەسەڵاتە، کوردستان و گەلەکەی پێویستی بە بیر و عەقڵێکی پێشکەوتوخوازانەی دیموکراسی و مرۆڤدۆستە ، دەبێت ڕێگە نەدرێت کوردستان بکرێتە گۆڕەپانی مەرگ ، لەم پێوانەشدا پێویستی بە ڕوحی لێبوردەیی و هاوسۆزیی و پشتیوانی هەموو تاکە دڵسۆز و خەمخۆرەکانیەتی .

بۆ دووبارە نەبوونەوە و تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە کارکردنە بە ڕاگەیاندنێکی زانستیانەی نیشتیمانی ، کە هەواڵ و بابەتەکانی پەروەردەیی و زانستی بێت و کۆمەڵگە لەسەر گیانی لێبووردەیی و پێکەوە ژیان باربێنێت،هاوشانی ڕاگەیاندنی نیشتیمانی پێویستە لە باخچەی ساوایان تا زانکۆکان وانەکانی پێکەوە ژیان و لێبووردەیی گرنگیان پێبدرێت ، بۆ تێپەڕاندنی ئەم باروودۆخە ناهەموارە. !

  • 1