ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 هۆشەنگ کەریم/ خۆڕزگاركردن له‌ سه‌ندیكا زه‌رده‌كان

مێژووی نزیكی سه‌رهه‌ڵدان و دامه‌زراندنی سه‌ندیكا پیشه‌ییه‌كان به‌تایبه‌تی سه‌ندیكای كرێكاران، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ی ڕابردوو له‌ ئه‌وروپا، ئه‌و قۆناغه‌ی ناونراوه به‌‌ سه‌ره‌تای شۆڕشی پیشه‌سازی و كرێكارانی به‌ریتانیا ڕۆڵی پێشه‌نگیان هه‌بووه‌ له‌ دامه‌زراندنی سه‌ندیكا و خۆڕێكخستن تیایاندا.

ئامانجی سه‌ندیكاكان كۆكردنه‌وه‌ی كرێكاران و ئه‌و توێژانه‌یه‌ كه‌ داكۆكیان لێده‌كه‌ن له‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی یه‌كگرتوودا و دیاریكردنی ماف و ئه‌ركه‌كانیانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه ‌و دروستكردنی هێزی گوشاره‌ له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت و سه‌رمایه‌داریدا.

به‌ حوكمی تێكۆشانی هاوبه‌شیان له‌ دژی ناعه‌داله‌تی و خۆسه‌پاندنی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، سه‌ندیكاكان له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیانه‌وه ‌و به‌ هه‌میشه‌یی له‌ بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی و كۆمۆنیستییه‌وه‌ نزیك بوون ‌و هاوخه‌باتیان بوون‌.

تێڕوانینی باوی ماركس و ئه‌نگلس بۆ سه‌ندیكا كرێكارییه‌كان به‌ دوو قۆناغدا تێپه‌ڕیوه‌، قۆناغی یه‌كه‌میان له‌ ماوه‌ی نێوان ساڵانی (1844-1848) بووه ‌و دروشمیان (كرێیه‌كی ڕۆژانه‌ی دادپه‌روه‌رانه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ڕۆژێك كاركردنی دادپه‌روه‌رانه‌) و ڕێكخستنی كرێكاران و وه‌لانانی گیانی ڕكا‌به‌ری و ناكۆكی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی و ئاراسته‌كردنیان بووه‌ به‌ره‌و هێزێكی چینایه‌تی یه‌كگرتوو و یه‌ك ده‌نگ و كاریگه‌ر له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هێزی سه‌رمایه‌دا.

له‌ قۆ‌ناغی دووه‌مدا له‌ ساڵانی (1865 – 1871) دروشمه‌كان گۆڕدران بۆ (نه‌هێشتنی سیسته‌می كاری كرێگرته‌یی) و سه‌ندیكاكان له‌ ئامرازێكی به‌رگری له‌خۆكردن له‌ به‌رانبه‌ر سه‌رمایه‌داریدا بگۆڕێن بۆ كه‌ره‌سته‌ی هێرشبردن بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داری و گرێدانی خه‌باتی ئابوورییه‌ به‌ خه‌باتی سیاسی.

ئه‌وسا یه‌كێك له‌ كێشه‌كانی به‌رده‌م گه‌شه‌سه‌ندنی خێرای سه‌ندیكاكان، نه‌بوونی هۆشیاری پێویستی چینایه‌تی كرێكاران و خۆ به‌دوورگرتنی به‌شێكیان بوو له‌ به‌ ئه‌ندام بوون و هاتنه‌ ڕیزی سه‌ندیكاكان، هاوكات له‌ سه‌روبه‌ندی قۆناغی دووه‌مدا بۆرژوا و لیبراڵه‌كان ده‌ستیان كرد به‌ پشتیوانی كردن له‌ به‌شێكی سه‌ندیكاكانی كرێكارانی ئه‌وروپا و دامه‌زراندنی سه‌ندیكای سه‌ربه‌خۆیان و ئامانجیان له‌و هه‌نگاوه‌دا به‌گژیه‌كداكردنی كرێكاران و درز خستنه‌ ڕیزیان و به‌لاڕیدابردنیان بوو له‌ ئه‌ركه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی چینایه‌تیان و به‌و سه‌ندیكایانه‌ دهگ‌وترا سه‌ندیكا ڕووزه‌رده‌كان یان سه‌ندیكا زه‌رده‌كان.

تا به‌ ئه‌مڕۆ ده‌گات بوونی سه‌ندیكا زه‌رده‌كان له‌ وڵاتانی جیهان به‌ تایبه‌تی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ دیارده‌یه‌كی نێگه‌تیڤی خه‌باتی سه‌ندیكاییه‌.

سه‌ندیكا زه‌رده‌كان به‌ بڕیار و پشتیوانی ده‌سه‌ڵات داده‌مه‌زرێن و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ببنه‌ هێزی گوشار له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و داكۆكی له‌و چین و توێژانه‌ بكه‌ن كه‌ به‌ناوی پاراستن و به‌رگری له‌ مافیان دامه‌زراون، بوونه‌ته‌ ئامرازێك بۆ كۆنترۆڵ كردنی خه‌ڵك و ڕازی كردنی دڵی ده‌سه‌ڵات و كۆسپی گه‌وره‌ن له‌به‌رده‌م سه‌رهه‌ڵدانی سه‌ندیكای پیشه‌یی كاریگه‌ر بۆ خه‌باتكردن له‌ پێناوی مافی زۆرینه‌ی خه‌ڵك.

له‌ دوای ڕاپه‌ڕینی 1991 ی كوردستان و وه‌ده‌رنانی به‌عس، له‌ سه‌رده‌می به‌ره‌ی كوردستانی و دواتر دامه‌زراندنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كۆمه‌ڵێك سه‌ندیكا به‌ بڕیاری حزبه‌كان و ده‌سه‌ڵات دامه‌زراون، كادیری حزبه‌كان كه‌ به‌شێكیان هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی پیشه‌یی و چینایه‌یتیان به‌و سه‌ندیكایانه‌وه‌ نییه‌، بوونه‌ته‌ سه‌رۆك و ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردن، به‌شێكی زۆر كه‌م له‌ چین و توێژه‌كان به‌ تایبه‌تی كرێكاران له‌و سه‌ندیكایانه‌ بوونه‌ته‌ ئه‌ندام و زۆرینه‌یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سه‌ندیكا و كۆمه‌ڵانه‌ن و به‌ نوێنه‌ری خۆیانیان نازانن.

به‌هۆی بێ متمانه‌یی و دووره‌په‌رێزی نێوان سه‌ندیكا و چینه‌كان، سه‌ندیكا هه‌یه‌ له‌ دوای ڕاپه‌ڕین دامه‌زراوه ‌و تا ئێستا یه‌ك هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجام نه‌داوه ‌و به‌ بڕیار و ته‌وافوقی حزبه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌برێن، ئه‌مه‌ش ده‌یخاته‌ به‌رده‌م هه‌ڵوه‌سته‌ی نایاسایی بوون و ڕوو زه‌ردبوونی.

ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ لێره‌دا هه‌ڵوێستی حزبه‌ چه‌په‌كانه‌‌،‌ به‌شدارن له‌ سه‌ندیكا زه‌رده‌كان و چاوپۆشینیانه‌ له‌ ئه‌ركی هه‌ره‌ له‌ پێشی دامه‌زراندنی سه‌ندیكای سه‌ربه‌خۆ و ڕاسته‌قینه ‌و داكۆكیكار له‌ مافی چین و توێژه‌كان به‌بێ جیاوازی.

ئه‌گه‌رچی دره‌نگه ‌و كاتی زۆریش ڕۆیشتووه‌، به‌ڵام پێویسته‌ حزبی شیوعی كوردستان و چه‌په‌كان بێ دوودڵی كردن هه‌رچی زووه‌ خۆیان له‌و سه‌ندیكا زه‌ردانه‌ ڕزگاربكه‌ن و كار بۆ‌ پێكهێنانی سه‌ندیكای سه‌ربه‌خۆ‌ بكه‌ن، سه‌ندیكایه‌ك پێگه‌ی له‌ناو جه‌ماوه‌ربێت و له‌ خه‌می خه‌ڵك بێت و به‌ ئه‌ركی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی هه‌ڵبستێت بۆ پاراستنی مافه‌كانیان.

 

  • 1