ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەندرێن ئەحمەد/ مافی خەڵك..بەهای مرۆیی..دادپەروەری

چەندە دەسەڵاتی دادوەری‌و یاسا بەهێزتر بێت ئەوەندە وڵات پێشدەكەوێت‌و دامەزراوەكانی حكومەت كاری خۆیان باشتر دەكەن‌و هاوڵاتیانیش هەستێكی سەقامگیرتریان دەبێت، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی دادوەری لەدەسەڵاتی حكومەت لاوازترەو، ناتوانێت بەباشی پێشێلكردنی سەروەری یاسای بپارێزرێت، نموونەی پێشێلكردنی سەروەری یاسا زۆرن ، ناوەناوە شتێك روودەدات كە ببێتە هۆی لاوازبوونی متمانەی هاوڵاتیان بەیاسا و دەزگەكانی ئەمنی‌و پۆلیس، نموونەی تاوانی كوشتنی رۆژنامەنووسان و كەسایەتییەكی دیار، دەرچوونی كۆمپانیایەك یان كەسێكی بەهێزی سەربازی یان حزبی لەرێڕەوی یاسایی، بەرتیل و گەندەڵی، تاوانی كوشتن‌و سولحكاری،دواین كەیسش دەستدرێژیە بۆسەر منداڵێك و لێدوانە فەرمیە هەمەلایەنەكانە لەمبارەیەوە. 

لەهەرێمی كورستاندا، ژمارەیەكی زۆر دەزگەی ئەمنی‌و پۆلیس‌و جۆرەكانی دیكەی هێزی پاراستنی ئەمن‌و ئاسایش هەن، لەپاڵ ئەمانیشدا، هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەیە كە بەرپرسیارێتی پاراستنی هەرێمی كوردستانی لەئەستۆدایە.ئەم جۆراوجۆرییە لەهێزی ئەمنی، راستە تایبەتمەندی لەرایی كردنی ئەركەكەكان دروست دەكات، بەڵام زۆری‌و بۆریش دیسان سەرلێشێواوی لەكۆی چوراچێوەی دەسەڵاتی یاسایی و دادوەری دروست دەكات، چونكە دەزگاكانی ئەمنی راستەوخۆ هەموویان سەر بەیەك لایەنی بڕیاردەر نین، دەزگەكانی پۆلیس و هەندێك هێزی هاوشێوەكانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆن ، دەزگەو ئاژانسی پاراستن‌و زانیاری سەر بەئەنجوومەنی وەزیرانن، كەهەریەك لەپارتی ‌و یەكێتی دوو دەزگای ئەمنی بەهێزیان هەیە و ئەمەش زانیاریەك نییە من ئاشكرای بكەم، بەڵام ئەوەی من بیڵم ئەوەیە كە ئەم جۆرە لەدابەشبوونەوە سەرەبەرانی زۆر كردوە‌و پێشێلكاری زێدەتر دەكات، هەركێیەك لەم دەزگە ئەمنیانە كار بكات بەچەندین فلتەری حزبی‌و بنەماڵەیی‌و پێگەیاندنی تایبەت تێپەڕ دەبێت‌و هەموو دەزگەكان سەرەڕای ئەنجامدانی كاری گرنگ لەهەرێمی كوردستان، بەڵام بەتەواوەتی بۆ تەزكیەی حزبی قۆرخكراوە، ئەمەش موناقەشەیەكی دیكە.

زۆرینەی هێزی پۆلیس‌و ئەمنیەكان راستەوخۆ دەسەڵاتی جێبەجێكردن(حكومەت) هەڵیدەسووڕێنێ، و كەمێكی نەبێت لەژێر فەرمانی دەسەڵاتی دادوەرییدان.

دواین كێشە‌و تاوان، كە سەرنجی سۆشیال میدیا‌و دەزگەكانی راگەیاندنی بۆ خۆی راكێشا، كەیسی ئەو منداڵەبوو كە لەدوای دزینی ئینجا دەستدرێژی كرابووە سەر، راستە دۆسیەی تاوانكارییەكە كراوەتەوە‌و كەسانێك دەستگیركران، بەڵام تاوەكو باوكی منداڵەكە لەرووی خۆی هەڵنەماڵی ‌و تاوانو رێڕەوی لێكۆڵینەوەو داوەرییكردنەكەی ئاشكرا نەكرد، رەنگە كەسانێكی دەستڕۆیشتوو، بەتەمای ئەوەبووبن كە بەهۆی كەمی بەڵگەوە، خۆیان لەتاوانەكە قورتار بكەن،هەورەها روحی یاساش لەم دۆسیەیەدا، پشتگوێخرابوو.

ناچینە ناو جۆری تاوانەكەو ماددە سزاییەكەی‌و بەڵگە هەیە یان نا و ئایا كەیسەكە بەشێوەی یاسایی خۆیدا تێپەڕ بووە یاخود پازدانی بەسەردا كراوە، هەموو ئەمانە كاری دەزگەی پۆلیس‌و دادوەرە بەڕێزەكانە، ئەوەی مافی من‌و هاوڵاتیانە قسەی لەبارەوە بكەین، پرسیاری سەرەكی ئەوەیە بۆچی لەدوای قسەی باوكی منداڵەكە، چوار لایەنی سەرەكی لەهەرێمی كوردستان لێدوان‌و بەیاننامە دەردەكەن ئەوانیش بریتین لە( دەسەڵاتی دادوەری/وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەت/وتەبێژی حكومەتی هەرێم/لیژنەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان) ئەمە جگە لەلێدوانی هەندێك لایەنەی دیكەی فەرمی و پارێزەران، لەدوای ئەوەی كەیسەكەش بووە بابەتی میدیان چەندی بەرپرس وێنە لەگەڵ باوك‌و منداڵەكە دەگرن گوایە پشتگیری دەكەن، لەدوایشدا وەزارەتی پەروەردە لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكومەت، هەموو رێكارێكی پێویست بۆ گەڕاندنەوەی منداڵەكە بۆ ناو پرۆسەی خوێندن، بەیاننامە دەردەكات‌و بەزووی هەوڵی جێەجێكردنی دەدات، ئایا سەروەری یاسا بەم شێوەیە دەپارێزرێ؟ بەمشێوەیە داوادەكرێت هاوڵاتی بڕوای بەدەزگەكانی حكومەت‌و قەڵەمڕەویان بكات؟

سەیری رێڕەوی كەیسەكە بكەن، چۆن لەپەراوێزخستنەوە بووە كەیسی ژمارە یەك بۆ بەدواداچوون، بەبەراورد لەگەڵ ئەو گەنجەی لەناوەڕاستی شار تەقەی لەپۆلیسی هاتووچۆكرد، چونكە بابی بەرپرسێكی سەربازی بوو، كێشەكەیان بۆ حەل كرد بەڵام حیسابی ئەوەیان نەكرد كە بەهەزاران كەس بەیەكەو بڕوایان وابوو كە چونكە كوڕە مەسئولە پۆلیس هیچی لەگەڵی پێناكرێ، لەكەیسێكی پێشیلی یاسا كپ كرایەوە!!.

پرسیارێكی سادە، ئایا دەكرێت لەهەموو كەیسێكی رۆژانە یان هەر تاوانكارییەك، هاوڵاتیان ئەگەر دڵنیا نەبوون كەیاسا سەروەر بووە، پەنا ببنە بەر دەزگاكانی میدیا‌و سەرۆكی حكومەت تاوەكو مافی بۆ بگێڕێتەوە، ئەی ئەمە لاوازكردنی متمانەی هاوڵاتی نییە بەگۆتەو لێدوانی بەپرسانی حكومەت‌و دامودەزگەكانی پۆلیس‌و حاكمە بەڕێزەكانی‌و كۆی سیستمی قەزایی؟ 

بەمیشێوەی ئێستای دەسەڵاتی دادوەری‌و سەروەری یاسا، هاوڵاتی بڕوای تەواوی پێی نییە، باكەس خۆی هەڵنەخەڵتێنێت، چونكە هەركە تاوانێك ئەنجامدەدرێت، بەتایبەتی ئەگەر تیشكی میدیای چووە سەر، خەڵك راستەوخۆ گومانیان لەقسەو روونكردنەوەی لایەنی فەرمی هەیە، هاوكات ئەگەر هاوڵاتیان راستەوخۆش نەتوانن ئەو راستیە بەئاشكرا بڵێن، ئەمە مانای ئەوەنییە كەبڕوایان هەیە بەڵكو لەترسان ناوێرن، واتە دەسەڵات‌و دەزگە پەیوەندیدارە ئەمنییەكان، بەترس نواند دەیانەوێت پیشانی حكومەتایەتی بدەن، لەراستیدا ئەمجۆرە وڵاتی سەروەری یاسا نییە.ئەمە پێشێلكردنی سەروەری یاسایە.

 

  • 1