ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

دواى ئەوەى حزبى بەعسى عەرەبى لە ڕۆژى 8ى شوباتى 1963 لە ڕێگاى کودەتا شوم و خوێناوییەکەى و بەپشتیوانى ئەمریکا دەسەڵاتیان لە عێراق گرتە دەست، هەر لەیەکەم ڕۆژى کودەتاکەیان بڕیارى کوشت و بڕى ئەندامانى حزبمان و تێکڕاى دیموکراتخوازەکانى عێراقییان دەرکرد، بەتایبەتى دواى بڵاوکردنەوەى بەیانى ژمارە (13)ى تایبەت بە کۆمەڵکوژى شیوعییەکان بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک، پاشان شەڕێکى سەرتاسەرییان لە دژى شۆڕشى کوردستان هەڵگیرساند و سەرشێتانە بەربوونە (قەتل و عامکردن)ى ڕۆڵەکانى گەلى کوردمان، ئەوەى توانییان لەوێرانکردن و سوتاندنى گوند و لادێیەکانى کوردستان و هەوڵدان بۆ ئەوەى شۆڕشى ئەیلول لەناوبەرن، سوپا و فورسانى (سەلاحەین و فورسانى خالیدى کوڕى وەلید) و هەروا بە بەشدارى سوپاى عەرەبى دەوڵەتى سوریا دەست واڵاکران بۆ سوتاندنى تەڕ و وشکى کوردستان بەبێ دیاریکردنى هیچ ڕێگرییەک و یاسایەک، ڕۆڵەکانى عێراق و کوردستانیان خستە زیندانێکى فراوان و پڕ لە ئێش و ئازار و خوێنڕشتن، پیاوانى (حەرسى قەومیش) تێکۆشەرانى عێراق و کوردستانیان لە گرتووخانە تایبەتییەکان بەبێ هیچ دادگا و یاسایەک لە ژێر ئەشکەنجە و ئێش و ئازارى بەردەوام و زیندەبەچاڵکردنیان بەردەوام بوون، تاکو لە ڕۆژى 18/11/1963دا هەڵگەڕانەوەیەکى سەربازى بە سەرۆکایەتى (مشیر روکن عەبدولسەلام عارف) بەڕێوەچوو، حزبى بەعسى ئیشتراکى عەرەبى و (حەرسى قەومى) دڕندە و خوێنخۆرییان لە دەسەڵات لادا و تەواوى تاوانەکانییان دژ بە گەلانى عێراق خرایە ئەستۆ، بارودۆخى سیاسى عێراق و توندوتیژى و گرتن و ڕاوەدونانى تێکۆشەران کەمێک هێور بۆوە، بەڵام هیچ بوارێک بۆ کارى حزبى و ئازادى سیاسى لە عێراق نەڕەخسا و شەڕیش لە کوردستان لە دژى گەلەکەمان بەردەوامى هەبوو، لە ئەنجامى شەڕى شۆڤییانانەى حکوومەتەکەى (تاهر یەحیا و عەبدولسەلام عارف) هێزە چەکدارەکانى دەوڵەتى عێراق و جاشى (سەلاحەدین و وەلید) تەواو شەکەت و ماندووبوون، لە شەڕێکى بێ ئەنجام لە دژى گەلى کوردمان، هەروا هێزە چەکدارەکانى عێراق پێویستیان بە پشوودان و حەسانەوە هەبوو، بەمەبەستى خۆڕێکخستنەوە و پەیداکردنى تەدارەکى شەڕ لە چەک و هەموو جۆرە پێویستییەکانى شەڕ، بۆیە حکوومەتى عێراق ناچار بوو یان ناچارکرا لەگەڵ سەرکردایەتى شۆڕشى کوردستان بەڕابەرایەتى (بارزانى نەمر) لەسەر ڕاگرتنى شەڕ لە 10/2/1964 ڕێکبکەون و تەقە لە کوردستان دەنگى بۆ ماوەیەک کپ بوو، ڕاگرتنى شەڕ لەدژى گەلەکەمان کارێکى باش بوو، هەروا لابردنى گەمارۆى ئابوورى لەسەر کوردستان و گەلى کوردمان بوارێکى بۆ ڕۆڵەکانى گەلەکەمان و پێشمەرگەکانى کوردستان ڕەخساند بۆ پشوودان و هەستانەوە، ژمارەیەکیش لە فەرمانبەران بۆ سەرکارەکانیان گەڕانەوە و هەروا قوتابییانیش بۆ خوێندن و قوتابخانەکانیان چوونەوە، ژمارەیەکى زۆریش لە جووتیاران و دانیشتوانى لادێیەکان گەڕانەوە بۆ گوند و ناوچەکانى خۆیان، هێمنى و ئارامییەک ئەگەر بۆ ماوەیەکى کورتیش بێت باڵى بەسەر کوردستاندا کێشا.

 بەڵام لەبەرئەوەى حکوومەتەکەى (عەبدولسەلام عارف و تایەر یەحیا) هیچ بڕوایەکیان بە چارەسەرى قەزیەى گەلەکەمان نەبوو، بۆیە بەئاشکرا کاریان دەکرد بۆ ڕێکخستنەوەى هێزە چەکدارەکان و پڕ چەککردنییان، لە کۆتایى ساڵى 1964 جەماوەرى کوردستان و بەتایبەتى سەرکردایەتى شۆڕشى ئەیلول و هەروا حزبمان، حزبى شیوعى عێراق ئاگادارى جوڵەى سوپا و جاشەکان بوون، لەسەرەتاى ساڵى 1965 سوپاى عێراق گەڕایەوە شارى ڕانیە و دەوروبەرى کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو، حزبمان بە تەواوەتى بەو ئەنجامە گەیشت کە شەڕ لە دژى گەلەکەمان دووبارە هەڵدەگیرسێتەوە و ماڵوێرانى و دەربەدەرى و سوتانى کوردستانى بەدواوە دەبێت، بۆیە حزبمان لەسەرەتاى مانگى کانوونى دووەمى ساڵى 1965 بڕیاریدا جۆرەها چالاکى جەماوەرى لەسەرتاسەرى عێراق و کوردستان بەڕێوەببات لە بەرانبەر جوڵەى سوپا و هەڵگیرساندنى شەڕ لە دژى ڕۆڵەکانى گەلى کوردستان، بۆ ئەوەى فشارێکى بەرفراوان دروست بکات لەناو عێراق و کوردستان لە دژى دەسەڵاتدارانى ئەوساى عێراق، بۆ ئەم مەبەستە ڕێنمایى بۆ تەواوى ڕێکخراوەکانى حزب بڵاوکرایەوە، کە پێویستە شاڵاوێکى فیکرى و سیاسى بەڕێوەبچێت لەسەرتاسەرى عێراق و کوردستان بۆ ڕوونکردنەوەى هەڵوێستى دوژمنکارانەى حکوومەتى عێراق لە دژى ڕۆڵەکانى گەلەکەمان بەتایبەتى مەسەلەى  هەڵگیرسانى شەڕێکى دژوار و دوژمنکارانەى حکوومەت لە دژى ڕۆڵەکانى گەلى کوردستان، هەروا لە ڕێنماییەکان داواکرا بوو، کە دروشم لە دژى شەڕ لەسەر لافیتە و دیوارەکان لە شارەکان بنووسرێن .

بۆ ڕێکخراوەکەى ئێمەش کە تێدا ئەندام بووین، ژمارەیەک دروشممان لە ناوەڕاستى مانگى کانوونى دووەمى ساڵى 1965 بۆ هات، داواکرا بوو کە دەبێت دروشمەکان کە هەمووى لە دژى حکوومەتى عێراق و هەڵگیرسانى شەڕ بوو، لەسەر دیوارەکانى ناو شارى هەولێر بنووسرێن، یەکێک لە دروشمەکان وابوو (یا ڕحرار العراق ناچلوا لمنع ارتکاب جریمە جدیدە بحق شعبنا الکوردی) ئەم دروشمە بۆ ئەوکات تەواو گونجاو و چاک بوو، بۆیە بڕیارماندا دروشمەکان بنووسین، بەڵام بەباش زاندرا زۆرترین نووسین ئەو دروشمەى سەرەوە بێت، لەو شەوەى کە بڕیار بوو بۆ نووسینى دروشمەکان دەربچین، هاوڕێ (حەمید فیتەر و حەسەن کەریم حەفسەد) لە ماڵى ئێمەدا خەوتن، لەگەڵ مەلابانگدانى بەیانى هەر سێکمان لەماڵ دەرچووین، فڵچە و قوتووى بۆیاغى سورمان پێبوو، چووینە سەر جادەى (30) مەترى نزیک قوتابخانەى سۆرانى سەرەتایى کوڕان، ئێستاکەش قوتابخانەکە ماوە، ماڵى یادى بەخێر (فەتاح هەرکى) لەبەرانبەر قوتابخانەکە بوو، چەکدارى زۆریان هەبوو، بەڵام زۆرباش و بێ وەى بوون، لەبەرانبەر ماڵى (فەتاح هەرکى) لەسەر دیوارى قوتابخانەى سۆران بە خەتێکى گەورە و بە بۆیاغی سوور دروشمەکەم نووسى، لە ژێر دروشمەکەش نووسیم (حزبى شیوعى عێراق) لە هەندێ شوێنى تریش هەندێ دروشممان نووسى و بەبێ گیروگرفت گەڕاینەوە، بەیانى کە لە پۆلى سێی ناوەندى هەولێر بووم کە بۆ قوتابخانە چووم سەیرى دروشمەکەم کرد و بەجوانى و ڕێکوپێکى نووسرابوو، خۆمان بە سەرکەوتوو زانى، بەندەش گەلێک دڵخۆش و ئاسودە بووم، ئەو دروشمە هەتاکو سەرەتاى ساڵى (1970)ش هەر لەسەر دیوارەکە مابوو، دواجار کە بۆ ماوەیەک بوومە وانەبێژ لە قوتابخانەى سۆران گەلێک جار دروشمەکەم بەرچاو دەکەوت و دەم خوێندەوە، بۆیە دواى (55) ساڵ ئەم دروشمەم بەردەوام لەیادە، پاشان سەرکردایەتى شۆڕشى کوردستان بڕیارى مانگرتنى سەرتاسەرى لە ڕۆژى 10ى شوباتى 1965 بڵاوکردەوە، حزبمان لەم بڕیارە ئاگادار بوو، دیسان بڕیاریدا کە پێویستە لەشەوى 9/10ى شوباتى 1965 ڕێکخراوەکانى حزبمان لافیتە بنووسن و لەسەر دیوارەکانى شارى هەولێر هەڵواسرێن، کە داوا لە جەماوەر بکرێت بەشدارى لە مانگرتن بکەن لە دژى هەڵگیرساندنى شەڕ لە کوردستان، ئەم جارە چەند پارچەیەک قوماشى سپیمان کڕى و لەگەڵ فڵچە و بۆیاغى سور و لەماڵى ئێمە چەند لافیتەیەکمان نووسى، شەو دووبارە لەگەڵ هاوڕێیان (حەسەن کەریم حەفسەد و حەمید فیتەر) بەیانى ڕۆژى 10ى شوباتى 1965 لەگەڵ مەلابانگدان لە ماڵ دەرچووین و لافیتەکانمان لە نزیک کۆشکى (عەتاولا ئاغا) هەڵواسین و بەبێ گیروگرفت گەڕاینەوە بۆ ماڵ، بۆ بەیانى ڕاپۆرتێکم لەسەر چالاکییەکەمان نووسى و بڕیار وابوو بۆ ماڵى هاوڕێ (ئیسماعیل) لە گەڕەکى خانەقا بیبەم، ئەرکەکەم بەجێگەیاند و نامە ڕاپۆرتییەکەم گەیاندە شوێنى مەبەست. شەڕ لە کوردستان هەڵگیرسایەوە و دووبارە دەسەڵاتدارانى عێراق سەریان لە تاشە بەردە ڕەقەکانى چیا سەرکەشەکانى کوردستان دایەوە و وڕوگێژ کەوتن، بەڵام فێرى وانەیەکى ژێرانە نەبوون و تا ئێستاکەش هەر نایانەوێت فێرببن، بەردەوام خەون بە دروشمە ڕیسوایەکەیان دەبینن کە دەڵێت (إحنا البد و ، وین العدو) .

  • 1