ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەحمەد كامەران/ جەنگی ئەمریكا و تاڵیبان, لەقەتەرەو پێ دەنێتە قۆناغێكی تر

ئەحمەد كامەران| نووسەر و ڕۆژنامەنووس

ئەمریكا وڵاتە زلهێزەكەی جیهان كە بەچەكە پێشكەوتوەكانی و بە ئابووریە بەهێزەكەی بەردەوام خۆی بەسەر هەموو جیهان دەسەپێنێت بەتایبەتیش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بەردەوام هەوڵدەدات لەژێر سیاسەتەكانی خۆیدا بێت وپەنجەی هەركەسێكیش دەقرتێنێت كە دەست بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بگرێت, وە هەروەها بڕیاری هەڵگیرسانی جەنگ دەدات لەگەڵ هەر وڵاتێك و هەر گرووپێكی تیرۆرستی كە بزانێت دەبێتە هۆكارێك بۆ تێكچوونی ئاسایشی وڵاتەكەی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمەش لە پێناو چاوە جوانەكانی ئەم ناوچەیە نیە بەڵكو لە پێناو خێر و بێرە بە پیتەكەیتی كە دیارترینیان(نەوتە).

ساڵی 2003 ئەمریكا بڕیاری جەنگی دا لە دژی ڕژێمی بەعس و سەدام حسێن و بەڵام بۆ دواجاریش لەناوی برد و عێراقی ڕزگار كرد لە دەستی حكومەتێكی دیكتاتۆر بەڵام لەپاشان عێراق پێنایە قۆناغێكی ڕەشی حوكمڕانی ئاڵۆز كە بەچەندان دیكتاتۆر هاتنە گۆڕەپانەكەوە.

ساڵی 2014 گرووپێكی تیرۆرستی سەری هەڵدا بەناوی داعش كە جارێكی تر ئەمریكا بڕیاری جەنگی دا دژی ئەو ڕێكخراوە تیرۆرستیە كە بەهاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سووپای عێراق بۆ دواجار توانیان شانە زیندوەكانیان لەناوببەن بەتایبەتیش لەپاش كوژرانی سەركردەكەیان بەناوی ئەبوبەكر بەغدادی لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە.

بەڵام درێژترین جەنگی ئەمریكا كە بۆماوەی بیست ساڵ بەردەوام بوو ئەویش جەنگی ئەمریكا و تاڵیبان بوولە ئەفغانستان كە ئەمریكا لەو جەنگە بەهەزاران سووپا و زیانی ئابووری پێگەیشتووە , سەرەتای هەڵگیرسانی ئەو جەنگە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2001 كە هاوكات لەگەڵ ڕووداوەكانی 11 سێپتەمبەری ئەو ساڵە كە لەلەلایەن فڕۆكەیەكەوە هێرش كرایە سەر چەندین تاوەری گرنگی بازرگانی ئەمریكا كە بە هێرشێكی تیرۆرستی لە قەلەم درا كە بەسەرۆكایەتی ئوسامە بلادن سەرۆكی ڕێكخراوی قاعیدە ئەنجام درابوو, لەو كاتەوە جۆر بۆش سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمریكا بڕیاری جەنگی دا دژی ڕێكخراوە تیرۆرستیەكانی ئەفغانستان لەنێویشیاندا تاڵیبان كە ئەم ڕێكخراوە لەساڵی 1994 دامەزرابوو , ئەگەر چی ئوسامە بلادن پاش چەند ساڵێك لە ڕووداوەكەی 11ی سێپتەمبەر دا بۆ دواجارلەساڵی 2011 كوژرا بەڵام جەنگ كۆتایی نەهات لەنێوان هێزەكانی ئەمریكا و تاڵیبان بەڵكو جەنگەگە زیاتر گەرمی پێوە دیاربوو, بەهۆی ئەم جەنگەوە ئەفغانستان ڕۆژ بەدوای ڕۆژ بەرەو دواكەوتوترین وڵات هەنگاوی دەنا لە دەر ئەنجامی ئەو جەنگە بێ ئامانجە.

بەڵام بۆ دواجار لە بەرواری 29 ی شوباتی 2020 لە شاری دەوحەی قەتەر ڕێكەوتنامەیەكی ئاشتیانە مۆركرا لەنێوان (تاڵیبان وئەمریكا) ئەمەش دوا بەدوای ئەوە دێت كە ئەمریكا لە لەسەرەتای ساڵی 2020 وە كەسایەتیەكی دیاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تیرۆكرد لە فڕۆكەخانەی بەغداد ئەویش قاسم سولەیمانی بوو زەبرێكی كووشندەی لە ئێران و سیاسەتەكەی وەشاند , واتە دەتوانم بڵێم حكومەتەكەی دۆناڵد تڕامپ زۆر جیاوازتر بوو لە حكومەتەكانی پێشووی ئەمریكا كە توانی زۆر بەوشێوەیەكی بوێرانە سەربكەوێت بەسەر سەرجەم پرسە سیاسی و ئابووری و گرووپە تیرۆرستیەكان بەتایبەتیش لە كوشتنی قاسم سولەیمانی و ڕێكەوتنەكەی لەگەڵ تاڵیباندا كە لەپێشتردا بەتایبەتیش لەسەردەمی ویلایەتی باراك ئۆباما نەی دەتوانی هیچ كام لەم دوو كارە ئەنجام بدات, ئەگەرچی هێشتا نازانرێت دۆخی ئەمریكا و دۆنالد ترامپ و بەتایبەتیش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت هەتاوەكو پاش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا كە ئاخۆ بۆ جارێكی تر تڕامپ دێتەوە گۆڕەپانی سیاسی یاخود ماڵئاوایی دەكات و سەرۆكایەتی بۆ كەسێكی تر و بۆ سیاسەتێكی نوێ بەجێ دەهێلێتەوە .....

ئەگەرچی ڕێكخراوی تاڵیبان بەگرنگترین ڕێكخراو دادەنرا بۆ هاوكاریەكانی داعش لە عێراق و سوریا لە سەرەتای ساڵی 2014 , كەچی خۆی لەبنەڕەتدا تاڵیبانیش هەربەتەواوكەری فكری داعش و قاعیدە و گرووپە تیرۆرستیەكانی تر دادەنرێت بەڵام لەژێر ناوێكی ترەوە كارەكانی خۆی ئەنجام دەدا, كە ئەفغانستانی خستبووە گەورەترین قەیرانی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵاتیەتیەوە, لە نێویشیاندا ئافرەتان لە ئەفغانستان گەورەترین قوربانی دەستی ئەو ڕێكخراوە بوون , چوونكە ڕێكخراوەكە لەسەر فكری ئاینی ئیسلام بنیات نراببو كە ئەمەش وای كردبوو بەناوی ئاینەوە ئافرەت لە كونجی ماڵە كانی خۆیانەوە زیندانی بكرێن, یاخود جیاواز لەوانە ئافرەتان و كچان گەورەترین هەڕەشەی دەست درێژی سێكسیان بەسەرەوە بوو لە ئەفغانستان, بەڵام دوا بەدوای ڕێكەوتنامەكەیان لە قەتەر, ئومێدێك بەدی دەكرێت كە بارودۆخی ئەفغانستان و فكری تیرۆر كۆتایی بێت لە ئەفغانستان و تەواوی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست, یاخود بەپێچەوانەوە ئەگەری سەرهەڵدانی فكرێكی نوێتری تیرۆر چاوەڕوانی ئەفغانستان ئەو ناوچانە دەكات بەڵام بە بەرگێكی جیاوازترەوە بۆیە دەبێت چاوەڕوانی دیمەنەكانی داهاتوو بكەین كە بزانین چیمان بۆ دەخاتە ڕوو.

لێرەدا پرسیارێك درووست دەبێت كە ئاخۆ بە هەڵگیرسانی ئەو جەنگە و لەپاشان ئەنجامدانی ڕێكەوتن چ دەسكەوتێكیان بەدەست هێنا؟

  • 1