ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەندرێن ئەحمەد/ مافی خەڵك..بەهای مرۆیی..دادپەروەری

لەهەرێمی کوردستان، حزبەکانی دەسەڵات بەوە دەناسرێنەوە کە هەموو پۆستەکان بە بەشبەشێنە لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی کە لەساڵی 1994ەوە هەموو پۆست و بەرپرسیارێتییەکی ئەم وڵاتەیان قۆرخ کردووە، ئەوەی لەگەڵیشیان بچێتە دەسەڵات، دەبێت تا هاوپەیمانێتی کابینەی وەزارەت ماوەی یاسایی خۆی تەواو دەکات، هەموو ڕۆژ لەدەرگایان بدات بەڵکو ئەوەی لەسەری ڕێککەوتوون جێبەجێبکرێت، خۆ ئەگەر هەندێکشی جێبەجێ کرا، بەشی زۆری بەنیوەچڵی دەمێنێتەوە و لەبەرانبەریشدا، بەشەریکە دەسەڵات ئەژمار دەکرێن!.

ئۆپۆزسیۆنبوونی بزووتنەوەی گۆڕان وەچەرخانێکی نوێ بوو، بەڵام، مۆدێلێکی خراپی ئۆپۆزسیۆنبوونی پێشکەش بەپرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان کرد، هەم سەری لەخەڵکی شێواند و هەمیش نەیتوانی بەردەوام بێت تادەگاتە جڵەوی دەسەڵات، هەر کە بۆی ڕێککەوتەوە، چۆوە ڕیزی دەسەڵات و هاوئاوازی هەڵبژارد، ڕەنگە دەرسییان لەئەزموونی پێشتری خۆیان وەرگرتبێت. ڕەنگە ئەوان مافی خۆیان بێت بڵێن ئەوەی کردمان ڕچکەشکێنی بوو، کەس پێشتر ئەم جورئەتەی نەبووە، بەڵام هیچیشیان پێنەکرا، دیتمان کە چۆن لەناو پەرلەمان، کۆمەڵێک هەرزەکاری سیاسی بەتەپڵ لێدان و دەبەتێگرتن وایان لەدەسەڵاتدارێتی پارتی و یەکێتی کرد، ئەوانیش بەرەو ئەوە بچن، کەسانی هاوشێوە ببەنە پەرلەمان و دامەزراوەکانی دیکە بۆئەوەی بەرەنگاری ئەمجۆرە مۆدێلەی ئۆپۆزسیۆن بوون ببنەوە، ئەمە وەکو ئەو قسەیەیە کە دەڵێت گەمەی مشک و پشیلە لەگەڵ دەسەڵات مەکە، چونکە "حکوومەت کەروێشک بەعارەبانە دەگرێت".

ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا کاریگەری زۆری لەسەر گوتاری پۆپۆلیستی ئۆپۆزسیۆن دانا، ئەم شێوە گوتارە چارەسەری پێ نییە بەڵکو تەنیا وروژاندن کار دەکات و لەسەر هەڵە و چەوتی و ناحەقییەکانی دەسەڵات خۆی بینا دەکات، کە دەگاتە "بەر دەرکی کورەکە خۆی دەتاوێتەوە"، فشە دەردەچێت.

قسەیەکی دیکە بۆ ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی بکرێت، بەدەر لەوەی ڕاستن یان هەڵە، ئەوەیە، کە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی بەغدا دەبێتەوە، بەمەش ناتوانێت لە هێڵی نیشتمانی لابدات، لەکاتێکدا حزبەکانی دەسەڵات و هاوپەیمان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەسمی سیاسەتەکەی دەکەن، چونکە لەبەغدا پێویستمان بە یەکگرتوویی گوتاری نیشتمانی و یەکخستنی هەڵوێستەکان هەیە، بۆیە باری ئۆپۆزسیۆن زەحمەتر دەبێت، ئەگەر گوتارێکی دیکەی جیاوازی هەبێت، چونکە هێزە سیاسییەکانی عێراق لەبەغدا دیموکراسیی و پێکەوەژیان و شەراکەت نازانن یان پێیان قبول ناکرێت، بەڵکو عێراق وەکو یەک نیشتمان دەناسن کە خۆیان تێدا حاکم بن، ئینجا سوونە یان شیعە لەدەسەڵات بووبێت، کە تایفەگەرییش کارتی لاواز بێت، گوتاری عروبەویەت دەبێتە مۆدێل و لەوەشدا، هیچ بوارێک بۆ ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی نامێنێتەوە تەنیا ئەوە نەبێت کە لە بەرانبەر بەغدا داکۆکی لە مافەکانی گەلی کوردستان بکات. 

لەسەر ئەم دۆخە، لە ڕیزەکانی ناوخۆی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی کێشە و گرفت دروست دەبێت لەسەر ئەوەی چۆن لەکوردستان ئۆپۆزسیۆنە و لە بەغداش لەگەڵ حزبەکانی دەسەڵات هاوگوتارە، ئەمە دووانەیەکی ئاڵۆزە بۆ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی.

دووانەی ئۆپۆزسیۆن و گوتاری یەکگرتوویی نیشتمانی، بابەتێکی دیالیکتیکییە، چونکە نەعێراق دەتوانێت ببێتە وڵاتی هەموو هاووڵاتییەکانی و (نە)نیزامەکەشی دەتوانێت دیموکراسی بێت و بنەمای شەراکەت قبول بکات، بۆیە مەودای مانۆری سیاسی لەبەردەم ئۆپۆزسیۆنەکان لەکوردستان و بەغدا زۆر بەرتەسکە، لەهەندێک ساتی هەستیاردا، هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەبێت هەماهەنگی و هاوگوتار بن، چونکە بەرژەوەندی نیشتمانی وادەخوازێت، کێ هەیە دژی بەرژەوەندی نیشتمانی گەلی کوردستان بێت؟

لەناوەندی سەرکردایەتی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بگرە لە بنکەی حزبییەکانیشیاندا، دەنگی ناڕەزایەتی لەبەرانبەر یەک هەڵوێستی لەگەڵ دەسەڵات بەرز دەبێتەوە، بێگومان ئەم دەنگە ناڕەزایەتییە دوو لایەنە، یەکیان بەهۆی هەڵسوکەوتی دەسەڵات و قۆرخکارییەکانێتی لەماوەی ساڵانی حکومڕانێتییاندا و لایەنی دووەمیشی بەهۆی لێکەوتەی مۆدێلی خراپی ئۆپۆزسیۆنبوونە لە ساڵانی ڕابردوودا، بەڕادەیەک وای لێهاتووە تاکی کوردستانی بەهەموو شتێکی ئەم حکوومەت و نیشتمانە ناڕازی بێت و وادەزانێ موڵکی دەسەڵاتە بەردەوام بەرەی دژ هەڵدەبژێرێت. 

حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان، سەرەڕای کەوتنە دەرەوەی دەسەڵاتیان هەڵبژاردووە وەکو ئۆپۆزسیۆن کار دەکەن، بەڵام تاڕادەیەکی باش عەقلانیەتی سیاسی پەیڕەو دەکەن، هەوڵ دەدەن خۆیان لەگەڵ دووانەی ئۆپۆزسیۆن و گوتاری یەکگرتووی لەهەرێم و بەغدا بگونجێنن و ڕێکارێکی سیاسی و میانڕەوی لەحزبایەتی بگرنە بەر(بەهێزی ناوەندێتی لەحزبایەتیاندا یارمەتیدەرە)، مەترسییە سیاسییەکانی داهاتوو لەبەرچاو دەگرن، هەرچی پەیوەستە بە حزبی شیوعی و چەپەکان، لەبارەی مافی گەلی کوردستان لە بەغدا و هەڵوێستە سیاسییەکاندا، بەداخەوە لەدەرەوەی بازنەی گفتوگۆدان، لەلایەک ئەندامیان لە پەرلەمانی عێراقدا نییە و لەلایەکی دیکەدا، لەهەمانکاتدا، حزبەکانی دەسەڵات و (هاوئاوازەکانیان) بەم بیانووە، پرۆسەی گفتوگۆی سیاسی نیشتمانی بەرتەسک دەکەنەوە بۆخۆیان، کە ئەمە هەڵەیەکی سیاسی گەورەیە بۆ کوردستان، چونکە ئەم قۆناغە، پێویستی بەهەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان هەیە لەناو بازنە گەورەکەی پرۆسەی سیاسیدا بن، چونکە گوتار و هەڵوێستی یەکگرتووی نیشتمانی دابەشکردن و پلەبەندی لەخەباتی میللیدا قبول ناکات.

  • 1