ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  سوهیل زەهاوی/ چەند لاپەڕەیەک لە خەباتی شیوعیەکان لە سولەیمانی  

نووسینی/ سوهیل زەهاوی

وەرگیڕانی/ هاورێ نەهرۆ

 لە حەوتی ئادار بیست و حەوت ساڵ تێپەڕ ئەبێت بەسەر ڕاپەرینی ئاداری پیروز کە لەشاری بەسرە هەڵگیرساو گوازرایەوە بۆ شارەکانی باشور و ناوەڕاستی فورات و لە ئەنجامدا تێکرای شارەکانی کوردستانی گرتەوە.

زۆر لەسەر ڕاپەرین گوتراوە، هۆیەکانی، هێزی پاڵنەر، هەندێ حزب لە ڕوانگەی تەسکی حزبی یەوە لێکیان دایەوە، هەندی پێ وابوو لە ئەنجامی تێکشکانی سوپای عیراق لەشەری دووەمی کەنداو هەڵگیرساو دەسەڵات لە توانای نەبوو رووبەرووی جوڵانەوەی خۆرسکی جەماوەر بێتەوە هەروا هەندێ تر بۆچوونی جیاوازی تریان هەیە.

شایانی باسە ئەوەی لە بەهاری ١٩٩١ رووی دا ئەنجامی فاکتەری هەنوکەیی نەبوو بەڵکو ئەنجامی دۆخی و فاکتەری بابەتی و خودی بوو، لەوانە حوکمی سەرتاسەری و گرتنەبەری سیاسەتی تۆقینەرو لە گەڵی دا شیوازی فاشی لە سەرکوتکردنی هێزی بەرهەڵستکار هەروا قوڵی قەیرانەکان کە مەودایەکی جیددی بەخۆیەوە بینی بوو بەتایبەتی دوای پەلاماردانی کویت لە تێکرای بوارەکان دا، سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و سەربازی هەروا کەڵەکەبوونی ئاکامەکانی شەڕ و گۆرانکاری فاکتەری عەرەبی و نێودەوڵەتی بۆ فاکتەری کاریگەر لە تەقینەوەی ڕاپەرینەکەدا.

ئەوەی پەیوەندی بە فاکتەری خۆدییەوە هەیە، حزبی شیوعی عیراق دروشمی رووخانی ڕژیمی بەرز کردبۆەوە لە رێگای خەباتی چەکداری، شان بەشانی هێزی بەرهەلستکاری عیراق و هێزو حزبە کوردستانیەکان کە پەیگەی سەربازیان هەبوو لە کوردستان هەروا ژمارەیەک لە نارازیبووان لە خزمەتی سەربازی بەشیوەیەکی مام ناوەندیش بەرهەڵستکارانی عیراق لە ناوچە گوند نشینەکانی باشور و ناوەڕاست . وێرای لێدانی ئازاربەخش کە دەزگا سەرکوتکەرەکان پێ هەڵسا دژی رێکخراوەکانی حزبی شیوعی عیراق بە مەودایەکی فراوان لەو کاتەی کە لە بەرە خۆی کێشایەوە ساڵی ١٩٧٩ و شێوازی کاری نهێنی گرتەبەر کەچی چالاکی و هەڵسورانی سنووردار نەکرا بگرە پەیوەندییەکی گەرم و پتەوی هەبوو بە جەماوەرەوە، بەردەوام داهێنانی دەکرد لە پێناو دۆزینەوەی نوێترین شێواز بە مەبەستی بەهێز کردنی پەیوەندی لەگەڵ جەماوەر.

شەرفی ئەوەم هەبوو کە کادیریکی حزبی هەڵسۆڕاو بم، سەرکردایەتی ئیش و کار لە پاریزگای سولەیمانی پێم ڕاسپێردراو بوو.

لە ٢٧ ی کانوونی دووەمی ١٩٨٤ هەتاوەکو کاتێ تەقینەوەی ڕاپەرینی ئاداری پیروز لە ساڵی ١٩٩١.

بەم شێوەیە توانیم شاهدێک بم لەسەر رووداوە سەرنجڕاکێشەکان لەم شارە تێکۆشەرە. هەروا نابێ سەیری ڕاپەرین بکرێ بە جیا لە جۆڵانەوەی شۆڕشگیری و چالاکیەکانی پێشتری لە کاتێکدا شاری سولەیمانی یەکی بوو لەو شارە کوردستانیانە ئازایانە رووبەرووی حوکمی دیکتاتوری فاشی بوەوە، هەرگیز ملی کەچ نەکرد، بە هەموو شێوازێکی خەبات بەردەوام بوو لەوانە بەرهەلستکاری چەکداری رووبەرووی ڕژیم.

جەماوەری میللی لە کوردستان دا دوو ڕاپەرینی ئەنجام دا یەکەم سەرەتای ١٩٨٢ دووەم ڕاپەرینی ئاداری پیرۆز لە ساڵی ١٩٨٤ کە بەرجەستەکردنیکی بەرهەڵستکاری بەرفراوانی جەماوەر بوو بە شێوەیەکی قارەمانانە. لەشاری سولەیمانی  رێکخراوی حزبی شیوعی رۆڵیکی گرنگ و بەرجەستەی هەبوو لە ئاراستەکردنی ڕاپەرینەکە، جەماوەری گەل توانی بۆ ماوەی دوو رۆژ کۆنترۆڵی شەقام بکا، دوای بەرپەرچدانەوە دوژمن لە رێگای گروپی چەکدارییەوە کە حزب پێکیهینابوون بەمەبەستی پاراستنی جەماوەر، گروپێک هۆشیار عەلی دەوڵەت ( فریدون ) سەرپەرەشتیی دەکرد، دانەیەکی تر بەسەرپەرەشتی دەشتی ئەحمەد سەلتە هەروا گرۆپیکی تر لە هاوڕی زیوەر عەزیز و گەنجە رەئوف زوهدی و کەسانی تر پێکهاتبوو، گروپێکی چەکدار بە سەرکردایەتی دلیر جەلال لەگەڵ رەحمان غەریب و مەریوان حەسەن و ژمارەیەکی تر توانیان کۆنترۆڵی زۆربەی مزگەوتەکانی شار بکەن بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی بەیان و دروشمی حزب کە ئیزگەی دەنگی گەلی عیراق پەخشی دەکرد، رێکخراوی حزبمان لە سولەیمانی لە کاتێ جمۆجۆڵی قوتابیان لە قوتابخانەو پەیمانگەکان لە ناو ماڵ و فەرمانگەو کارخانەکان توانی بەیان و دروشمەکان دابەش بکا، تیایدا داوا لە جەماوەر کرا بەشداری ڕاپەرینەکە بکا.

قوتابیانی زانکۆوەکانی عیراق لە خەڵکی سولەیمانی کۆبوونەوە بەرانبەر سەرا لە ناوەراستی شار، جەماوەریکی زۆر پەیوەندی پێیانەوە کرد لە پێشەوەیان دا ئافرەتانی سولەیمانی دروشمیان دەگوتەوە، بەم شێوەیە گڕی ڕاپەرین گوازرایەوە بۆ بەغدا، توانای گەلی یەکگرتوو لە تێکشکاندنی کوت و بەندەکان هەرچەندە توند بن، بوو بە وانەیەکی زەق و کەڵەکەی کرد لای رێکخراوەکانی حزبمان لە سولەیمانی.

خەبات و هەڵسۆرانی حزب تەنیا لە بواری ڕاگەیاندن و دابەشکردنی بەیانی هاندەر بۆ جۆڵاندنی جەماوەر بەتایبەت لە قوتابخانەوە پەیمانگاکان قەتیس نەبوو بەڵکۆ لە هەمانکاتدا چالاکی سەربازی هەبوو دژ بە پیاوانی ڕژیم لە لایەن گروپی چەکداری شارەکان کە سەر بە ریکخراوی حزب بوون و حزب پێکیهینابوون لە شاری سولەیمانی تا بەرپابوونی ڕاپەرینی ئاداری ١٩٩١.

سەرکردایەتی کۆمیتەی ناوەوەی حزبی شیوعی عیراق کە بریتی بوون لە ژمارەیەک لە هاوڕیانی کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامانی کۆمیتەی هەریم لە شارەکانی کوردستان و عیراق لە ساڵی ١٩٩١ لە شاری هەولیر کۆبوونەوەیەکی تایبەتی یان بەست، ئەم کۆبوونەوەیە دوای پەلاماردانی کویت بەسترا تیایدا باسی دۆخی سیاسی عیراق و ناوچەکەو جیهان و ئەو رووداوانەی دوای پەلاماردانەکە دێنەکایەوە کرا بەمەبەستی رووبەرووبونەوەی ئەگەرو پەرەسەندەکان و رووداوە مەترسی دارەکان هەروا ئامادەکردنی ئەندامانی حزب و لایەنگرانی بۆ کاتێ تەقینەوەی رووداوەکان، پلانی دروست داڕیژڕا، هەروا کۆمیتەی ناوەندی لە بەغدا بەیانێکی دەرکرد تیایدا داوا لە جەماوەری گەل دەکا ڕاپەڕن دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری هەروا هەندێ ڕاسپاردەی دەرکرد بۆ رێکخراوەکانی حزب لەسەرتاسەری عیراق کە بە پێ دۆخی هەر شارێک بەرنامەی کار دابنێن.

لیژنەی باڵا لە سولەیمانی کۆمەڵی کۆبوونەوەی بۆ ئەو مەبەستە گرێی دا لەبەر رۆشنایی ڕاسپاردەکان کۆمەڵێک بەرنامەو پلانی دانا بۆ هەر ئەگەرێکی چاوەروانکراو، پلانەکە لە سێ تەوەر پێکهاتبوو.

یەکەم/ پتەوکردنی گروپە چەکدارەکان و هەوڵدان بۆ بەدەستهینانی چەک.

دووەم/ پەرەدان بە کاری ڕاگەیاندن دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری.

سێ یەم/ ڕێکخستنی ڕایەڵی پەیوەندی بەو کەسانەی کە لە نێو دەزگاکانی دەسەڵات کار دەکەن.

لە پلانەکەدا باسی چۆنیەتی کۆنترۆڵ کردنی بارەگای رێکخراوەکانی حزبی بەعس و فەرمانگەکانی دەوڵەت و پاراستنی موڵکی گشتی کرا هەروا دەستگرتن بەسەر عەمباری چەک و تەقەمەنی و ئۆتۆمبیل و بەکارهێنانیان بەمەبەستی بەرفراوانکردنی بنکەی جەماوەری ڕاپەرینەکە.

رێکخراوی حزب کاری کرد لەسەر هەر سێ تەوەرەکە، پەیوەندی کرا بە ژمارەیەک لە پیاوانی ڕژیمەوە لە نێو جەیش شەعبی و فەوجە سوکەکان، توانیمان ژمارەیەکی کەم لە چەک پێش ڕاپەرینەکە بەدەست بهێنین لە لایەکی تر چاودێری کردنی جموجۆڵی ڕژیم بە تایبەت دوای کۆنترۆڵ کردنی ( ڕانیە ) لە لایەن جەماوەرەوە بە سەرکردایەتی بەرەی کوردستانی لە ٥ ی ئاداری ١٩٩١، بەڵام لە ٦ ی ئادار ڕاپەڕینی بازیان سەری هەڵدا.

هەندێ زانیاریمان پێگەیشت لە لایەن سەرچاوەیەکی تایبەت نێو کۆبوونەوەیەک کە لە باڵەخانەی پاریزگا کرا بە سەرپەرشتی پاریزگاری سولەیمانی، پێش دوو رۆژ لە ڕاپەڕینەکە ئەم کۆبوونەوەیە کرا بوو بەمەبەستی رووبەرووبونەوەی هەر جموجۆڵێکی جەماوەری لە سولەیمانی. لەو کۆبوونەوەدا داوا لە ئامادەبووان کردبوو چەخت بکەنە سەر پاراستنی بەریوبەرایەتی ئاسایشی گشتی لە پاریزگا، لە کاتێ بوونی فشاری زۆر لەسەر بارەگاو فەرمانگەی دەزگای سەرکوتکەر هەموویان بکشێنەوە بۆ بەریوبەرایەتی .

دوای ئەوەی خاڵی لاوزو ترسی ڕژیم لە هێزی جەماوەرمان زانی، پلانەکانمان بە پێ پیویستیەکان ڕێکخست لە دۆخیک دا کە ڕژیم هەوڵی دا ترس لە نێو جەماوەر بڵاوبکاتەوە لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە گوایە ڕژیم لە هیچ جموجۆڵێک نابورێ و سەرکوتی ئەکا تەنانەت بە چەکی کیمیاویش ئەمەش بووە هۆی نیگەرانی چەند پیاوماقۆڵێکی شار بۆیە داوایان لە حزب کرد جموجۆڵی جەماوەری بوەستێنێ لە ڕوانگەی پەرۆشیان بۆ پاراستنی شارو تێکنەدانی لەلایەن دەسەڵاتەوە بەڵام سەرکردایەتی رێکخراو پەیگیربوو لەسەر جێ بە جێ کردنی پلانەکە بەتایبەت دوای ئەوەی خاڵە لاوازەکانی ڕژیم مان زانی.

لە ئێوارەی ٦ی ئادار، شەوێ پێش ڕاپەڕینەکە لەگەڵ هاورێ دلیر جەلال ( دڵشاد ) بە ئۆتۆمبیل پیاسەیەکمان کرد بە ناو شاری سولەیمانی دا، گەیشتینە ئەو بروایەی کە پیاوانی ڕژیم ترسیان لێ نیشتووە لە حاڵەتی داکۆکی کردنن لە خۆیان لە نێو بارەگاکانیان، شار چۆڵ  بوو لە مەفرەزەکانی دەسەڵات لە کاتێکدا پێشتر بۆسەیان دادەنایەوە، دوای گەیشتنمان بە حامیەی سەربازی لە سولەیمانی سەربازیکمان بینی لەسەرەوەی پەرژینەکە خۆی هەڵدایە خوارەوە بەمەبەستی ڕاکردن لە حامیەکە، ئۆتۆمبیلەکەمان ڕاگرت، داوای لێکردین کە بیگەیەنین، ئێمەش داوای زانیاریان لێکرد لەسەر حامیەکە ئیدی باسی ژمارەی سەربازەکانی نێو حامیەکەی کرد و ئاماژەی کرد بە دابەزینی ورەی هەمووان تەنانەت ئەفسەران تێکرا سویندیان خواردووە لە کاتێ رووبەرووبوونەوە خۆیان بەدەستەوە بدەن هەروا جێگری ئامر جەیشی شەعبی لە پاریزگای سولەیمانی خۆی دا بەدەستەوە، پلەی موقەدەم بوو، خەڵکی شاری بەغدا بوو، لەگەڵ چەک و ئۆتۆمبیلەکەی خۆی ڕادەستی ئاشنایەکی ئێمەی کردبوو کە ئەندامی حزب بوو لە هەمان شەو دا.

لە ساتەکانی یەکەمی بەیانی زوو لە ٧ی ئاداری ١٩٩١ کاتێ دەزگاکانی ڕژیمی سەرکوتکەر هەستیان بە جموجۆڵی جەماوەر کردبوو، زۆربەی فەوجە سوکەکان هاتبونە ریزی ڕاپەڕینەوە، پیاوانی ڕژیم هیچیان پێنەکرا جگە لە بەرگری و مانەوە لە نێو بارەگاکانیان.

جەماوەری گەل ڕاپەری لە توڵەی کەرامەتی برینداربوویان بە تایبەتی لاوان و دایکانی جگەر سوتاو، لەگەڵ یەکەم جۆڵەی جەماوەری کادیرانی حزب و ئەندامانی بە پێ ڕاسپاردەی پێشینە و توانای سنورداریان شوێنەکانیان گرت، گورزێکی چاکیان ئاراستەی دەزگا سەرکوتکەرەکانیان کرد، بە بێ ئەوەی پرسیاری شوناسی ( حزبی ) پەلاماردەران بکرێ.

بەمەبەستی ئاراستە کردنی بزوتنەوەی جەماوەری بەرفراوان لە یەکەم رۆژی  ڕاپەرین هەوڵ درا شیوازێکی هاوکاری گونجاو بدۆزرێتەوە لەگەڵ بنکەی حزبەکانی بەرەی کوردستانی.

لەم رۆژەدا حەماسەتی جەماوەری گەل لەوپەری بەرزی دا بوو، لەسەرەوەی چاوەروانی دا بوو، بەشێوەیەک کە زەحمەت بوو پێشی ئەم لافاوە جەماوەرییە بگیری، ئەوەی ئاشکرا بوو لەم رووبەرووبونەوە بەشداری تویژی رەنجدەران بوو لە هەموو تەمەنەکان، لە ئافرەت و پیاوو تەنانەت مناڵێش، لە نێویان دا ڕاکردووان لە دۆزەخی خزمەتی سەربازی، هەر هەموویان ڕقێکی شاراوەیان هەبوو دژ بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری و دەزگا سەرکوتکەرەکانی. جەماوەری چەکدار توانی کۆنترۆڵی سەربازگەی سوپاو بارەگای حزبی حاکم و بەریوبەرایەتی و مەرکەزی پۆلیس و باڵەخانەی پاریزگاو هەموو فەرمانگەکان بکا، لە ماوەی چەند سەعاتێکی کەم، تەنیا بارەگای بەریوبەرایەتی ئاسایشی سولەیمانی مابوو.  لە سەعاتی حەوت و نێو لە بەرەبەیانی ٧ی ئاداری ١٩٩١ گەڕەکی بەختیاری خۆپێشاندانێکی سازدا تیایدا دروشمی دژ بە دەسەڵاتیان بەرز کردبوەوە، هەندێ کەس ویستیان دروشمی حزبێکی دیاریکراو بسەپێنن بەڵام هاوڕییان نەیانهێشت، داوایان لە خۆپێشاندەران کرد کە دروشمەکان یەک بن و لەژێر چەتری بەرەی کوردستانی دا بێت. خۆپێشاندەران بەرەو پەیمانگای بەختیاری رۆیشتن، وێنەکانی سەدامیان داگرت و سوتاندیان دوایی رۆیشتن بەرەو بارەگای حزبی بەعس کە پێ دەڵین بارەگای ئەنفال، گەمارۆیان دا بەڵام تەقەیان لە خۆپێشاندەران کرد، خۆپێشاندەران لەو ماڵە نزیکانەی کەسەر بە فەوجی سوک بوون داوای چەکیان کرد، بە دەنگیانەوە هاتن و چەکی سوکیان وەرگرت ئیدی جەماوەر تەقەی لە بارەگاکە کرد بەڵام ئەوانەی لە نێو بارەگاکە دا بوون بەردەوام بوون لەتەقەکردن لە کاتێکدا کە چەک و تەقەمەنی جەماوەر کەم بوو. لە گەڕەکی زەرگەتە کومەڵی دوست و هاورێمان کۆبوونەوە لە سەعات هەشت بە سەرپەرشتی خەرمان مەحەمەد و براکەی عومەر مەحەمەد، عومەر چەکێکی وەدەست هێنا، من لەوێ بووم.. تایەی ئۆتۆمبیلیان سوتاند لەسەر شەقامەکە، جەماوەرێکی زۆر کۆبوونەوە تیایاندا هەڵسورێنەرانی چەپ بوون، بە خۆپێشاندان رۆیشتن بەرەو بورجی رەعایەی لاوان بەڵام لەوێ چەکداری رەبیەکان تەقەیان لە خۆپێشاندەران کرد، دوای برینداربوونی هەندێ کەس پاشەکشەیان کرد بەرەو دواوە بەمەش ڕقی جەماوەر ئەستور تر بوو، گروپێکی چەکدار هێرشی کردە سەر رەبیەکەو کۆنترۆڵی کرد وچەک کران لە نێو چەکەکاندا دوشکە هەبوو، دوای ئەوەی دوشکەکەیان خستە سەر پیکابێک، ئەم هێزە هێرشی کرد بۆ سەر بارەگای ئەنفال بۆ پاڵپشتی ئەو هێزەی کە لەوێ بوون، جەماوەر بە چڕی تەقەی لە بارەگای ئەنفال کرد تەنانەت ئار بی جی یان بە کار هێنا، دوای بەرگرییەکی سەخت بارەگا گیرا، لاوان خۆیان پیا کرد لە نێویان دا هاورێ سوران جەمال نارنجۆکێکی فڕی دایە نێو بارەگاو لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی ترو جەماوەری چەکدار چوونە ژوورەوە، دوای ئەوە هەندێ چەکدار بریندار بوون لەبەر کەمی شارەزایی و شەرەکەش نارانبەر بوو. جەماوەری ڕاپەڕیو وێرای سەرکەوتن ڕانەوەستان، هەرچەند زیاتر چەکیان دەست بکەوتایە ئەچوون بۆ سەر موڵگەیەکی تر لە موڵگەکانی تاوان، جەماوەرێکی زۆر بەو چەکانەی کە لە دوو شەری پێشوو دەستیان کەوتبوو چوون بۆ سەر بارەگای جەیش شەعبی لە گەڕەکی بەکری پێشوو، لێرەدا پیاوانی ڕژیم بەرگرییەکی وایان نەکرد، کەمتر لە نێو سەعات خۆیان دا بەدەستەوە، بەم شێوەیە جەماوەری ڕاپەڕیو چەکێکی زۆری بە دەست هینا بەڵام بارەگای بەناو رێکخراوە دیموکراتیەکانی عەفلەقی لە گەرەکی ئەندازیاران بە بێ تەقە بارەگاکەیان دایە دەستەوە.

لە سەعات دوازدەی دوای نێوەرۆ گوێم لێبوو لەو جیهازەی (ف ئیم ) کە بەدەستمەوە بوو، پاریزگار داوای لە هەموو بارەگاکان کرد، ئەوانەی جارێ کۆنترۆڵ نەکرا بوون و نزیک بوون لە حەسیب سالح خۆیان بگەیەننە بەریوبەرایەتی ئاسایشتی گشتی لە سولەیمانی، لەو کاتەدا لە بەختیاری بەرەو حەسیب سالح کەوتمە ڕێ بینیم هەموو بارەگاکان چۆڵن. دوای ئەوە زانیاریم پێ گەیشت لە تۆی مەلکەوە بەسەرکردایەتی هاورێمان دلیر جەلال ( دڵشاد ) کە لەگەڵ جەماوەری چەکدار بارەگای سەرکردایەتی جەیش شەعبی لە سولەیمانیان گرتووە بە ناو ( بارەگای عوسمان ) هەروا هاورێیانمان لە شوێنەکانی تر بەشداریان کردووە لە گرتنی بارەگاکانی تر.

شایانی باسە شانەیەک لە حزبی دیمۆکراتی کوردستان داوایان لە هاورێ دڵشاد کردووە کە هاریکاریان لەگەڵ بکا.

لە یەکەم رۆژی ڕاپەڕینەکە هەموو مۆڵگەکانی ڕژیم لە نێو شارو دەوروبەری گیرا، تەنیا بەریوبەرایەتی ئاسایشی گشتی مابوو، لە کاتێکدا هەموو پیاوانی ڕژیم تێکرا لەوێ خۆیان حەشار دابوو، بەریوبەرایەتی ئاسایش داوای لە ئەمنەکانی کرد بوو کە خێزانەکانیان بهێننە نێو بەریوبەرایەتیەکە تاوەکو دەستەبەری موقاوەمەتیان بکەن تا دوا هەناسە.

هەر واش بوو، خێزان و مناڵەکانیان لە ژێر زەمینی بەریوبەرایەتیەکە دەستبەسەر کران، ساختمانی بەریوبەرایەتی ئاسایشی سولەیمانی کە لە لایەن خەڵکی سولەیمانی یەوە بە ( ئەمنە سورەکە ) ناسراوە دەکەوێتە گەڕەکی شۆڕش کە چینی مام ناوەندی تیا نیشتەجێ یە، ماڵی هاوڵاتیان لە دەوروبەری ساختمانەکە دان، بارەگاکە ساڵی ١٩٨٥ لەسەر پانتایی ١٦ هەزار مەتری چوار گۆشە بونیاد نراوە، تاوەکو ببێتە گەورەترین بارەگای سەرکوتکەر لە پاریزگاکە، هەروا هاورێیان ئالان مومتاز و شۆڕش ئەمین لەگەڵ خەڵکانی تر کۆنترۆڵی مۆزەخانەی سولەیمانیان کردو پاراستیان لە تاڵان تا وەکو هاتنە کایەی دەسەڵاتی بەرەی کوردستانی. شایانی باسە لە بەرەبەیانی ٧ی ئادار دا فرۆکەیەکی هەلیکۆپتەرم بینی نیشتەوە لە دەوروبەری شار لە ناوچەیەک نزیک بە بەکرەجۆ دوای چەند دەقیقەیەک هەڵساو ئاسمانی سولەیمانی جێهێشت بەرەو کەرکوک، دوایی زانیمان کە جەعفەر بەرزنجی سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاپەڕاندنی حوکمی زاتی کە لە سولەیمانی بووە ڕایکردووە.

رۆژی ٨ی ئادار لە رێگای مایکروفونەوە داوا لە خەڵکی نیشتەجێ دەوروبەری ساختمانی ئەمنەکە کرا کە بچنە نێو ساختمانەکەوە، نیازیان وایە ناوچەکە بە چەکی کیمیاوی کیمیا رێژ بکەن وەک هەولێک بۆ ترساندنی خەڵکی ڕاپەریو، هەروا نیازی سەرەکیان بە دیل گرتنی خەڵک بوو تا وەکو هێرشیان نەکرێتە سەر، بەڵام بەهۆی هۆشیاری جەماوەرەوە هەوڵەکەیان پوچەڵ کرایەوە.

لە رۆژی ٨ی ئاداری ١٩٩١ هەزاران تێکۆشەر لە خەڵکی سولەیمانی کۆبوونەوە بە تیروانینی سیاسی جیاواز چەکدار بەو چەکانەی کە لە رۆژی یەکەمەوە دەستیان کەوتبوو لە دەوری بەریوبەرایەتی ئاسایش کۆبوونەوە لە هەموو لایەکەوە گەمارویان دا، بە هەموو جۆرە چەکێک لێیان دا لەکاتێکدا کۆمەڵی لێپرسراوی حزبی و حکومی تیایدا بوون لەوانە ( پاریزگار،  بەریوبەری ئاسایش، بەریوبەری پۆلیس، ئەمینداری لقی سولەیمانی حزبی بەعس ).

ئەوانەی لە نێو بارەگاکەدا بوون بەرەنگارییەکی توندیان نواند، نزیکەی ١٥ سەعات بەردەوام بوو، پێیان وابوو حکومەت بەدەنگیانەوە ئەچی و بەجێیان ناهێڵی بەڵام لە کۆتایی دا خەیاڵیان خاو بوو، خۆیان دایە دەستەوە وێرای بانگەوازی ئابڵوقەدراوانی نێو ساختمانەکە بۆ دەسەڵاتدارانی حکومەت لە کەرکوک و بەغدا لە رێگای جیهازی بێ سیمی نێو ساختمانەکە بەڵام پێش ئەوەی خۆرئاوا بێ خۆیان دایە دەستی جەماوەری چەکدارەوە، دوای ئەوەی کە پاریزگاو بەریوبەری ئاسایش و ئەمینداری لقی سولەیمانی حزبی بەعس و هەندی فەرمانبەری دەزگا سەرکوتکەرەکانی حکومی و حزبی کوژران، پێش ئەوەی خۆیان بدەنە دەستەوە ژمارەیەک لە هاورێیان پەلاماری ساختمانەکەیان داو چوونە ژوورەوەو دەستیان گرت بەسەر چەک و تەقەمەنی دا و هەوڵیان دا کلیلی زیندان بدوزنەوە تا وەکو زیندانیە سیاسیەکان ئازاد بکەن، ئەو هاورێیانەی کە بەشداری پەلامارەکە بوون بریتی بوون لە مامۆستا قادر و شەهید رەعەد و عیماد نوری و جەمال والی و دلیر جەلال و ئەحمەد فەقێ و خەڵکانی تر.

هەروا هاورێ حەمە شوان لەگەڵ کومەڵی هاورێ تر توانیان پەلاماری بەریوبەرایەتی ئاسایشی ناوەندی سولەیمانی بدەن و دەست بگرن بەسەر کومەڵی بەڵگەنامە، لە رێگای ئۆتۆمبیلی شەهید عەلی بوسکانی گوزرایەوە بەڵام لە رێگا تووشی کۆمەڵی چەکداری نەناسراو بوون هەر بۆیە تەقەیان لەیەک کرد لە ئاکام دا ئاسۆی شیخ عەلی بریندار بوو، هەروا هاورێ دلیر لەگەڵ کۆمەڵی شۆرشگیر دەستیان گرت بەسەر کۆمەڵی بەڵگەنامە پەیوەست بەحزبەوە.

لە بەرەبەیانی ٨ی ئادار کەوتمە رێ بەرەو ماڵی هاوڕێ دلیر لە کاتێکدا دکتۆر موستەفا عەزەدین رەسول لە ماڵیان ئیختیفا بوو لەبەر ئەوەی پیاوانی ئاسایش چاودێری ماڵەکەیان دەکرد، دکتۆر عەزەدین نەخۆش بوو، لەسەر جێگا کەوتبوو، براکەی فاروقی مەلا موستەفا و بەریز شیخ سالار لەگەڵی بوون، بروامان وابوو کە ئەمرۆ دوا مۆڵگەی سەرکوتکەری سەدامی لە سولەیمانی دەگیری هەر بۆیە داوام لە دکتۆر کرد پەیوەندی بە حزبەکانی بەرەی کوردستانیەوە بکاو موژدەی ئەم کوتاییەیان پێ بدا لە رێگای یەکی لە حزبەکانی کوردستانی ئیران کە لە شاری سولەیمانی بوون هەروا داوایان لێبکرێ نوێنەر بنێرن بۆ پێکهینانی حکومەتی خۆجێ، لە وتاریکی کوردستانی نۆی دا دکتۆر دووپاتی ئەم بروسکەیە کردبوەوە.

هەروا لەم رۆژەدا لە ٨ی ئادار حزبی شیوعی عیراق یەکەم حزبی سیاسی بوو بارەگا لەم شوێنانە بکاتەوە، بارەگای سەرکردایەتی جەیشی شەعبی هەڵوەشاوە هەروا لە ماڵیک بەرانبەر  بارەگای بەناو ئەنفال، چونکە بارەگاکە کەڵکی ئاوەدانی یی نەبوو هەروا لە یانەی ئەفسەران لە عەقاری، تابلۆی لەسەر هەموو بارەگاکان هەڵواسی و هەندێ هاورێ پێشمەرگە پاسەوانیان دەکرد.

ئافرەتان رۆڵێکی گەورەیان گێڕا لە هاندانی لاوان بەمەبەستی پەلاماردانی بارەگاکان و لابردنی وێنەی سەدام، لە رۆژانی یەکەمی سەرکەوتنی ڕاپەڕینەکە هەزاران لە خەڵکی سولەیمانی چەکدار بوون شایانی باسە هیچ رووداوێک تۆمار نەکرا، رۆیشتنی ئۆتۆمبیل رێک و پێک تر بوو، وێرای نەبوونی ئیدارە لە شارەکە، سەرجەم شەهیدانی حزبی شیوعیمان لە ڕاپەڕینی ئاداری پیرۆز لە شاری سولەیمانی، رەعەد نوری بوو کە لەشەقامی شەستی نزیک جلی ئامادە ( الالبسة الجاهزة ) هەروا شەهیدان زانا عوسمان و ئاکۆ ئیبراهیم لە چیای ئەزمەر شەهید بوون هەروا پێشمەرگە سەرباز حەیدەر مەحەمەد (هەورامان ) لە دەوروبەری هەلەبجە شەهید بوو هەروا هەر سێ برای شەهید زاهیر حەمە سالح ئەبو بەکر و جەمال حەمە سالح ئەبو بەکر و رزگار حەمە سالح ئەبو بەکر لە رزگار کردنی شاری دۆکان شەهید بوون هەروا هاورێیەک لە تاسلوجە و دوو هاورێ تر لە ئەزمەر لەکاتێ داکوکی کردن لە شاری سولەیمانی بریندار بوون.

سەرکەوتنی ڕاپەڕینەکە و پێکهینانی دەسەڵاتی خۆجێ لە لایەن حزبەکانی بەرەی کوردستانیەوە، دوای چەند رۆژێکی کەم دووپاتی ئەوەی کردەوە کە جۆرێکی روون لە رێکخراو بوون بوونی هەیە لە سەرکردایەتی ڕاپەڕینەکە، هەموو حزبەکان بەشداریان کرد لە نێویاندا تەوژمی چەپ بە پێ پێگەو قەوارەو بوونی لە نێو شاردا لە نێویاندا حزبی شیوعی کە ژمارەیەک لە کادیرانی نارد بۆ نێو شار پێش ڕاپەڕینەکە بەمەبەستی ئامادەکاری، هەروا سەڵمێندرا کە سەرکەوتن نایەتە دی بەبێ رۆڵی چالاکی جەماوەر لە نێو شارەکان دا.

لە پێشینەی کەم و کوڕیەکان کە دووچاری ڕاپەرینەکە هات، نەبوونی هاریکاری بوو لە نێوان حزبەکانی بەرەی کوردستانی  لە نێو شار وێرای بوونی پەیوەندی لە نێوان بنکەکان، ئەگەر ئەم هاریکاریە بکرابایە بەپێ پلانی پێش وەختی توکمە ئەوا هەندی خاڵی نەگێتڤ رووی نەئەدا. دەتوانرا زیاتر موڵک و ماڵی دەوڵەت بپاریزرێ کە لە راستی دا موڵک و ماڵی گەلە کەچی بە فیڕو رۆیشت هەروا لە توانامان بوو سەربازەکان رێک بخەین بەمەبەستی جۆڵاندیان دژ بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە بەغدا.

لە کۆتایی دا داوای لێبوردن لە تێکرای هاورێیان دەکەم کە بەشداریان کرد لەم داستانە قارەمانانەیە و ناویانم نەهیناوە.

 

  • 1