ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 ئه‌حمه‌د که‌ریم/ کاندیدی نوێ یان مانەوەی عەبدولمەهدی؟

یەک هەفتەی دەستووری ماوە

کاندیدی نوێ یان مانەوەی عەبدولمەهدی؟

سه‌رنه‌که‌وتن له ‌پێکهێنانی حکوومه‌ت و دەستلەکارکێشانەوەکەی عەلاوی، پڕۆسەی سیاسی عێراقی گێڕایەوە خاڵی سفر، پەرلەمانیشی خستووەتە بەردەم گیروگازییەکی سیاسی ڕاستەقینە، لە هەمان و ئانوساتیشدا، خۆپێشاندانەکانی شەقام بەردەوامن، کە داوای حکوومەتێکی سەربەخۆیی ناحزبی دەکەن، کە بە دوور بێت لە بەشبەشێنەی حزبی بەرتەسک. که‌ پێناچێت هه‌روا ئاسان بێت. له‌ولاشه‌وه‌ پێناچێت ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ هه‌روا ئاسان بێت، به‌هۆی یاسای تازه‌ی هه‌ڵبژاردن و که‌م ئه‌زموونی کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن.

له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، چەند سیناریۆیەک لە ناوەندە سیاسییەکان خرانە بەردەست، کە لە پێناو ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنێکی پێشوەخت، عادل عەبدولمەهدی بۆ ماوەیەکی دیکەی کاتی، پۆستی سەرۆک وەزیرانی بگرێتەوە دەست. لە سایەی بەردەوامی داخرانی سیاسی نێوان فراکسیۆنە شیعەکان لەلایەک، داخرانی سیاسی نێوان فراکسیۆنە سوننە و کوردەکان لە لایەکی دیکەوە، ئەم سیناریۆیە ئەگەرێکی بەهێزی شیمانە کراوە. پێشبینیکراوه‌، هه‌رچه‌ند که‌ هه‌روا ئاسان نییه‌، چونکه‌ له‌لایه‌ک عه‌بدولمه‌هدی له‌ژێر فشاردا ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی پێشکه‌ش کردووه‌ و ته‌نانه‌ت خۆی خستۆته‌ ژێرباری (ئاماده‌نه‌بوونی خۆبه‌خشانه‌) که‌ جۆرێکه‌ له‌ خۆدزینه‌وه‌ له‌ ڕێکاره‌ ده‌ستوورییەکان و له‌ولاشه‌وه‌، خۆپیشانده‌رانی عێراقی و به‌شێکی به‌رچاوی حزبه‌ سیاسییه‌کان و ته‌نانه‌ت مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه‌ش له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی کۆک نین.

 بۆچی عه‌لاوی شکستی هێنا؟

کاتێک عه‌لاوی پاڵێورا بۆ سه‌رۆک وه‌زیران، یه‌کێک له ‌ڕایه‌کان ئه‌وه ‌بوو که‌ عه‌لاوی سه‌رکه‌وتوو نابێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ به‌هه‌مان شێوه‌ی عه‌بدولمه‌هدییه‌ له‌ڕووی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ناو په‌رله‌مان لیستێکی به‌هێز نییه‌ که‌ پاڵپشتی بکات به‌ ئاشکرا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌درییه‌کان پاڵپشتی بکه‌ن ڕاسته‌وخۆ نییه‌ و بۆی هه‌یه‌ له‌هه‌ر کاتێکدا پشتی تێبکه‌ن. هه‌روه‌ها که‌سێکی مه‌یدانی نییه‌ و که‌سێکی ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رمایه‌داره‌ ناتوانێت چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌ که‌ڵه‌که‌بووەکانی خه‌ڵکی عێراق بکات، به‌ڵکو که‌سێکی تیۆرییه‌ و ئاسان نابێت بتوانێت ئه‌و کاره ‌بکات. له‌کاتی گفتوگۆکانیشیدا نه‌یتوانی تیمێکی به‌هێز بۆ دانوستان و گفتوگۆ دروست بکات. وێڕای ئه‌وه‌ی که‌ نه‌یتوانی له‌گه‌ڵ کورد و سوونه‌ و بگره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و ئێرانیشدا هاوسه‌نگییه‌ک له‌ گفتوگۆ و هه‌ڵوێسته‌کان بخاته ‌ڕوو.

له‌ناو کورددا سه‌رباری هه‌ڵوێستی فه‌رمی که‌ هه‌ڵوێستی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی عه‌لاوی هه‌بوو، به‌ڵام به‌شێک له ‌په‌رله‌مانتارانی کورد له‌به‌غدا پێیان وابوو که‌ عه‌لاوی هه‌موو داواکارییه‌کانی کوردی جێبه‌جێکردووه‌، ئه‌وه‌ی کرا ڕه‌فتارێکی حزبی بووه‌ نه‌ک نه‌ته‌وه‌یی!

 

ئاخۆ شیعه‌کان ده‌توانن که‌سێکی دیکه‌ ڕاسپێرن؟

واده‌ی ده‌ستووری که‌متر له‌ هه‌فته‌یه‌کی ماوه‌، تا ئێستا شیعه‌کان ڕێکنه‌که‌وتوون له‌ ده‌ستنیشانکردنی که‌سێک بۆ سه‌رۆک وه‌زیران. هه‌رچه‌نده‌ ناوی جیاجیا له‌ میدیاوه‌ ده‌خرێته ‌ڕوو، به‌ڵام تاوه‌کو ئێستا که‌سێکی دیار نه‌خراوه‌ته ‌ڕوو که‌ له‌لایه‌ک شیعه‌کان له‌سه‌ری کۆک بن، له‌لایه‌کی دیکه‌ بتوانێت داخوازییه‌کانی کورد و سوونه‌ جێبه‌جێ بکات. له‌ولاشه‌وه‌ هاوسه‌نگی ئه‌مریکا و ئێران بکات له‌ عێراق دا. هه‌موو ئه‌گه‌رەکان کراوه‌ن و کاته‌که‌ یارمه‌تیده‌ر نییه‌. سیناریۆیه‌کی دیکه‌ مانه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدییه‌ که‌ ئه‌ویش ئاسان نییه‌. که‌ هه‌ندێک پێیان وایه‌ ئه‌و کاره‌ی عه‌بدولمه‌هدی کردی که‌ دابه‌شی ده‌سه‌ڵاته‌کانی کرد وایکردووه‌ که‌ تا هه‌ڵبژاردنی داهاتوو کورد و سوونه‌ و شیعه‌ش ڕازی بن. به‌ڵام ئه‌وه‌ش ئاسان نییه‌، ده‌بێت ته‌فسیری ده‌ستووری بۆ بکرێت. ته‌فسیری ده‌ستووریش له‌م کاته‌ی ئێستادا که‌ دادگای ده‌ستووری به‌هۆی که‌مبوونه‌وه‌ی یه‌کێک له‌ ئه‌ندامه‌کانی هه‌روا ئاسان نییه‌، له‌ولاشه‌وه‌ شیعه‌ ڕێگری له‌ سه‌رۆک کۆمار کرد که‌ نه‌توانێت ئه‌رکی سه‌رۆک وه‌زیران ڕاپه‌ڕێنێت به‌وه‌ی شوێنه‌که‌ی به‌ به‌تاڵی به‌جێ نه‌هێشت.

 

  • 1