ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 سەلام عومەر/ ئەو رۆژەی هەڵەبجە رژا

كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە خەوێكی قوڵدابوون

كە هەڵەبجە خەڵتانی خوێن كرا زامێكی هێندە قوڵ لە جەستەی وڵاتەكەمان كرا كە تاوەكو ئێستاش سارێژ نەبووەو لەگەڵ هەر یادەوەریەكدا دەكولێتەوە، ئۆپەراسیۆنەكانی ئەو رۆژانەی سوپای بەعس بۆ لەناو بردنی یەكجارەكی گەلی كورد بوو، بەتایبەت هەموو ئەو خانەوادانەی لەمشارەدا بوونە سوتەمەنی دووچاری قڕكردن بوون، ئەو پیرە پیاوو ژن و منداڵانەش كە رزگاریان بوو ئێستا پیرەكان زۆربەیان نەماون و منداڵەكانیش بەبێ كەسی بە هەتیوی و ماڵوێرانی، بەبێ پەناگەو شوێنە خۆشەكان بە نەخۆشی و كوێری خەریكی گوزەرانێكن باشتر نین لەو ونبوو و تاقانانەی ئیستاش لە خەیاڵدا رۆژدەكەنەوە. 

جیهان بەگشتی و ریكخراوە مرۆ دۆستەكان لە ئاست ئەم تاوانە نێودەولەتیە كوێربوون و جڵەوی دەسەڵاتی بەعسیان بەجۆرێك شل كردبوو بەئارەزووی خۆی هەوڵی تەفروتوناكردنی نەتەوەیەكی دەداو كەسیش نقەی لێوە نەدەهات،رۆشنبیرانی كورد لەچیا هاواریان لێهەستاو پڕ بە گەرو دەیانناڵاند عەرەبەكانیش جگە لەچەند رۆشنبیرێكی چەپی زۆر كەم نەبێ‌ ئەوانی دی لە خەوێكی قوڵدا چووبوونە خەڵوەتەوە ، خۆ ئەدەبی جیهانیش لەم ساتە وەختەدا لەگەڵ رژێمە قەبەكانیان هەر خەریكی ساغكردنەوەی چەكو جبەخانەكانیان بوون بەو وڵاتانەی دەیانەویست سنوورەكانیان لەسەر حسابی نەتەوە بچوكەكان زیاد كەن، ئەو رۆژانە مردنێكی لەسەرخۆ بوو بۆ گەلێكی چەوساوە، كەلەوەتەی هەبوو سووتەمەنی یەك لەدوایی یەكی ئەو رژێمانەبوو كە بەئارەزووی خۆیان دەیانچەوساندینەوە، تاكە هیوایەكیش كە هاوڵاتیان و پارتە سیاسیەكان هەیانبوو ئەو چیا سەرسەخت و دژوارانەبوو كە سروشت وەك پەناگەیەك بۆ هێزی پێشمەرگەی دروست كردبوو، ئەو كات دوای وەستانی جەنگی نێوان عێراق و ئێران بەعس خۆی یەكلا كردەوە بۆ لەناوبردنی كورد و هەر هەموو تواناكانی خۆی بەئەنفالیشەوە تاقیكردەوە و نەیتوانی كورد لەریشەوە دەركێشێ كیمیا یەكێك بوو لەو نەخشە دۆزەخیەی بۆ كورد نەخشێنرا، ئەم وڵاتەی نوقمی تاوانێك كرد كە خۆی لەناو گۆڕی بەكۆمەڵ و سوتەمەنیەكانی كیمیاییدا دیتەوە، ئەوان وشەی ئەنفالیان لە كتێبە ئاسمانیەكان دەرهێناو كردیانە حیكایەتێك كەمرۆڤایەتی بۆ هەمیشە دەیگێڕێتەوە ، 

وێنەكانی كیمیابارانی هەڵەبجە هێندە كاریگەرن پەردەكانیان بەڕوی تاوانباراندا هەڵدەماڵی و گەورەیی تاوانەكەیان دەردەخست، كەچی سەدام و عەلی كیماوی هەوڵیاندەدا هەموو ئەو خەتایانە بە سەروەری بژمێرن و بەڵام دواجار بە سزای خۆیان گەیشتن .

ئێستاش دیكۆمێنتەكانی كیمیاباران لەبەردەستدان دۆسیەو تاوانەكە لە سەرمێزی نەتەوە یەكگرتوەكان كەوتووە، دادگاكان كۆتاییان هات و هەڵەبجەش بووە پارێزگا، بەڵام كوان ئەو رێكخراوانەی هەڵەبجەیان بەجینۆساید ناساندو خزمەتێكی شایستەیان كردبێ‌ ئەوەی سیمای پارێزگا بێت بە روخساری هەڵەبجەوە نابینرێ‌، ململانێی پارتەكان و نوقرچە لێدان لە یەكتری خەریكە پانتایەكانی تیرۆر لەمشارەدا دەژیەنێتەوەو باشترین ژینگەش بۆ ئەو گروپانە درووسكا كە دژی جوانی و پێشكەوتنەكانن ،ئاخر هەڵەبجە ئیستا پەراگەندەیە ئەوەندەی لە كیمیایی رزگاریان بووە تەفرو تونان و زۆرینەی هەرە زۆریان لەشارەكانی دی خەریكی توانەوەن كوا ئەو هاندان و ژینگە لەبارەی لە كاتی هەڵبژارنەكاندا بە خەڵكی ئەم شارە دەدرا تاكەی هەڵەبجە ئەو پەراوێزە بێت كە شایەنی هەموو شتێكە، ئیدی كاتیەتی قورساییەكانی ئاوەدانكردنەوەو سارێژ بوونی برینەكان بچێتە واری جێبەجێ‌ كردنەوە و خەڵكی ئەم شارەش قۆڵی پیاوەتی خۆیان هەڵكەن و بەراستی داوای بە پاریزگا بوون بكەن نەك ئەو بڕیارانەی تەنها بوونەتە دیكۆمێنتو قسەی رووت.

 

  • 1