ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 مەغدید حاجی/ لە یادی ۳۲ ساڵەی تاوانی کیمیا بارانکردنی هەڵەبجەدا

نووسینی: مەغدید حاجی

کاتژمێر یازدەو بیست خولەکی پێش نیوەڕۆی ۱٦-۳-۱۹۸۸ چەند فڕۆکەیەکی رژێمی بەعسی فاشی و سەدامی دیکتاتۆر ناوشاری هەڵەبجەی بێتاوانییان دایە بەربۆمبی کیمیاوی و لە ئەنجامدا و لەماوەیەکی کورتدا پێنج هەزار شەهیدو هەزارەها بریندارو سووتاوو سەرگەردانی لێکەوتەوە. ئەو رۆژە کەس پێی نەزانی چونکە راگەیاندن وەکو ئێستا نەبوو، بۆ رۆژی دوایی کە ئێران رێگای بە رۆژنامەنووسەکان دا، ئینجا ئەم تاوانە گەورەیە ئەشکرابوو. هەموو بەڵگەکان ئاشکرا کران کە رژێمی سەدامی فاشی ئەم تاوانە گەورەیەی بەرامبەر خەڵکی سڤیل و بێتاوان ئەنجامداوە، لە بیرمە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند کە رژێمی ئێران بە چەکی کیمیاوی لە هەڵەبجەی داوە، ئەمڕۆکەش قونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر باسی بەربەریەتی رژێمی سەدام دەکات!!! لەو کات هەردو بلۆکی سەرمایەداری بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و بەناو سۆسیالیستی بە سەرۆکایەتی سۆڤییەت، پشتگیریان لە رژێمی فاشی عێراق دەکرد ، هەردولا لیکاویان لە زار دەهاتە خوارێ بۆ نەوتی عێراق و بەرژەوەندی بازرگانییان لەگەل عێراقدا. تەنانەت دەوڵەتە ئیسلامیەکانیش ئەوکات ئیدانەی ئەم تاوانە گەورەیەیان نەکرد. تاکو ئێستا ئەو کۆمپانیا ئەڵمانیا یانەش دادگایی نەکراون کە چەکی کیمیاویان بە رژێمی سەدام دەفرۆشت.. ئەو کات UN یش بێ هەڵوێست بوو.. ئەو کات جگە لە سەرانی ڕژێمی بەعس بە تایبەتی سەدام و عەلی کیمیاوی بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگەش لەگەل سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرس بوون لەم تاوانەی هەڵەبجە، چونکە چەند رۆژێک بوو هاواریان دەکرد شاری هەڵەبجەمان ئازاد کردووە، رێگاشیان بە دانیشتوانی هەڵەبجە نەدەدا لە شار دەربچن، چونکە خەڵکە داماوەکەپێشبینیان دەکرد رژێمی سەدامی فاشی تاوانێکی گەورەیان لە دژ ئەنجام بدات،هەروەکو ئەنجامی دا.. نەدەبو هێزی پێشمەرگە ببێتە بەشێک لە شەڕی نێوان عێراق و ئێران.دواجار سەدام و عەلی کیمیاوی سەرانی دیکەی رژێمی بەعسی فاشی بە سزای خۆیان گەیشتن... بەڵام هەموو هێزە نێو دەوڵەتییەکان کە یارمەتی رژێمی سەدامیان دەدا تاوانبارن. بەڵام کێ دادگاییان بکات و لە کوێ دادگایی بکرێن؟ هەموو ئەو لایەنانەی خۆماڵی کە پێش سوپای پاسداران دەکەوتن و جاڕی ئازادکردنی هەڵەبجەیان دەداو لێنەدەگەڕان دانیشتوانی هەڵەبجە شارەکە چۆلبکەن، دواجار رژێمی سەدامی فاشست هەنجەتی زیاتر بوو تاکو ئەم تاوانە ئەنجام بدات، هەموو ئەمانەش لە داهاتوودا حەقی دادگایی کردنیان هەیە..

هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجەو هەمو شەهیدانی کوردستان.

هەڵەبجە سەربەرز مایەوە، رژێمی بەعسی فاشیش کەوتە ناو زبڵدانی مێژوو سەرانی رژێمەکەش لە سێدارە دران..بەڵام بەداخەوە تاکو ئێستا بەشێک لە بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی بە باشی چارەسەرنەکراون و هەر دەناڵێنن!!! 

تاکو ئێستا ئیدارەی کوردی بایەخی پێویستی بە هەڵەبجە نەداوەو بەشێکی زۆری دانیشتوانی هەڵەبجە ناچار بەرەو سلێمانی کۆچیان کردووە، هەڵەبجە بەناوو دانانی پارێزگار کراوەتە پارێزگا بەڵام تاکو ئێستا مافی خۆی پێنەدراوە.

  • 1