ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کاکەحەمەی دێبنە و باوکم(ڕۆحیان شاد و یادیان بەخێر)، ئەحمەد و منیان، بە خۆمان دشداشە و چاکەتەکانمانەوە، بردە دوکانەکەی حەمەی وەستا زۆراب و سەرو پانتۆڵ و سەرو کراسیان بۆ کڕین. هەردووکمان چون یەک، پانتۆڵێکی خاکی و کراسێکی سپی. هاوین بوو، ئێمە چووبووینە کفری بۆوەی لە تاقیکردنەوەی بەکالۆریای پۆلی شەشەمی سەرەتایی ساڵی 1961/1962دا بەشدار بین. یەک ڕۆژ پێش تاقیکردنەوەکە، ئەو جلانەیان بۆ کڕین. ئەوە یەکەم جارم بوو پانتۆڵ لەپێ بکەم. تا پێش ئەوە و تا ئەو تەمەنە هەر دشداشەم لەبەر کردبوو. دشداشە بۆ ماڵ، بۆ گەمەکردن، بۆ میوانی، بۆ جووڵانەوەی ڕۆژانە، بۆ جەژن، بۆ خوێندنگە، بۆ خەوتن و بۆ هەموو شتێک لەبەر دەکرا. لە ڕۆژەکەی دوای ئەو ڕۆژەوە، ئیدی پانتۆڵ جێگەی دشداشەی گرتەوە و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا تا ئێستا هاتووە. 

لە ساڵانی 1980دا هاوڕێم کاک ڕەمزی قەیتوولی لە گەڕانەوەیدا لە گەشتێکی بۆ لەندەن، دشداشەیەکی سپی وەک دیاری بۆ هێنام، کە ئێستاش ماومە. جارجار لە ماڵەوە بۆ خەوتن لەبەری دەکەم یا کە نەخۆش دەکەوم و دەکەومە سەر جێگە لەبەری دەکەم. ساڵی 2018 یش (ڕاز)ی کچم لە حەج گەڕایەوە، دشداشەیەکی مەیلەو بۆر- قاوەیی بە دیاری بۆ هێنام، ئیدی بووم بە خاوەنی دوو دشداشە.

لە سەردەمێکدا لە ماڵی خۆمان، لە تەمەنی منداڵی و مێردمنداڵیدا، جاروبار، کە حەزم لە بینینی هەندی میوان یا کەسێک یا مەیلی چوونەدەرەوە و دیتنی خەڵکم نەکردبا، تەنانەت ئەگەر هاوڕێیانی خۆیشم بووایەن، لەنێو ماڵدا پاڵم لێ دەدایەوە و دادەنیشتم و نەدەچوومە دەرێ. دایکم دەهاتە ژوورێ و بە شێوەزارە گەرمیانییەکەی خۆی دەیگوت: "ئەوە بۆ ناچیتە دەشتۆ، خۆ خەتەنە نەکریایتە، وا لەبن ماڵا خۆت مات داوە، هەڵسە هەڵسە دەی بچۆ دەشتۆ!". ئەو سەردەمە کەسێک کە خەتەنە دەکرا، دشداشەیەکی لەبەر دەکرد و پاڵی لێ دەدایەوە و نەدەچووە دەرێ.

ئێستا بە سایەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لە ماڵەوە پاڵم داوەتەوە و دشداشەشم لەبەر کردووە. دشداشە وەک هێمای ئاریشە و کێشە و جۆرە ڕووداوێکی نەخوازراو. تەنێ لەنێوان 15-20 میترێکی بۆشایی نێو ئەپارتمانە 56میترییە چوارگۆشەکەمدا دێم و دەچم. لە دوو پەنجەرەوە دەرێ دەبینم و ئاگاداری هاتوچۆ و جووڵانەوەی گەڕەکم، کە ئەسڵەن بۆ خۆی گەڕەکێکی مردووە. کۆرۆنایش نەبێت هەر مردووە، لێ ئێستا لەم وەرزی کۆرۆنایەدا کپ و بێگیان و مردووترە. 

تاکەتاکە مرۆڤ لە پەنجەرەکانەوە دەبینم و ڕەنگە تا دنیا ڕووناکە و تەواوی ڕۆژەکە ژمارەیان نەگاتە 50 کەسێک. بەیانیانی زوو، لە بن دیواری خوارێی ژووری خەوتنەکەم، دەنگی ترپەی پێیە بچکۆلەکانی زارۆکە گچکەکانی باخچەی منداڵانەکەی نزیکێ ماڵمان دێتە گوێم، کە لەلەکانیان دەیانبەنە دەرێ و بەدەم وردە ڕۆیشتنەوە دەنگە ناسکە منداڵانەکانیان، دێنە گوێم.

ئەوەی زۆرتر دڵم پێی خۆشە، سەگەکانن! دوو سەگخانە(باخچەی سەگەل یا سەرپەرشتیخانەی سەگەل یا ماڵەسەگ)، نزیکی ماڵەکەی منن. هەموو ڕۆژانی کار، دووشەممە تا هەینی، کچەکان، ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 16-20 ساڵێکدایە، لەلەکانی سەگەکان، کە بۆ خۆیان 3-6 کیژێک دەبن، ئیدی زیاتر یاکەمتر، هەریەکەیان سەری 10-12 پەتی بەدەستەوەیە و ئەو سەری پەتەکان لە ملی 10-12سەگێک ئاڵاون و ژمارەی سەگەکان لە کەمترین جاردا لە 40 سەگێک کەمتر نییە. سەگی گەورە و زەبەلاح، سەگی گچکەی زۆر گچکە، دێڵ، گەماڵ، سەگی سپی، سەگی ڕەش، سەگی قاوەیی، سەگی سادەی یەک ڕەنگ، سەگی دوو ڕەنگ و تێکەڵ، سەگی بۆرە، سەگی بازە، سەگی سەر بە ڕەگەزی جیاواز، سەگی سەر بە بنەچەی جیاواز و هەموو جۆرە سەگێک، ئارام و بێ دەنگ بەدەوری لەلەکانیاندا وەک بازنەیەک، مانەندی سەرباز و مەشقپێکراو، دەڕۆن و نە گەنگەشە و نە شەڕ و نە دەنگ دەنگ، نە جیاوازیی چینایەتی و نە فشەکردن و خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و نە ئێرەیی و نە تێڕەیی و چاوچنۆکی، هێمن هێمن، بەڕێز بەڕێز، لە کەشێکی پڕ لە خۆشەویستی و هاوئاهەنگی و یەکگرتووییدا، نەرم نەرم دەڕۆن و چێژ لەو سروشتە جوانەی دەوروبەری خۆیان وەردەگرن. جارجار لەلەکان ڕادەوەستن و ئەوانیش هەر هەموو ڕادەوەستن. هەموو چاوەنۆڕی فەرمانی دادەکانیانن. من زۆربەی ڕۆژان، نەک بە سایەی کۆرۆناوە، بەڵکە بەسایەی خانەنشینییەوە، ڕۆژانە ئەو دیمەنە، شادییەک، گەشی و خۆشییەک، بە ڕۆحم دەبەخشێ. بۆ من ئەو دیمەنە دەکاتە: ژیان. ئێستاش لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا، کە ئەو گەلە سەگ و لەلە و سرووتە ڕۆژانەیە دەبینم، تێدەگەم، هێشتا خەڵک دەچنە سەرکار، چون ئەو سەگانە بۆیە خراونەتە ئەو سەگخانانە، لەبەروەی خاوەنەکانیان کار دەکەن و چۆن منداڵەکانیان دەبەنە، زارۆکخانە، باخچەی منداڵان، بەو جۆرەیش سەگەکانیان لەو سەگخانانە دادەنێن تا ئەودەمی نزیکەی سەعات 17-18 ی ئێواری لە کار دەگەڕێنەوە و سەگەکان و زارۆکەکانیان دەبەنەوە ماڵێ. تا ئەو سەگانە ڕۆژانە ببینرێن، واتە: ژیان نەوەستاوە، واتە: هێشتا ژیان بەردەوامە.

کۆرۆنا، جموجووڵی مرۆڤ و فڕۆکە و ماشێن و شەمەندەفەر و گەشت و سەیران و هاتوچۆی ڕاگرت و وەک چۆن جاران بەرخ دەکرانە کۆزەوە و مامر دەکرانە کولانەوە، کۆرۆنا، کۆزەکۆزەی لە مرۆڤ کرد و کردنیە کۆزەوە و کردنیە کولانەوە. کۆرۆنا، زەنگێک بوو، دنیایەک شتی وەبیر مرۆڤایەتی هێنایەوە و چەپۆکێک بوو، سروشت، نادادی، هەژاری، هەڵاواردنی مرۆڤ، جیاکاری، ژینگە، کێشایان بە تەپڵی سەری مرۆڤدا بۆ وەئاگا هێنانەوەی، ئەگەر بڕیار بێت وەبیرهێنانەوە و وەئاگاهێنانەوە، زەنگێک بن مرۆڤ بێدار بکەنەوە و دید و وزەیەکی نوێی پێ ببەخشن و وانەیەکی نوێی ژیانی فێر بکەن! کەمجار مرۆڤ وانەیەک لە هەڵەکانی خۆی و هەڵەکانی خەڵک و جڤاک فێر دەبێ! 

ئێستا ئێمەی، کە ناچینە سەرکار، ئێمەی لەماڵەوە تەڕاح و پاڵلێداوە، ئەو کەسانەین، لە کارکردن دووکەوتووینەوە. لاوەکان دەچنە سەر کار، ئێمە ناچین. ئێمە لە ماڵەوە تەنیاین. هەموو هاوتەمەنانی ئێمە، ئەگەر لە هیچ شتێکدا، لە چین و ڕەنگ و ڕەگەز و ئایین و نەتەوە و....چون یەک و یەکسان نەبین، لە تەنیاییدا یەکسانین. ئێمە هەموومان لە ماڵەوەین. هەندێکمان لە پەنجەرەی ماڵەکانیانەوە، خەڵکانی تێپەڕبوو دەژمێرن و هەندێکمان سەگەل دەژمێرن و هەندێکمان هەر چای دەخواتەوە و هەندێکمان هەر خەرێکی شیولێنانە و هەندێکمان تەماشای فیلم و تیڤی دەکات و هەندێکمان خجڵی فەیسبووک و وەتس ئاپ و ڤایبەر و ئیمۆ و ئینتەرنێتە و هەندێکمان وەدووی هەواڵدا هەڕا دەکات و هەندێکمان نوقمی لاپەڕەی کتێبانە و هەندێکمان وشە ڕیز دەکات و گوتەیەک، هزرێک، خەیاڵێک دەدەرێنێت، هەندێکمان سوودووکۆ دەکات و هەندێکمان گوێ دەداتە مووزیک و هەندێکمان نوێژ دەکات و قورئان دەخوێنێتەوە و هەندێکمان دەخواتەوە و جگەرە دەکێشێ و هەندێکمان بەنێو لیستی ناوی هاوڕێ و دۆست و کەسەکانی نێو تەلێفۆنەکەیدا دەگەڕێ و ئەوەی چوار ساڵیشە پێوەندی پێوە نەکردووە، زەنگی بۆ لێدەدا یا لەو جۆرە کەسانەوە زەنگی بۆ لێدەدرێ و هەندێکیشمان تەمبەڵ و تەوەزەل و زەمتە هیچ، هەر هیچ ناکات و فەلسەفەی"خۆت تەمبەڵی، پاڵدانەوە، هیچ نەکردن، دوای ئەوەش وچاندان و ئیسراحەت کردن" پێڕۆ دەکات، ئەم فەلسەفەیە، لەگەڵ (پەری)ی کچمدا هەردەم توێژینەوەی لەسەر دەکەین و خوێندنەوەی نویی بۆ دەکەین و شتی نوێی دەخەینە سەر و جارجار لە (ناز) و (ڕاز)یشەوە سرووشمان پێ دەبەخشرێت. دیارە هەندێکیشمان زۆرێک لەوانەی گوتران، پێکەوە لە ماڵی دەکات. ئێمە هەموومان تەنیایی یەکیخستووین. تەنیایی، کە پتر دەردێکی پێشکەوتن و نوێگەرایی و جڤاکی مۆدێرنە و کەمتر لە جڤاکگەلێ ڕۆژهەڵاتییدا هەبوو و هەیە، هەرچەندە ئێستا مۆبایل و تیڤی و ئینتەرنێت و جیهانگەری و لاساییییکردنەوە سەدان تڕوتەشقەڵەی شێوژیانی ڕۆژاوایی و تەکنۆلۆجیا و بەزمی دیکە، پەتای تەنیایی گەیاندووەتە ڕۆژهەڵات و تەنانەت جڤاکە سادە و ساکار و سەرەتاییەکانیش. لێرە لە ئەوروپا و بەتایبەت لەم سوێدە، تەنیایی پێوەر و نموونەی ژیانی ستانداردە و پێچەوانەکەی ناستاندارییە.

هەواڵەکانی وەدوویاندا وێڵین، هەواڵی ژیان و مەرگن. لەنێوان ژیان مەرگدا توێژاڵێکی هێندە تەنک هەیە، کە ئێستا لەهەموودەم زیاتر، ئێمەومانان هەستی پێ دەکەین و دەیبینین. میدیاکان پەیتا پەیتا هەواڵی مەرگمان بەسەردا دەبارێنن و وێنەکانی مەرگمان پێشان دەدەن و پێ دەگەیەنن. مرۆڤی پێش ئەم پەتایە، دیارە نە هەموو مرۆڤ، تەنێ یەک شتی دەزانی، ڕاکەڕاکەی ژیان و هەڵپە، بۆ زیاتر پەیداکردنی سامان، پارە، دەوڵەمەندی، دەسەڵات. مرۆڤ وەدووی دنیاویستی و دنیاری و خۆویستیدا غاری دەدا. مرۆڤە گەورەساڵەکان، کاتیان بۆ زارۆک، بۆ خۆیان، بۆ خێزان و خۆشەویستانیان نەبوو. کاتیان نەبوو بیر بکەنەوە. کاتیان نەبوو جوانیی ببینن. کاتیان نەبوو چێژ لە سروشت لە دەنگی سروشت، لە هاژەی با، لە جریوەی مەل، لە دەنگی بێدەنگی، لە دەنگی ئاژەڵ، لە دەنگی خاک، لە دەنگی گیا و گوڵ و ئاو و درەخت و ژین وەربگرن. ئەگەر کۆرۆنا وانەیەک بە مرۆڤ ببەخشێت، ئەوا مرۆڤی دوای کۆرۆنا، وەک مرۆڤی پێش کۆرۆنا نابێت. کۆرۆنا ئێمەی تەنیاخست و ئێمەی کەنارخست، ئێمە ئێستا تەنێ خۆمانین و کەسمان لەگەڵ نییە. ئێمە تەنێ بیر لە دەستشۆردن و خۆخاوێنکردنەوە و دەستوەرنەدان لە دەم و کەپوو و چاو و ڕوومەتمان دەکەینەوە. ئێمە ئێستا بیر لە خواردنەوەی گەرم و شلەمەنی و شتی بە سوود بۆ بەرگریی لەش دەکەینەوە. ئێمە ئەگەر ناچاریش بین بچینە فرۆشگەیەک بۆ کڕینی پێویستییەک، خۆراکێک، خۆمان لە مرۆڤ دوور دەگرێن، نامانەوێ کەس ببینین. تۆ خەڵکی هەرکوێییەکی، چ ڕەگەزێکی، ئێستا تۆیش و هەموو ئەوانی دیکەش لەنێوان ترس و مەرگدان، ئێمە لە بەرزەخداین، ئێمە هەموومان لەو نێوەندەداین.

ئێمە، ئێستاکە و پێشتریش، پێش کۆرۆنا و لە وەرزی کۆرۆنایشدا، دوو جۆر ئێمەین. ئێمەی پایینی پلیکانەکەی جڤاک لە ڕووی چینایەتییەوە و ئێمەکانی دیکەی باڵای پلیکانەی جڤاک لە هەموو ڕوویەکەوە. ئێمەگەل، بە سەر دوو چیندا و هەندێ جار پتریش دەبەش دەبین. ئەوانەی سەرێ، ئەوانەی باڵای جڤاک، سواری چ شەپۆلێک بووبوون و بەرەو کوێ هەنگاویان دەنا! ژیانیان پڕ لە پەلە و کار و جووڵە و مەشغەڵەت و فریانەکەوتن و بێ کاتیی بوو. خۆیان بزر کردبوو و لە ڕاستی هەڵدەهاتن. ئەوان ئێستاش لەم کۆرۆنابارانەدا دەتوانن، لە ڕەوشێکی تردا بن. ئەوان دەتوانن وڵات جێبهێڵن و بە فڕۆکە و بە کەشتی خۆیان و بە نوێترین ماشێنی خۆیان، بەرەو دوڕگەیەکی چۆڵ لە خەڵک، بەڵام پڕ لە ئامرازی پشوو و خۆشگوزەرانی بڕۆن و لەوێ دوور لە مرۆڤ، لەنگەر بگرن و خۆ بپارێزن و کۆرۆنا ڕوویان تێ نەکات. ئەوان دەتوانن بە زەنگێکی تەلیفۆن یا لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، نەک سێ ژەمە، بەڵکە چوار ژەمە و حەفت ژەمە و فرەتریش، لەگەڵ نایابترین جۆری خواردنەوە و سەد بەزمی دیکە ،بهێننە بەردەرکەی ژووری خەوتنەکەیان. ئەوان دەتوانن ئەگەر تووشی دەردیش بن، بە زەنگێک، باشترین بژیشکی تایبەت و باشترین نەخۆشخانەی تایبەت و نایابترین دەرمان، بگەنە خزمەتیان و چارەسەری دەردەکانیان بکرێت. هەرچی ئێمەکانی خوارێی پلیکانەکەین، کونجی ماڵ و چاوەڕوانی خۆمتکردن، تەنانەت ئەگەر دەردەکەش سەرودڵی گرتین، تاکە ڕێگەمانە لەم کاتەشدا. ئێمە باجی کارە چەپەڵەکانی ئەوانەی سەرێی پلیکانەکە دەدەین. ئێستا، کە کۆرۆنا بەر دەرکەی لێ گرتووین، ئێمەکانی خوارێ، خۆمان دەدۆزینەوە و بۆمان دەردەکەوێت، چەندە لاوازین، چەندە هیچ نین، چەندە بێدەسەڵاتین. ئێستا، لە ڕۆژێکداین، هێندە دەستەپاچەین، دەزانین هیچ شتێک دادمان نادات، ئێمە، ئێستا باجی تەواوی ئەو کارە نابەجێیانەی دەسەڵاتداران و زلهێزان و دارایانی ئەم جیهانە و مرۆڤایەتی دەدەین. ئێستا پێویستمان بە ڕاوەستان و تێگەیشتنمانە لە سەرقاڵی و خجڵبوون.

ئێستا، پێویستمان بە تێگەیشتنە لەوەی، کە زەوی هێندە باری گرانە، ئیدی توانستی هەڵگرتنی ئەو هەموو کاڵا و بەرهەم و شتومەکە بێفەڕ و بێکەڵک و زیادە و ژینگەوێرانکەرانە نەماوە. ئێستا، پێویستمان بە تێگەیشتنە لە گرنگیی پێوەندداری، تێکەڵاوی، یەکدی بەسەرکردنەوە، خۆشەویستی، کات تەرخانکردن بۆ یەکدی. ئێمە لە کەشوفش و تەرەفێکدا دەژیاین، تەنیا بەرهەم و ئازادی و خۆشگوزەرانیمان دەبینی. پێمان وابوو ئەوانە هەموو کێشەکانمان وەلاوە دەنێن. ئێمە هەمیشە ترس و دڵەوڕاکێی لەدەستدانی بەرهەم و ئازادی و خۆشگوزارانیمان بوو. ترس و دڵەڕاوکێ، ژیانمانی ئاڵۆز کردبوو و مێشک و بیر و دیدمان ئاڵۆزکاو بوو. هەموومان مرۆڤگەلێکی ئاڵۆزکاو بووین. کۆمەک و هاریکاری و بەتەنگەوەهاتنی مرۆڤی خودان پێویستی و لێقەوماومان فەرامۆش کردبوو. ئێمە نەماندەزانی، هەموو مرۆڤایەتی گرێدراوی یەکدین. ئێمە دەبێ جیهان بە جۆرێکی دیکە بینا بکەینەوە. جیهانێک بهێنینە گۆڕێ و دروست بکەینەوە، مێشک و بیر و دەروونی مرۆڤ، لەسەر بنەما و بناخەی خۆشەویستی مرۆڤ و هاریکاری و کۆمەک و نەهێشتنی جیاوازیی چینایەتی و ڕەگەزی و ئایینی و نەتەوەیی، بینا بکاتەوە، چون بێ ئەوانە، بێ مێشک و دەروونی ئاسوودە و دروست و ئارام، لەشساغی نایەتە گۆڕێ. 

جیهان بۆ دەبێ دوای ڕێبەر و دارا و دەسەڵاتدارگەلێک بکەوێت، خۆیان بخەنە پێش هەموو مرۆڤەکانی دیکەوە و هەموو بەرژەوەند و ئارەزوو و خواستەکانی خۆیان، بە پێویست بزانن و وەپێش هەموو کەس و هەموو شتێکی دیکەی بخەن! وەها ڕێبەرگەلێک دەبێ نەمێنن و وەلانرێن. بۆ بەرەوڕووبوونەی هەر نەهامەتی و دەرد و پەتا و ئاریشەیەک، مرۆڤ، گەل، خەڵک پێویستیان بە شارەزا و زانای باوەڕپێکراو هەیە، پێویستیان بە باوەڕبوون بە دەسەڵاتدارانێکی دڵسۆز هەیە، دەسەڵاتدارگەلێک، هەرچەندە دەگمەنن، کە خەمی گەل و وڵات و مرۆڤایەتی دەخۆن، وڵاتەکانیش پێویستیان بە باوەڕبوون بە یەکدی هەیە. لە جیهاندا سەدان میلیۆن مرۆڤ هەن تەنانەت سەرەتاییترین، مەرجەکانی ژیانێکی شایستەی مرۆڤیان نییە، ئیدی لە ئاوی خواردنەوەوە بیگرە و بە نان و کوڵبەیەک بۆ تێدا ژیان و پۆشاک و هەموو پێویستییەکانی دیکەوە تا دەگاتە خزمەتی تەندروستی و بژیشک و دەرمانیان نییە، کە هەموو ئەوانە دەبنە هۆی مەترسی و دژواری، نە تەنێ بۆ ئەوان، بەڵکە بۆ هەموو مرۆڤایەتی.

دەوڵەتەکان، نەتەوەکان، لەسەر ئەوە ڕاهاتوون، تەنێ بیر لە لەشساغی لەنێو وڵات و خەڵکانی خۆیاندا بکەنەوە، لێ دابینکردنی چارەسەر و تەندروستیی باش بۆ هەر وڵاتێک چین، ئیتالیا، کووبا سۆمال یا ئێران، بە قازانجی گەلانی فرانسا، ئەمەریکا، برازیل یا سوێدیش دەگەڕێتەوە. تووشبوونی مرۆڤ بە کۆرۆنا یا هەر پەتایەکی دیکە، لە ئێران، چین، ئیتالیا یا سپانیا، هەڕەشەیەک نییە تەنێ بۆ خەڵکی ئەو دەڤەرانە، بەڵکە بۆ هەموو یەکێک لە ئێمە لەم جیهانەدا. هەموو مرۆڤایەتی لە سەر یەک تۆپی زەوی دەژین، ئاو و هەوا و خۆر و سروشت و ژینگە و خاک و ئێستا و داهاتوویان، گرێدراوی یەکدین و لە ژیان و مردندا هاوبەشن. هەموو مرۆڤایەتی بەرپرسە لە پاراستنی هەموو مرۆڤێک، هەموو تاکێک، هەموو ئاژەڵێک، هەموو درەختێک، لە هەموو وڵاتێک، لە هەموو جیهاندا. ڕێبەر و سەرکردەی توانا و لێهاتوو و خاوەن بڕیار بۆ کارەساتگەلێکی وەک کۆرۆنا لە جیهاندا پێویستن. 

ئێمە، کە لەنێو ماڵدا خۆمان حەشارداوە، ئەگەر بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە نەیڵێین، وادەزانین لەبەر هەموو دەرگا و هەموو پەنجەرەیەک و لەژێر هەموو بەرد و تاوێرێک و لەبان هەموو دار و دەوەن و بنجک و تەختە و هەموو توێکڵە میوەیەک و لەبن هەموو دیوارێکدا، کۆرۆنا خۆی مەڵاس داوە و زۆرجاران وا بیر دەکەینەوە و وامان بە خەیاڵدا دێت، کە ئەگەر دەرگا یا پەنجەرە یا هەر کونێکی ماڵەکەمان کراوە بێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا بێ سەلام و چاک و خۆشێێ، خۆی وەژووردا دەکات، وەک چاوەڕوانی کردنەوەی دەرکە و پەنجەرە و دەلاقە و کون و کەلەبەر بێت بۆ هاتن بۆ نێو ماڵ. 

ئەوەی ئێستا بەسەر مرۆڤایەتیدا تێدەپەڕێت، باجی هەڵسوکەوت و بەرخورد و ڕەوشتە نامرۆڤانەییەکانی ڕێژیم و دەسەڵاتەکانی سەر گۆی زەوییە. زادەی چاوچنۆکی و گەنهزرینی ئەوانەن، هەوساری جیهانیان بەدەستەوەیە و بە ئارەزووی خۆیان داژۆن و مرۆڤایەتی بەرەو هەڵدێر و لەبەینچوون دەبەن. ئێستا جیهانی سەرمایەداری زۆر ئاشکرا و بێ شاردنەوە، لە زمانی سەرکردەکانیانەوە، باس لەوە دەکەن، کە چاوەڕوانی لەبەینچوونی70%ی خەڵکانی وڵاتەکانیانن و داوا لە خەڵک دەکەن، ئامادەی ئەوە بن، ماڵاوایی و خوداحافیزی، بۆ دواجار، لە خۆشەویستان و کەسە نزیکەکانیان بکەن، چونکە ئیدی ڕەنگە نەیانبیننەوە! ئەو کەسە نزیکانە و ئەو خۆشەویستانەی ئەوان باسیان دەکەن، پیرەکانن، حەفتاساڵان و بانتر. ئەوانەن ڕۆژێک لە ڕۆژان هەموو کارا و پڕهێز و گورجوگۆڵ، کاریان دەکرد و بەرهەمیان هەبوو و خشتیان دەخستە سەر خشت و ئەم جیهانەی ئەمڕۆیان دروست دەکرد.

جیهانی سەرمایەداری، ئەوروپا، ئەمەریکا و...ڕێژەی پیر لە وڵاتەکانیاندا 70% پێکدەهێنن و گەنجیان کەمترە. کەمتر زاوزێ دەکەن و منداڵیان کەمتر دەبێت. مرۆڤیان تەمەندرێژن و درەنگ دەمرن. هەشتا و نەوەت و سەت ساڵانیان فرەن و زۆر جاریش لە دەرێ دەبینرێن و چالاکن و وەرزش دەکەن و دەژین. ئەو پیرانە، نزیکەی هەر هەموویان بە تەنێ دەژین. ئەگەر لە ماڵێکیشدا بە تەنێ نەژین، لە خانەی پیران هەریەکەو ژووری خۆی هەیە. ڕۆژاوا و جیهانی سەرمایەداری، لەوە تێدەگەن، کە ئەم هەموو پیرە، کار ناکەن، بەرهەمیان نییە، مووچەی خانەنشینی وەردەگرن، دەمیان هەیە و دەستیان نییە، پێویستیان بە دەرمان و کۆمەکی لەشەکی و مەسرەف و خۆراک و هەموو شتێکە و بۆ خۆیشیان توانستی دابینکردنی ئەو هەموو شتەیان نییە، ئیدی بوونی ئەمانە، لە چاوی سەرمایەداری و ڕۆژاوای بێ دڵ و بێ بەزەییەوە، زیادەیە و کەمبوونەوە و نەبوون و نەمانیان، سەرمایەداری و سەرمایەداران، بە قازانجی دادەنێن. 

ئەو تێڕوانینە بۆ خەڵکانێکی بێ بەرهەم و "دەمدار و بێدەست"، زادەی ئەم ڕۆژگارە نییە، بەڵکە بنجوبناوانێکی لە بڕێک دید و هزردا هەیە، کە لەمێژە لەنێو جڤاکی ڕۆژاوادا هەن. هزر یا تیۆرییەکەی مالسۆس لەمەڕ زانستی دانیشووانەوە، کە لە 1798دا، لەژێر ناونیشانی"گوتارێک لەمەڕ بنەما گشتییەکانی دانیشتووان"دا، بڵاوی کردەوە، دەڵێ:" هێزی زیادبوونی دانیشتووان مەزنترە لە هێزی زەوی لە بەرهەمهێنانی خۆراکدا". مالسۆس، پێیوایە ژمارەی مرۆڤ هەر 25 ساڵ جارێک بەگوێرەی یەک بەدوای یەکی ئەندازەییدا(4-8-16-32-64-128...) زیاد دەکات، هەرچی بەرهەمی خۆراکە بە گوێرەی یەک بە دوای یەکی ژمارەییدا (10-20-30-40-50...) زیاد دەکات. مالسۆس دەڵێ:"مادام مرۆڤ بەبێ خۆراک ناتوانێت بژی، ئەم دوو هێزە نایەکسانە لە گەشەسەندندا، دەبێ هەندەک ڕێگر بێتە ڕێیان بۆ ئەوەی وەک یەکیان لێ بێت، واتە: کەمکردنەوەی ڕێژەی زیادکردنی دانیشتووان، بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕێژەی بەرهەمهێنانی خۆراکدا هاوتا ببنەوە". بەگوێرەی مالسۆس ئەم ڕێگرییانەی، کە ڕێگری لە زاوزێی خەڵک دەکەن، هەم نەئێنی و هەم ئەرێنین. هۆکارە نەئێنییەکان، لە شوونەکردن و ژننەهێناندا بەهۆی دەستکورتییەوە دەبینرێن، هەرچی هۆکارە ئەرێنییەکانە لەپاش سەرنەکەوتنی هۆکارە نەئێنییەکان دێن، کاتێک سروشت و مێژوو، بە نەخۆشی و برسییەتی و جەنگ، قڕ دەخەنە نێو مرۆڤ، ئەو کاتە ئیدی هاوسەنگیی لەنێوان دانیشتووان و خۆراکی دەستەبەرکراودا ڕادەگیرێت. ئەوەی مالسۆس ئاماژەی پێ دەکات، لە ململانێیەکانی باکووری دەوڵەمەند و باشووری هەژاری تۆپی زەویدا و لە سیاسەتی ڕێژیمە نازیست و فاشیست و سەرمایەدارییەکاندا، هەمیشە بینراوە. هەموو ئەم ڕێژیمانە، قڕکردن و کوژتنی بەکۆمەڵی گەلانیان، ئافراندووە و ئەنجام داوە. لە دوو جەنگی جیهانیدا و لە دەیان جەنگی کۆڵۆنیالیزمدا، دیوە دزێوەکەیان وەدەرکەوتووە. 

کورتەی بیرۆکەیەک مالسۆس دەریدەبڕێ دەڵێ:"ئەو مرۆڤەی کەسێکی نییە بیژێنێت و ناتوانێت لەنێو جڤاکدا کارێکی دەستکەوێت، دەشبینێت لەسەر خاکەکەی خۆیشیدا، چ بەشە خۆراکێکی چنگ ناکەوێت و نییە، ئیدی لەئەنجامدا، ئەو کەسێکی زیادەیە لەسەر خوانی سروشت، چون ئەو دەورییەکی نییە لەنێو دەورییەکاندا و بەو پێیەش سروشت فەرمانی پێدەدا زەمەن جێبهێڵێت". 

کە زیادبوونی ژمارەی مرۆڤ و کەمیی بەرهەم، بگاتە بارگرانی زەوی و تەحەممولنەکردنی (carrying capacity of land)، بە بۆچوونی مالسۆس، ئیدی ڕەوشەکە دەگاتە قۆناخی چڕی و تەقینەوەی دانیشتووان و بەو پێیەش ڕۆژێک دادێ خۆراک بەشی دەمە برسییەکان ناکات و ئەوەش دەبێتە هۆکاری دروستبوونی جەنگ لەپێناوی خۆراک و ئاودا، ئەوە لایەنە نێودەوڵەتی و جیهانییەکەی، هەرچی پێوەندداریشە بە یەک جڤاکەوە، لەنێو یەک جڤاکدا، دەبێتە هۆی مانەوەی مرۆڤە بەهێز و تواناکان. ئیدی هەژاری و دەرد، بڵاو دەبێتەوە و جەنگیش لەنێوان دەوڵەتاندا و هەژاری لەنێو یەک جڤاکدا دەبنە واقیع و ڕاستی.

مالسۆس دەڵێ:"جڤاکی مرۆڤایەتی بەم جۆرە تەنێ ململانێیە، ژیان بۆ ئەوانە دەمێنێتەوە، باشترینن و سامان و داراییش لەم ململانێیەدا، تەنێ خەڵاتە بۆ ئازا و لێهاتووەکان". هەموو ئەو ڕێگرییانەی بەلای مالسۆسەوە پێویستن گەرەکە بکرێن یا بێنە دی: برسییەتی، دەرد، جەنگ، هەموو ئەمانە لە وڵاتانی دواکەوتوو و هەژار و گەشەنەسەندوودا ڕوودەدەن و دەبنە هۆی لەنێوبردنی بەشێک لە دانیشتووان، کە ئیدی هاوتایی و هاوسەنگیی بۆ دانیشتووان و چەندیەتی خۆراک دەگێڕدرێتەوە، دیارە بۆ دەسەڵاتداران و دارایانی ئەو وڵاتانە، نەک هەموو مرۆڤەکان. ڕێگرییە خۆپارێزی و ئارەزوومەندییەکان، ژنومێردایەتی نەکردن یا دواخستنی، ئەمە لە وڵاتانی پیشەسازییە پێشکەوتووەکاندا باوە، کە لە کۆتاییدا هاوسەنگییەک لەنێوان ژمارەی دانیشتووان و چەندیەتی خۆراکدا دێتە گۆڕێ.

مالسۆس، گۆڕان و گەشەکردنی دۆزینەوە و داهێنانە زانستییە نوێییەکان و ئاستە هونەرییەکانی، کە بوونەتە هۆی زیادبوونی بەرهەم بە ڕێژەیەکی زۆر، لەبەرچاو نەگرتووە. هەروەها بڵاوبوونەوەی زانیاری و ئاگایی فەرهەنگی، کە بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی زاوزێ، نەک بەهۆی ژنومێردایەتی نەکردن، یا دواخستنی، بەڵکە بەهۆی بەکارهێنانی ئامرازی زانستیی نوێ بۆ ڕێگریکردن لە منداڵبوونی، لەبەرچاو نەگرتووە. ئێستا ڕێژەی زیادەی خۆراک گەلێک لە ڕێژەی زیادبوونی دانیشتووان زیاترە، بە تایبەت لە گەلێک لە وڵاتانی پیشەسازییدا، مالسۆس ئەوەیشی لەبەرچاو نەگرتووە. مالسۆس، نادادی و ناهاسەنگی و ناهاوتایی، لە دابەشکردنی خۆراکدا، لەنێوان وڵاتانی دەوڵەمەندی باکووری زەوی و وڵاتانی هەژاری باشووری زەوی، کە کەمینە بەشی زۆرینە دەخوات، لەبەرچاو نەگرتووە. لەگەڵ هەموو کێماسییەکدا لە تیۆرییەکەی مالسۆسدا، ئەم تیۆرییەی بوو بە بنەمایەک و تیۆری (چێبوون و گەشەکردن/Theory of Evolution/ نظریة النشوء والإرتقاء)ی چارڵس داروین و تیۆری (مانەوەی تواناکان /بەهێزەکان/Theory of survival of the fittest/ البقاء للأصلح)ی فرێدریک نیچە(Friedrich Nietzsche)ی بەرهەم هێنا، کە بوون بە سرووشبەخشی نازیزم و فاشیزم و کۆڵۆنیالیزم و کەپیتالیزم و نیولیبرالیزم.

سەرمایەدارییی، کە ئیدی گەیشتووەتە قۆناخی ئیمپریالیزم و هیچ دەرفەت و بوارێکی بۆ باشووری هەژاری گۆی زەوی نەهێشتووەتەوە و تەواوی 50%ی سامان و ئابووری جیهان، ئەگەر لەو ڕێژەیەش زیاتر نەبێت، بە دەست 1%ی جیهانەوەیە، کە دارا و سەرمایەدارانی وڵاتانی باکووری گۆی زەوین. ئێستا ژمارەی میلیۆنێرانی جیهان 36 میلیۆن میلیۆنێرن و لە ساڵی 2022دا دەبنە 44 میلیۆن میلیۆنێر. ئێستا 15،3 میلیۆن میلیۆنێر لە ئەمەریکا(USA) و2،7 میلیۆن میلیۆنێر لە ژاپۆن و 2،2 میلیۆن میلیۆنێر لە بریتانیا(UK) و 1،9 میلیۆن میلیۆنێر لە چین هەن. وڵاتانی سەرمایەداری و سەرمایەداران، ئابوورییان، سامانیان بۆ بەرهەمهێنانی میلیۆنان شتی بێکەڵک و ناپێویست و زیادە هەیە. ئابووری و سامانیان بۆ بەرهەمهێنانی فرە و بە کۆمەڵ و لە یەک کاڵا میلیۆنان جۆر و ڕەنگ و میلیاران تۆن و دانە(Massproduktion)ی لێ دروست دەکەن، کە تەنێ بازاڕی پێ پڕدەکەنەوە و گیرفانی خەڵکی پێ بەتاڵ دەکەنەوە هەیە. ئابووری و سامانیان بۆ دروستکردنی چەک، ئەتۆم، بۆمب، تانک، فڕۆکە، گازی ژاراوی، هەزاران جۆرە تفەنگ و دەمانچە و چەکی لیزەری و بەزمی دیکە، کە بیلیۆنان دۆلاری تێدەچێ هەیە. ئابووری و سامانیان بۆ دەسەڵاتداری توڕەهات و جڤینی بێ نرخ و بێ بایەخ و ئاهەنگی ناپەسەند و کۆشک و تەلاری ڕازاوە و پۆشاکی گرانبەها و وەرزشکار و فووتبۆڵیست و هەزاران جۆری ئەلکحوول و سیگار و خشڵ و زێڕ و سەدان هەزار شتی دیکە هەیە، لێ ئێستا بۆ مرۆڤ، بۆ لەشساغی، بۆ خۆپاراستن، بۆ هەژار و نەدار و برسی و ڕووت و بێماڵ و پەنابەر و هەڵاتوو و لێقەوماو و دەردار، نییە. ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، پیادەکردنی جۆرێکە لەو تیۆری و هزر و سیاسەتانەی، کە بە کەمکردنەوەی دانیشتووانە هەژار و نەدارەکەی سەر زەوی، خۆشگوزەرانی بۆ داراکانی سەر زەوی دەستەبەر بکرێ، ئەویش بە سازکردنی جەنگ و پەرەپێدانی هەژاری و دروستکردنی دەرد و نەخۆشی و پشتگوێخستنی ژیانی مرۆڤەکانی دەرێی بازنەی سەرمایە و یانەی سەرمایەداران.

تازەکی لەگەڵ(سوعاد)ی خێزانمدا لە ساڵانی 1980دا هاتبووینە سوێد. زینەت شاکەلی، خێزانی یەکەمی فەرهادی برام، کە باسی نەخۆشخانەکانی سوێدی دەکرد، دەیگوت: هێندە پاک و خاوێنە، ئەگەر خۆراک، چێشت هەروا ڕۆبکرێتە سەر زەوی نێو نەخۆشخانەکە، نێو ژوورەکانی، ڕاڕەوەکانی، مرۆڤ دەتوانێت دانیشی و بە کەوچک و چنگال خۆراکەکە بخوات. مەبەستی لەوە بوو، کە بێتام پاکە. دواتر تووشی نەخۆشخانە و نەشتەرگەری هاتم و دیتم ئەلحەقی ئەو قسەیە ڕاست و دروستە و وایە. ئیدی دوای ئەم هەموو ساڵەی لەم وڵاتەم بۆم ڕوون بووەوە، کە هێندەی گرنگیی بە پاک و خاوێنی و گۆڕینی چەرچەف و پەتوو و بالیف و جێگە و دەسماڵ و دەستەوانە و لیوانی ئاوخواردنەوە و دەفر و سابوون و خواردن و قاوە و چای و فنجانی قاوە و دەسکی دەرگا و پەردە و پۆشاک و تابلۆی نێو ژوورەکان و تەختەی خەوتنەکە و...دەیان وردە شتی تر دەدرێن، هێندە گرنگیی بە نەخۆشی و نەخۆشەکە نادرێ. هێندەی پارەوپووڵ بۆ ئەو وردە شتانە بەفیڕۆ دەدرێ، هێندە پارە بۆ بژیشک و پەرستار و نەخۆش و نەخۆشی خەرج ناکرێت. هاوڕێم کاک حەکیمی کاکەوەیس(یادی بەخێر و ڕۆحی شاد)، یەک دانە ساڵ و نێو هێنایان و بردیان دوای ئەوە توانیان نەخۆشییەکەی دەستنیشان بکەن، ئەویش کەی، دوو مانگ پێش ماڵاوایی لە ژیان! سوێدییەکان، هێندە بەکاوەخۆ کار دەکەن، گەلێ جار، نەخۆشییەکە تەشەنە دەکات و کار لەکار دەترازێت. ساڵانی 1980 لەگەڵ ئێستادا دنیایەک جیاوازیی هەیە. ئەودەم سیاسەتی ماڵی گەل و بیمەی لەشساغی و کۆمەڵایەتی و جۆرێک لە هەرەوەزی و سۆسیالیزم لە گۆڕێدا بوو و نەخۆشخانەکان و بژیشکەکان، سەر بە دەوڵەت بوون، ئێستا زۆرێک لە نەخۆشخانەکان فرۆشراون و بوون بە تایبەت و سەر بە کەرتی تایبەتن. ئێستا دەوڵەت دەستبەرداری بەشی زۆری نەخۆشخانە و خوێندنگەکان بووە و کەرتی تایبەت بوون بە خاوەنیان.

لەم دابارینی کۆرۆنایەدا، سیاسەتێکی هێندە نەرم و لاستیکییانە پێڕۆ دەکەن، مرۆڤ وەڕس دەکات. چین، ئێران، ئیتالیا، سپانیا، ئەڵمانیا و...کۆمەڵێک وڵاتن، تووشی ئەم پەتایە بوون. چین هەر لە دەسپێکی سەرهەڵدانی دەردەکەوە، لەبەر ئەوەی حوکوومەت و دەسەڵات و مەرکەزییەت هەیە، توانیی تا ڕادەیەک ڕێگە لە بڵاوبوونەوەیەکی خێرای دەردەکە بگرێت. شارێکی گەورەی 11 میلیۆنیی وەک ووهان(Wuhan)ی کەرەنتینە کرد و لە جیهان دایبڕی و هاتووچۆ و بازاڕ و زانستگە و خوێندن و کارگە و کارگێڕی و هەرچی شتی دیکەیە لە وڵاتدا داخست و بەوە توانیی ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە بگرێ. ئیتالیا و ئەڵمانیا و سپانیا، چونکە سەر بە فەرهەنگێکی ترن، نەیانتوانی وەها کارێک بکەن، بۆیە تەشەنەی کرد. سوێد، لە دەسپێکدا خۆی لە پەتاکە نەبان کرد و بیریان لەوە دەکردەوە، پەتاکە پتر بڵاوببێتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە نەخۆشیی کۆمەڵ(گەلەدەرد) و هەموو جڤاک بیگرێتەوەو بە دیتنی ئەمان، کە وای لێهات، ئەودەمی زۆرینەی خەڵک بەرگریی لەش پەیدا دەکەن و لەیەکدییەوە تووش نابن و لەو نەخۆشیی کۆمەڵ و گەلەدەردەوە دەگۆڕدرێت و حاڵەتی بەرگریی کۆمەڵ(گەلەبەرگریی) دێتە گۆڕێ. دەرکەوت ئەمە فشەیەکی گەورەیە. خڕبوونەوەی 500 کەسییان پێش حەفتەیەک قەدەغە کرد، لێ خڕبوونەوەی 499 کەس ڕێگەپێدراو بوو. ئەمڕۆ خڕبوونەوەی 50 کەسیان قەدەغە کرد و خڕبوونەوەی 49 کەسیان ڕێگە پێداوە! ئەمە مەگەر تەنێ کەسێکی کەمئاوەز و دەروون ئاڵۆز بتوانێت لێی تێبگات! سوێد هێشتا لەوە تێنەگەیشتووە، هاتنی ئەپ پەتایە وەک هەڵگیرسانی جەنگێکی جیهانییە، هێشتا ناتوانێت هاتوچۆ، گەشت، بازاڕ، خوێندنگە، فڕۆکەخانە و...دابخات. ئازدی دەداتە ئەو جێگە و خەڵکەکان، بۆ خۆیان بڕیار بدەن. مرۆڤ کاتێک ئەمە دەبینێت، وەک ئەوە وایە، بۆمبباران و جەنگ و زرمەی تۆپ و تانک و فڕۆکە و هێرشی لەشکرە و خەڵکێکی نەزان و منداڵ و لاو، هەڕا دەکەن و خۆ دەدەنە بەر تەقە و لە تانک و سەربازەکانی دوژم نزیک دەکەونەوە و دەسەڵاتیش یا گەورەکان تەماشایان دەکەن و دەڵێن: ئەوان بۆ خۆیان ئازادن و بۆ خۆیان بڕیار لەسەر ژیان و هەڵسوکەوتی خۆیان دەدەن و بۆ خۆیان هەڵبژاردەی خۆیان دەکەن. لە وەها ڕەوشێکدا دەبێ ئەو ئازادی و هەڵبژاردنە پشتگوێ بخرێن و ژیان و خۆپاراستن و سەلامەتی بە تۆبزی بەسەر ئەو مرۆڤانەدا بسەپێندرێت، لێ ئەمە هەرگیز سوێدییەک تێێناگات! سوێد، بەو هەموو دەوڵەمەندی و سامانەی هەیەتی و بەو هەموو باجەی، کۆمپانیا و کارگەکان و لە هەموو تاکێکی سوێدی وەریدەگرێت، کە 30% داهاتی هەموو وڵاتی و دانیشتوویەکی سوێدە، بە خانەنشینکراوەکانیشەوە، کە داهاتێکی گەلێک کەم وەردەگرن، هاواری ئەوەی لێ هەڵساوە، کە جێگە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکاندا نییە. ئامۆژگاریی نەخۆش دەکەن، لە ماڵەوە دانیشی و خۆی کەرەنتین بکات، نەک هەر پیر، بۆ گەنجانیش شتێک ناکەن. ئەگەر تەماشایەکی نەخۆشخانەکانی سوێد بکەیت، دەبینیت حەفت دانە نەخۆشخانە تا بڵێی مەزنی تێدایە، هەریەکەیان چمانی شارێکە، دوای ئەوانە دوانزدە دانەی دیکەیان هەن، کە کەمێک لەوانە گچکەترن و دوای ئەوانەش شەش دانەی دیکەیان هەن، کە کەمێک لەوانە گچکەترن. هەر یەک دانە لەو بیستوپێنج نەخۆشخانانە دەشتێکی داگیرکردووە و هەرەیەکەو سەدان ڕاڕەو و ژوور و هەزاران دەسگە و ماشین و کارمەند و چووزانم چی تێدان و پێشکەوتووترین ئامێریان لەبەردەستە، کەچی هاواری ئەوە دەکەن، چێ بکەن و چۆن بەرەوڕووی ئەم پەتایە ببنەوە! سوێدێک سەدان ساڵە، نە جەنگ، نە برسییەتی نە ئاوارەیی و هەڵاتن و نەهامەتی نەدیوە، کەچی دەستەوەستان دەوەستێ و ناتوانێت چارەسەری نەخۆشەکانی بکات و نەخشە و میکانیزمێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگریکردن و ڕاگرتنی کۆرۆنا دانێت. هێشتا هەزار ڕەحمەت لە کوردستانێکی هەژار و کەمئەزموون و کەمئامێر و کەمدەسگە و کەم بژیشک، کە دەتوانێت بڕیار بدات و کار بکات و فریای نەخۆشەکانی بکەوێت و کۆمەک بە هەموویان، بەوەی پێوستی پێیەتی، بێ جیاوازیی بکات. 

هەرچی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنایە لە سوێد، سوێدییەکان، لە دەسپێکدا کردیان بە هەرا، کەوا لە ڕێگەی یەک دوو ئێرانییەوە، کە لەئێرانێ ڕا گەڕاونەوە، بڵاوبووەتەوە. ئێرانییەکان هەر ژمارەیەکی یەکجار کەمیان تووش کرد، ئەویش خێزان و ماڵی خۆیان بوون، لێ بڵاوبوونەوەی پەتاکە بە شێوەیەکی بەربڵاو، لە لایەن ئەو سوێدییانەوە بوو، لە چیاکانی ئەلپ و ئیتالیا و نەمسا و فرانسا و سپانیاوە گەڕانەوە و کە بۆ گەشتیاری و ڕابواردن و وەرزش بۆ ئەو دەڤەرانە ڕۆیشتبوون، ئەوانەیشی لەو وڵاتانە بوون و گەڕانەوە، بەشێکیان خەڵکە دەوڵەمەند و وەزشکار و بەناوێکانی سوێد بوون و هەر لە فڕۆکەکانی ڕا، کە پێیان دەهاتنەوە، خەڵکیان تووشی ئەو دەردە کردبوو تا دەگەیشتنەوە شار و گەڕەک و کۆڵان و ماڵەکانی خۆیان، ئەو دیارییەیان دەبەشییەوە. سوێد هەرگیز باسی لەوانە نەکرد، چون بێجگە لەوەی لە چینە دەوڵەمەندەکەن، لە ئەوروپاوە هاتبوونەوە و بۆ ئەمان، سوێدییەکان دیارە لەکن هەموو ئەوروپاییانی دیکەش هەروایە، ناوهێنانی ئەوروپا بە خراپە یا نەخۆش، کارێکی نەکردەیە. ئەوەش گرێدراوی پاشخانە ڕەگەزپەرستییەکەیە، کە لەکن ئەوروپاییان زۆر بە ڕوونی دەبینرێت. سوێد لە هەمبەر ئەو هەموو تووشبووەی لەوانەوە تووش بوون، متەقی نەکرد و خۆش خۆش باسی ئێرانێی دەهێنایە گۆڕێ. خەڵکێکی زۆر لە سوێد بەو پەتایە مردوون و بەشێکی زۆر لەوانە، خەڵکە بیانییەکەن. ڕێژەیەکی زۆر لە سۆمالییەکانی دانیشتووی سوێد مردن. سوێدییەکان، دەسبەجێ، مردنی ئەو سۆمالی بیانیانەی گەڕانەوە بۆ ناڕێکوپێکی هەلومەرجی ژیانیان و سەردانیکردن و هاتوچۆ و پێوەند و تێکەڵاویی گەرمیان لەگەڵ یەکدیدا. سوێدییەکان باس لەوە ناکەن، کە زۆرینەی بیانییەکان، لەبەر هەژاری و دەستکورتی و نەداری، زۆرێک لە خێزانەکان تێکەڵ و لەگەڵ یەکدیدا دەژین. باپیر و داپیر و کوڕ و کوڕەزا، دەتوانن لەگەڵ یەکدیدا بژین، بەڵام سوێدییەکان هەریەکەو دایکم گوتەنی: وەک قازی کوێر، بە تەنێ خۆی، دەژی و ماڵ و جێگەی خۆی هەیە. سەرەڕای ئەوە، ئەو سۆمالی و بیانیانەی دیکە، هەموو کاری دەرێ، کاری خزمەتگوزاری، بەقاڵی، خۆراکفرۆشی، کارگەری چێشتخانە و قاوەخانە و مەیخانە و ئۆتۆبووس و شەمەندەفەر و پاککردنەوە و ئاژۆری و تاکسی و کاری نێوماڵان و خزمەتی پیر و پەککەوتە و پیرخانە و زارۆکخانە و...زۆری دیکەی لەو جۆرە دەکەن، کە ناچارن و هەر دەبێ بڕۆنە دەرێ، بۆ پەیداکردنی پووڵێک و پاروویەک نان، چون ئەو کارانەی ئەوان لە ماڵەوە ناکرێت، وەک ئەوەی بۆ زۆرینەیەک لە سوێدییەکان دەلوێ. ئیدی بە چوونە دەرەوەیشیان، ئەو بیانیانە و لەنێویشیاندا سۆمالییەکان، لەبەر ئەو تێکەڵاوییەیان و خزمەتکردن و گەیاندن بە خەڵکانی جیاواز، بە هۆی کارەکانیانەوە، ئیدی تووشبوونیان بەو پەتایە، لە خەڵکی دیکە، ئاسانتر و خێراتر دەبێت. نزیکەی زۆرترینی سوێدییەکان، کە نێشتەجێی شارانیشن، لە دەرێی شارەکان، لە دەشت، کەنار زەریا و ڕووبارەکان، نزیک بە جەنگەڵەکان، خانووی تایبەتی هاوینە و جێی وچان و پشوودان و ئیسراحەتیان هەن، کە لە شڵەژانێکی وەک ئەمەی ئێستادا، سواری ماشێنەکانیان دەبن دەچنە ئەو جێگەیانە، کە ئیدی دەرد و بەڵایان پێ ناگات. جیاوازیی چینایەتی، ئەگەر تاکە هۆکار نەبێت بۆ دەرد و بەڵا و پەتا و نەگبەتی و بەدبەختی و کێشەکانی جڤاک و مرۆڤ، ئەوا هۆکارێکی هەرەگرنگ و سەرەکیترین هۆکارە. 

مرۆڤ ناتوانێت بڵێت ئەم ڤایرۆسی کۆرۆنایە دروستکراوە، لێ بەدەوکارییەکی لەم جۆرە، لە سروشت و بیرکردنەوەی ئیمپریالیزم و نوێلیبرالیزمەوە دوور نییە. تەواوی ئەوەی ڕوو دەدات، شەرعییەتی سەرمایەداری و ئەم جۆرە ڕێژیمانەی چارەنووسی تۆپی زەوی و گەردوون و مرۆڤایەتییان بەدەستە، دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئایا ئیدی کاتی ئەوە نەهاتووە مرۆڤ بیر لە جۆرێکی دیکەی بەرهەمهێنان و سنوودارکردنی بەرهەمهێنانی ناپێویست و ڕۆڵی پتری دەوڵەت لە ئابوورییدا بکاتەوە! ئایا کاتی تووڕهەڵدانی سیستمی سەرمایەداری بە هەموو گەماری و قڕێژی و نامرۆڤایەتییەکانییەوە نەهاتووە و کاتی ئەوە نەهاتووە دەوڵەتی خەڵک، دەوڵەتی جڤاک، دەوڵەتی سۆسیالیستی، مرۆڤدۆست، ژینگەدۆست و خاوەنی ئابوورییەکی نەخشە بۆ دانراو و ئاراستەکراو، بێتە گۆڕێ و بڕێک مەرکەزییەتی تێدابێت! ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە، دیموکراتی و ئازادی، کە ڕۆژاوا هەمیشە خستوونیە و دەیانخاتە پێش هەموو شتێکەوە، بخرێنە دوای نان و لەشساغی و تەندروستی ئاساییشەوە!

27-03-2020

 

  • 1