ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 کاوە مەحمود/ لە پێناوی جیهانێکی دەوڵەمەند و ئازاد و کراوەتر

نوسینی/ كاوە محمود

بیمەی تەندروستی سیستمێکی کۆمەڵایەتییە کە بنەماکەی بریتییە لە هاوکاری کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنی پێشکەشکردنی خزمەتی تەندروستی بۆ تاکەکانی کۆمەڵ، بە جۆرێک خزمەتی تەندروستی بۆ تاک دابین بکرێت و کۆمەڵگا بە شێوازی جۆراجۆر بەرپرسی خۆی بەرامبەر تاک وەرگرێت، کە ئەمەش شێوازی جۆراجۆری هەیە، و ئەو خەرجی قەبەیە بە شێوەکی گونجاو بەسەر تاک و کۆمەڵدا دابەش دەکرێت بێ ئەوەی قورسایی بەسەر تاکدا جێ بهێلێت. ئەم سیستمە شێواز و ڕێگای جۆراجۆری هەیە، و جاران لە هەندێ وڵاتی سوشیالستی گەیشتە ئەو ڕادەیەی خزمەتگوزاری تەندروستی بە خۆرایی بۆ سەرجەم هاوڵاتیان یان بۆ توێژێکی کۆمەڵایەتی مسۆکەر بکرێت. بە گشتی ئەم سیستمە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازی هەیە، و لە خودی وڵاتێکی دیاریکراودا بەردەوام بە پێی گۆڕانکاری سیاسی یان زیادبوونی خولیای فراوانکردنی ئەرکی دەوڵەت لە بواری خەرجی کۆمەڵایەتیدا، ئەم سیستمە پەرەی سەندووە، و کار بۆ ئەوە دەکرێ باشترین خزمەتگوزاری لە بواری تەندروستی بۆ تاک وەک ئەرکێکی کۆمەڵایەتی دابین بکرێت.

ئەرکی ئەم سیستمە پاراستنی تاکە لە بواری چاودێری تەندروستی بۆ ئەوەی هەژاری یان نەبوونی توانای دارایی رێگەر لە بەردەم کنەفتی و پەککەوتن و بەردەوام نەبوونی ژیانی تاک نەبێت.

بێگومان لە سەرجەم سیستمەکانی بیمەی تەندروستی کۆمەڵێک کێشەی هاوبەش هەیە، لەوانە: ئەو سیستمە سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵ ناگرێتەوە، و هەندێ جار قورسایی بۆ تاک درووست دەکات، چونکە تاک لە حاڵەتی نەبوونی پرنسیپی خۆرایی لە خزمەتگوزاری تەندروستی توانای پێدانی ئەو بڕە پارەیەی نییە، و بەم جۆرە توێژی پەراوێزخراو لە نێو کومەڵگادا درووست دەکات.

بۆیە باشترین جۆری سیستمی بیمەی تەندروستی لەو وڵاتانەیە کە فەلسەفەی حوکمرانی تیایدا لە سەر بنەمای بیری سۆشیالستییە.

چین یەکێکە لەو وڵاتانەی کە سیستمێکی بیمەی تەندروستی بەرفراوانی تیایدایە، کە بەردەوام پەرەی پێدەدرێت. بنەمای سیاسەتی خزمەتگوزاری و بیمەی تەندروستی لە چین بەشێکە لە سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە و کارکردن بۆ بنیاتنانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینی لە سەردەمی هاوچەرخدا. بەم جۆرە ئەم سیاسەتە لە کارکردن بۆ تێکرای بوارەکانی بنیاتنانی سوشیالستی جیاناکریتەوە، بەڵکو بەشێکە لە چەمکی گەشەپێدانی زانسی کە مرۆڤ ڕەوت و ناوەندی ئەو گەشەپێدانەیە و تێکۆشانە بۆ دابینکردنی کۆمەڵگای خۆشگوزەرانی لە چیندا. کارکردن بۆ پاراستنی ژینگە و چاکسازی لە سیاسەتی کشتوکاڵ و درووستکردنی پیشەسازی دۆستی ژینگە، و نەهێشتنی هەژاری، و بەرزکردنی ئاستی سەرجەم خزمەتگوزراییە کۆمەڵایەتییەکان و سەرجەم ڕەهەندەکانی سوشیالستی بە تایبەتەمەندی چینییەوە، بەشێکی تەواوکەرن لە دانانی سیاسەتی قوڵکردنەوەی و پەرەپێدانی بیمەی تەندروستی.

یەکێک لەو ئەرکانەی کە هەژدەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین ئاماژەی پێکردوە، بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستی گەلە، بەو پێیەی تەندروستی بنەمایەکی بێ چەندوچونی برەوپێدانی گەشەپێدانی سەرانسەری مرۆڤە. بۆیە لەو ڕاپۆڕتەدا بە پلەی یەکەم جەخت لە سەر ئاستی پاراستنی تەندروستی کراوەتەوە، و زیاتر فۆکس لەسەر ئەنجامدانی خزمەتگوزاری لە ناوچە گوندنشینەکان کراوەتەوە، و ئاماژە بە بایەخدان بە زانستی پزیشکی کۆن و نەریتی چین و زانستی پزیشکی رۆژئاوا لە یەک کاتدا کرایەوە، بەجۆرێک چاکسازی لە بواری بیمە و خزمەتگوزاری تەندروستی و دابینکردنی دەرمان، و چاودێریکردنی، و بایەخدان بە تەندروستی گشتی و چاککردنی بە پێی پێداویستی خەڵکی، و دابینکردنی خزمەتگوزاری کاریگەر و ئاسان و هەرزان لە بواری چارەسەرکردنی بنەڕەتی پزیشکی بۆ جەماوەر، ئەنجام بدرێت.

هەر لەم بوارەدا کۆنگرە جەختی لە سەر سیستمی بیمەی تەندروستی نیشتمانی، و دامەزراندنی میکانیزمی بیمە و هاوکاری هاوڵاتیان دژ بە نەخۆشییە مەترسیدارەکان، و میکانیزمی خۆپاراستن و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە کوشندە و مەترسیدارەکان، کردەوە. بۆیە کۆنگرە بە ئەرکی دەوڵەتی زانی کە سیستمی سەرەکی دەرمان بچەسپێنێت، و تۆڕی خزمەتگوزاری پزیشکی و تەندروستی گوندەکان، و سیستمی خزمەتگوزارییەکان لە کۆمەڵگای نیشتەجێبوونی شارەکان پەرەپێبدات، و چاکسازی لە نەخۆشخانە حکومییەکان ئەنجام بدات، و هانی وەبەرهێنانی کۆمەڵایەتییانە لە بەرێوەبردنی دامودەزگا پزیشکییەکان، و گەشەپێدانی پزیشکی نەریتی (ترادسیۆنی) و دەرمانی نەریتی، و دەرمانی تایبەت و بەکارهاتوو لە کەلتوری پێکهاتە نەتەوەییەکان، بدرێت. هەر تایبەت بەم بوارە کۆنگرە داوای کرد گرنگی بە تواناسازی کارگێران و کادیرانی بواری پزیشکی و تەندروستی بدرێت، و چاکسازی لە سیستم و میکانیزمی چاودێری سەلامەتی خواردن و دەرمان، و هەڵمەتی تەندروستی بەرفراوان لە ئاستی نیشتمانی بە مەبەستی بەهێزکردنی گەل لە بواری دەروونی و جەستەیی، ئەنجام بدرێت.

لە بواری سیاسەتی دەوڵەت بۆ رێکخستنی خێزان، و بایەخدان بە منداڵانی لە دایک بووی نوێ، جەخت لە سەر کاردن بۆ بەردەوامبوونی چاکسازی کرا بە جۆرێک ئاستی گەشەی دانیشتوانی وڵات بە مەودایەکی گشتی بە شێوەکی هاوسەنگ بەرێوە بچێت.

نوزدەهەمین کۆنگرەی نیشتمانی حزبی شیوعی چین کە لە ساڵی 2017 بەسترا، ئاماژە بە کارکردن بۆ تەواوکردنی سیستمی یەکگرتووی بیمەی تەندروستی بنەڕەتی، و بیمە دژ بە نەخۆشییە مەترسییەدارەکانی دانیشتوانی شار و گوندنشینەکان، و بێکاری و پێکدادانی کاتی کار، و دامەزراندی سکۆیەکی نیشتمانی و یەکگرتووی خزمەتگوزاری بیمەی کۆمەڵایەتی گشتی، و هاوکاریکردنی کۆمەڵایەتی لە شار وگوندەکان، و بەجێگەیاندنی سیستمی بیمەی ئاست و ڕادەی نزمی گوزەرانی، دەکات.

لەم کۆنگرەیەدا ئاماژە بە ستراتیجی ساغڵەمی لە چبن درا، بەو پێیەی کە تەندروستی گەل نیشانەیەکی گرنگی گەشەی نەتەوە و چاکگوزەرانی دەوڵەتە. بۆیە جەخت لەسەر ئەم خاڵە سەرەکییانە کرایەوە: پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ جەماوەر لە قۆناغە جیاجیاکانی تەمەن.. دامەزراندنی سیستمی پزیشکی و تەندروستی بنەڕەتی و سیستمی بیمەی تەندروستی بە تایبەتمەندی چینی.. پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز و کاریگەری خزمەتگوزاری تەندروستی.. دانانی سیستمی نوێی بەرێوەبردنی نەخۆشخانەکان.. قوڵکردنەوی هەڵمەتی تەندروستی نیشتمانی و بانگەشەکردن بۆ شێوازی شارستانی و ژیانێکی پڕ تەندروست.. سەلامەتی خواردن بۆ گەل.. یایەخدان بە تەندروستی کەسانی بەتەمن و دانانی سیستمێکی گونجاو بۆ بایەخدان پێیان.. پەرەپێدانی پزیشکی نەریتی چینی، و پشتگیرکردنی بەشداری ناحکومی لە بەرێوەبردنی نەخۆشخانەکان و پەرەپێدانی کەرتی تەندرووستی.

سیستمی بیمەی تەندرووستی لە چیندا بۆ سێ جۆر دابەش دەبێت:

یەکەم/ بیمەی تەندروستی بنەڕەتی بۆ کارگێران لە ناوچە شارنشینەکان، کە ئەمە لە شێوازی سندوقێکی بیمەی تەندروستییە کە لە بەشداری خودی تاکە کەسەکان (کارگێران)، و خاوەن کار پێک دێت، و لە رێگای ئەم سندوقەوە هەر کارگەرێک دووچاری نەخۆشییەک ببێتەوە، ئەوا چارەسەری پێویستی، بۆ دابین دەکرێت.

دووەم/ بیمەی تەندروستی بنەڕەتی بۆ دانیشتوانی شار کە ئەمەش ئاراستەیەکی دەوڵەتە بۆ دامەزراندنی سیستمی بیمەی تەندروستی بنەڕەتی بۆ ئەو کەسانەی کە بیمەی تەندروستی بنەڕەتی بۆ کارگێران لە ناوچە شارنشینەکان، نایانگرێتەوە. ئەم ناوەندەش لە خوێندکاران و منداڵان و دانیشتوانی شار کە سیستمی یەکەم نایانگرێتەوە، پێک دێن. هێزی دارایی ئەم سیستمە لە خەرجی تاک و خێزان، و هاوکاری دەوڵەت بۆ توێژە کەمدەرامەتەکان پێک دێت، و دابینی خەرجی بۆ ئەو نەخۆشانە لە خستەخانەکان و نەخۆشی نۆژدارە دەرەکییەکان، دەکات.

سێیەم/ بیمەی تەندروستی هەرەوەزی نوێی ناوچە گوندنشینەکان کە حکومەت پشتگیری و ئاراستە و ڕێکیدەخات، و جوتیاران بە شێوەیکی ئارەزومەندانە تیایدا بەشدار دەبن. ئەم سیستمە چارەسەری پزیشکی سەرەکی بۆ نەخۆشییە مەترسیدارەکان دەکات، و داهاتی ئەم سیستمە لە خەرجی تاکەکان و پشتگیری بە کۆمەڵ و پشتگیری حکومەت پێک دێت.

هەڵبەتە ئەوەی یارمەتی و پشتگیری ئەو سیستمانە لە ناوچە شارنشین و ناوچە گوند نشینەکان دەکات، سیاسەتی بیمەی کۆمەڵایەتییە، و ئەو هەوڵ و کۆششانەیە کە بۆ نەهێشتنی بێکاری و دۆزینەوەی فرسەتی کار دەدرێت. تێکرای ئەم کارانە وای کردوە کە ئەوانەی موچەی بیمە دەیانگرێتەو زیاترە لە 790 ملیون کەسە، جکە لەوەی کە موچەی خانەنشین لە ساڵی 2004 بریتی بوو لە 700 یوان و لە ساڵی 2012 بۆ نموونە گەیشتە 1721 یوان.

سیستمی بیمەی تەندروستی لەم ئاستە نەمایەوە، و لە گەڵ دامەزراندنی سیستمی بنەڕەتی بۆ دانیشتوانی شارەکان و ناوچە گوندنشینەکان ژمارەی ئەوانەی سوودیان لە خزمەتگوزاری تەندروستی وەردەگرن گەیشتۆتە 1،3 ملیار کەس.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە ئاژانسی شینخوا ی چینی بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی 2009 وە چین زیاتر 480 ملیار دولاری لە بواری چاکسازی خزمەتگوزاری تەندروستی خەرج کردوە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی "گەل" کە لە نیسانی 2019 بڵاوبۆتەوە، ڕاپۆرتی ئاژانسی خزمەتگوزاری نیشتمانی چین بۆ بیمەی تەندروستی باس لەوە دەکات، کە بە کۆتایی ساڵی 2018، کەسانی بەشدار بوو لە بیمەی بنەڕەتی تەندروستی لە چین گەیشتۆتە 1،34452 ملیار کەس، و ژمارەی فەرمانبەرانی بەشداربوو 316،73 ملیونە، و ژمارەی دانیشتوانی شار و گوندەکان 897،41 ملیونە، ژمارەی بەشداربووانی بیمەی تەندروستی نوێی هەروەزی 130،38 ملیون کەسە.

بەم جۆرە چین کە ژمارەی دانیشتوانی 1،4 ملیار کەسە، گەورەترین و بەرفەراوانترین سیستمی بیمەی تەندروستی لە جیهاندا هەیە. بە پێی ئامارەکان حکومەت بە بەردەوامی رێژەی پشتگیری و هاریکاری خۆی بۆ ئەم بوارە زیاد دەکات. پشتگیری حکومەت کە بۆ بیمەی تەندروستی دانیشتوویەکی شار و گوندەکان لە 80 یوان لە ساڵی 2009 گەیشتە 450 یوان لە ساڵی 2017دا، و بەگشتی حکومەت لە 75% خەرجی چاکردنەوەی نەخۆشییەکان دەدات.

بەشێک لە سەرکەوتنی سیاسەتی بیمەی کۆمەڵایەتی و ئەنجامدانی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان لە چیندا لە بەرزبوونەوەی ئاستی تەمەن دەرکەوتووە. ئەو ئاستە لە ساڵی 2010 ، بریتی بوو لە 74،83 ساڵ، و لە 2016 گەیشتە 76،5 ساڵ. هەروەها ئاستی مردنی دایکیان کەم بۆوە، و ئەو رێژەیە لە ساڵی 2010 بریتی بوو لە 30 بۆ هەر100000، و لە ساڵی 2017 ئەو رێژەیە گەیشتە 19،6بۆ 100000.

کاتێک باس لەم دەسکەوت و پەرەسەندنانە لە بواری سیستمی بیمەی کۆمەڵایەتی و نەخشەکیشان و بەرێوەیردنی سیاسەتی تەندروستی دەکەین، دەبێ ئەوە بوترێ کە جارآ کەموکوڕی لە بواری خزمەتگوزاری تەندروستی هەیە، بەڵام سوور بوون لە سەر پەیڕەکردنی سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە، و گرێدانی سیکتەری سیاسەت و خزمەتگوزاری تەندروستی بە بوارەکانی دیکەی پرۆسەی بنیاتنانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینی و نەخشە و پلاندانان تا ساڵی 2050 کە تیایدا نویکاری لە بنیاتنانی سوشیالستی سەرجەم بوارەکان بگرێتەوە، ئاسۆیەکی کراوە و پرشنگداری بۆ گەشەپێدان و پەرەپێدانی سیاسەتی تەندروستی لە وڵاتی چیندا داناوە کە پێوەر و داینەمۆی سەرەکی ئەم سیاسەتە زامینکردنی خۆشگوزەرانی مرۆڤە، و بێگومان تەندروستی بنەمایەکی سەرەکی ئەو سیاسەتەیە.

  • 1