ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 هۆشەنگ کەریم/ بێینە دەرەوە یان لە ماڵەوە بمێنینەوە؟!

ساڵانی نەوەدەکان و سەرەتای حوکمڕانی حکومەتی هەرێم بوو، ئەو ئازادی ڕادەربڕینەی لە سەردەمی بەرەی کوردستانی هەبوو، هێواش هێواش بەرتەسک دەکرایەوە، هەتا گەیشتە شەڕی نێوان یەکێتی و پارتی و لەسەر ڕەنگی کراس و پشتێن خەڵک ئەشکەنجەدەدراو دەکوژرا.

زۆرجار لە رادیۆی رێگای کوردستان، ئێمەی کارمەندانی رادیۆ باسمان لە زیادبوونی بەربەستەکانی بەردەم رادەربڕین دەکرد، بە نوکتە دەمان وت ڕۆژێک دێت لە هەواڵ و وتارەکاندا دەبێت باسی گرانبوونی نرخی تەماتەو خەیار بکەین، بێ ئاگابووین لەوەی رۆژێک دێت بازاڕی تەماتەو خەیاریش لە دەست بەقاڵ و دەستفرۆشی زەحمەتکێش نابێت و دەبێتە پڕۆژەی بازرگانی سەرە گەورەکان، دەگوترا قسە لەسەر ئەوە بکەین ئەمڕۆ خەڵک زیاتر لە دەرەوە بوون و بەو هۆیەوە پاسەکانی شەست مەتری و چل مەتری نەفەری زیادیان هەڵدەگرت یان بە پێچەوانەوە ئەمڕۆ چۆڵ بوون و زۆر قسەی تری لەم جۆرە. 

ئەو نوکتانەی نەوەدەکان لە ئێستادا لە ۲۰۲۰بوونەتە کابوس و واقیعێکی تاڵی کاری رۆژنامەوانی، لە شاری هەولێر (هێمن مامەند)بەتۆمەتی ئەوەی داوای شکاندنی کەرەنتینەی لە خەڵک کردووە لە زیندانە.

لە شاری سلێمانی(زریان محەمەد) رەخنە لە قەڵەباڵغی بەردەم بانکەکان دەگرێت و وێنەکان بڵاودەکاتەوە هەر دەستگیردەکرێت.

ئێستا سەرەڕای ئەوەی دەستگیرکردنی هەردوو ڕۆژنامەوان پێچەوانەی یاسای ژمارە ۳٥ی کاری ڕۆژنامەوانی پەرلەمانی کوردستانە، دەسەڵاتی هەرێم دەیەوێت سەر لە ڕۆژنامەوان بشێوێنێت ، ئێستا ڕۆژنامەوان و میدیاکاران چی بە خەڵک بڵێن، وەرنە دەرەوە یان لە ماڵ بمێننەوەو نەکەن بێنە دەرەوە؟ ئاخر ئەنجامی هەردووکیان دەستبەسەرکردن و قۆڵبەست کردنە.

ئاماژەکانی ئەم ڕێگری کردن و سەر لێ شێواندنە، پێمان دەڵێت دەسەڵات دەیەوێت بەیەکجاری هەموو دەنگەکانی دەرەوەی خۆی کپ و خامۆش بکات، لە ئەنجامدا ئەوەی بۆ خەڵک دەمێنێتەوە، دەبێت گوێ و چاویان لەسەر میدیاکانی دەسەڵات بێت و تەواو، تەنها ئەوە ببینن کە لە میدیای دەسەڵاتەوە دەوترێت.

  • 1