ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەرچەندە نوێنەرانی کوردستان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لە حکومەتی بەغدا چەندین جار لە دیدار و ڕاگەیاندنەکانیاندا بە درێژایی ساڵی 2019 و سەرەتاکانی 2020 متمانەیان بە خەڵکی کوردستان دەدا و ئاماژەیان بۆ ئەوە دەکرد کە ناردنی بەشێک لەو موچەیەی فەرمانبەرانی کوردستان کە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بە پێی قانونی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2019 دێت، و لە 2020 نابڕدرێت، و بەرپرسانی حکومەتی کوردستان و ناوەندەکانی بریار لە حزبە فەرمانڕەواکان ئەم بابەتەیان لە ڕاگەیاندنەکانی خۆیاندا دەبارە دەکردوە، و باسی ئامادەبوونی رێکەوتنیان لە گەڵ حکومەتی عێراق بە پێی دەستور و زامن کردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، و لە هەمان کاتیشدا کۆبونەوە سەبارەت بە هەماهەنگی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکرا، بەڵام سەرجەم ئەو کۆبونەوانە و تەنانەت ئەو بابەتانەی کە رێکەوتنی سەرەتایشی لە سەر کرابوو، بە شێوەیەکی کردەیی کاری پێنەکرا، وەزارەتی بەرگری عێراق هەنگاوێک بەرەو پێشەوە نەهات، و لەوەش زیاتر کار گەیشتە ئەوەی کە خودی سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق عادل عبدالمهدیی "دۆستی کورد" بە قەولی حکومەتی هەرێم و هەندێک لە هێزە سیاسییەکان، بە بیانووی ئەوەی لە ژێر فشاری ماڵی شیعەدایە ئەو بەشە موچەیەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت، و تەنانەت بە پێی بریاری ئەو "دۆستەی کورد" هەنگاوەکانی ئاسایکردنەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانە ڕاگیرا، ئەمەش مانای بوار نەدانە بە هیچ هەنگاوێک بۆ ئاسایکردنەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانە کە تائێستا حەشدی شەعبی حوکمی دەکات و چالاکی تیرۆریستانی داعش تیایاندا بە زۆری سەری هەڵداوە.

ئەم هەنگاوەی حکومەتی عێراق بەردەوامبوونی هەمان ئەو سیاسەت و ڕێبازەیە کە پێشتر حکومەتی مالکی و عبادی پەیڕەویان کرد، و ئەوە بوو لە سەردەمی مالکی هێزە دیجلە بۆ هەڕەشەکردن لە کوردستان درووست کرا، و ئەو کاتە لە کۆبونەوەیەکی مالکی لە گەڵ هێزە سەربازییەکان عێراقدا داوای کرد کە کاتێک فرۆکەی ئێف شانزەیان وەرگرت ئەو کاتە شاڵاو بەسەر کوردستاندا بەرپایکەن، و دوواتریش عەبادی موچە و بودجەی خەڵکی کوردستانی بڕی لە کاتێکدا موچەی بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی داعشی دەنارد، و پاشان شاڵاوی سەربازی سوپا و حەشدی شەعبی لە ئۆکتۆبەری 2017 دا بە چاوپۆشی و هەماهەنگی ئەمەریکا و بەریتانیا، بەرپاکرد، و لە کۆتایشدا دوای موقاوەمەتی پێشمەرگە و دەستێوەردانی هەندێ هێزی نێودەوڵەتی کار گەیشتە ئەوەی بەشێک لە موچەی فەرمانبەرانی کوردستان لە بەغداوە ڕەوانە بکرێت.

هەڵوێستەکانی ئێستای حکومەتی عێراق بەردەوامبوونی هەمان هەڵوێستە و هەنگاوێکی دیکەیە بۆ لاوازکردنی پێکهاتەی هەرێمی کوردستان لە گشت بوارەکاندا، تەنانەت بۆ کۆتایهاتن بە پێکهاتەیەک بە ناوی هەرێمی کوردستانەوە کە نەک تەنها حکومەتی عێراق بەڵکو ئێران و تورکیاش پێیان وایە هەرێمی کوردستان وەک هەڵەیەکی مێژووی درووست بووە. ئەم هەڵوێست و هەنگاوانە بە سوود وەرگرتنە لە قەیرانی ئابوری جیهانی و دابەزینی نرخی نەوت و کارکردن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بیر لە وەبەرهێنانی نەوتی خۆی نەکا و هەر ئەمەش بوو کە لە 2007 وە ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی عێراق پرۆژەی یاسای نەوت کە بۆ رێکخستنی بواری نەوت ئامادەکرابوو و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانی دیاریکردبوو، نەیانخستە بواری دەنگدانەوە، جگە لەوەی کە بە ئاشکرا کەسانێکی وەک فتلاوی و نێیف و خەڵکی دیکە لە دیداری تەلەفزیونیدا بە شانازییەوە باسی ئەویان دەکرد کە چۆن رێگایان لە جێبەجێکردنی ماددەی 140 کردوە.

ئەوەی کە ئەمڕۆ زیاتر یارمەتی ئاراستەکانی حکومەتی عێراق دەکات ئەو کەموکوڕی و هەڵانەیە کە بە گشتی لە دانانی سیاسەتی ئابوری کوردستاندا بەدی دەکرێت بە تایبەتی سیاسەتی نەوت و نەبوونی شەفافیەت و سروشتی ئەو گرێبەستانە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مۆری کردوە و بەشێکی زۆری داهات بۆ کۆمپانیا و هێڵی گواستنەوە و خەرجی جۆراجۆر دەچێت، جگە لە سیاسەتی ئابوری بەرخۆر کە چەندین جار سەران و ناوەندەکانی بریار لە حکومەتی هەرێم ئاماژەیان پێکردوە و باسی خۆدەربازکردن لە ئابوری بەرخۆر و فرەچەشنی بۆ پەیداکردنی داهاتیان کردوە، بەڵام بە کردەوە هەنگاوی لە بەرچاو ئەنجام نەدراوە.

کەڵەکەبوونی ئەم هەنگاوانە و خەریک بوونی لایەنەکانی حکومەتی هەرێم بە کێشە ناوخۆییەکانی خودی ئەوانەی حکومەتیان پێک هێناوە، و بەردەوامبوونی ململانێی لاوەکی کە تێکڕای ئەمانە نەک تەنها بارگرژی سیاسی لە نێو هەرێم و دڵەڕاوکێی بۆ خەڵکی کوردستان بەتایبەتی لە سەردەمی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا درووست کرد، بەڵکو بەڵگەیەکی باشی دایە دەستی ئەو کەس و تاقمانەی کە لە نێو خودی کوردستان و لە نێو هێزە سیاسییەکانی عێراقدان کە هەردەم دژ بە ئابوری سەربەخۆی کوردستانن، چونکە دەزانن ئابوری سەربەخۆ زەمینە خۆشکەری سەربەخۆیی سیاسییە، و بەمەش دەیانەوێ نامەی چەندین جارەیان بۆ خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بگەیەنن کە کوردستانیان ناتوانن حوکمی خۆیان بکەن و هەردەم دەبێ وابەستی عێراق بن نەک وەک شەریک و هاووڵاتی بەڵکو وەک وابەستیەک کە دەبێ هەردەم گوێڕایەڵ بن و بە بچوکی بمێننەوە و لە فەرمانی نەتەوەی سەردەست دەرنەچن.

پێم وایە جەماوەری خەڵکی کوردستان لە نیازی نەیارانی کوردستان و دژایەتییان بۆ مافە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییکان، تێگەیشتوون کە لەوەتەی دەوڵەتی عێراق درووست کراوە و پاشتر کوردستانی باشوری پێوە لکێنرا ئەم سیاسەتە ئەنجام دەدەن، و هەڵبەتە ئەوانە دۆست نین و نەیارن، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە بەرامبەر ئاڵۆزی ئەم ڕەوشەی کە دووچاری گەلی کوردستان دەبێتەوە، و لە جیاتی سەقامگیری سیاسی لە نێو کوردستان و یەک هەڵوێستی، دوو لایەنی هاوبەش لە حکومەتدا لە زێنی و وەرتێ سەنگەر لە یەکتر دەگرن، و باس لەوە دەکری کە تا ئێستا هەندێک بە قاچاخ نەوت دەفرءشن، و تەنانەت لە سەر کۆکردنەوەی کۆمەکی هاووڵاتیان بۆ هاوکاری دژ بە کۆرۆنا کۆڕی تەلەفزیۆنی لە سەر ناعەدالەتی لە دابەشکردنی ئەو کۆمەکانە دەکرێت!

جگە لەمانە تا ئێستا هەنگاوی ڕاستەقینە و بەرچاو لە بواری چاکسازی نەنراوە کە پێگومان بەشی سەرەکی ئەو هانگاوانە کۆتایهاتنە بە دیاردەی دوو ئیدارەی و پەلەکردنە بۆ بەدامەزراویکردنی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و رێکخستنی موچەی هاوڵاتیان و پیادەکردنی شەفافیەت و دابینکردنی بەرچاوڕوونییە بۆ خەڵکی کوردستان.

کارکردن بۆ نەهێشتنی پێکهاتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی گەلی کوردستان هەردەم لە دوواڕۆژادا بیر لە سەربەخۆیی نەکاتەوە پلانێکی عێراق و ئێران و تورکیایە، و هێزی دیکەی نێودەوڵەتیش ڕازییە. ئیسلامی سیاسی شیعە و سوننەش نە جاران و نە ئێستا و نەدوواڕۆژ دۆستی گەلی کوردستان بوونە و دەبن. ئەو هێزانە بەو لۆجیکە مامەڵە لە گەڵ کوردستان و گەلەکەی دەکەن کە هەردەم وابەستە بن و بۆیان بکرێت بە هەمان عەقلیەتی بەعسی جاران مدیر ئەمەن لە نەجف و کەربەلاو و دۆرە و تکریتەوە بۆ سلیمانی و هەولیر بنێرن، و بۆیان بکرێت ئەمنە سوورەکەی سلیمانی و باڵاخانەی مەنزومەی حزبی بەعس لە هەولیر بە حشدی شعبی و حشدی وەتەنی ئاوەداندەکەنەوە، و لە جیگای هەواری شار و پارگی سامی عبدالرحمن فڕۆکەخانەی سەربازی دادەنێن، کەچی حکومەتی هەرێمی خۆمان لە گەڵ یەکدا خۆخۆرن، و هەر چەند تنازلات بۆ بەغدا بکەن و هەموو دۆسێی نەوتیان تەسلیم بکەن، ئەوان زیاتریان دەوێت و بە لۆجیکی " حَتَى يعطوا الْجِزْێەَ عَن يد وهم صاغرون"، مامەڵە دەکەن، واتە دەیانەوێ گەلی کوردستان بە دۆخی زەلیلی قایل بێت.

ئەمە پەیامی بەغدا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، و خەڵکی کوردستانیش ئەمە قەبۆڵ ناکات.

  • 1