ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە سەرەتای ئایاری ئەمساڵدا پەنجا ساڵی تەواو بەسەر دامەزراندنی رێکخراوی (یەکێتی گشتی قوتابییانی کوردستان) تێدەپەڕێت. ئەم رێکخراوە خوێندکارییە تێکۆشەرە درێژەپێدەری یەکێتی گشتی قوتابییانی عێراقە لە باشووری کوردستاندا، کە مێژووی دامەزراندنی بۆ ۱٤ ی نیسانی ۱۹٤۸ دەگەڕێتەوە،ئەو رێکخراوە تێکۆشەرەی کە ڕۆڵێکی جەماوەری شۆڕشگێڕانەو پیشەییانەی گێڕاوە لە مێژووی نوێی عێراقدا به هەرێمی کوردستانیشەوە.بە تایبەتی لە هەردو ڕاپەڕینی ساڵانی ۱۹٤۸ و۱۹٥۲ دا ، هەوەها لە هەڵبژاردنەکانی قوتابییانی زانکۆکانی عێراقدا لە ساڵی ۱۹٦۷ کە بە زۆرینەی دەنگ لە هەرسێ شاری بەغداو بەسرەوموسڵ سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێنا..

بە پشتگیری ئەم ڕێکخراوەو سەرپەرشتی لێژنەی هەرێمی کوردستانی حزبی شیوعی عێراق لە ۱ی ئایاری ۱۹۷۰دا لە شاری هەولێر لە بارودۆخی سیاسی و جەماوەری دوای دەرچوونی بەیاننامە مێژوییەکەی یانزەی ئازار،

یەکەمین کۆنگرەی یەکێتی گشتی قوتابییانی کوردستان بەستراو ئەم رێکخراوە خوێندکاریە کوردستانییە راگەیەنرا، کە ئێستا یادی پەنجا ساڵەی دەکرێتەوە.

من لێرەوە دەڵێم، ئەو شانازییەم بەرکەوت کە لەگەڵ هاوڕێی ئەو کاتم قادر عوسمان وەکو نوێنەری خانەی مامۆستایانی هەولێر لەم کۆنگرەیەدا بەشداربووین و لە هەردو ساڵی ۱۹٦۹و ۱۹۷۰ لە چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوە لە هەولێر لەتەک ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێیانم لە چالاکییەکاندا بەشداربووین ، ئەو کات یادی بەخێر هاوڕێ عەبدولمونعم ئەلعەتار سکرتێری رێکخراوەکەبوو لە هەولێر.هاوڕێیەکی چالاک و دڵسۆز بوو.

ئەم رێکخراوە لە هەمو بارودۆخێکدا درێژەی بە خەباتی پیشەیی و جەماوەری و نیشتمانی داوە، جگە لەچەند ساڵێکی ناوەڕاستی حەفتاکان کە بەهۆی بەرەی نا موبارەک لەگەل بەعس و لەسەر داوای بەعس بۆ چەند ساڵێک چالاکییەکانی خۆی سڕ کرد..

ئێستاش لە یۆبیلی زێڕینیدا، هیوادارم ئەم رێکخراوە کە بە فەرمی کاردەکات ، بەردەوام هیممەت و چالاکی پێویست بنوێنێت بۆ داکۆکی کردن لە مافە ڕەواکانی قوتابییان و پرۆسەی پەروەردەوخوێندن، ببێتەوە ئەو رێکخراوە جەماوەرییە کارێگەرەی ژمارەیەکی زۆری قوتابییان لە دەوری کۆ ببنەوەو ڕۆڵی مێژوویی خۆی ببینێت.. 

گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی پێشکەش بە هاوڕێیانی مەکتەبی سکرتاریەت و تەواوی ئەندامان و جەماوەری قوتابییان دەکەم لەم یادە پیرۆزەدا.

مەغدید حاجی، ۲۹-٤-۲۰۲۰ ،هەولێر.

 

  • 1