ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی یەكەم

لەو سەردەمەدا چیتر نرخی نەوت بە تەنێ بە هۆی ڕووداوە سروشتییەکانەوە کەم و زۆر ناکات، بەڵکو هاوکێشەی ئابووری و سیاسی بڕیاری بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخەکان بە گشتی و نرخی نەوت بە تایبەتی دەدات. دەگوترێت کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا هۆکاری سەرەکییە، ئەگەر چی زۆر لە شارەزایان قسەی تریان هەیە، منیش دەمەوێ لێرەدا ئاماژەیەکی کورتیان پێ بدەم. 

هەرکاتێك نرخی نەوت ئالۆزی تێدەکەوێت، ڕاستەوخۆ نەتەوە بێ بەرهەم و بەرخۆرەکان ڕادەچڵەکێن، لەنێویشیان نەتەوەی کورد لە باشوری کوردستان. لە وتارەکانی چەند ساڵێك لەوەو پێش ئاماژەمان داوە کە دامەزراندنی ئابووری لەسەر نەوت چەند دڵمان خۆش دەکات، ئەوەندەش ئەگەری کارەساتمان زۆرتر دەکات. مێژووی ئێمە شایەدی ئەو ڕاستیەیە هەر لە کاتی دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هۆکارەکانی دروست کردنی عێڕاق تا ئێستاش. 

چوونە ناو ئابووری نەوت، واتە خۆدان لە قەرەی ئابووری پیشەسازی پێشکەوتووی ڕۆژئاواو ئەمریکا و چین و هتد. ئەوەی بەهایەك بە نەوت دەدات بریتیە لە ماکینەی تەکنۆلۆژیا و پیشەسازی وڵاتانی پێشکەوتوو، و هەر ئەوانیشن دەتوانن کار لەو بەهایە بکەن. بیرمان نەچێت بەها جیاوازە لەگەڵ نرخ. نەوت نرخی لەدەست داوە بەڵام بەهاکەی وەکو خۆیەتی، وەکو خۆی گرنگی هەیە و هیچی لێ کەم نەبووە.

لەو چەند ساڵەی دواییدا، بە تایبەت دوای هاتنی داعش، نرخەکانی نەوت هەڵبەزو دابەزی زۆر لەناکاو و کارەساتباوی دەکەن. ئەوسا هەریەك لە روسیا و عەرەبستانی سعودییە بازاڕی نەوتیان نقوم کرد بە بڕە نەوتی زیادە بۆ مەرامی سیاسی. لە ساڵی ٢٠١٥ نرخی مامناوەندی ساڵانە ٤٨،٦٦ دۆلار بوو، کەمترین نرخ ٣٤،٥٥ دۆلار بوو. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٦ نرخی مامناوەندی ساڵانە ٤٣،٢٩ بوو، کەمترین نرخ ٢٦،١٩ دۆلار بوو. دواتر لە ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ و ٢٠١٩ نرخەکان بەرزتر بوونەوەو کەمترین نرخ لە دوروبەری ٤٣ دۆلار بوو. ئەوەی جێگەی مەترسیە لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ کەمترین نرخی تۆمارکراو بریتیە لە ١١،٢٦ دۆلار (یازدە دۆلار و بیست و شەش سەنت) بۆ یەك بەرمیل. لەدوای نۆڤێمبەری ساڵی ١٩٩٨ کە نرخی نەوت گەیشتە ١٧ دۆلار بۆ یەك بەرمیل، بۆ یەکەم جارە تا ئەو ئاستە مەترسیدارە دابەزێت. 

بەهۆی نزیکیمەوە لە ڕێکخراوی "ستراتیژ لە داهاتوو" کە ڕێکخراوێکی ئەکادێمیە و لە بوارەکانی ئابووری و جیۆپۆلیتیکا لێکۆڵینەوە دەکات، چەند زانیارییەك و شیکارییەك بۆ ئەو دۆخە خراوەتەڕوو. شارەزایان تیشک دەخەنە سەر عەرەبستانی سعودیە. ڕووداوەکان ڕاستەوخۆ دەبەستنەوە بە شازادە محـمد کوڕی شا سەلمان. 

لەچەند ساڵی ڕابردوو محـمد کوڕی سەلمان وەکو جێنشینی پادشای ئەو وڵاتە، دەستی کردووە بە چەندین پڕۆژەی سەرسوڕهێنەر و چاکسازی کۆمەڵایەتی و ئایینی و ئابووری. ناوبراو جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری عەرەبستانە. لە ساڵی ٢٠١٩ لەڕووداوێکی تەمومژاویدا چەند ئەمیرێکی بنەماڵەکەی دەسگیرکرد، کە ئامۆزای خۆشی تێدابوو، بە تۆمەتی هەبوونی پیلانگێڕی و کودەتا بەسەر خۆی و باوکی. دەرکەوتووە کە دەسگیرکراوان ویستوویانە بە هاوکاری ئەمریکا کودەتا بکەن و تەختی پاشایەتی بگرنە دەست. دوای ئەوەش محمـمد کوڕی سەلمان وەکو کاردانەوەیەك دژی ئەمریکا بڕیاری زیادکردنی نەوتی داوە لە بازاڕەکان، نەك هەر ئەوەندە، بەڵکو سەردانێکی بە پەلەی ڕوسیای فیدڕالی کرد و گرێبەستی زەبەلاحی بە بڕی دەیان ملیار دۆلار لەگەڵ ئەو وڵاتە واژوو کرد. 

بەپێی شارەزایان، چاکسازییەکانی محمـد کوڕی سەلمان بۆ ئەمریکا مایەی دڵخۆشی نین. چونکە ئەو ڕیفۆڕمانەی کە ناوبراو دەیانکا لە ماوەیەکی دوور مەودا زیان بە سیاسەتی ئەمریکا دەگەیەنن. یەکێك لەو چاکسازییانە بریتیە لە دابڕو دۆبڕکردنی بیری سەلەفی لەو وڵاتە و نەهێشتنیان. جگە لەوەش کردنەوەی سعودیە بەرەو ڕووی جیهان و دروست کردنی وڵاتێکی مۆدێرن و نەهێشتنی ئەو سومعە خراپەی کە چەندین ساڵە ئەو وڵاتە هەیەتی بەهۆی پشتگیری کردن لە تیرۆریزم. هەروەها لەڕووە ئابوورییەکەی، شازادە محمـد چەند پڕۆژەیەکی گەشتیاری زۆر گەورەی خستۆتە واری جێبەجێ کردن لەسەر دەریای سوور، بەنیازە هاوشێوەی ئیماراتی عەرەبی، عەرەبستان بکاتە وڵاتێکی گەشتیاری جیهانی. 

وا دەردەکەوێت کە ئەمریکا ئەو گۆڕانکارییانەی لەو وڵاتە قبوڵ نەبێت. چونکە بنەبڕکردنی بیری سەلەفی لەو وڵاتە واتە بچووك بوونەوەی سەلەفیزم لە هەموو جیهانی ئیسلامی، ئەوەش لێدانە لە خودی تیرۆریزمی جیهانی کە چەندین ساڵە ئەمریکا و هاوەڵانی وەکو کەرەستەی ترس و تۆقاندن کردوویانە بە بەشێك لە دانانی یاسا و سیاسەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، کە لە پشتیەوە کۆنتڕۆل کردنی جیهان و وڵاتانی دواکەتوو خۆی دەبینێتەوە. لێدان لە بوورجی بازرگانی نیویۆرك بووە هۆی دانانی کۆمەڵێك یاسا بۆ پەرپەرچدانەوەی تیرۆر و مەترسییەکان، کە ڕێگەی خۆش کرد بۆ پەلاماردانی ئەڤغانستان و دواتریش بەهۆی هەبوونی چەکی کیمیاوی لە عێڕاق و ئەگەری دەستکەوتنی تیرۆریستان بەو چەکانە، بە پێی هەمان یاسا پڕۆسەی داگیرکردنی عێڕاقیشی دەستپێکرد. 

ئینجا بگەڕێینەوە سەر کڕۆکی بابەتەکە، نرخی نەوت لەدوای بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی زیادەوە، تووشی ئەو دۆخە بووە. بەڵام ئاسایی ئەوە تاکە هۆکاریش نیە، بەڵام هۆکاری سەرەکییە. دوای ئەوەش سەهەڵدانی کۆڕۆنا و داخستنی سنورەکان و وەستانی کارگە زەبەلاحەکان، بووە هۆی پڕبوونی بەندەرەکانی نەوت لە هەموو جیهان. تاکە وڵات کە سودی زۆر دەبینێت ئێستا لە دابەزینی نرخی نەوت بریتیە لە وڵاتی چین. کارگەکان کاری خۆیان دەکەن و کاڵا بۆ هەموو جیهان بەرهەم دەهێنن، لە کاتێکدا لە ئەمریکا دۆخی ئابووری لە خراپ بوونە. 

* لەبەشی داهاتوو تیشك دەخەینە سەر هەرێمی کوردستان.

 

 

  • 1