ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 وانه‌كانی ژیان

پاره‌زان ئه‌كه‌وێته‌ بنار شاخێكی سه‌خت و چه‌ند ماڵێكی كادیرو پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی لێبوو كاتێك له‌وێ بووم بیستم ماڵی كاكه‌ حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمودیش له‌ پاره‌زانه‌و ئه‌و كات كاكه‌ حه‌مه‌ یه‌كێتی بوو به‌رپرسی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بوو خه‌ڵكی دێكه‌ وتیان بۆ ئه‌نجامدانی كارێك چووه‌و، له‌ شه‌وی دووه‌م له‌ پاش نانخواردنی ئێواره‌ كاكه‌ حه‌مه‌ی قاینه‌جێی‌ وتی ئاماده‌ به‌ ئه‌مشه‌و به‌ره‌و بانه‌ له‌ گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌یه‌كی خۆمان ئه‌چێت و، ده‌وروبه‌ری كاتژمێری هه‌شتی شه‌و كه‌وتینه‌ رێ و پێشمه‌رگه‌كه‌ بێ چه‌ك بوو خۆی ناساندو وتی ناوم كامه‌رانه‌ كوری خه‌لیلی چایچیم و منیش یه‌كسه‌ر وتم چاخانه‌كه‌ی له‌ نێوان مزگه‌وتی گه‌وره‌و قاڵدرمه‌كانه‌ وتی چۆن ئه‌زانیت وتم نزیكه‌ له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی جێی كاره‌كه‌م و نزیكه‌ی كیلۆمه‌ترێك له‌ دێی پاره‌زان دووركه‌وتبووینه‌وه‌و له‌ پر كامه‌ران وتی بابگه‌رێنه‌وه‌و ئاسك ئاسا به‌ راكردن گه‌رایه‌وه‌ بۆ ناو دێ و منیش هێواش هێواش گه‌رامه‌وه‌و له‌ نزیك دێكه‌ گوێم له‌ هاوارێك بوو  كێیت زه‌لام و منیش وتم میوانه‌كه‌ی ماڵی كاكه‌ حه‌مه‌م و كه‌ گه‌یشتمه‌ ناودێ  قیامه‌ت هه‌ڵسابوو خه‌ڵكه‌كه‌ په‌رته‌وازه‌و كامه‌ران وتبووی سوپاو جاشم بینیوه‌و له‌ منیان پرسی   ئایا سه‌ربازم دیوه‌  وتم هیچم نه‌دی و براده‌ری به‌رپرس وتی مه‌شڵه‌ژێن و هه‌موو گه‌رانه‌وه‌ ناو دێ و براده‌ره‌ به‌رپرسه‌كه‌ وتی خۆم زانیم هیچ نییه‌و ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجار نییه‌ كامه‌ران وامان لێئه‌كات.

له‌ پاش مانه‌وه‌ی سێ رۆژ له‌ پاره‌زان له به‌ره‌به‌یانی رۆژی چواره‌م من و كامه‌ران كه‌وتینه‌ رێ و كامه‌ران باسی ئازایه‌تی و پاڵوانێتی خۆی ئه‌گێرایه‌وه‌و گه‌یشتینه‌ دێی چناره‌و له‌وێ به‌ په‌له‌په‌ل نانمان خواردو خه‌ڵكی دێكه‌ له‌ ترسی سوپاو جاش ترسیان لێنیشتبوو، به‌ ده‌م قسه‌كردن گه‌یشتینه‌ دێی چاڵه‌ خه‌زێنه‌و له‌چه‌م به‌رێنه‌وه‌و نۆره‌ی شاخی سوره‌بان هات و كه‌مێك سه‌ركه‌وتین له‌سه‌ر كانیاوێك جوگه‌له‌یه‌كی ئاو ئه‌هاته‌ خواره‌وه‌ سه‌دان كه‌سی لێبوو له‌ گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆر هێسترو ئه‌سپ و له‌وێ زانیم ئه‌مانه‌شتومه‌كی ئێران و عێراق ئالوگۆر ئه‌كه‌ن و پییان ئه‌وترێت قاچاغچی وله‌وێ چامان خوارده‌وه ‌كامه‌ران وتی چۆنه‌ به‌ سواری هێستر برۆێن وتم زۆر باشه‌و ، كامه‌ران دوو هێستری هێناو خاوه‌نی  هێستره‌كه كه‌ خۆی سواری هیستری سییه‌م بوو هاواریكردو ئاماژه‌ی بۆ یه‌كێك له‌ هێستره‌كان كردو وتی زۆر چه‌مووشه‌ وریا بن ، منیش هێستره‌ چه‌مووشه‌كه‌م به‌ركه‌وت و خاوه‌نه‌كه‌ی په‌یتا په‌یتا دووباره‌ی ئه‌كرده‌وه‌ وریابه‌ وریابه‌و به‌سه‌لامه‌تی له‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی به‌عس ( ره‌بایا) گه‌یشتینه‌ دێی چه‌مپاراوو شۆفیرێك  لای لاندره‌ڤه‌رێك وه‌ستابوو ئه‌یوت بانه‌ دوو نه‌فه‌رو ئێمه‌ش، من وكامه‌ران سوار بووین و له‌ پاش 35 خوله‌ك گه‌یشتینه‌ شاری بانه‌، شارێكی خنجیلانه‌ و رازاوه‌و جوانه‌ و وه‌ك‌ سلێمانیه‌ به‌ڵام بچوكتر.

له‌ بانه‌ به‌ریز كاك سه‌لاح حاجی ره‌فیق ( سه‌لاحی موهه‌ندیس) به‌رپرسی پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی  بوو ،بۆ یه‌كه‌م جار یه‌كترمان بینی و كه‌ زانی شیوعیم به‌ گه‌رمه‌وه‌ پێشوازی لێكردم و ئاو چام خوارده‌وه‌و وتی  داوای لێبوردن ئه‌كه‌م هاورێ و ئه‌مرۆ كارم هه‌یه‌و له‌ شار نامێنم و ئێستا ئه‌بێ برۆم و، به‌ یانی میوانی منی و شاری بانه‌تان پیشان ئه‌ده‌م‌ و، منی له‌ ئوتێله‌كه‌ به‌جێهێشت و، له‌ ئوتێل دابه‌زیم چوومه‌ كه‌بابخانه‌یه‌ك و خاوه‌نه‌كه‌ی وتی چی ئه‌خۆن و، وتم كه‌باب وتی چلوكه‌باب و منیش وتم به‌ڵێ و نه‌مزانی چلوكه‌باب چییه‌ كه‌ هات قاپێك برنج و دوو كه‌بابی سی چل سانتیمه‌تری له‌ سه‌ره‌و په‌رداخی پچوك دۆو وقاپێكی بچوك شله‌ (خۆرشت) و، منیش زۆرم برسی بوو وتم برا گیان ئه‌م په‌رداخه‌ بكه‌ به‌ چه‌ند په‌رداخێك بیكه‌ره‌ ناو چامێك و ئه‌م شله‌یه‌ش بكه‌ ناو قاپێكی گه‌وره‌و كه‌بابێكی ترم بۆ بێنه‌ و، كاكه‌ برا چۆنم وت كردی و، دوای نانخواردنه‌كه‌ كه‌مێك دانیشتم و په‌رداخی چام خوارده‌وه‌و، هه‌ڵسام و پاره‌م ده‌ركردو خاوه‌ن چیشتخانه‌كه‌ وتی پاره‌ وه‌رناگرم وتم بۆ كاكه‌ كه‌س پاره‌كه‌ی داوه‌ وتی نه‌خێر میوانی منیت و له‌ سلێمانییه‌و هاتوویت و هه‌رچیم كرد پاره‌كه‌ی وه‌رنه‌گرت و، ده‌رچووم له‌ بازار كراسێكی قاوه‌یی ره‌نگ و چووتێ پێڵاو خاولییه‌كی مامناوندی و سابون وتاقمی ریشتاشینم كریی و له‌ ئوتێله‌كه‌ گه‌رماوێكی بچوك هه‌بوو خۆم شوردو ریشم تاشی و، لێی خه‌وتم تا به‌ره‌به‌یان خه‌به‌رم بووه‌وه‌.

ده‌وروبه‌ری كاتژمێر هه‌شتی به‌یانی كاك سه‌لاح هاته‌ ژوره‌كه‌م و كه‌مێك دانیشت و وتی بابرۆێن و، له‌ ئوتێله‌كه‌ دابه‌زین و ئۆتۆمبێل وه‌ستابوو سێ قۆڵی چووین بۆ كه‌بابخانه‌یه‌ك كتومت وه‌ك ئه‌حه‌ی گوڵه‌ی جكه‌رفرۆش له‌ سلێمانی : گۆشت، جگه‌ر، دڵ، كورچیله‌و شتی ترو نانمانخواردو روومانكرده‌ چیایی ئاربابا زۆر بڵند نه‌بوو به‌ڵام قه‌شه‌نگ و دڵگیر بوو، ئیتر نیوه‌رۆ له‌ ماڵی خاوه‌ن ئۆتۆمبێله‌كه‌ میوان بووین و، له‌ قسه‌كردن وتم كاك سه‌لاح ناوتم بیستووه‌و ئه‌تناسم و، وتی چۆن ؟ وتم خزمایه‌تێت هه‌یه‌ له‌ گه‌ل خێزانی عه‌باسی برام وتی راسته‌و زۆری پێخۆش بوو، له‌ پاش نانخواردن زۆر شوێن گه‌راین و ناوه‌كانم له‌ بیرچووه‌ و، بانه‌ ئاوێنه‌ی مێژووی كوردانهشارێكی ره‌نگێن و رازاوه‌یه‌، گلێنه‌ی چاوی كوردانه‌ و هه‌موومان گوێمان له‌ ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی كورد عه‌باس كه‌مه‌ندی بووه‌ كه‌ ئه‌ڵێت : گوڵی زه‌ردو سووری سڵیمان به‌گی بانه‌ و، له‌دوواییدا له‌ شارباژێر به‌ زۆری له‌ دێهاتی چنگیان و باراوو ونده‌رێنه‌و حاجی مامه‌ند له‌ گه‌ڵ كاك سه‌لاح یه‌كمان بینی وجاروبار به‌ رێكه‌وت مه‌فره‌زه‌كانمان : حزبی شیوعی و یه‌كێتی نیشتمانی یه‌كمان ئه‌گرت و جێی داخه‌ سه‌لاحی حاجی ره‌فیق ( سه‌لاحی موهه‌ندیس) شه‌هید بوو.( ماویه‌تی).

16/5/2020

  • 1