ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕفاندنی خۆپیشاندەر و بێسەروشوێن کردنی هاونیشتیمانیان لە دهۆک بەتاوانی ئەوەی داوای بچوکترین مافی دەکات کە مووچەکەیەتی !

ئەوەی لەم هەریمە ڕوو دەدات لە دنیادا هاوشێوەی نیە ، هەموو ڕۆژێک ئازادی مرۆڤەکانی ئەتک ئەکرێ ، ئەبێ کەی ئەو ڕۆژە بێت مرۆڤ بە ئازادی ڕەخنە بگرێ و پەنجە بخاتە سەر گەندەڵییەکان و سوڵتانەکان بخاتە بەردەم پرسیار و گومان؟

ئاخر ئازادی داینەمۆ و وزەی گەشەو پێشکەوتی ژیانە... شێوازێکە بۆ گەشەی کۆمەڵایەتی و هۆشیاری و شارەستانیەت ، هەرکاتێک و لە هەر شوێنێک و بە هەر بیانویەک و لەژێر هەرناوێکدا سنوردار و ئەتک بکرێ ، لەوێدا سیستەم و دەسەڵات بەها جوان و مەدەنی و ئەخلاقیەکەی خۆی لە دەست دەدات، و تاریکی و کلتوری دواکەوتوویی گەشە دەکات ، کە ڕاستە ڕێگای نوێبونەوە و ژیان لە پەل و پۆ دەخات.

ئەوە تەنها ئازادیە جوانی دەداتە سیستەم و دەسەڵات و ژیان و بوون و مرۆڤ ، بۆیە هەر هەنگاوێک دژ بە ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی مەدەنی ، لەژێر ناو و پاساوی وەک سەروەری نیشتیمان یان ئاسایشی نەتەوەیی یان پاراستنی هێڵی سیاسی حیزب، یاخود بە بیانووی وەهمەکانی پیرۆزی ( قودسیەت ) بەتەواوی ماناکانیەوە ، ئازادیە سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایتیەکانی تاک دەمکوت کران، وەک ئەوەی ئێستا بەتایبەت لە دهۆک و کوردستان بە گشتی ڕوودەدات ، لەوێوە کۆیلەکردنی تاک و کۆمەڵ و بەتاڵکردنەوەی لەسەرجەم بەهاکانی بوون و کەسایەتی دەست پێدەکات ، و لەوێوە مافەکانی و چێژ و هەستکردن و بیبین و جوانی لە مرۆڤ زەوت دەکرێن و لەهەر بەهاو نرخێکی مرۆییانەی خۆی بێ بەشی دەکەن!

کاتێ قەدەری گەلێکی ستەم دیدەی وەک کورد لە دەست چەند پیاوێکی خێڵ و عەشیرەت و بنەماڵەدا بێت! و لەژێر ناوی سیاسی و سیاسەتمەدار ! ئاخۆ بڵێت لە ژینگەیەکی ئاوادا کە مۆتەکەی خێڵ و بنەماڵە زاڵە بەسەر ژینگەی گشتیدا نیگای ئازادی لەکوێ ڕۆشناییەک بەدی بکات؟

لە نیشتیمانێکدا ڕۆژانە لەژێر ناوو سایەی بەناو دەسەڵاتی شۆڕشگێڕەکان فریوو بدرێت و ووشەی ڕاستی لەدار بدرێ و مامۆستا بەر شەق بدرێ بەتاوانی ئەوەی داوای سادەترین مافی کردووە کە نان و بژێوی منداڵەکانیەتی،دەبینین لە شارە دەلالە و ڕەنگیەکەی دهۆک گاڵتە بە چارەنووسی مرۆڤ و سەرجەم بوونەوەرە سادە و بێ دەسەڵاتەکانی دەکرێت !.

تۆ بڵێت کائینەکانی کورد ، بەناو شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ و کاربەدەست و باڵا دەست و بەناو سەرۆکەکانی کورد بەکوێی جوانیەکانی ئازادی ئاشنابن ، کە وەک خۆیان پێمان دەفرۆشنەوە و دەڵێن ئازادی خوازن و بۆ ئازادی خەباتیان کردووە ! .

ئەوەی ئێستا لە دهۆک بەرامبەر مامۆستا و کارمەندانی بێ مووچە دەکرێت ! گاڵتەجاڕیەکە کۆمیدیایەکە لەسەر شانۆی ئەم کوردستانە نمایش دەکرێ و خۆی دووبارە و هەزار بارە دەکاتەوە ، کە پێمان دەڵێت کات هەر کاتی ڕژێمی بەعسە و کات وەستاوە لە بەختی کورد، گاڵتەجاڕیەکە دەسەڵاتێک سێبەری بەسەر ئەم کوردە بێ کەسەدایە کە بێ ڕەحمی و دڕندەییەکەی سنووری نیە ، مەگەر تەنها لەسەدە تاریکەکانی ناوەڕاست و لەبەردەم ( مقسەڵەکانی ) دادگاکانی پشکنین بینرابێت.

گاڵتەجاڕی بەناو شۆڕشگێڕەکانی خێڵ و خۆبەستەوەیان بە کلتورێکی بەڕێوەبردنی بێکەڵک و ڕابردوویەکی پـڕ لە شکست، لەبەینی دوو کەوانەیا (سەروەری ! ) لە ژمارە نەهاتوو...

کە ئەمڕۆ بەو پێوەرانە لە باشووری کوردستان و بەتایبەت شاری دهۆک حوکم لەسەر ژیان و ئازادی و هەڵسوکەوتوو کەسایەتیمان و ژیانمان و تەنانەت ئاڕاستەی سیاسەت و یاسا و دەستوور دەکەن، کە دەبێت هاونیشتیمانی کورد لە ئاستیاندا خەسیوو ، لاڵ، کەڕ ، کوێر، بێت!

بەداخەوە مۆرانەی عەقڵی خێڵ و حیزبی خێڵ و بەڕێوەبردنی خێڵ و ژەهری نەریتخوازی و ئینتیمای کوێرانە گیانی مرۆڤی کوردی خواردووە ، کە هۆکاری دواکەوتن و بەپەراوێز بوونی منی هاونیشتیمانیە لە کاروانی ژیاری شارەستانیەت ، ئەو ئینتیمایەش کە حیزبی خێڵ و بنەماڵە دەیەوێت لێمان لە پشت هەزاران پەردە و دەمامک و وەهمەوە ئازادییەکانی منی هاونیشتیمانی سەرکووت بکات و هەتاهەتایە کۆیلەی پێوەرە دۆگماکانی بین و هەناسەو بینین و هەست و جوڵە و ویژدان و هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەمان کۆنتڕۆڵ بکات!

ئەگەر بە خێرایی ئاوڕێک لەو داهاتە بەینەوە کە لەدوای ڕوخاندنی سەدا لە بەغداو هاتوە بەپێی بەڵگەکان ، زیاتر لە ۳۲۰ ملیار دۆلار بۆ کەمتر لە پێنج ملیۆن هاوڵاتی ، کەچی هاونیشتیمانی و کارمەندەکان بـرسی و بێ مووچە و بێکارن ،بۆتە هۆکارێک هاوڵاتی کورد تف لە نیشتیمان و پیرۆزیەکانی بکات و هەزاران خۆزگە بە سەدامی گۆڕ بە گۆڕ بخوازێت.

بەدرێژایی مێژوو حکومەتێک نادۆزیتەوە خاوەنی زیاتر لە ۳٥ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگ و زیاتر لە ٦۰ ترلیۆن پێ سێجا غازبێت و لە پاڵیا دەشتە بەپیتەکەی بیتوێن و خاکە بە بەرکەتەکەی شارەزوور و هەولێری هەبێت و توور و کەوەر و کەرەوز پەنیر و دۆی لە تورکیا و ئێرانەوە بۆ بێت ، گەلەکەشی ڕسوا و بێکار و بێ ئیشبن و ۲۹ ساڵ لە ژێر حکومی دەسەڵاتێکی بێ باک و گەندەڵ و هیچ لە بارابن

دەبێت ئەم کۆمەڵگایە بە ئاگا بێتەوە ، چیتر لەم دۆخی بێدەنگی و برسیەتیەدا نەژی و پـڕ بە گەروو هاوار بکات

جێی بهێڵن، بۆ کەسانی دڵسۆزترو پسپۆڕ ترو ئەوانەی یاسا سەروەر دەکەن و خەمی خاک و خەڵک و کولتوری نەتەوەکەمانیان لاگرنگترە، لە پلەو پۆست و ململانێی تەسکی حیزبی خێڵ و بەرژەوەندی شەخسی و بنەماڵەیی،

هەمووان دەبێ بزانن کە لەماوەی زیاتر لە چارەکەسەدەیەک دەسەڵاتداری خۆماڵی دا دەکرا دەیان دەستکەوتی مەزن و هەلی بەدەوڵەت بوون وشارستانیانە وپێشکەوتن و دانان وجێبەجێکردنی دەستور و خزمەتی چەند بەرامبەری هاوڵاتیان بکرایە بەڵام بەهۆی ململانێ وبەرژەوەندی ‌ سیاسی و حیزبیانەیان کە هۆکاری تەواوی ناهەمواری و ناعەدالەتی و نائومێدی بوون چاره‌ نوسی ئه‌م میلله‌ته‌یان گەیاندووە بەم قۆناغە خراپەی ئێستا ، کە هاوڵاتی دێتە سەرشاشە و بەچاوی پڕ فرمێسکەوە ، دەڵێ منداڵەکانم دەفرۆشم کێ لێم دەکڕێت.

چاوەڕێی خراپترم لەم دەسەڵاتە ...!

 

  • 1