ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گەلی کوردستان لەسەدەی ڕابردووەوە لە خەبات وتێکۆشان وقوربانیداندا درێغی نەکردووە،دژبە ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی حوکمڕان لە عێراقدا. ئامانجی ئەو خەباتەش 

ڕزگاربوون بووە لەستەم و چەوساندندنەوەوبۆ ئازادی وژیانێکی شەرەفمەندانە، لە قەوارەیەکی خۆماڵی کە وەڵامدەرەوەی داخوازییە ڕەواکانی بێت.

ڕاپەرینی ئازاری 1991 وپشتیوانی خەڵک بۆ دامەزراندنی حکومەت وبەشداری لە بەرگری لە دەسکەوتەکان بە خوێنی ڕۆڵەکانی ،وڕازی بوون بەو بارە ناهەموارەی کە دەسەڵات بەدەستانی هەرێم لە کابینە جیاجیاکانی حکومەتدا بەسەریدا هێناون لە نەبوونی وجیاوازی نادادپەروەری هەژاری،ودواکەوتنی مووچەبەناوی پاشەکەوت کردنی و ،خنکاندنی ئازادییەکان و کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان وهەڕاجکردنی کەرتی گشتی ونەبوونی شەفافیەت لە داهات وخەرج وگرێبەستەکانی نەوت و پێوەندی ژێربەژێر لەگەڵ دەوڵەتان . هەموو ئەوانە لە پێناو پاراستنی هەرێم و خەڵکەکەی بووە.

پاش دان بەخۆداگرتنی خەڵک ،تازە بەتازەململانێی حزبە دەسەڵاتدارەکان زەقتر دەبێتەوە وهەر لایەک لە 3 پێکهاتەکەی حکومەت لە ئاوازێک دەخوێنن وئەوەی پلان و بەرنامەی حکومەت بێت بەلایدا ناچن وئەوەی بەڵێنی بەرنامەی هەڵبژاردنەکانیان بێت ،نزیکی ناکەونەوە.وخەریکی یەک تاوانبارکردنن ،بە دۆسێی جیاواز. وپێڕەونەکردنی شەراکەتی حوکمڕانی وهەوڵدان بۆ پەراوێزخستنی یەکتر و تاک بوونەوەی حوکم لەیەک حزب وبەرەوتاکەکەسدا.

سەرەڕای ئەو دۆخە و دواخستنی مووچەی کارمەندان بۆ دوومانگ (کە نیوە مووچەی جارانە،بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک).

بەرپرسە باڵاکانی حکومەت لە میدیاکانەوە باسی قەرزی 27 ملیار دۆلاری وسەرفکردنی 400 ملیۆن دیناری ناوخۆ لەکۆی 700 ملیۆن دۆلاردەکەن ،وشاردنەوەی کۆی ئەوبڕە پارەیەی کە لە بەغداوە هاتووەو ئیلتیزام نەکردن بە ڕێککەوتنەکان لەگەڵ بەغدا ،وناشەفەفی لە داهات وخەرجییەکان،وا دوبارە بەتەمای پلانی کەمکردنەوەو دواخستنی مووچەی کارمەندان وخانەنشینانن. کە لە هەموو قەیرانێکدا دەسەڵاتداران مووچەخۆرانیان کردۆتە قۆچی قوربانی شاردنەوەی قەیرانەکانیان.

ئەوەجگە لەوەی کە چەندین ساڵە باسی چاکسازی دەکرێت،و گفتوگۆو یاسای بۆ ئامادە دەکرێت .بەڵام لەڕووی کردەییەوە نەک چاکسازی ناکرێت،بەڵکوکۆمپانیاو کۆشک وتەلارو توانا داراییەکانی دەسەڵاتداران و دەوروپشتو وابەستەکانیان لە بەرزبونەوەدایە،وەک ئەوەی کەچاکسازی بۆ بڕینی مووچەی کارمەندان و کەمکردنەوەی ماف وخزمەتگوزاری چینە هەژارەکان بێت.

لەبەر ئەوە پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم،سەرەتا داوای لێبوردن لەخەڵکی کوردستان بکەن وڕاستییەکان بۆ خەڵک ڕابگەیەنن نەک چەواشەکاری وپینەکردنی هەڵە وکەمو کوڕییەکان،و بڕیاربدەن کە کارەکانیان بەسوود وەرگرتن بەتواناکانی خەڵک ،پێداچوونەوەیان پێدا دەکەن،گۆڕانکاری لەحکومەتدا دەکەن بەسپاردنی ئەرکەکان بە خەڵکانی پاک ونیشتمانپەروەرو پێڕەوکردنی تەواوی شەفافییەت لە داهات وخەرجییەکان لە هەمووبوارەکاندا وکارکردن بۆ پێکەوەژیان وئازادی ودادپەروەری بەپێچەوانەوەئۆباڵی هەموو داهاتوویەکی مەترسیدار دەکەوێتەئەستۆیان.

 

  • 1