ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە گوندێک مەحمود بەگ هەبوو توزەلەیەکی خۆشی لێ ئەدا، لەناکاو محود بەگ چوەسەفەرێ، لەگوندیش شایی هەبوو، خەڵکی بەناچاری چوون هەمزە سێ لێویان بانگ کرد!! هەمزە سێ لێو دەستی بەتوزەلەلێدان کرد هەرچەند ئەیکرد شاییەکەی پێ گەرم نابوو، کەسێکی گوند کە هەستی بە فەراغی ڕۆیشتنی مەحمود بەگ کرد گوتی ئای هەی ئەگەر مەحمودبەگەب نەچووباسەفرێ توزەلەیان بەهەمزە سێ لێوی لێنادا.

کەم نین ئەوانەی لە بۆشایی نەبوونی ڕۆژنامەنووس و پەیامنێری هۆشیارو پێگەیشتوو بە دەزگایەکی ڕاگەیاندن نووساون، تا ئێستاش بنەمای ڕۆژنامەوانی بە ئیشەکانیانەوە دیارنیە. زۆرن ئەوانەی لە بێ ئیشی و بێتاقەتی و بۆ خۆدەرخستن و خزمەتکردن بە سیستەم دەستیان دایە کاری میدیایی و پەیامنێری،بەڵام تا ئەو چرکەساتەش نەبوونەتە ڕۆژنامەنووس.

ڕۆژنامەنووس کێیە؟ ڕۆژنامەنووس چاوێکی ترە بەسەر سیستەم و حکومڕانی بەو مانایەی ڕۆژنەمەنووس دیوێکی تری ورد وقول و نەگوتراو و شاراوەی دیارەکان دەبینێت و ڕەخنەی ئەکات و ڕووخسار و ناوەڕۆکە کۆنکرێتیەکەی ئاسایی ئەکاتەوە. ڕۆژنامەنووس خاوەن دیدگا و تایبەتمەدی و ڕەسەن بوونی خۆیەتی. ڕۆژنامەنووس بەبەغا نیە، کۆپی پێست نیە. ڕۆژنامەنووس دەست بۆ ئەو پرسانە ئەبات کە لە چاوی دەسەڵات پیرۆز و موقدەس و هێلی سورە، نەک ئەوەی خەڵک دەیڵێت ئەو دووبارەی بکاتەوە. ئەوەی پەیامنێرێک دەیکات ئەو بیکاتەوە. ڕۆژنامەنووس ئەوەنیە لە ژێر ناوی جیا جیا خزمەت بەسیستەم و دەسەڵات بکات. پیشەیی ڕۆژنامەنووسی لەگەڵ مێگەلخوازی و ستایش و چەپلەلێدا زۆر ناکۆکە.

ڕۆژنامەنووسان لە دنیا بەدرێژایی کاری ڕۆژنامەوانیان هاوسات خەریکی خوێندنەوەش بوونە، بەهۆی خوێندنەوە بوونەتە خەرمانە و ئەزموونێکی فراوان بۆ ئەوانیدی. بەڕێگای خوێندنەوە لەتەک پیشەی ڕۆژنامەنووسیەکەیان بوونەتە زمان زان وئابووری ناس ودەروونناسێک. خاوەنی چەندین کتێب وگوتار بوونە کەتا ئەمڕۆش کاریگەریان هەیە لەسەر میدیا ودەسەڵات. دەیان بیرمەند و فەیلەسوف تا کۆتایی تەمەنیان لەگۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بەردەوام دەیان نووسی. سەرەتا مارکس نووسەر و ڕۆژنامەنووس بوو کە تا ئەمڕۆش فەلسەفە و گوتارەکانی کاریگەرە لەسەر فکر و مەعریفە و مرۆڤایەتی. فۆکۆ ڕۆژنامەنووس بوو کە دەستپێکی کارەکانی لێدان بوو لە سیستەم و دەسەڵات.

چەکی ڕۆژنامەنووس بۆ خوێندنەوەی گۆڕانکاری و پێشهاتەکان و ڕەخنەکردنی دەسەڵات قات و ڕیبات نیە! بەڵکو فیکرو بوونی عەقڵێکی هۆشیارە، عەقڵی هۆشیاریش بە خوێندنەوەی بەردەوامی کتێب و ئاوڕدانەوە لە ئەزموونی ئەوانیدی بینا دەکرێت نەک بە گۆڕینی تۆنی دەنگ و جوانکاری. ئەوەی کەسێک ئەکاتە ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگر و زمان زان و شارەزا کتێب و خوێندنەوەیە نەک هەموو بوونی خۆت وەک ڕۆژنامەنووس لە ستایل و قات و ڕیبات چڕبکەیەوە.

تۆی ڕۆژنامەنووس ناتوانی بە قات و ڕیبات خوێندنەوەیەکی لۆژیکی بۆ قەیرانی سیاسی و ئابووری جیهانی و سروشتی دەسەڵات بکەی.

نەریتی میدیایی لە باشور زۆر پێچەوانەیە لەگەڵ ستایل و ئاراستە و کاری میدیایی دەرەوە. ئەوەی دەزگا و میدیای باشور لەپەیامنێر و میدیاکارانەی دەوێت، خواستێکی زۆر کوشندە و مەترسیدارە، دەزگا و میدیای باشور چیتر ئەو مەکینەیەنیە کە توانای دروستکردنی ڕۆژنامەنووسێکی هۆشیارو بەرەنگار و نوێخوازی هەبێت. ئاراستەی میدیایی ئێرە بۆ ڕۆژنامەنووس لەگۆڕنانی ئومێد و ئیرادەی ڕۆژنامەنووسیە. میدیای باشور نەک توانای پێگەیاندن و دروستکردنی جۆرێکی جیاوازی ڕۆژنامەنووسی نیە، بەڵکو مەترسیە گەورەکە لێرەوەیە کە هەوڵی ڕووخاندن و بێ بایەخکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانە ئەدەن کەتا ئەم چرکەساتەش دەستەمۆ نەکراون. خراپترین پێناسە بۆ ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری پێناسەکەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە، کە دەڵێت "ڕۆژنامەنووس ئەو کەسەیە کە موماڕەسەی کاری ڕۆژنامەوانی ئەکات". ئەو پێناسەیە ڕێک دروستکردنی سنور و لە قالبدانی میدیاکارانە لەسەر وەزنی خۆیان. پێناسەکە گلدانەوەی ڕۆژنامەنووسانە لەناو زلکاوەی میدیای باشور کە لەژێر ناوی پڕۆفێشنال سەدان قەڵەمی جوان و کاریگەری نوقمی پوچگەری خۆی کردووە. پێناسەیەک نیە هانی میدیاکاربدات بۆبەردەوام فێربوون و زانین. ئەو پێناسە پێت ئەڵێت تۆش میدیاکار و ڕۆژنامەنووسی ئەگەر بە ڕاپۆرت و هەواڵێکی کرچ و کالیش بەشداربی چونکە موماڕەسەی کاری ڕۆژنامەوانیتکردووە.

پێناسە و دیدگای میدیای باشور بۆ پڕۆفیشناڵ بوون زیاتر وەستانە لەسەر تەکنیک و ڕووخسار وستایلی جل و بەرگ و پابەندبوونی کارمەند و ڕۆژنامەنووسەکانیانە بە سیاسەتی دەزگا. پڕۆفیشناڵ بوون مەعریفەیەکی تری کارکردنە کە ئەو مەعریفەیە دوور ونزیک ئاماژە و ڕەنگدانەوەی لە میدیای باشوور دەرنەکەوتووە، ئەو خواستەی بۆپڕۆفیشناڵ بوون هەیە لەناوی میدیای باشور لە ڕاستیدا ڕێگریکردنە لە هاتنە پێشی پڕۆفیشناڵبوون بە مانا زانستی و ئەزموونی جیهانی دەرەوە. میدیای باشور دۆخێکی خولقاندووە کە بەهیچ جۆرێک پڕۆفیشناڵ نیە، ئەو دۆخە پتر بە ئاراستەی لێدانە لە مانا و ماهیەتی ڕۆژنامەنووسی، ئەو دۆخە بە ئاسایی دەبینێت کە هیچی نوێ مەزانە، هیچ مەخوێنەوە، هیچ فێرمەبە تەنها و تەنها پابەندبە بەسیاسەتی دەزگا!!.

  • 1