ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یەكشەممە ڕێكەوتی 21 حوزەیرانی 2020 ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتەواوی ستافەكەی خۆی بڕیاری كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانیدا، من خۆم نەمبینی بەس مام حەمەدەمین ی درواسێمان گوتی خۆم بینیم لەشاشەی تەلەفزیۆنەكە دوای ئەوەی بەكۆی دەنگ بڕیارەكەیاندا، هەرخۆشیان بەكۆی دەنگ پێدەكەنین، بەس خواشاهیدە نەشمزانی بەچی پێدەكەنین! بەخۆیان، یان بەخەڵكەكە! مام حەمەدەمین بە كوڵا دەگریا، منیش بەڕاستی گریانەكەی ئەو بەقەد كەمكردنەوەی مووچەكە ئازاریدام، دواتر وەكو هەر فەرمانبەرێكی تری گیرفان بەتاڵ و دڵێكی پڕحەسرەت چومەوە ماڵێ‌ و ئیدی كۆنتڕۆڵم تەلەفزیۆنەكەم دەستدایەو كەوتمە گەڕان وسوڕان بەناو تیڤییەكاندا، ئەو تیڤیانەی بوونەتە مینبەری چەلەحانێ‌، بەڵام چ ببینم، لەبەشی زۆری ئەو تەلەڤزیۆنانە بەرپرسانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان لێدوانیان دەداو دەیانگووت: ئێمە دژی دەستكاری كردنی مووچەی فەرمانبەرانین، بۆنموونە بەرپرسێكی یەكێتی دەیگۆت قەسەم بەخوا ئێمە وەك یەكێتی شك وعیلممان بەوبڕیارە نایەت و نەخواش قبوڵی دەكات و نەپێغەمبەریش دژیشی دەبین! بەرپرسێكی پارتیش دەیگۆت ئێمەش كە ئەو بڕیارەمان بیست توشی شۆك بووین و بڕواش ناكەین وابی و هەر بەدیعایەی ئۆپۆزسیۆن دەچیت، بەرپرسێكی گۆڕانیش كەلەوەتی دەیبینم لەشاشەی تیڤییەكان ئاگر لەدەمیدا بڵاچە دەدات دەیگوت: خواشاهیدە ئێمە ئاگاداری دەستكاری كردنی موچەكەنین و لەخەڵك بیستومانە قبوڵیشی ناكەین و هەر دەشی گۆڕین!

دواتر تەلەفۆنم بۆمام حەمەدەمین كردو پێم گوت ئەوە بەرپرسانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان كە هەرخۆشیان حكومەتن دەڵێن ئەگامان لەو بڕیارە نییەو دەنگیشمان دەخەینە پاڵ دەنگی مووچەخۆرانی هەرێم، مام حەمەدەمین- یش گۆتی من شكم لەحزبی شیوعیە ئەوەی كردبێت! گوتم مامەگیان هەرگیز شتی وانابێت و ناشێت ئاخر حزبی شیوعی هەر لەحكومەتیش بەشدار نپیە! بەڵام مام حەمەدەمین بەدەنگێكی نوساو گوتی: لۆنابی وەڵا ئەو زەمانەی هەموو شتێك دەبی !!!

 نایشارمەوە منیش قەناعەتم هات و هەربۆیەش بڕیارمدا بەناوی هەموو فەرمانبەرانی هەرێم داوای لێبوردن لەپارتی و یەكێتی و گۆڕان بكەم و لەداخی ئەوەی كەحزبەكەشم ئەو بڕیاڕەیداوە ئەو مانگە نەچمە كۆبوونەوەو ئابوونەی حزبیش نەدەم!!!!!

 

 

 

  • 1