ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

1

نووسین لەسەر شەهیدان گەلێك ئەستەمەو بەتایبەتی ئەو شەهیدە نەمرانەی كە بەدڵێكی پڕ لە ئاوات و بڕوایەكی لەبن نەهاتوو بەبێ هیچ جۆرە ترسێك لە مردن هەر بە تێڕامانی ئاسۆی دوا رۆژی گەل و نیشتمان ڕووبەڕووی مردن بوونەتەوە كە هاوڕێی شەهید ( سەفەر حمدئەمین ) ناسراو بە هاوڕێ (سالار) یەكێكە لەم شەهیدە نەمرانە، بۆیە زەحمەتە بتوانم بەتەواوەتی هەموو لایەنەكانی ژیانی هاوڕێی رێگای تێكۆشانم بخەمەڕوو، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت هەندێ لایەنی ژیانی سیاسی و حزبی شاراوەی شەهید (سالار) ئاشكرا بكەم.

پایزی ساڵی 1978هاوڕێیانمان و رێكخراوەكانی حزبمان لەسەر تاسەری عێراق ڕووبەڕووی دڕندەترین شاڵاوی بەعسیە سەرشێتەكان ببونەوەو بە هەزار لە هاوڕێیانمان دەربەدەری شارەكان ببوون، جگە لەوەی بەسەدان لە هاوڕێیان ئاوارەی ووڵاتان بوون.... بەهەزارانیش لە تێكۆشەرانی حزبمان لە گرتوخانەكانی ئەمن و بارەگاكانی حزبی بەعسی رەفتار فاشی، رووبەڕووی ئەشكەنجە و ئازاری كاریگەری دەروونی و جەستەیی دەبوونەوە.... بەعسیە پیاو كوژەكان بڕیاریاندابوو كە حزبمان ، حزبی شیوعی عێراق، لەرەگ و ریشەوە دەربێنن و بەخەیاڵی ساویلكانەی خۆیان وای بۆ دەچوون كە دەتوانن لەم پیلانەیاندا سەركەوتووبن، بەڵام ئازایەتی و خۆراگری شیوعیەكان لە بەرامبەر هەموو جۆرە ئازارێك ببونە چیا بەرزەكانی نیشتمان، بەعسیەكان مانگا ئاسا شەڕە قۆچیان دەكرد و جەستەی پۆڵایینی شیوعیەكان و هاوڕێیانی شیوعی كاس و گێژو ووڕی دەكردن و گامێش ئاسا بەزەویدا دەكەوتن، خۆراگری هاوڕێیانی شیوعی لە بەرامبەر مردندا هەموو كات حزبە تێكۆشەرەكەیان پاراستووە... ئەو هێرشە دڕندانەیە رووەو رێكخستنەكانی كوردستان دەكشا و سەرەتاكەی لە شاری بابا گوڕگوڕ، كەركوكی كوردان دەستی پێكردو، بەسەدان شیوعی ئازاو دڵسۆز كەوتنە بەر شاڵاوەكەو دەسگیركران... سەركردایەتی لیژنەی هەرێمی كوردستانی حزبمان بڕیاری دابوو هەندێ كرداری رێكخراوەیی بكرێ بەمەبەستی ئەوەی زیان و ئازاری شاڵاوەكە كەم بكرێتەوەو، هاوڕێ ئەحمەدی بانیخێڵانی و شەهیدی ناودار عادل سەلیم ئەركی سەرەكییان لەئەستۆ دابووا بەندەش لەپارێزگای هەولێر دەبوو ئەركەكان بە ئەنجام بگەیەنێ..

رۆژی دووەمی شاڵاوەكەی بەعس لەسەر رێكخراوەكانی كەركوك، عادل سەلیم بەیاوەری هاوڕێ ئەبو حكمەت گەیشتنە كەركوك و لەگەڵ مەكتەبی مەحەلی و هاوڕێیانی محەلی دیداریان سازدابوو، بڕیاری چۆنیەتی پاراستنی رێكخراوەكانی حزب و ئەندامانی دیراسەكردبوو هەروا بە مەبەستی تۆزێك هێوركردنەوەی بارودۆخەكە نوێنەرانی حزبی بەعسیان دی بوو، مەبەستی هێوركردنەوەی بارودۆخەكە بۆ ئەوەبوو تا بتوانین بڕیارەكانی خۆ پاراستن بەتەواوەتی جێبەجێ بكرێن.. بەڵام داخی گرانم هاوڕێ عادل سەلیم بەشێوەیەكی نامەردانەو نامرۆڤانە لە كەركوك لەلایەن پیاوانی بەعسەوە دەرمان خوارد كراو، لە رێگای گەڕٍانەوەیاندا گیانی پاكی بەخاكی كوردستان بەخشی.... لە دەستدانی هاوڕێی ئازاو قارەمانمان زیانێكی یەكجار كاریگەر بەر جەستەی حزبمان لە كوردستاندا كەوت و نەتواندرا شوێنی پڕ بكرێتەوە، بڵاوبوونەوەی شاڵاوی بەعسیەكان بۆ سەر رێكخراوەكانی حزبمان لەكەركوك شەهیدبوونی هاوڕێ عادل سەلیم تەئسیرێكی نەرینی بەهێزی كردە سەر هاوڕێیان و رێكخراوەكانی حزبمان لە پارێزگای هەولێر... بەمەبەستی چارەسەركردنی بارودۆخەكە مەكتەبی محەلی هەولێر بڕیاریدا سەردانی لیژنەی قەزای مەخموور بكەم و بارودۆخەكە بۆ هاوڕێیان رۆنبكەمەوەو بڕیارەكانی خۆپاراستن بۆ هاوڕێیان بخەمەڕوو لابەلاش بەشێوەیەكی نهێنی هاوڕێیەكی ئەندامی قەزا بۆ رێكخستنی كاری نهێنی و هێنان و بردنی بەریدی قەزای مەخمور بۆ ناو شاری هەولێر دەستنیشان بكەم....

یەكەم دیدارم لەگەڵ هاوڕێ شەهید سالار

2

سەرەتای مانگی ئەیلولی 1978 بە شەو گەیشتمە بارەگای حزبمان لە شارۆچكەی مەخمور هاوڕێیانی لیژنەی قەزا چاوەڕوان بوون و یەكسەر كۆبوونەوەی لیژنەی قەزای مەخمور بە ئامادەبووونی هاوڕێیان علی عمر، مستەفا رەمەزان، مەلا عەباس، سەفەر حەمەد ئەمین (سالار)، عزیز كڵاو رەشی، محمد عەبابكر ) هاوڕێ علی عمر كۆبوونەوەكەی بەڕێوەدەبرد.

سەرەتا باسێكی باری سیاسی عێراق و كوردستانم بۆ هاوڕێیان بە كورتی خستەڕوو هەروا باسم لەوەكرد كە حزبی بەعس هەڵوێستی بەتەواوەتی لەحزبمان گۆڕاوەو، ئێستاكە ئێمەی شیوعیەكان بە دوژمنی پلەیەكی خۆی دەزانێت و حزبمان بەمەترسی لەسەر رژێمەكەی واتە رژێمی بەعس لەقەڵەم دەدات.. بەعسیەكان لە هەموو بۆچوونەكانیان لەبواری سیاسی و ئابوری و پەیوەندییەكانیدا پاشگەزبۆتەوە، بۆیە رۆژ بە رۆژ شاڵاوەكەی لە دژی حزبمان فراوانتر دەكات و تەواوی شارەكانی خواروو ناوەڕاستی گرتۆتەوەو، دەیانەوێت بە خەیاڵی خۆیان حزبمان لاوازو بێتوانا بكەن و لەجەماوەری داببڕن و، پاشان دەوری لەسەر گۆڕەپانی ووڵاتەكەمان نەیەڵن ، بەڵام خەیاڵیان خاوەو ئەم رێگایە خۆیان و بەر لەوانیش تاقی كراوەتەوەو مایەپوچ بووەو هەر خۆیان و مامۆستاكانیان روورەشی و سەرشۆڕی مێژوو گەل و نیشتمان بوونە، ئێمەی شیوعیەكان بەوە ناسراوین كە لەكاتی تەنگانەدا ئاسۆی روونی تێكۆشان لەبەر چاومان لێل نابێت و، ئەمجارەش بەهیمەتی شیوعیانەی هاوڕێیان دەردەچین، ئەنجا بەشێوەیەكی گونجاو كە لەگەڵ بارودۆخەكە بگونجێت باسی بڕیارەكانی حزبم لە پێناوی پاراستنی رێكخراوەكانی حزبمان و هاوڕێیانی و بەشێوەیەكی هێمنانەو دوور لە دڵەڕاوكێ و بە بڕوایەكی پۆڵایینی شیوعییانە باسم لە خۆڕاگرتنی هاوڕێیانمان لەخواروو ناوەڕاستی عێراق كردو، دووپاتی ئەوەم كردەوە كە دەبێت بە تەواوەتی بایەخ بە كاری نهێنی بدەن و، لەهاتوچۆی بارەگا دووربكەونەوە و بەشێوەی جۆراوجۆر لەگەڵ جەماوەر تێكەڵ ببن و، ریسوای بەعس بكەن، باسم لەوەش كرد كە لەوانەیە لە پارێزگای هەولێر، مەخمور یەكەم وێستگەی شاڵاوەكەی بەعسیەكان بێت...ئەندامانی قەزا بەشداری و پرسیاری زۆر رێك و پێكیان خستەڕوو ، جۆرەها شێوازی ڕووبەڕووبونەوەو كاركردنی نهێنیان باس كرد.

كە نۆرە هاتە سەر هاوڕێ سالار..... هاتە قسەو بە بڕٍوایەكی لەبن نەهاتووی بە گەل و حزبەكەمان رووی لە بەندە كردو ووتی هاوڕێ: حزبی ئێمە بە حزبی شەهیدان لە عێراق و لە وڵاتان و لەلایەن حزبە شیوعیە براكانمان ناسراوە، ئەوە یەكەمین جار نییە حزبی ئێمە دەكەوێتە بەر شاڵاوی دڕندانەی دوژمنانی حزبمان.... هاوڕێیانمان و سەركردەكانی حزبمان، حزبیان بە خوێنی خۆیان پاراستووەو ئەوان بوونە قوربانی حزب و شەهید بوون، بەڵام حزبمان لە جاران بەگوڕتر بەردەوام لەمەیدانی تێكۆشان ماوەتەوەو، دوژمنان سەرشۆڕی تاریخ بوونە.. ئەمجارەش بە پشتیوانی ئەو هاوڕێ ئازایانە حزبەكەمان وەكو بیلبیلەی چاومان دەپارێزین و، لەجاران چاكترو بە بڕواتر لە تێكۆشان بەردەوام دەبین و، حزب هەر فەرمانێك بدات جێبەجێی دەكەین، هەموومان بەردەوام دەبین لە تێكۆشانی بێ ووچان، بەبێ سەردانوواندن بۆ هیچ هێزێك و لایەنێك تا سەركەوتن، واتە سەردانەنواندن تا مردن لە كۆتایی قسەكانی ووتی: حزب هەر كارێكم لە ئێستاوە پێ بسپێرێت بە هەموو توانامەوە لەهەر شوێنێك بێت جێبەجێی دەكەم.. لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا دەستخۆشیم لەبەشداری هاوڕێیان كردو ئاماژەم بە بۆچوونەكانی هاوڕێ سالار كرد، بیریشم لەوە دەكردەوە كە ئەو هاوڕێیەی كە پێویستمان پێی بوو بۆ كارێكی حزبی زۆر گرنگ و نهێنی ئەوە هاوڕێ سالارەو كە بە گونجاوترین و لێوەشاوەترین هاوڕێ هاتە بەردیدم... كاتێك لەدەوروبەری كاتژمێری دوانزەی شەو ویستم بگەڕێمەوە بەرەو شاری هەولێر هاوڕێ شەهید سالارم جیاكردەوە و بە چرپەیەكی خێرا ووتم، حزب كارێكی گەلێك بایەخدارت پێدەسپێرێت و چاوەڕوانبە یەكتر دەبینین، بەڵام دەبێت ئەو كارە هیچ هاوڕێیەك نەزانێت ، هاوڕێ سالار بە ورەیەكی فرە بەرزەوە ووتی هەر كارێكی حزب پێم بسپێردرێت ئەوە بەبێ سێ و دوو ئەنجامی دەدەم و، دڵنیاش بن هیچ كەس نازانێت ... بریارمدا ئەو مەسەلەیە لەگەڵ هاوڕێ ئەبو سەرباز باس بكەم دروستكردنی تۆڕی نهێنی پۆستەو ماڵی نهێنی حزب و دروستكردنی شوێنی گونجاو بۆ رۆنیۆو تایب لەناو شاری هەولێر هاوڕێ ( ئەحمەدی بانیخێڵانی) سەرپەرشتی دەكرد و بەر لە شەهید بوونی هاوڕێ ( عادل سەلیم) هاوكاری بوو، ئێستاكە واتە دوای شەهید بوونی هاوڕێ عادل سەلیم هاوڕێ فاتح رەسول كە بەرپرسی لیژنەی محەلی هەولێر بوو شوێنی هاوڕێ عادل سەلیم ی گرتە ئەستۆ.

بەكورتی باسی هاوڕێ سالارم بۆ هاوڕێ فاتح رەسول خستەڕوو، پێشنیاریشم كرد كە ماڵەكەی بگوازێتەوە بۆ ناو شاری هەولێرو بیكەینە ماڵی نهێنی حزب بۆ چاپخانە گونجاو دەبێت بۆچوونەكەی پەسەند كردو داوای كرد لەگەڵ هاوڕێ ئەحمەد بانیخیڵانی باسی بكەم....

3

هاوڕێیانی مەكتەبی محەلی هەولێر بەردەوام بە رێكخراوەكانی حزب لەناوچەی مەخمور سەرقاڵ بوون و مەترسی ئەوەیان هەبوو كە بەر لە خۆ ئامادەكردن لەم ناوچەیەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی وجێبەجێ كردنی رێنماییەكانی حزب سەبارەت بە خۆ پاراستن، ئەوەی جێگای مەترسی بوو روویداو، شاڵاوە چاوەڕوانكراوەكەی دامودەزگاكانی حزبی بەعس گەیشتە ناوچەی مەخمورو هاوڕێیانمان بە تێكڕاو لەیەك كاتدا كەوتنە بەر فشارو شاڵاوە بەرفراوانەكەی بەعس و، ژمارەیەكی زۆریان دەسگیركران و بانگی دەستگاكانی ئەمنی رەفتار فاشی بەعس كران... هاوڕێ شەهید سالار لەبەر ئەوەی ناسرابوو، كادیرێكی لێهاتووی حزبمان بوو، بۆیە پیاوانی ئەمنی شارۆچكەی مەخمور مەبەستی سەرەكیان دەستگیركردنی هاوڕێ سالار بوون، بەڵام هاوڕێ سالار هەستێكی شۆڕشگێڕی قولی هەبوو، بۆیە ئازایانە بڕیاریدا كە ماڵ و منداڵەكانی بەجێبێڵێ و روو بكاتە شاری هەولێر و شوێنی نهێنێ و نیمچە گونجاو مەیسەر بكات و رۆژانەش دوور لە چاوی پیاوانی بەعس دەچووە كرێكاری... بەمەبەستی دابین كردنی بژێوی خێزانەكەی... شاڵاوەكە هەێندە بەرفراوان و خێرا بەرەو شارو شارۆچكەكانی كوردستان دەكشا بەشێوەیەك لەیەك رۆژدا بە دەیان و سەدان لە ئەندام و لایەنگرانی حزبمان دەكەوتنە بەر هێرشی ئازار بەخشی نایاساییانەی دامو دەستگاكانی ئەمنی بەعسی فەرمانڕەواو، بە ئەندازەیەك كە گەلێك ئەستەم بوو كادیرێكی ناسراوی وەكو هاوڕێ سالار بە هیچ شێوەیەك نەدەگونجا كە لەناو شاری هەولێر بژیت.. بۆیە بە چاك زانرا هاوڕێ بەرەو شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بچێت و ماوەیەك لەبەر دیدی پیاوانی ئەمن نادیار بێت، هاوڕێ سالار بەبێ هیچ دوو دڵییەك بەرەو شاری بەغدا سەفەری كردو، لەوێ توانی خۆی بە كرێكاری خەریك بكات و، لەگەڵ هاوڕێیانی تر یەكبگرنەوەو لە چاوەڕوانی بڕیارو رێنمایی حزبدا بوون،، بەو شێوەیە ماوەیەك لە هاوڕێ سالار دابڕام و دوور بەدوور هەواڵی هاوڕێیانمان دەزانی.. لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بكەم كە هاوڕێ احمد عەوێنە و مام خدر لە شاری بەغدا كاریان دەكردو هاوڕێ كانەبی محمد صالح بەرەو تكریت رۆیشت... هاوڕێیانی تریش هەریەك بۆ لایەك لەناو شار دووركەوتنەوە.

رۆژ بە رۆژ ئەركی حزبیمان بەرەو تەسكبونەوەو دابڕانی زۆرتری هاوڕێیان و زەحمەتی چارەكردنی شوێنی داڵدەدان و حەوانەوە بۆ هاوڕێیان گرانتر دەبوو، ئاخر گەلێك سەیرە بەیەكجار و لەیەك كاتدا لە پارێزگایەكی وەكو هەولێر كە بە هەزار شیوعی و دۆستی حزبی تێدابوو پێكڕا فەرمانی گرتنیان بۆ دەربچێت، لەهەمان كاتدا هێشتا لە شاری بەغداو شارەكانی تری عێراق بارەگای حزبمان بە ئاشكرا هەبوون و، رۆژنامەی گریق الشعب زمان حاڵی حزبمان لە بەغدا دەردەچوو... ئەو بارودۆخە حاڵەتێكی فیكری و سیاسی گەلێك ئاڵۆزی بۆ هاوڕێیانی حزبمان هێنایە پێشەوە، بۆیە بەشێوەیەكی زۆر نهێنی بڕیاری چوونە دەرەوە بەرەو ناوچەكانی پێشمەرگەی كوردستان دراو، ژمارەیەكی دەسپێشخەرو ئازاو نەترسی هاوڕێیانمان لە ناوچەی هەولێر خۆیان گەیاندە چیاكانی كوردستان و توانیان بەهاوكاری هێزی پ.م یەكێتی و بزوتنەوەی سوسیالیستی كوردستان ئەگەر بە كوڵەمەرگیش بێت هەندێ بنكە دروست بكەن، هەروا لەناوچەی پارێزگای دهۆك هاوڕێیانمان گەیشتنە ناوچە شاخاوییەكان و، بەهاوكاری پ.م سەركردایەتی كاتی پارتی ئەوانیش شوێن پێیان دروست كردو، بەم شێوەیە لەهەموو لایەكەوە هاوڕێیانمان روویان لە شاخەكانی كوردستان كرد... لێرەدا بەپێویستی دەزانم ئاماژە بە رۆڵی ئازایانەو جوامێرانەی هاوڕێ خیری قازی ناسراو بە ئەبو زەكی بدەم، كە بەبێ ترس رۆژانە بە ئوتومبێلەكەی خۆی لە هەولێرەوە هاوڕێیانی دەگواستەوە بۆ سەنگەسەر و قەڵادزێ بۆ ئەوەی رەوانەی خڕی ناوزەنگ بكرێن... لە رێگای حزبەوە ئاگاداری هاوڕێ سالار كرا كە بگەڕێتەوە بۆ شاری هەولێر و بەمەبەستی ناردنی بۆ رێزی پ. م حزبمان بەبێ دواكەوتن گەڕایەوە، ئەو شەوەی كە بڕیار بوو بەیانی زوو بەرەو پێشمەرگایەتی بچن لەگەڵ هاوڕێیان لەماڵی هاوڕێ خەیری قازی بوون و، بۆ بەیانی بەرەو ناوچەی ناوزەنگ بەرێكەوتن... هاوڕێ سالار یەكجار پەرۆشی كاری حزب بوو، ئامادەیی بێ سنور بوو، بۆ بوونە پێشمەرگە و بەشداری لە دورستكردنی مەفرەزەكانی حزبماندا.

دیدارێكی تەژی لە سۆزو خۆشەویستی

4

دوای دیداری یەكەمم لەگەڵ شەهید هاوڕێ سەفەر حەمەد ئەمین ناسراو بە سالار ماوەی دوو ساڵ لەیەكتر دابڕاین و، ئەو ماوەیەك لە بەغداو پاشان بەرەو چیاكانی كوردستان رۆیشت و، بووە یەكێك لە پێشمەرگەكانی حزبمان كە لە ناجۆرترین بارودۆخی باری سیاسی و فیكری ملیان دایە رێكخستنی هێزەكانی پێشمەرگەی حزبمان و رێكخستنی بارەگاو شوێنی حەوانەوەی هاوڕێیان.. بەندەش لەشار مامەوەو لەگەڵ هاوڕێیانی تر لەهەوڵ و كۆششی رێكخستنی رێكخراوەیەكی نهێنی سەرتایی بوین.. ژمارەیەك ماڵی حزبی و بەریدی نێوان هەولێر و بەغداو شارەكانی كوردستانمان رێكخست... تا ئەو كاتەی توانای مانەوەم لەشار بۆ مەیسەر بوو، لە كۆتایی ساڵی 1979 بڕیاری دەرچوونم دراو لەگەڵ شەهیدان غەفار جەمال رەواندوزی و مەهداوی برای بەرەو ناو زەنگ بەرێكەوتین، ( لێرەدا گرنگە ئاماژە بە دوا دیدارم لەگەڵ دكتۆر حبیب مالح بدەم ، شەوی 4/5 /1/1980 بەمەبەستی دیدار لەگەڵ شەهید د. حەبیب مالح چوومە نەخۆشخانەی جمهوری و چاوم بە شەهید د. حەبیب مالح كەوت و، وەكو نەخۆش قسەم لەگەڵدا كردو پاشان بواری قسەكردنی رەخساندو كەمێك باسی بارودۆخی سیاسیمان كردو ئاگادارم كرد كە ئێمە لەم رۆژانە بەرەو ناو زەنگ دەرۆِین و، هیوای سەركەوتنم بۆ خواست، ووتی خۆزگەم بەئێوەو داواكارم حزب بڕیاری رۆیشتنی منیش بدات و، رێزو سەڵاوم بۆ تەواوی هاوڕێیان و زۆر تێنوی دیدارتانم.. یەكترمان ماچ كردوو بۆ هەتا هەتاێ لەیەكتر دابڕاین..

رۆژی هەینی رێكەوتی 7/1/1980 لەگەڵ هاوڕێیانی شەهید ( غەفارو مەهداوی) بەرەو قەڵادزێ بەرێكەوتین و، لەوێشەوە بەرەو خڕی ناو زەنگ گەلێك بە پەلە بووین بۆ ئەوەی بگەینە شوێنی مەبەست و بەدیداری هاوڕێیانمان شادبین... لەرێگا زیاد لەتوانای خۆمان رۆیشتین و ماندوو بوین، بەڵام كە گەیشتینە بارەگای حزبمان لە خڕی ناوزەنگ لەگەڵ هاوڕێیانمان یەكترمان گرتەوەو، ئێمەیان لەباوەش گرت و، هەموومان گەلێك تامەزرۆی دیداری یەكتر بووین، لەناكاو هاوڕێ سالار خۆی بەژوورەكەدا كردو بەدەنگێكی بەرز ووتی (یاخوا كەرو بارتان بەخێر بێت) بارەگاكەمان رۆناك بۆوەو دیداری ناوزەنگمان لەدیداری یەكەممان لە بارەگای حزب لەمەخموور ئاسودەترو گەرم و گوڕتر دەبێت لە باوەشی گەرمی خۆی گرتم و، ووتی شۆڕشەكەمان درێژ خایەنە ، بەڵام تا سەركەوتن لە تێكۆشان بەردەوام دەبین..)) هاوڕێ شەهید سالار لەناو هاوڕێیانی پێشمەرگەو لەبارەگاكانی حزبمان گەلێك خۆشەویست بوو، لە راپەڕاندنی هەموو ئەركەكانی رۆژانەی پێشمەرگایەتی لەتەك هاوڕێیان بوو، بەردەوام ڕووخۆش و دەم بە پێكەنین بوو، نەرمونیان بوو لەگەڵ هاوڕێیانی گەنج و كەم ئەزمون، گەلێك جار كە بەیەكەوە دەبووین بەردەوام دەی ووت، خۆزگە دەخوازم رۆژێك زووتر بگەڕێمەوە ناو رێكخستنەكانی حزبمان لەشارەكاندا بەمەبەستی دروستكردنەوەی رێكخستنەكان و پەرەپێدانی ئەركەكانمان و فراوانكردنی سنوری كاری چەكداری و پێشمەرگایەتیمان.. زۆر جاریش ئەم ووتەیەی دووبارە دەكردەوەو دەی فەرموو (( ماسی لەئاو دەربێنی دەمرێ حزبیش ئەگەر لە جەماوەر داببڕێ ئەوە بە دەردی ماسی دەچێت)). هاوڕێ شەهید سالار بڕوای بە توانای جەماوەر بێ سنور بوو، هەردەم داوای دەكرد بەزووترین كات بچینە ناوچەكانی دەشتی هەولێر و كەندێناوەو مەخمور..

 

بڕیارێكی گرنگ و.. هەڵوێستی هاوڕێ سالار لەبەرامبەریدا

5

حزبمان ژمارەیەك بارەگای لە زەڵێ و ناوزەنگ و توژەلە دروست كردبوو، یەكێك لە بارەگاكانی ناو زەنگ تایبەت بوو بە پێشمەرگەكانی هەولێر... رۆژانە هاوڕێیانی ئەو بارەگایە كە هاوڕێ ( كانەبی گەورە) سەرلقی بوو بەردەوام لە جوڵەو چالاكی رۆژانەی جێبەجێكردنی ئەركەكانی پێشمەرگایەتی بوون و ژماریەكی بەرچاوی كادیرە پێشكەوتووەكانی حزبمان لەم بارەگایەدا لە تەك پێشمەرگەكانی حزب ئەركی رۆژانەیان ئەنجامدەدا.. هاوڕێ سالار لە ڕاپەڕاندنی تەواوی ئەركەكانی رۆژانە بەبێ دواكەوتن وەكو پێشمەرگەیەكی بنكەكە ئەركەكانی بە باشترین شێوە رادەپەڕاند، هەر كاتێكیش نۆرەی دەهات بۆ ئەوەی خەفەر بێت بەرێك و پێكی ئەركەكەی بەئەنجام دەگەیاند و، لەبەیانییەوە تاكو شەو دەهات لە خزمەتی هاوڕێیانیدا دەبوو، گەلێك جار كە هاوڕێیان یارمەتیان دەدا لە شوشتنی قاپ و قاچاغی چێشت لێنان.. بەپێكەنینەوە دەیووت، ئیمڕۆ هاوڕێیان زبارەم بۆ دەكەن و منیش رۆژێكیتر دەبمە سەپانیان، واتە لە كارەكانی خەفارەیان هاوكارییان دەكات، گەلێك جار بەیەكەوە دەربارەی رێكخراوەكانی حزبمان و هاوڕێیان ئاڵوگۆڕی بیرو رامان دەكرد... دەی ووت ئەو ماوەیە كە لێرەین بە باشی لە رووی فیكری و سیاسیەوە ئامادە كراوین و، چاوەڕوانی ئەو رۆژە دەكەم كە بگەڕێمەوە ناو جەماوەرو رێكخستنەكانی حزبمان...

لە سەرەتای مانگی ئایاری 1980 سەركردایەتی حزب لەناو زەنگ (لیژنەی هندرێن) بڕیاریدا هێزێكی پێشمەرگەكانی هەولێر رەوانەی ناوچەكانی دەشتی كۆیە و هەولێر و كەندێناوە بكات، لەگەڵ هێزەكەشدا ژمارەیەك لەكادیرەكانی محەلی هەولێر رەوانەی ناوچەكانی هەولێر بكرێن، بەمەبەستی رێكخستنەوەی رێكخراوەكانی حزبمان و، دروستكردنەوەی پەیوەندی بە دۆست و لایەنگرانی حزبەوەو دۆزینەوەی پێگەی نوێ بۆ حەوانەوەی كادیرو پێشمەرگەی حزب، كاتێك هاوڕێ كانەبی گەورەو شەهید بەكر جۆڵاو بەندە خەریكی رێكخستنی هێزەكەی حزب بووین و، ئامادەكارییەكانمان ساز دەدا، لیژنەی مەحەلی هەولێریش كادیرەكانی سازدەدان بۆ رەوانەكردنیان بۆ ناوچەی هەولێر و رێكخستنی هاوكاری لە نێوان هاوڕێیانی كادیرو هێزەكەی پێشمەرگەی حزبمان.... بۆ ئەو مەبەستە چاومان بە هاوڕێ سالار كەوتن دەربارەی گرنگی هاوكاری نێوان رێكخستنەكانی حزب و هێزەكەی پێشمەرگە قسەوباس كرا.. هاوڕێ سالار فەرمووی ئێمە هەموومان پێشمەرگەی حزبین و بە هەموو توانایەكمان هاوكاری دەكەین و، تەواوی زانیاری و پێداویستیەكانی پێشمەرگە دابین دەكەین... بە بڕوایەكی پۆڵاینی شیوعیانە قسەی دەكردو، هێز و توانا لەسیمای دەدرەوشایەوەو، داوای دەكرد كە دەست وبرد بكەین و بەزووترین كات بگەڕێینەوەو جەختی لەوە دەكردەوە كە پێشمەرگە لە بارەگاكان بۆ ماوەیەكی درێژ بمێننەوە ئەو حاڵەتە پێشمەرگە توشی رارایی و پرتەو بۆڵە و تەمەلی دەكات، بۆ ئەوەی هێزەكەمان هەردەم ئامادەو چالاك و وریا بێت دەبێت بەردەوام لە جوڵەو چالاكی دابن... لەم دیدارەدا دوا ووتەی ئەوەبوو كە فەرمووی ئیمڕۆ گەلێك شادم و ئاسوودەم چونكە دڵنیام ئەو پەیامەی حزبمان دەگەیەنمە هاوڕێیان و دۆست و لایەنگرانی و ئاسۆ رۆنەو سەركەوتن و دوا رۆژێكی باشتر بۆ كرێكاران و جوتیاران و هەژارانی گەلەكەمانە.

رۆژی 17/5/1980 كاتژمێر حەوتی بەیانی هێزەكەمان لەلایەن هاوڕێیانەوە بەڕێكرا، تەواوی هاوڕێیانمان بەورەیەكی گەلێك بەرزەوە بەرەو ناوچەكانی هەولێر هەنگاوی یەكەمیان هەڵهێنا، چەكی پێشمەرگەكانمان بریتی بوون لە بڕنۆو پەڕەشوت و چەند كڵانشیكۆفێكی كۆن و یەك ئار بی جی و یەك كۆنە دوور بینمان هەبوو... بەڵام بڕوای هاوڕێیانمان بەحزب و جەماوەری گەلەكەیان گەلێك بەهێز بوو... هاوڕێ سالار لە رێگا بەردەوام هانی هاوڕێیانی لاوی دەداو لەكاتی پشوداندا باسی شۆرشی كوباو رۆڵی گیڤارای دەكرد.

چەند رۆژێك لەگەڵ هاوڕێ سالار بەیەكەوە بووین و هاوكارێكی باشمان بوو بۆ رێكخستنی ئیش و كارەكانی هێزەكەی حزبمان و، زۆر جار شەوان كە دەچووینە گوندەكانی دەشتی كۆیە بۆ نان خواردن و دابین كردنی خۆراكی رۆژی دوایی، هاوڕێ سالار بەردەوام لە پێشمەرگەكان و زۆرجار لەمنیشی دەپرسی ئاخۆ خواردنمان چۆن بووە، كاتێك كە گوێبیستی هاوڕێیەك دەبوو كە خواردنەكەی تەنیا نان و چای بووە.

ئەو سەردەمە پێشمەرگە بەشەو دەچووە گوندەكان، و گەلێك جار ماڵە جوتیارەكان نانی شێوانیان دەخواردو خواردنیان نەدەما، هاوڕێ سالار دەی ووت ( ئاخ لەم بارودۆخە ناهەموارە ئەم هاوڕێ لاوانە بەم شێوەیە لەتێكۆشانی بێ وچاندان و لەمردن سڵناكەنەوەو دوژمنانی گەلەكەشمان بۆ پاروێكی چەور دەبنە چلكاو خۆرو دەكەونە زبڵدانی مێژووەوەو گەلەكەمان نەفرەتیان دەكات).

هاوڕێ سالار ناوە ناوە لێماندابڕاو لەگەڵ هاوڕێ عەوڵا حاجی بەرەو دەشتی هەولێر و كەندێناوەو مەخمورو قەراج دەرۆیشتن و، خەریكی رێكخستنی حزبمان دەبوو، هاوڕێ سالار یەكجار وریا بوو هەستێكی شۆڕشگێڕی بەهێزی هەبوو كە لە جەولەكانیان دەگەڕانەوە، هەواڵ و زانیاری پێدەگەیاندین كە بۆ هێزەكەی حزبمان یارمەتیدەربوون، هەندێ جار كە بەیەكەوە باسمان لەبارودۆخی رێكخستنەكان و هاوڕێیانی حزبمان دەكرد، هاوڕێ سالار دەی ووت: هاوڕێیانمان ئامادەیی زۆریان هەیە بۆ كاری حزبی و هاوكاری ئێمەو حەوانەوەمان، هاوڕێ سالار كە باسی لە هاوڕێیانی حزبمان دەكرد سۆزو خۆشەویستی بۆیان دەباراند و ئەوەندە دڵسۆزی هاوڕێیان بوو بەردەوام دەی ووت تەنیا ئاواتم ئەوەیە كە دەچمە ماڵی هاوڕێیان لەناو ماڵەكانیان ئاشكرا نەبین و تووشی شەڕەتەقەكردن نەیەین بۆ ئەوەی هاوڕێیانمان تووشی هیچ جۆرە ئازارێك نەیەن، هەردەم ئارەزوو دەكەم دوور لە ماڵی هاوڕێیان تووشی دوژمنانی حزب بین و ئەوكاتە هەر بە پێوە شەڕ دەكەین و شەهید دەبین.

6

دوای ئەوەی سێ مانگ بەیەكەوە لە ناوچەكانی هەولێر كاری پێشمەرگایەتی و رێكخستنمان ئەنجامدا، بڕیاردرا بگەڕێنەوە بۆ بارەگاكانی ناو زەنگ و ئەنجامدانی دیدارو كۆبوونەوەی پێویستی لەگەڵ هاوڕێیانی سەركردایەتی ناو زەنگ.. پاش ئەوەی دیدارو كۆبوونەكانمان تەواو بوو پشوویەكی باشمانداو لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵ 1980 حزب بڕیاریدا بەندە لەگەڵ هاوڕێیانی فیدائیانی خەلقی ئێران كار بكەم و لە رێكخستنەكانی حزب و كاری پێشمەرگایەتی دووركەوتمەوەو، هاوڕێ سالار یش بۆ ناوچەی هەولێر بەمەبەستی سەرپەرشتی كردنی رێكخراوەكانی حزب لە ناوچەی مەخمور رۆیشت بەم هۆیەوە ماوەیەكی درێژ لەیەكتر دابڕاین، دوور بە دوور هەندێ جار هەواڵی هاوڕێیانم دەزانی... هەتاكو لە تەموزی ساڵی 1982 بڕیاردرا كە بچمە لیژنەی مەحەلی هەولێر و بەرپرسیارێتی شاری هەولێر وەربگرم.. كاتێك گەیشتمە دەشتی كۆیەو لە گوندی نێرەگین لەگەڵ هاوڕێ سالار دووبارە بەیەك گەیشتینەوەو بە دیداری هاوڕێ سالار و هاوڕێیانی تر شادبووم... ماوەیەك لەگەڵ هاوڕێیانی هێزی پێشمەرگەی حزبمان ماینەوەو، هاوڕێ سالار زانیاری زۆری پێدام و شوێن و جێگاكانی سوپاو جاشەكانی رژێمی بەتەواوەتی بۆ رۆن كردمەوەو، ئامادەیی تەواوی نیشاندا بۆ یارمەتی دانم بۆ چوونە ناو شاری هەولێرو هەروا باسی لە پەرەسەندنەكانی رێكخستنەكانی حزبمان كردو، ئەوەی خستەڕوو كە كاری حزبیمان وریاییەكی زۆری دوێت گرنگە هەستی شۆڕشگێڕیمان هەبێت لە بەرامبەر پیاوانی رژێم كە بە هەموو شێوەیەك هەوڵی دزەكردنی ناو رێكخستنەكانمان دەدەن.

دوا كار كە بەیەكەوە ئەنجاماندا رێكخستنی پەیوەندییمان بوو، واتە چۆنیەتی ئاڵوگۆڕكردنی پۆستەی بەریدی نێوان ناو شار و دەرەوە.. دوای ئەوەی كارەكانمان تەواو كردو بڕیارماندا ئێمە واتە شەهید كۆچەر و هاوڕێ ئارام لە هێزەكەی حزبمان دابڕاین و لەرێگای رێكخستنەكانی حزبمانەوە گیشتینە ناو شارو دەست بەكاربووین، بەشێوەیەكی زۆر باش ئەركەكان ئەنجام دەدران و، رێكخستنەكانی حزبمان لە تەواوی پارێزگای هەولێر فراوان دەبوون و، پێگەی حزبمان لە رێزی قوتابیان گەلێك بەهێز بوو، بەردەوام پۆستەی حزبمان دەگەیشت و، هاوڕێ سالار و هاوڕێیانی تری محەلی پەیوەندی بەردەوامیان لەگەڵمانە دەبوو... لەكاتی پێویستدا ئێمە لە ناو شارەوە دەچوینە دەشتی كۆیەو دیدارو كۆبونەوەمان لەگەڵ هاوڕێیان ئەنجامدەدا.. لە دیدارێكی هاوڕێیانی لیژنەی مەحەلی هەولێر لەدەشتی كۆیە، باس لەپتەوبوونی رێكخستنەكانی حزبمان لەناو شاری هەولێر و دەوروبەری كراو هاوڕێیان بە چاكیان زانی كە كۆبوونەوەی بەشێكی هاوڕێیانی لیژنەی مەحەلی هەولێر لەناو شاری هەولێر گرێبدەین و راگەیاندراوێك بڵاوبكەینەوەو تێدا رابگەیەنین كە یەكەمین كۆبوونەوەی لیژنەی محەلی هەولێر لەناو شاری هەولێر سازدراوە، ئەو راگەیاندنە دەبێتە هۆكارێكی بەهێز بۆ بەرزكردنەوەی ورەی هاوڕێیان و زیاتر چوونە ناو جەماوەر و بڵاوكردنەوەی هەواڵ و دەنگ و باس و چالاكییەكانی حزبمان، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاردرا ئێمە لەناو شار شوێن و كاتی كۆبوونەوەكە دیار بكەین و، پاشان لەناو شار شوێن و كاتی كۆبوونەوەكە دیار بكەین و، پاشان لە رێگەی هاوڕێ سالار ەوە ئاگاداری هاوڕێیان بكەین، هەروا لەم دیدارەدا نامەیەكمان ئاراستەی مەكتەبی مەحەلی و مەكتەبی لیژنەی هەرێمی كوردستانی حزبمان كرد كە كۆبوونەوەیەك لەناو شار ساز دەدەین.

یەكەمین كۆبوونەوەی لیژنەی محەلی هەولێر لەناو شاری هەولێر

7

لەناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەمی 1984 لەگەڵ هاوڕێی شەهیدی ئازاو قارەمان هاوڕێ كۆچەر و هاوڕێ ئارام گەڕاینەوە ناو شار، لەگەڵ هاوڕێ شەهید كۆچەر باسم لە پێویستی ماڵێكی نهێنی حزبی كرد بۆ كارێكی گرنگ و زۆر پێویست كە دەبێت لەم ماوەیەدا سازی بدەین، بەیەكەوە چەند ماڵێكمان خستە بەرباس و وتووێژكردن لە ئەنجامدا هەردوولامان ماڵی هاوڕێ محمد شەریف مان بە باش زانی، هاوڕێ محمد شەریف كرێكار بوو لە (معمل البان) هاوڕێیەكی گەلێك دڵسۆز و ئازاو نهێنی پارێز بوو، هەردەم ئامادەبوو تەواوی كارەكانی حزبمان لەماڵەكەیدا بەڕێوەبەرین... كاتێك پەیوەندیم بە هاوڕێ (محمد شەریف)ەوە كرد هەروەكو هەموو جارێك ووتی ماڵەكەم ماڵی حزبەو هەموومان لە خزمەتی حزبداین... كۆتایی مانگی تشرینی یەكەممان بۆ كۆبوونەوەكە دیاریكردو هەموو ئامادەكارییەكمان دابین كردبوو، ئاگاداری هاوڕێ سالارم كردو شوێنی كۆبوونەوەكەو كاتەكەی دیاركرا... هاوڕێیان شەهید سالار و م. گۆران لە دەرەوەی شار هاتن و هاوڕێ ئەحمەد عەوێنە هەر لەناو شار بوو ئامادەبوون ، كاتژمێر 8ی بەیانی كۆبوونەوەكەی مەحەلی گرێدراو، خشتەی كاری كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە باری سیاسی و دەربارەی رێكخستنەكانی حزبمان و چۆنیەتی هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی حزب لەناو شارو لادێیەكان... كۆبوونەوەكە تاكو ئێوارە درێژەی كێشاو زۆر بەگەرم و گوڕییەوە باس لە خاڵەكان دەكراو، هاوڕێ سالار لە خاڵی هاوكاری لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی حزبمان پێشنیاری كرد كە پێویستە رێكخستنەكانی ناو شاری حزبمان هەندێ خاڵی لاوازی پیاوانی رژێم دیار بكەن و هاوكاری بكەن لەگەڵ هاوڕێیانی پێشمەرگە بۆ ئەنجامدانی ژمارەیەك چالاكی پێشمەرگانە لەناو شار، هەروا كاتێك پێشنیاری لیژنەی شاری هەولێرم خستە بەردەم هاوڕێیان بۆ دامەزراندنی چاپخانەیەكی بچوك كە بریتی بێت لە رۆنیۆیەك و دوو تایپ، بەڵام پێویستمان بە ماڵێكی حزبیە لە دەرەوەی شار بۆ ئەوەی بتوانین چاپەمەنیەكان بەئاسانی بگەیەنینە رێكخراوەكانی قەزاكانی هەولێر، هەروا پارێزراوتر دەبێت.. هاوڕێ سالار یەكسەر ووتی ئێوە ئامێرەكان ئامادە بكەن و ئێمە ماڵێكی حزبی زۆر گونجاو دەكەین و، هەموو پێداویستیەكانیش بەباشترین شێوە دابین دەكەین.. لەم كۆبوونەوەیەدا هاوڕێ سالار ووتی دەبێت هاوڕێیانی ناو شار وریا بن و نابێت بەهیچ جۆرێك دەستگیر بكرێن، بەڵكو دەبێت هەردەم ئامادەیی شەهید بووبن و، پێویستە بەردەوام گوللەیەكی زیادەیان لابێ و كاتێك تووشی پیاوانی رژێم بن دوای مقاوەمەو شەڕكردن ئەگەر شەهید نەبوون دەبێت هاوڕێ خۆی بەدەستی خۆی شەهید بكات، بۆ ئەوەی هاوڕێیان و رێكخستنەكانی حزبمان تووشی هیچ جۆرە گیروگرفتێك نەیەن... دوای وتەكانی هاوڕێ سالار ، ووتم بۆ ئاگاداری ئێوە، هاوڕێ كۆچەر لە هەموو كۆبونەوەكانی لیژنەی شار بەردەوام دوای كۆتایی كۆبونەوە بەیادمان دەخاتەوەو، دەڵێت گوللە زیادەكەم لایە هاوڕێیان ئێوە لەبیرتان بێت. كاتێك هاوڕێ كۆچەر لەناو شاری هەولێر ڕووبەڕووی پیاوانی رژێم بووەوە، مقاوەمەیەكی شێرانەی كردو ژمارەیەك لە پیاوانی رژێمی كوشت و برینداركرد، لەدوایدا بە دەستی خۆی بە گوللە زیادەكەی خۆی شەهید كردو، بووە شەهیدی مقاوەمەو ناوداری حزبمان، لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە دڵسۆزی و ئازایەتی ئەندامانی خانەوادەی هاوڕێ (محمد شەریف)بكەم و كە بە درێژایی ئەو رۆژە هەموویان نیگابان بوون و، خزمەتێكی زۆری هاوڕێیانیان كردو، خواردنێكی شاهانەیان ئامادەكردبوو.

گیرانی پۆلێك پێشمەرگەی حزبمان و

كاریگەری لەسەر رێكخستنەكانی حزب

8

رێكخستنەكانی حزبمان لە تەواوی شارو شارۆچكەكانی كوردستان فراوان ببون، پەیوەندی توندوتوڵیان بە جەماوەرەوە بەرەو رێكخراوەیی دەچوو، هاوڕێیانمان لە هەموو چالاكییە جەماوەرییەكان رۆڵی بەرچاویان هەبوو، بەتایبەتی بەرەنگاربوونەوەو خۆپیشاندانەكانی قوتابیانی هەولێر لە ساڵی 1984...

پەیوەندییەكانی رێكخستنی ناو شارو دەوروبەر گەلێك رێكوپێك بوو، پۆستەی سەركردایەتی حزبمان لە بارزانەوە بەبێ دواكەوتن دەگەیشت و پێچەوانەكەشی بەدروستی جێبەجێ دەكرا.

رێكخستنەكانی حزبمان و دۆستان و لایەنگرانی حزبمان تواناو ئامادەیی حەوانەوەی دەیان كادیرو پێشمەرگەیان هەبوو، پیاوانی ئەمن و بەعسیە ئەڵقە لەگوێیەكان جۆرەها پیلانیان بەدەستەوەبوو، بەمەبەستی تێكشاندنی رێكخستنەكانی حزبمان و دابڕانی ئەندامانی حزب لە جەماوەر، لە كۆبوونەوەكەی ئەندامانی مەحەلی لەناو شار، هاوڕێیان باسیان لەم بابەتە كردو جەخت لەسەر پەیڕەوكردنی رێنماییەكانی خۆپاراستن كرایەوە، هاوڕێ سالار بەردەوام دووپاتی دەكردەوە كە ترسی هەرە گەورە لەناو شاری هەولێر ڕووبەڕوومان دەبێتەوە... لەم كۆبونەوەیەدا مەسەلەی هاتنە ناوەوەوی پۆلێكی پێشمەرگەی ئازاو دلێری حزبمان كراو بەباش زاندرا كە ئاگاداری سەركردایەتی مەڵبەندی هەولێری پێشمەرگە لەبارزان بكرێت بۆ گێڕانەوەی پێشمەرگەكانی بۆ بارزان.

شەوی 9/10/ 11/1984 ئەو پۆلە پێشمەرگە قارەمان و نەترسانە كەوتنە داوای پیاوانی ئەمنی هەولێر و ( ساردەمەنی كە دەرمانی بێهۆش كاری ) تێدابوو پێشكەشیان كرابوو، لە رێگای خیانەتكار ( مەمۆ ) وە، لەم نوسینەدا ئەو رووداوە ژان نەبڕاوە جێگای باسكردنی نابێتەوە.

ئەم رووداوە كاریگەرییەكی فەرەلایەنی لەسەر رێكخستنەكانمان دروست كردو، ژمارەیەكی زۆر هاوڕێیان و ماڵەكانیان بەردەوام لە دڵەڕاوكێ دابوون ، بەهۆی ئەوەی ئەم پێشمەرگە تێكۆشەرانە لەماڵەكانیاندا ژیا بوون، هەرچەندە هەموو هاوڕێیانی پێشمەرگەكانی حزبمان كە لەناو شاری هەولێر دەسگیركران، پاڵەوانانەو نەترس لەمردن ڕووبەڕووی پیاوانی ئەمن بوونەوەو تەواوی نهێنیەكانی حزبیان پاراست، بەڵام پیاوە بودەلەكانی حزبی بەعس و دامودەزگاكانی جۆرەها پڕوپاگەندەیان رۆژانە لە دژی حزبمان و هاوڕێ تێكۆشەرەكان بڵاودەكردەوەو، هەوڵی دزە پێكردنی پیاوەكانیان دەدا بۆ ناو رێكخستنەكانی شاری هەولێر بارودۆخەكە یەكجار سەخت بوو، بە ئاشكرا پیاوانی ئەمن ناوی كادیرەكانی حزبیان لە رێكخستنەكانی حزبمان كە بەنهێنی هاتبوونە ناو شار بڵاودەكردەوە، بە ئامانجی خوڵقاندنی ترس و بێ بڕوایی لەناو ریزەكانی رێكخستنەكانماندا...

لەم بارودۆخە پڕ مەترسییەدا لیژنەی شاری هەولێر بە ئامادەبوونی هاوڕێ شەهید كۆچەر و هاوڕێ ئارام لە ماڵی ( حاجی حەسەن حاجی سمایل ) لە گەڕەكی ئازادی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی گرێداو، باس لە هەل و مەرجە نوێكە كراو ، بڕیاردرا كە لە جاران زیاتر بە نهێنی جوڵە بكەین، ورێكخستنەكان رێكبخەیەنەوەو، هاوڕێیان دڵنیا بكەین كە پێشمەرگە ئازاكان رۆڵە بەوەفاكانی حزبمان بە گیانی خۆیان نهێنییەكانی حزب دەپارێزن و، سەربەرزانە شەهید دەبن، هەروا بڕیاردرا كە هاوڕێیانی بەرپرسی قەزاكان كە لە مەخمور هاوڕێ سالار لەدەوروبەری شار، هاوڕێ مامۆستا گۆران لە كۆیە، هاورێ حەسەن كاكە لە قەزای شەقڵاوە هاوڕێ شەهید تۆفیق هەریری ئاگادار بكرێن كە ئێمە لەناو شار بەردەوام دەبین و لە رێكخستنەكان دوور ناكەوینەوە، داوا بكەین كە هەندێ شوێن و ماڵ بۆ حەوانەوەو داڵدەدانی هاوڕێیان ئامادە بكەن، بۆ كاتی پێویست و هەر رووداوێكی ناكاو كە لەلایەن پیاوانی ئەمنەوە بكرێتە سەر ئەندامان و رێكخستنەكانی حزبمان...

هاوڕێیان زۆر زوو وەڵامی نامەكەیان دایەوەو ئامادەباشی رێكخستنەكانیان خستەڕوو، لێرەدا گرنگە ئاماژە بە ناوەڕۆكی نامەی هاوڕێی شەهید سالار بدەم وای نووسی بوو... (هاوڕێیانی بەڕێز...بەداخەوە كە ئەو زیانە گەورەیە لە جەستەی حزبمان كەوت، دەستخۆشیتان لێدەكەم كە لە ناو جەرگەی شاری هەولێر كۆبوونەوەتان سازداوە، هەروا ماونەتەوە لەناو شار هەرچەندە پڕ مەترسیە، بەڵام لە رۆژگاری وادا هەر دەبێت ئەوە ئەركی هاوڕێیانی شیوعی بێت، ئێمە بە هەموو تواناكانمان لەخزمەت ئێوەداین و، ماڵێكی حزبمان لەنزیك گوندی مامزاوە هەیەو لە هەر كاتێكی پێویستدا دەتوانن بگەنە شوێنەكەوەو ئێمە دەگەینە لاتان.... هاوڕێیانی ئازیزم تكایە زۆر زۆر وریاو هێمن بن و نەكەونە دەستی دوژمن و، هەرچەندە ئەو قسەی دەیكەم زۆر ئازارم دەدات، بەڵام بەرژەوەندی حزبمان ئەوە دەخوازێت، تكایە گوللە زیادەكە لەبیرمەكەن و شەهید بوونی سەربەرزانەی ئێوە هێزو توانا بە هەموو لایەكمان دەبەخشێت )).

دڵسۆزتان سالار

بڕیاری كشانەوە لەناو شار

9

دوای ئەو كارەساتە ژان بەخشەی ئاراستەی حزبمان لە ناو شاری هەولێر كرا، هاوڕێیانمان كەوتنە داوی خیانەتكارییەوە كە لەلایەن دامو دەزگاكانی رژێمی رەفتار فاشی حزبی بەعسی گۆڕ كراوەوە، بەچاو ساغی و هاوكاری (مەمۆ )ی خیانەتكار ئەنجامدرا... لیژنەی شاری هەولێری حزبمان، حزبی شیوعی عێراق، بەردەوام بوو لە راپەڕاندنی ئەركەكانی رۆژانەی حزبی و جەماوەری، مەكتەبی لیژنەی هەرێمی كوردستان و مەكتەبی لیژنەی مەحەلی هەولێر لە پەیوەندی بەردەوام دابوون لەگەڵماندا، رێنمایی بەردەوامیان بۆ ئەوەبوو كە رێكخستنەكان بۆ رووداوی نەویستراو و ناكاو ئامادە بكەین و، بەشێوەیەكی گونجاوتر بۆ رووبەڕووبونەوەی دوژمن خۆمان رێكبخەین، هەروا داوا كرا كە چەند ماڵێك و شوێنی نوێ و نەناسراو ئامادە بكەین، بۆ ئەوەی بتوانن هاوڕێیانی نەناسراو لە ریزەكانی پێشمەرگە رەوانەی ناو شار بكەن، بەمەبەستی ئاڵوگۆڕكردنی هاوڕێیانی ناو شار بە كادیری ئامادەكراو بۆ راپەڕاندنی ئەركەكانی حزبمان، بەپێی رێنماییەكان، هاوڕێیانی لیژنەی شار بەردەوام بوون لە رێكخستن و ئامادەكردنی پێداویستیەكانی كاری رۆژانەی حزبی و چوونە ناو جەماوەر و، دابەشكردنی بڵاوكراوەكانی حزبمان و، كۆكردنەوەی پیتاك بۆ هاوكاری و یارمەتیدانی لیژنەی هەرێمی كورستان و مەكتەبی مەحەلی هەولێر لە ناوچەی بارزان، ئەو كاتە بارودۆخی دارایی حزبمان باش نەبوو، دوای رووداوەكانی پشتئاشان لە دۆخێكی ناهەموارو نەگونجاو و پڕ لە گیروگرفتی رۆژانە كاری حزبیمان ئەنجامدەدا، هاوڕێیان شەهیدی مقاوەمە، هاوڕێ كۆچەر و، هاوڕێ ئارام و بەندە لەگەڵ ئەندامانی تری كۆمیتەی شاری هەولێر بەردەوام بوین، كارەكانمان رێكخست و بارودۆخەكە بەرەو ئارامی و ئاسودەیی و رێكوپێكی رۆیشت، پەیوەندی بەردەوامیشمان لەگەڵ هاوڕێ سالارو هاوڕێیانی تری لیژنەی مەحەلی هەبوو...

لە سەرەتای مانگی ئایاری 1985دا نامەیەكی سەركردایەتی لیژنەی هەرێمی كوردستان لەرێگای مەكتەبی محەلی هەولێرەوە گەیشتە دەستمان، لەنامەكەدا هاتبوو ( دەبێت بەزووترین كات بگەڕێنەوە بۆ ناوچەی بارزان، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ هاوڕێ سالار و م.گۆران رێكبكەون و هەمووتان بگەڕێنەوە، لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری 1985 كۆبوونەوەی لیژنەی شارمان لەماڵی هاوڕێ (محمد مولود) لە گەڕەكی ( كوران ) گرێدا، هاوڕێ محمد كرێكاری كارگەی جگەرەبوو.. لەم كۆبونەوەیەدا لەبەر رۆشنایی نامەكەی سەركردایەتی حزب بڕیارماندا ئێمە واتە شەهید كۆچەرو ئارام و بەندە لە رێكخستنەكان دوور بكەوینەوەو، تاكو 1/6/1985 خۆمان ئامادە بكەین و، بەهاوكاری هاوڕێیان لە رێكخستنەكانی دەرەوەی شاری هەولێر دەربچین، پەیوەندیم لەگەڵ هاوڕێ سالار و م. گۆران سازداو هاوڕێ سالارو هاوڕێی شەهید ئەحمەد و مام وسو لە گوندی مامزاوە یەكبگرین، داخی گرانم دوای ئەو كۆبوونەوەیە هاوڕێی ناودارمان شەهید كۆچەر دوای ئەوەی پیاوانی رژێم ماڵەكەیان گەمارۆدا، دوای مقاوەمەیەكی شێرانە، رۆڵەیەكی شیوعی بەدەستی خۆی خۆی شەهید كرد.

لەكاتی دیاریكراودا لەگەڵ هاوڕێ ئارام لەشار دەرچووین، بەرەو گوندی مامزاوە چووینە ماڵی هاوڕێ محمد عەبا بكر، دوای پشودانێكی پێویست چووینە ئەو ماڵەی كە هاوڕێ سالار بۆی ئامادەكردبووین، پاشان هاوڕێ شەهید سالار و شەهید ئەحمەد كادیر و هاوڕێ مام وسو گەیشتین و بەدیداریان شادو دڵخۆش بووین. هاوڕێیان گەلێك دڵگران و بەئازار بوون، بە لەدەستدانی كادیرێكی لێهاتووی حزبمان هاوڕێ كۆچەر.

هاوڕێ شەهید سالار ئاگاداری كردین كە شەو دەچینە گوندی هێلەوەو لەگەڵ هاوڕێیان م.گۆران و هاوڕێ محسن دەشتی، یەكدەگرین و هەموو پێویستیەك ئامادەیەو لەم رۆژانە بەرەو ناوچەی بارزان بەرێدەكەوین.

دوای ئەوەی لەگەڵ هاوڕێیان بەیەك گەیشتین و هاوڕێ محسن دەشتی بەرپرسیارێتی مەفرەزەكەی گرتە ئەستۆ تا گەیشتینە ناوچەی بارزان و خۆمان لەباوەشی گەرمو دڵسۆزانەی هاوڕێیان دۆزیەوە. دوای كۆبوونەوەی لیژنەی مەحەلی لەگەڵ هاوڕێ سالار و هاوڕێیانی ترم ئەنجامدا لە كۆبونەوەكەدا هاوڕێ فاتح رەسول و مەلا حەسەن یادیان بەخێر سەرپەرشتی و بەشداریان كرد.

كۆبوونەوەیەكی گەرم و گوڕبوو، گەلێك راپۆرت و نامەی رێكخراوەكانی حزبی تێدا دیراسەكران، هەردوو هاوڕێی شەهید سالار و تۆفیق حەریری لە كۆبوونەوەكەدا رۆڵی گرنگیان لەگەڵاڵەكردنی هەندێ بڕیار بینی.

دوای كۆبوونەوەكە بەندە بۆ مەرانە بەرێكەوتم و بۆ دواجار هەردوو هاوڕٍێم شەهید ( سالارو تۆفیق هەریری)م لەباوەش گرت و بێ ئەوەی بزانم بەدیداریان شاد نابمەوە.

هەزاران سڵاو بۆ شەهیدانی بەرگری و مقاوەمەت....

14/2/2013

تێبینی:

یەكەم/ ئەمەش ناوی پۆلە شەهیدەكەیە كە لەناو شاری هەولێر لەشەوی 9/10/ 11/1985 دەسگیركران و پاشان لەسێدارەدران.

1- عەباس محمد- سەرلق.

2- ئەدهەم عپمان محمد – داود – سەرپەل.

3- كاكل محمد رسول – بڕیار – سەرپەل.

4- فاچل سعدی – سەرباز – پ.م.

5- عادل یابە – فاچل – پ.م.

6- عباس عبداللە رابی – سەرباز – پ.م.

7- جعفر علی – رێبوار – پ.م.

8- فهد الیاس هرمز – فەرهاد – پ.م.

9- سلام محمد علی – دلۆڤان – پ.م.

10- دلشاد محمد – دلشاد- پ.م... برای شەهید پێشڕەو.

11- زهیر بهنام – نەبەز – پ.م.

12- یوسف یونس گزاز – فكرت – پ.م لەنەتەوەی عەرەب بوو.

13- عبدالقادر عزیز – پ.م.

دووەم/ ئەو هاوڕێیانەش لەناو شاری هەولێر تازە پەیوەندییان بەهاوڕێیانەوە كردبوو بۆ ئەوەی ببنە پ.م ئەوانیش گیران و حوكمی هەتاهەتای دران پاشان ئازاد كران.

1-عبدالواحد عبدالقادر – باوكی ئیمام – گابوری عەسكەری بوو.

2- سید علی.

3- سید شێرزاد.

4- علا‌و عبدالحسین محمد – قوتابی كۆلیژی كشتوكاڵ بوو وە لەنەتەوەی عەرەب بوو.

سێیەم/ هاوڕێ یەحیا برای شەهید (داود) ئەویش لەناو شاری هەولێر دەسگیركراو حوكمی هەتاهەتایە درا، پاشان ئازاد كرا.

  • 1