له مێژووی بزووتنه‌وه‌ی هاوڕێیان له هه‌ولێر
شەهید سەرکەوت خدر کاکیل، پاڵه‌وانی گەرمێن و دەشت
نووسینی: موحه‌مه‌د عه‌لی موحه‌مه‌د(ئه‌بو ئه‌حرار)
وه‌رگێڕانی: نافع دیبه‌گه‌یی
یه‌که‌مین دیدارم لەگەڵ ئەو لەم بارەگایە لاچەپەکانە بوو. ئەولاوێک بوو له ته‌مه‌نی گوڵ؛ بەژنی کورت بوو، لێ گیانی پڕبوو لە گوڕ و تین. جوانییەک نیگاکانی دەبڕی و شەوقێکی پڕ لە زیرەکی لە نێو چاوانیدا هەبوو. من زانییم که ئه‌و کوڕی شه‌هید (خدر کاکیل) ە ، قاره‌مانی ئه‌فسانه‌یی و سهرکردهکەمان لە شەڕی کارۆخ. ئەو ده‌ستی ڕاستەی بریندار بوو و تەواوی قۆڵی بە برینپێچ داپۆشرابوو.
" ئازیزم سەرکەوت، ئێستا حاڵت چۆنه ؟ " لێیم پرسی.
ئه‌مه یه‌که‌م ئاخاوتنم بوو لەگەڵ ئەو. بێئەوەی لێی بپرسم که چۆن و که‌ی و له کوێ بریندار بووە. خۆم و تێکڕای هاوڕێیان که له‌لای بووین و بە شه‌ڕی قاره‌مانانه‌ی ده‌شتی هه‌ریرمان زانی که له گوندی (جه‌مه‌سۆر) له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌ی شه‌هید (ملازم ره‌نجبه‌ر) لە بەرانبەر تاقمی به‌کرێگیراوی تاوانبار (عه‌زیز مه‌ولود) ئەنجامدرا. ئەم تاقمەی که له پێنجی ئایاری ١٩٨٥ کەمینێکی پڕ لە غەدریان بۆ هاوڕێانی ئێمە دانابووه‌وه. لەم شەڕەدا لە لایەک سه‌رۆک جاشەکە و سێ جاشی کوژرابوون، لە لایەکی دیکە ملازم ڕه‌نجبه‌ری قاره‌مان شه‌هید بوو و سه‌رکه‌وتیش بریندار ببوو.
" گوێی پێ مه‌ده ئه‌وه خه‌ڵاتی تێکۆشه‌رانه!" ئینجا پێیم گوت: "سه‌رکه‌وت، ئایا ده‌زانیت باوکت چیڕۆکی کوڕه بچووکه شێلگیرەکەی خۆی بۆ ده‌گێڕاینه‌وه‌و که ده‌یویست له‌ته‌ک باوکی چه‌ک هه‌ڵبگرێ و هه‌میشه ڕووبەڕووی ئه‌وانه ده‌بووه‌وه که دژی حزب بوون، ئه‌و کوڕه تۆ بوویت؟" ئیدی ده‌ستمان به قسان کرد و گوتم:" له کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٨١ له شاخی کارۆخ ناچارکرابووین لە بەرانبەر هێرشەکانی (ینک) به‌رگری له خۆمان بکه‌ین." سه‌رکه‌وت گوێی له قسه‌کانم گرتبوو و بزەی دەهاتێ و جۆرە خۆشییەک لە سه‌ر ڕوخساری دەنیشت.
ئەو پێی‌خۆش بوو لەگەڵ من و ریاز و هەندێک هاوڕێیان بەشداری ئەم کارە بێت کە دەستمان پێ‌کردبوو. کە بریتی بوو لە پاککردنەوەی ئەم ڕایه‌خ و پۆشاکانەی هەمانبوون بە کەڵک وەرگرتن لێ تینی بەگوڕی خۆر.
من پێیم گوت: " تۆ واز له‌م کارە بهێنه و بڕۆ بحه‌سێوه." لە بەرانبەردا ئەو لێی پرسیم: "ئایا تۆ له‌گه‌ڵ باوکم بوویت له مه‌فره‌زه‌کان و ناوچەی باڵه‌کاییه‌تی؟" وەک ئەوەی بیەوێت پتر گوێ له چیڕۆکه‌کانم بگرێت دەربارەی باوکی قارەمانی. من پێیم گوت کە من زۆر له‌گه‌ڵ باوکی نه‌مامه‌وه، بەڵکو ته‌نها له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی (ی ن ک) له‌گه‌ڵی بووم. له زستانی ١٩٨١ و به‌هاری ١٩٨٢ که له‌گه‌ڵ هاشم و کانه‌بی گچکه و ئه‌وانی دیکه بووین، له دامێنی شاخی کارۆخ ئه‌و ڕۆژه‌ی کاوڕێکمان له شوانێک کڕی و شه‌هید (خدر کاکیل) سه‌ری بڕی وهه‌ر خۆی که‌وڵی کرد و پارچه پارچه‌ی کرد و بۆ خواردنی به‌یانی سه‌روپێی بۆ لێناین، بێ ئه‌وه‌ی هیچ مه‌نجه‌ڵ و که‌لوپه‌ڵی چێشت لێنانمان پێ بێت، ئەو پێسته‌ی کاوڕهکهی وه‌رگێڕاو وه‌ک کیسه‌ی لێکرد و سه‌روپێکه و هەرچی هێسک و پروسکی هەبوو تێیکرد و خستییە ژێر ئاخ و ئاگری له‌سه‌ر کرده‌وه کە ژیڵەمۆکانی هەتا سەر لە سپێدە گەشاوە بوون. سه‌روپێکه زۆر خۆش بوو و هەموومان چێژمان لێی بینی.
سه‌رکه‌وت زۆر بە تامەزرۆیی گوێی لێ گرتبووم و پاش ئەوەی هاوڕێیەتیمان بەخێرایی دروست بوو. لێیم پرسی: " سه‌رکه‌وت، ئایا تۆ عاشقییت؟" ئەو پیکه‌نی وددانەکانی دەرکەوتن و وەڵامی دامەوە: " نا بابه عاشقی چی!" من ده‌مزانی که هاوڕێیانی لاو حه‌زیان له‌م جۆرە ئاخاوتنانەیە، به‌ڵام سه‌رکه‌وت لە کاتی گاڵتەکردنیشدا شه‌رمن بوو. بەڵام ئەو نیگا تیژەکانی دەبڕیە سەر کەسێک کە باسی مەسەلەکانی شۆڕش و جوامێری و داستانەکانی دەکرد. چه‌ندین جار داوای لێ ده‌کردم کە دووبارە باسی داستانی شاخی (حه‌سه‌ن به‌گ)ی بۆ بکه‌م . لە هەمان کاتدا ئەو باسی بەرەنگاربوونەوەی بۆسه‌ی جاشه‌کانی بۆ ده‌کردم له (جه‌مه‌سۆر) و چۆنیه‌تی شه‌هید بوون و برینداربوونی هاوڕێانی، هەروەها بەشداربوونی لە مەفرەزەکانی دیکە.
ئەو جارێکیان بە گللەیی و سه‌رسوڕمانه‌وه هاتە لام کە هەندێک لە هاوڕێیانی بارەگا گیانلەبەری خشۆک و نامۆیان ده‌خوارد. من پێکه‌نیم و پێیم گوت: " منیش وه‌ک تۆم سەرکەوت. له‌و کاتەی کاری وا دەکەن من سەد مەتر لێیان دوور دەکەومەوە.
لە بارەگاکەدا ئه‌وه سروشتی سه‌رکه‌وت بوو، زۆر هێمن بوو و بەحاڵ ده‌نگی ده‌بیسترا. وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێیت کە ئەو هەرگیز له‌لات نییه. مه‌گه‌ر تەنها لەو کاته‌ی ئاخاوتنێکی دەکرد، گوێت له‌ده‌نگی ده‌بوو.هه‌میشه بۆنی هه‌واڵی مه‌فره‌زه‌کانی ده‌کرد و به‌ڵکو چاوی لەسەر جووله‌ی هاوڕێیان بوو. ته‌نانه‌ت جارێکیان هاته لام و نیگەرانی پێوه دیار بوو و پرسی: " ئێمە بەرەو کوێ دەچین؟"
من پێیم گوت: " ده‌چم بۆ باره‌گای (مه‌رانێ) لە بادینان بۆ سه‌ردانی (ئهبولفهوز)ی هاوڕێم و ئازووقه‌ش له‌وێ ده‌هێنم." ئه‌و لای وابوو ئێمە بەرەو ده‌شتی هه‌ولێر دەچین و نایدرکێنین. بەمەیش خۆشەویستی ئەو بۆ بەشداریکردن لە مەفرەزەکان ڕەنگی دەدایەوە. پێیم گوت: " هانێ ئەوە دەلیلە، سه‌رکه‌وت!" بریتی بوو لە دوو ماینی ئامادەکراو لە خوارەوە لە بارەگای (عەلی ڕەزگە). ئینجا توره‌که‌یه‌کی سپییم پێیدا کە جلیکانێکی پێنج لیتری تێدابوو و به‌ده‌ستی (ئه‌بو خالیدی خه‌یات) لەوێدا حەشاردرابوو. هەروەها بڕێک پاره‌شم پێدا بۆ ئەوەی جلیکانەکە لە گوندێکی سه‌ر ڕێگەی (مه‌رانێ) پڕ لە شیری مەردان بکه‌ین. توره‌که‌که بۆنێکی توندی شه‌ڕابی لێ ده‌هات، ئیدی ئەو پێکه‌نی و پلارێکی هاویشت و گوتی:" هاوڕێ، ئاگاداربە خۆت سه‌رخۆش نهکەیت". بەمجۆرە گاڵتەی لەگەڵم کرد. منیش پێیم گوت: " هاوڕێم ده‌زانم زۆر به په‌رۆشی بۆ به‌شداریکردن ، به‌ڵام په‌له مه‌که تۆ هێشتا دەستت چاک نه‌بۆته‌وه، و ئێمه‌ش ماوه‌یه‌کمان پێویسته هەتا به مه‌فره‌زه بۆ ده‌شتی هه‌ولێر بچین.
*** *** ***
رۆژی ٢٨ی ئابی ١٩٨٦ڕۆژێکی ئاسایی نه‌بوو لە ژیانی بارهگاکەماندا، جووله که‌وتبووه نێو بارەگای فه‌وج و قاتیع و هه‌موو ئاگاداربوون که مەفرەزەکان به‌سه‌رکردایه‌تی (مام عجیل) جێگری ئامر فه‌وجی پێنج به‌ره‌و هه‌ولێرو ده‌وروبه‌ری ده‌ست به‌جووله دەکه‌ن،. لێره ڕۆڵی (سه‌رکه‌وت)ی شێڵگیر هاتبووه پێش، چونکە لێمان یاخی ببوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوی له‌نێو ئه‌و پێشمه‌رگانه تۆمار نه‌کرابوو کە دەڕۆیشتن. هۆکارەکەش ئەوە بوو کە هێشتا برینه‌که‌ی ده‌ستی بوو ساڕ‌ێژ نه‌ببوو. پزیشک ئامۆژگاری کردبوو کە بحەسێتەوە و چاره‌سه‌ری وەربگرێت. به‌ڵام ئه‌و ڕه‌تی ده‌کرده‌وه، ڕژد بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به (سریه)که‌ی بکات له سریه‌ی (به‌ڕانه‌تی) که تازه دامه‌زرابوو هەتا له ده‌شتی هه‌ولێر ده‌ست به‌کار بێت و ڕابەرایەتی کردنیشی بە (ئه‌بوو ئه‌حرار) درابوو. نوسینگه‌ی فه‌وج نه‌یتوانی هاوڕێ (سه‌رکه‌وت) ڕازی بکات بۆ ئەوەی له باره‌گا بمێنێتەوە، چونکە ئەو پێداگری دەکرد کە ده‌ستی سەلامەتە.ئەو بە توڕەیی مشتومڕی لەگەڵ (ملازم شوان) دەکرد و دەیگوت: " باری ته‌ندروستیم زۆر باشه و دەستم بە چاکی کار دەکات. خۆم به‌رپرسیاریەتی ڕۆیشتنم هەڵدەگرم." مه‌ترسیی هاوڕێیان لە جێگەی خۆیدا بوو، (سه‌رکه‌وت) کوڕی شەهیدی قاره‌مان (خدر کاکیل) بوو. ڕاسپارده‌ی حزبیش ئەوە بوو که ئاگاداری منداڵی شه‌هیدان بین و به‌تایبه‌تیش کە (سه‌رکه‌وت) بە شێوەیەکی سەیر لە شه‌ڕی دوایی ده‌ربازی ببوو. لەم کاتەدا هاوڕێیان هەناسەی خۆشیان هەڵکێشابوو، چونکە خوانه‌خواسته ئه‌گه‌ر شه‌هید ببوایە بۆ خێزانه‌که‌ی کۆستێکی گەورە و زیانێکی مەزن ده‌بوو. به‌ڵام هاوڕێ (سه‌رکه‌وت) گوێی به هیچ له‌مانه نه‌دا. ته‌نیا ئه‌وه‌ی ده‌گوته‌وه که له باوکی و مامۆستای یه‌که‌می فێری ببوو " چه‌ک هه‌ڵبگرێ و دەبێت بجه‌نگێ"
نه‌مانتوانی باوه‌ڕی پێ بێنین که ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ش که له باره‌گاکان ده‌مێننه‌وه، هێزی یه‌ده‌گن بۆ مه‌فره‌زه‌کان و پاراستنی سه‌رکردایه‌تی و داموده‌زگاکانی حزب. سروشتی (سه‌رکه‌وت) توڕه‌و که‌له‌ڕه‌ق بوو، و له کاتی وا چاوه‌کانی سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕان.
بۆ ئێوارە و لە کاتی ئامادەبوونی (ئەبو سیروان)ی کۆچکردوو بۆ به‌ڕێکردنی مه‌فره‌زه‌کان. ئەویش سه‌ری سوڕما کە (سه‌رکه‌وت)ی له ڕیزی مه‌فره‌زه‌که بینی، کەچی ئه‌ویش نه‌یتوانی لە ڕۆیشتن په‌شیمانی بکاته‌وه.
*** *** ***
سه‌رکه‌وت له پێشبڕکی دابوو له‌گه‌ڵ (گیڤارا) بۆ بڕینی ئەو ڕێگە سەختەی نێوان بارەگاکە لە ناوچه‌کانی زێبار به‌ره‌و ڕێزان و گوندی سوسێ که باره‌گای فه‌وجی ٣١ی لێ بوو. له‌وێشەوە لە بێخمهوە بۆ ده‌شتی هه‌ریر. دوای پشوودانێکی ته‌واو بۆ ماوه‌ی ڕۆژێک یان پتر لە بارەگای فەوجی ٣١، لە دەشتی حەریر لە چاوەڕوانی ماینەوە و نەمانتوانی ڕەوتەکەمان بەرەو دەشتی هەولێر تەواو بکەین. ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و نامانه‌ی که له هاوڕێ (مونعم ) راوێژکاری سیاسی پێمان ده‌گه‌یشت و پێی ڕاگه‌یاندین که ناوچه‌که ئه‌و ژماره زۆره‌ی پێشمه‌رگه‌و مه‌فره‌زه له‌خۆی هه‌ڵناگرێ. من دەمزانی چۆن هەرەس بەم بۆ چوونانە بهێنم، نەوەک بۆچی داوامان لێ ده‌که‌ن په‌یوه‌ندی به مه‌فره‌زه ئاساییه‌کان بکه‌ین، به‌تایبه‌ت که من وه‌ک خه‌ڵکی ناوچه‌که ئاڕاسته‌و ڕێڕه‌وه‌کان به ته‌واویی شاره‌زا بووم. له‌و کاته‌دا (سه‌رکه‌وت) پتر له هه‌موو هاوڕێیان ڕژدتر بوو له‌سه‌ر به‌ڕێکه‌وتنمان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌کمان ڕێکخستبوو هەتا جەولەی نێو گونده‌کان بکەن و هەر له ڕه‌زگه نه‌مێننه‌وه.
*** *** ***
هاوڕێیان (هێمن) و (شوان) گورگی ئه‌و ده‌شته فراوانه بوون، ڕێگایه‌کی خێرایان دۆزیبووه‌وه بۆ هێنانی ئه‌وانه‌ی تازه په‌یوه‌ندیان ده‌کرد و کە چه‌ند کاتژمێرێکی دەخایاند له‌جیاتی چه‌ند ڕۆژی پڕ لە ماندوبوون. گه‌شته‌که‌شیان له شوێنی کۆکردنەوەی مه‌فره‌زه‌کان له ده‌شتی هه‌ولێر ده‌ستی پێ ده‌کرد بۆ ده‌شتی هه‌ریر. مه‌فره‌زه‌که‌ی دکتۆر (سه‌عید) پێشوازی کردن و گواستنه‌وه‌ی ئه‌و ژماره زۆره‌ی ڕێکدەخست کە په‌یوه‌ندیان دەکرد و دەیناردن بۆ (بارزان) و (کافێ). ئه‌و هاوڕێیانه به لۆری گواستنه‌وه‌ی مه‌ڕوماڵات دەگوازرانەوە کە (هێمن) یان (شوان) لێی دەخوڕێ و ڕێگەیهکیان دەگرتە بەر که به گونده‌کانی ده‌روبه‌ری (ئاسکی که‌له‌ک) تێده‌په‌ڕێن و پیچ ده‌که‌نه‌وه به‌ره‌و ناوچه‌ی (زێبار) و دوایی ناوچه‌ی (خه‌یلانیان) و دوا وێستگه‌ش گوندی (ملی ئاخوڕ).
به‌یانی رۆژی ١٨ی ئه‌یلولی ١٩٨٦ لۆری (هێمن) و (شوان) لە کاتی دیاریکراو لە گوندی (ملی ئاخور) پاش وەرگرتنی هەواڵ لە ئێمە، وه‌ستا. پشتەوەی لۆرییەکەیان کردەوە و ١٦ کەس کە تازە پەیوەندیان کردبوو هاتنە دەر. ئەوان ده‌موچاو و جلوبه‌رگیان خۆڵی له‌سه‌ر نیشتبوو و ماندوبوونی ڕێگە لە سیمایان دیار بوو. دوای گۆڕینه‌وه‌ی پۆست و زانیاریه‌کان و چه‌ند چه‌کێکیان پێ درا که هاوڕێیان له ده‌شتی هه‌ولێر داوایان کردبوو، هێمن و شوان ئاماده‌کاریان کرد بۆ گه‌ڕانه‌وه و چه‌که‌کانیان له‌ناو لۆریه‌که ته‌قه‌ت کرد.
له‌وکاته‌دا (سه‌رکه‌وت) خۆی هه‌ڵدایه نێو لۆریه‌که به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیان بچێ بۆ ده‌شتی هه‌ولێر، گوێی به قسه‌ی هاوڕێیان نه‌ده‌دا کاتێ داوایان لێی ده‌کرد که داببه‌زێ .
من پێیم گوت: " سه‌رکه‌وت دابه‌زه، ئه‌وه بڕیاری سه‌ربازی و حزبیه، من بڕیاری بهڕیکهوتنمان ده‌ده‌م."
دواتر گوتم : " ئێمه شه‌وێکی تر لێره به‌ڕێده‌که‌وین و پێویستمان به تۆ دەبێت، چونکه تۆ له‌و ڕێگایه شاره‌زایت و ئه‌زمونت هه‌یه."
ئیدی سه‌رکه‌وت له لۆریه‌که دابه‌زی، و له‌کاتی ڕۆیشتنی لۆریه‌که دوو هه‌لێکۆپته‌ر له ئاسمانی شوێنی خۆشاردنه‌وه‌مان له چیاکه ده‌رکه‌وتن.
سه‌رکه‌وت رژد بوو لەسەر ئەوەی پێوه ته‌قه‌یان لێ بکات و گرنگی نه‌دەدا به‌م جاشانه که چه‌ند جارێک له‌و ناوچه‌یه شه‌ڕمان له‌گه‌ڵیان کردبوو. هاوڕێ (کاوه چاوشین) و (گیڤارا) زۆریان لێ کرد کە وریای خۆی بێت. جارێکیان فرۆکه سهمتیهکان پالپشتی جاشه‌کان بوون. گرفتی گه‌وره‌ی سه‌رکه‌وت ئه‌وه بوو که زۆر ئازا‌و چاونه‌ترس بوو و له مردن نه‌ده‌ترسا.
هه‌میشه ده‌یویست به‌شداری له هه‌ر چاڵاکیه‌ک بکات که هاوڕێیان بیانویستبا ئه‌نجامی بده‌ن. له کاتی ده‌ستبه‌کاربونمان له مه‌فره‌زه تازه‌که‌مان که پاڵه‌وان (عادل شه‌به‌ک)یشمان له‌گه‌ڵ بوو ، داوام لێی کرد که زۆر ئاگاداری (سه‌رکه‌وت) بێت و له مه‌ترسییه‌کان بیپارێزێت. به‌ڵام (سه‌رکه‌وت) شێربوو و تاوی دەدایە سەر ئامانجەکەی و له ڕاونانی پیاوانی رژێم نه‌ده‌ترسا له‌سه‌ر ڕێگەکانی هه‌ولێر و دیبه‌گه و مه‌خمور و گوێڕ. ئەو زۆر خۆشحاڵ ده‌بوو به ده‌ستکه‌وته باشه‌کان.
من هه‌میشه به سه‌رکێشیه‌کانی سه‌رکه‌وت توڕه ده‌بووم، و چەندین جار ڕووبەڕووی شۆڕشگێرێیە سەرەڕۆیەکەی دەبوومەوە. جارێکیش قسه‌یه‌کم پێ گوت که له خه‌باتگێڕ (قادر مسته‌فا)م گوێ لێ ببوو که به یه‌کێ له هاوڕێکانی گوتبوو " گوێ بگره سه‌رکه‌وت تۆ هه‌ر شه‌هید ده‌بیت و گومانی تێدا نییه، به‌ڵام تۆ په‌له له شه‌هیدبوونی خۆت دەکەیت.". داخی گرانم بۆچووم به ڕاست ده‌رچوو، ئه‌و لاوه شۆڕشگێڕه به‌چکه‌ی (خدر کاکیل)ی شێر به هیچ جۆرێک له دوژمن نه‌ده‌ترسا، له‌کاتی به‌ره‌نگاری له خۆپارێزی زۆر بێباک بوو.
له سپێده‌ی ڕۆژی ١٣/٠٦/١٩٨٦دوژمن هێرشێکی گه‌وره‌ی بۆ هێناین له گوندی هێله‌وه، رژێم به هه‌زاران له چه‌کداره‌کانی له سوپا‌و جاش به پالپشی ده‌بابه‌و فرۆکه‌ی سه‌متی هێرشی هێنا، شه‌ڕ گه‌رم بوو و ده‌نگی تفه‌نگی سه‌رکه‌وت و هاوڕێیانی عادل شه‌به‌ک و مومتاز و سمکۆ و ئه‌وانی تر له به‌ری خوارووی ڕۆژهه‌ڵاتی گونده‌که‌دا پێشیان لە پێشڕه‌وی دوژمن گرتبوو. ئیدی دوژمن هێڕشه‌که‌ی توندتر کرد و زیاتر تۆپ و ڕۆکێت و هه‌لیکۆپته‌ری سه‌متی بهکارهیێنا و جه‌سته‌ی لاوانی قارەمان (سمکۆ) و (ئامانج)یان پارچه پارچه کرد و به‌داخه‌وه (سه‌رکه‌وت)یش به‌سه‌ختی بریندار بوو و پێویست بوو بگەینرێتە نه‌خۆشخانه و چه‌ند نه‌شته‌رگه‌ریه‌کی بۆ بکرێت. مخابن، هەوڵدانی زۆری پزیشکەکانمان سوودی نەبوو بۆ لە ژیاندا بمێنێتەوە
له کاتی کشانهوهماندا بۆ گوندی (ملکیه)، به دیاریکراوی له به‌ره‌به‌یانیه‌که‌ی له گوندی (دوکه‌ڵه) سه‌رکه‌وتی پاڵه‌وان به هۆی سه‌ختی برینه‌که‌ی، ماڵئاوایی یه‌کجاری لێ کردین و گه‌یشته‌وه کاروانی هاوڕێیانی (پێشڕه‌و) و (عادل) و (سمکۆ). دوای ئه‌وه‌ی هاوڕێیان نێوچه‌وانیان ماچ کرد ، (سه‌رکه‌وت) به نامورادی بە جێی هێشتین و له دڵماندا هه‌زاران نیازی بە جێ هێشت. نه‌مری بۆ تۆ و هاوڕێیانی شه‌هیدت.
دوای شه‌هیدبوونی سه‌رکه‌وت(عوسمان خدر کاکیل)، له ٨ی کانونی یه‌که‌م ١٩٨٦ ژماره‌یه‌کی نوێی (نهج الانصار) بڵاو بووه‌وه که تیایدا چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ (سه‌رکه‌وت) کردبوو لە کاتی په‌یوه‌نی کردنی به‌ڕیزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی حزب له سریه‌ی (رۆست) لە ساڵی ١٩٨٣. ئەو پیش ئه‌وه‌ی بچێتە مه‌فره‌زه‌ی (به‌ڕانه‌تی)، به‌شداری لە چه‌ندین نه‌به‌ردی دیکە کردبوو. ئەو زۆر حه‌زی له شیعر‌و چیڕۆک بوو.