تەسبیحێک و کتێبێک و فنجانێ قاوەو چاویلکەیەک، ئەبێتە مایەی بیر کردنەوەو خەمێکی قوڵ ، بۆ نەوتی هەڕاج کراو ، بۆ هەناسەساردی دایکی شەهید ، بۆ ڕەنج بەخەساری و لەدەستدانی بەهاری تەمەنمان ، بۆ بەئاگا هاتنەوەمان لە خەوو خەیاڵێکی خۆشی کۆکردنەوەی پارچە شکاوەکانی نیشتیمانی کوردستان ، بۆ بێ منەتی و تەراتێنی دوژمنانی نەتەوەییمان لەسەر خاکی پیرۆز و دایکی گەورەی هەموومان ، دەبێتە هۆی خەمێکی قوڵ و بیرکردنەوە بۆ لە دەستدانی کەرکوکی بووکی کوردستان و بۆ خەمساردی سەرکردەکانی کوردستان و بیرکردنەوەو خەمباری بۆ بێ نازی و نەدانی مووچەو بژێوی کەمئەندامان و فەرمانبەران و پێشمەرگەو خانەنشینان ، دەبێتە هۆی خەموو بیرکردنەوە لە ڕەنگ زەردی هەژاران و مناڵانی دەستفرۆشی سەر فلکەو ترافیکەکان و بێکاری کرێکاران و سووتانی بەرهەمی جووتیاران و توڕەبوونی خاوەن شیناییەکان و فڕێدانی بەرهەمەکانیان بەهۆی ئەوەی نەک قازانج ناکا ، بگرە قازانج سەری مایەش دەخوا ...!
دەبێتە هۆی دۆشدامان و لێوردبوونەوەو خەمێکی قوڵ بۆ لاوازی وحساب نەکردن بۆ وەفدی حکومەتی هەرێم لەلایەن بەغداوە .
کاتێ فڕێک لەم قاوە تاڵە ژەهر ئاسایە دەدەم و کلکی چاویلکەکەم لە پەنا گوێکانم قایم دەکەم و وردە وردە دەنکە گەورەکانی تەسبیحەکەش لا ئیرادی بە نێوانی پەنجەکانما دێن و دەچن و لەلاپەڕەکانی کۆتایی کتێبەکەی بەردەستما کە لەوێندەر وەستابووم ، دەست پێدەکەمەوە ... پرسیارێکی زۆر بەمێشکمدا دێن و دەچن بە شکڵێک مێشکم جەنجاڵ دەکەن هەر دەڵێی بازاڕی شێخەڵایە ...
لێرەوە فڕێکی تریش لە قاوەکە دەدەموو دەڵێم ، ئەرێ خۆمن لەم مەملەکەتەدا جگە لە نەهامەتی شتێکی ترم لێ دەست نەکەوتوە ئیتر ئەم هەموو پرسیارو تێڕامان و خەمەی بۆ لێ بخۆم ؟
خوام دەکرد دنیا دەبوو بە ئاخر زەمان و شەڕێک دەقەوما تۆپ بەر تۆپ دەکەوت ، دەبوو بە شەڕەکەی قەرە وەیس ،کەی حسابێک بۆ ئێمەومانان کراوە ...!؟
بڵام لە مستی خۆم نیە و ناحەوێمەوەو خەمی لێ دەخۆم ، چونکە شیرینی وەتەن نەوعی هەنگوین نیە ..!
دەڵێم باشە بیست و نۆساڵ حوکمی کوردی و بیست و حەوت ملیار دۆلار قەرزاری کوجا مەرحەبا ...!؟
باشە ئێمە نەوتمان کڕیوە یان نەوتمان فرۆشتوە..!؟
ئێ خۆ سەرکردەی ئەم حزبانە زۆر لەمن باشتر دەزانن کە کوردستان پێویستی بەهێزی پێشمەرگەی یەککرتو هەیە ، ئەی خێرە دوای ئەوەنە ساڵە ئێستاش دوو هێزی پێشمەرگەو و دوو هەموو شتێکی دیمان هەیە و هەموویان کردوە بەدوو دوو ..!؟
تەنانەت دوو ئیدارەشمان هەیە و ڕەنگەکانیشی جودان ، مەگەر ئەم قیادانە نازانن ئێمە یەک خوێن و یەک نەتەوەو یەک ئاڵاین ...!؟
بەڕاستی هەر عاقڵمەندێک دیراسەی ئەم بیست و قسور ساڵ دەوڵەتدارییەی باشووری کوردستان بکات توشی سەرسووڕمان دەبێ ...!
هەر بەوەڕا بزانە ئەم وڵاتە خەمۆرێکی ڕاستەقینەی نەبووە ، مەسئوول و ماڵ و مناڵیان وەک پاشا دەژێن و میلەتیش قوڕبەسەر بووە ...!
بزانە کەسێک لە پلەیەکدا داوای لێبوردن دەکا و وازهێنانی خۆی ڕادەگەیەنێ ...!
بزانە پلەدارێک دادگایی کرا...!
ئەی ئەم نەهامەتیە کێ بەسەر ئەم خاک و میلەتەیدا هێناوە ...!؟
ئەوەی هەمووانی مەشغوڵ کردووە ، ئەملا دەڵێن خەتای ئەولایەو ئەولاش دەڵێن خەتای ئەملایە و خەڵکەکەش چەواشە بووە ....!!
لۆژیکێک هەیە دەڵێ ( دەسەڵات ڕەنگدانەوەی وشیاری کۆمەڵگایە ...!)
بەختیار کریم حەساری
26/6/2020