ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زۆر قێزەوەنە تۆ بەچەند پەرەگراف ستایشی درۆزنانەی بەرپرسێکی حزبی وحکومی نەزان و شکستخواردووبکەی، لەکۆتاییەکەش بڵێی هیچ بەرژەوەندیم لەگەڵ نیە! ئەو پاساوە لاوازە خۆی بەڵگەی ئاشکرابوونی بەرژەوەندیتە لەگەڵ کەسەکەدا.

............

دەربارەی ستایش

ستایشکردن یەکسانە بە ڕازی بوون- تەسلیم بوون ، داڕمانی ئیرادەی بیرکردنەوە. ستایشکردن ویستی خۆ گونجاندن و بەردەوامیدانە لەگەڵ هەموو دۆخێک.جۆرێکی تری تێڕوانینیە بۆ دنیا. ئەم چەشنە تێڕوانینە بەرهەمی سەردەمی تەمبەڵی و مەجازییەتە. لە هەمان دەم یەکێکە لە زەمینە خۆشکەر و چاوگەکانی مەینەت و تراژیدیای کۆمەڵگای کوردی.

کەسی ستایشکەر بەوپێیەی خۆی لە سەرسام بوونی بەردەوامدایە هەمیشە تەسلیمی ئیرادەیەکی تریش دەبێت ئەمەش ئەوڕاستیە دەگەینێت کە سەرسام بوون وستایشکردن سەرەتای بە کۆیلە بوونە. لە ڕوانگەی هیگڵ ( کۆیلە کەسێکە لە ڕێگای ڕازی بوون و سەردانواندن بۆ ئەویدی توانا و ئیرادی بیرکردنەوە و خۆبوونی لەدەست دەدات. کۆیلە ئامادنیە دان بەبوونی خۆی بنێت). كۆیلە بیرناكاتەوە، بۆیە بەپێی دیكارت كۆیلە بوونی نییە لەژیان،چونکە (من بیردەكەمەوە كەواتە بوونم هەیە).

ستایشکردن واتای نەبوونی جیاوازی دێت، ئەمەش دۆخێکی بێزاریی و چەقبەستویی دەخوڵقێنێت، دۆخێکە بە ئاراستەی گلدانەوە و هێشتنەوەی واقیع. خواستێکی ئاشتیگەریە، ئاشتی بەمانای ملکەچ بوون - تەسلیم بوون. پێ ئەچێت ئەم دۆخە بێزارکەریەی ستایشکردن لەگەڵ هەمان ئەو بۆچوونەی

شپێنگلەر نزیک بێت کە ڕای وابووە( ژیان لە ئاشتی مایەی وەڕەزیەکی زۆرە). ( لەلای هایدگەریش هەمان حاڵەت هەیە بەناونیشانی نەبوونی مەترسی کە پێی وایە ڕاکردن بەدوای شادی و کامەرانی و گاڵتە و گەپ ئیدیاڵی عەوامە). ستایشکردن هێڵێکی درێژی گاڵتە و گەپی هەیە.

ستایشکردنێک ئەمڕۆ باوە، بەهیچ جۆرێک باسکردن نیە لە ئەزموون و تایبەتمەندی و بوون. ستایشکردن ناوەڕۆکەکەی موجامەلەکردنە، یان ڕوونتر لە فەرهەنگ و وێنا گشتیەکەی دەچێتەوە سەر ( پانکردنەوە- زمان لوسی-پێدا هەڵگۆتن - چەپڵە لێدان )!.

ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە وەک هەموو دیاردەکانی تر چیڕۆک و مێژووی تراژیدی و کۆمیدیای خۆی هەیە. لە ئەمڕۆشدا ئەم تەڵەکەبازیە بە سود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە بەرگ و دیزاینی جیاواز دەردەکەوێتەوە. سیستەم و دەسەڵاتیش سودمەندی یەکەمە لە هەڵکشانی ئەم پوچگەری و ساختەبازیە.

هەر قسەکردنێک دەربارەی هەرشتێک، دەربارەی ژیان و دەسەڵات و ئایدۆلۆژیا و دین، بە دەربێت لە ڕەخنە، قسەکردنێکی نالۆژیک و هەڵەسازیەکی گەورەیە، پەیوەندیدار نیە بە هەڵسەنگاندن.

لە شوێنێک ستایشکردن بوونی هەبوو لەو شوێنە پرسیار و گومان وبیرکردنەوە غیابە. ئەم جۆرە ستایشکردنە کلتورێکی مەترسیدارە، جۆرێکی تری بە ئامانجگرتن و کوشتنی فیکرە! ژەهرێکە،بەڵام بەتامێکی شیرین. یەکەم قوربانیش ئەو کەسەیە کە ستایش دەکرێت.

ستایشکردن قسەکردنێکی فێڵبازانە و چاوبەستکردنی ئەویدیە. هەرچەند ستایشکردن ڕەگێکی دینی و ئایدۆلۆژی هەیە،بەڵام لە کۆمەڵگای مێگەلگەرا و عەقڵی پۆپۆلیست شوێنێکی باڵا و سەنتڕاڵی هەیە. کەسی کۆنەپارێز و پاسیڤ و بەرژەوەندی خواز، هەمیشە پێشەنگ و بەرجەستەکەری ئەم کلتورە وێرانەیە کە لە ئەنجامدا بەتوندی مرۆڤ و کۆمەڵگاکان دەباتەوە سەر ڕێچکەی فاشیەت.

تراژیدیای کۆمەڵگای باشور تەنیا ئەوەنیە سیاسی نەزان و گەمژە و پۆپۆلیست و خالی لە هونەر و فیکر و فەلسەفە بەسەر خۆیدا بەرزئەکاتەوە و ئەیکاتە سەروەر و فەرمانڕەوا. تراژیدیا گەورەکە ئەوەیە هەمیشە مێگەلێکیش ئامادەیە بۆ ستایشکردنیان، بۆ پارێزگاریکردنیان، بۆ لێدان لە ڕەخنە لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی کلتوری ستایش.

ئەگەر بە چەمکی ئاڕکیۆلۆژیەتی فۆکۆیی داخلی ئەم تارکستانەی ئایدۆلۆژیست بین و بە وردی دیوی ناوەوەی شتەکان بپشکنین، دەتوانین ئاسان ئەو بەها و کردە و ڕەفتارانە بدۆزینەوە کە تەواو ئایدۆلۆژیست تێیدابزوێن و باڵادەستە. . وەک پێناسەی مارکس دەربارەی ئایدلۆژیا( ئایدۆلۆژیست هۆشیاریەکی ساختە) زۆر لە جولانەوە و ڕەفتارەکانی ئەم سەردەمە بەبێ ئاگایی بوونە ڕەسەنیەتەکەی لەدەستدایە و بۆتە بانگەشە و چالاکیەکی ئایدۆلۆژی.

  • 1