ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

کاوە مەلا ڕەسوڵ گورون

سەد ساڵ زیاترە کە ووڵاتە سەرمایەدارەکنی جیهانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمەریکا پروپاگەندەی ئەوە دەکەن کە سیستەمی کەپیتالیستی باشترین سیستەمە بۆ بەڕێوەبردنی هەر ووڵاتێك. بێجگە لە پروپاگەندە، هێرشی سیاسی و زۆر جار هێرشی سوپاییشیان ئەنجام داوە دژ بەو ووڵاتانەی کە سیستەمی سۆشیالیستی یان کۆمونیستیان هەڵدەبژاردبوو بۆ بەڕێوەبردنی ووڵاتەکانیان.

ڕێکخراوی گلادیۆ لە ئیتالیا کە بە یارمەتی و خواستی (س.ا.ی) ئەمەریکی پێكهێنرابوو لە ساڵ ١٩٥٦دا مەبەستی سەرەکی ڕێگری بوو لە ئەگەری داگیرکردنی ووڵاتانی ڕۆژئاوا لە لایەن یەکێتی سۆڤیێتەوە، کە بێگومان ئەمە تەنها خەو بوو، چونکە یەکێتی سۆڤیێت هەرگیز خواستی داگیرکردنی ووڵاتانی ڕۆژئاوای نەبوو. ڕاستە کە یەکێتی سۆڤیێت یارمەتیەکی زۆری ئەنارد بۆ پارتی کۆمونیستی ئیتالی کە ئەو کاتە بە یەکێک لە گەورەترین پارتە کۆمونیستیەکانی ووڵاتانی ڕۆژئاوا دائەنرا.  

فیدێل کاسترۆ و هاوڕیکانی ووڵاتی کوبایان لە دەست فاشیزم و چەوساندنەوەی حوکمەتەکەیان و دزی و ڕووتاندنەوەی کەپیتالیستە ئەمەریکیەکن ڕزگار کرد، کەسایەتی وەکو چێ گێڤارا لەو شۆڕشەکانی کاسترۆدا بەشداری کرد و هەتا دوا ڕۆژی ژیانیشی بۆڕزگاری میللەتان تێدەکۆشا. ئەمەریکیەکان هەر زوو کەوتنە دوژمنایەتی کردنی ئەو شۆڕشگێڕانەو هەموو هەوڵێکی بێ ئەنجامیاندا کە ئەو تێکۆشەرانە لە ووڵاتەکی خۆیان دەرپەڕێنن.

هەر لەو کاتەوە کە یەکێتی سۆڤیێت دەستبەرداری سیستەمی کۆمونیستی بوو (دەوروبەری ساڵی ١٩٨٩) کەپیتالیزمی ڕۆژئاوایی وەکو داشەهارە خۆی لەسەر شانۆی سیاسەتی جیهانی دەنواند وای پیشان دەدا کە سیستەمی کەپیتالیستی لەهەموو سیستەمێک سەرکەوتووترە. بەڵام ئەو خەوەی کەپیتالیزمی جیهانی ئەمڕۆ بەرەو هەرسهێنان دەڕوا.

زۆر لە کەپیتالیستە گەورەکانی ئەمەریکا لەوانە جێف بێزۆفی خاوەنی ئامەزۆن و تیم کوکی ئەپڵ و زۆری تر بۆیان دەرکەوتووە کە کەپیتالیزم لەهەرەسهێناندایە، ئەوانە، نامەیەکی هاوبەشیان لە مانگی خەرمانانی ١٩١٩دا بڵاوکردەوە و تیایا ئاماژەیان بەوەدا کە نابێت هیچی تر تەنها هەر هەوڵی خۆ دەوڵەمندکردن و بیری یەکلایی کۆکردنەوەی پارەی خەیاڵی تەنها بۆخۆیان بدەن، بەڵکو دۆخی باشکردنی ژیان و مافەکانی کرێکار پێویستە ببێتە خاڵێکی پێویست و بەردەوام.

ئەوەی کە ئەو سەرمایەدارانە هەستیان پێ کردووە و بۆیان ڕوون بۆتەوە ئەوەیە کە، ئەم کەپیتالیزمەی ئەمڕۆ خەریکە جێگەی دیموکراسیەتیش پێشێل ئەکات، لە لایەکەوە کۆمەڵێكی کەمی سەرمایەداری گەورە هەمیشە زیاتر دەوڵەمەند دەکات و بە ملیۆن هاوڵاتی ئیشکەریش بە زەحمەت ئەتوانن مەسرەفی خۆیان و خێزانەکانیان بکەن تادەگەنە کۆتایی مانگ. هەروەها کوالیتی ژیانی ئیشکەران هەمیشە بەرەو نزمی ئەڕوات و ئەمە وای کردووە کە ناهەمواریەکی زۆر لەناو کۆمەڵا بڵاوببێتەوە. بێگومان ناڕەزایی و نابەختەوەری ئیشکەران لە قازانجی سەرمایەداران نیە.

پارتە ڕاستڕەو فاشیستەکان دەهۆڵی ئەوە لێ دەدەن کە گوایە خراپی ڕادەی ژیان لە ووڵاتەکانیاندا دەبێ بدرێتە ئەستۆی کۆچبەر و گلۆبالیزاسیۆن، ئەم بۆچونە تەنها بۆ لەخۆگرتنی دەنگی ئیشکەرە ناهەموارەکانە لەکاتی هەڵبژاردندا.

ڕێژەی باری ئابووری هاوڵاتیانی ئەمەریکی لەماوەی چل سالێ ڕابوردوودا زۆر کەم زیادی کردووە. دۆخی ووڵاتێکی پڕکێشەی وەکو ئیتالیا گەڕوەتەوە بۆ سەرەتای ساڵەکانی هەشتا. لەهەمان کاتا، زۆر لەگەنجەکان بێ هیوابوون و خوێندن بەجێ دەهێڵن بەو هیوایەی کە ئیشێك بدۆزنەوە، زۆربەی خێزانەکان لە ڕووی ئابووریەوە ناتوانن کوڕ و کچەکانیان بنێرنە زانکۆ. دابەزینی ڕێژەی پسپۆڕی لە هەموو بوارەکاندا زەرەرێکی گەورەیە بۆ کۆمەڵ و بۆ سەرمایەدارەکانیش لە هەمان کاتدا.

لەسەرەتای سەدەی بیستدا، زۆر لەسەرمایەدارەکانی ووڵاتانی ڕۆژئاوا کە لەژێر فشاری سیستەمی سۆشیالیستیدا بوون، لەتەك کارگەو کۆمپانیەکانیاندا، گەڕەك وفێرگاو خەستەخانە و تەنانەت سەرقەبران و بازاڕ و هەموو جۆرە پێویستیەکی ژیانیان بۆ ئیشکەرەکانیان دابین ئەکرد. بەڵام ئەمە زۆری نەخایاند سەرمایەدارە نوێیەکان کەوتنە بیرکردنەوە تەنها لە گیرفانی خۆیان وگوێیان بە پێویستیەکانی کۆمەڵ نەدا. بێگومان مرۆڤی سیاسی خۆپەرست و نەشارەزاش ئەوەندەی تر دەسەڵاتی سەرمایەدارە چاوچنۆکەکانی زیاد کرد.

 

 

  

  • 1