ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مامۆستای پایەبەرز، کاتێک ئەم خەمنامەیەت بۆ دەنوسم ترس ولەرزێکی قوڵ دایگرتووم، ئاخر نوسینی خەمنامە بۆ تۆیەکی سەرکردە و خەباتگێڕ، بۆ تۆیەکی نوسەر و زمانزان وماندوونەناس جورئەت و بوێری وئازایەتیەکی گەورەی دەوێ.

مامۆستای ڕۆح شیرین و لەبەر دڵان، کە دەستم دایە پێنووس بۆ نوسینی ئەو خەمنامەیە یەکسەر ئەو نوسینەی مامۆستا محەمەدی مەلا کەریمم بیرکەوتەوە کاتێک ویستبووی لە بارەی هێمنی پایەبەرز بنوسێ، گوتبووی قەڵەمەکەم پێی گووتم وریابە و ئاگاداربە حەمە، ئەوەی تۆ لەبارەی دەنووسی هێمنی شاعیرە، ئەو هێمنەی زۆر قورسە و کارێکی نەکردەیە بچێتە چوارچێوەی فۆرمی هیچ پێناسەیەک، چونکە خەمنامەیەک بۆتۆ بێت، دەبێت غوربەتی نامەکەی نالی بۆ سالمی لێ بچۆڕێتەوە، خەمنامەیەک دەبێت نەخشی دەستی فەرهاد بێت بەسەر تەوێڵی بێستونەوە و بۆن و بەرامەی ناڵەی جودایی بێت لە جیهانی هەزار ڕەنگی شعری هێمن، خەمنامەیەک غەریبتر بێت لە ئاوارەیی حاجی قادر و کاغەزێک بێت ماملێ بە دڵێکی پڕ لە خوێنەوە بۆ لەیلای ڕۆحی نوسیبێ، بەڵام هەیهات هەیهات قەڵەمی من کوا توانا و وزە و هێزی نوسینی خەمنامەیەکی لەو شێوەیە هەیە بۆیە ناوم نەنا نامەبەلکو کردمە خەمنامە.

مامۆستای ‌هێژا جەلیل گادانی، ماڵئاوا، ئاوەدانی ماڵی شعر و نیشتیمان و جوانی، ماڵئاوا گەڕیدەکەی گەرمیان و کوێستان و پاڵەوانی زیندان و سەرقافڵەی کاروانی ڕوەو ئاسۆ.

ماڵئاوا چرای ماڵی زمان تۆ بەم بەرە بەری پاییزە بەم کۆچەت پاییزت لە نیشتیمانێک داهێنا، دەشزانم تۆ ئەو مرۆڤەی کە مردن دەرەقەتی ونکردنی ڕوخساری تۆ نایێ، چونکە تۆ نیشتەجێی هەمیشەیی ماڵی دڵانی، بەلام ئەوەی مردنیش لە شەشی ئاب کردی کارەساتێکە و لەبیر ناکرێ.

مامۆستام، ماوەیەک پێش ئێستا تەلەفۆنت بۆ کردم و پێت گوتم زیرەک کەمال زۆرم پێخۆشە سیاحەتنامەی ئەولیای چەلەبی کە چل ساڵ پێش ئیستا مامۆستا سەعید ناکام کردبووی بە کوردی جاپ بکریتەوە چونکە کتیبیکە نرخ و بەهایەکی میژوویی زۆری هەیە، بۆیە مامۆستام داواکاریەکەت دەخەمە سەر چاو و رۆحم.

جەلیل گادانی، چلچرای بەر کۆژەی نیستیمان تۆ کە ( کۆیە )ی مەلبەندی روناکبیریت کردە دواماڵ و وێستەگەی هەمیشەییت لەبەر ئەوەت بوو چونکە دەیان ساڵ پێش ئێستا (هێمن)ی شاعیری مەزن گوتبووی:- 

چۆن بۆ سورمەی چاو ناشێ خاکی شارێك 

کە حاجی پێی لەسەر دانابێ جارێك

تێبینی: جەلیل گادانی خەباتگێڕێکی مەزنی رۆژهەڵات بوو، شەشی ئابی ٢٠٢٠ بە پەتای کۆڕۆنا کۆچی دوایی کرد.

  • 1