ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەو غارە غار و ڕاکردنە بەکۆ بەدوای کتێبەکەی جۆن بۆڵتۆن ئاماژە نیە بۆ هۆشیاری خوێنەر و هۆگری بوونی بۆ زانین و دەست گەیشتن بە سیاسەتی گشتی جیهان و خوێندنەوەی پێشهاتەکان. بەڵکو هاشوهوشەکە لێرەوە سەرچاوە ئەگرێت کە بۆلتۆن دوای دوورخستنەوەی لە پۆستەکەیدا لە یاداشتەکەی دەڵێت" کورد حەقی سەربەخۆیی هەیە! ". پرسی سەربەخۆیی بە ڕادەیەک بێ نرخ کرا، ڕەنگە ئەردووگان و ڕوحانی و عەبادی و مالیکی و ئەڕشەد سالحی ش دوای نەمانیان لە دەسەڵات ئەو قسەیە بکەن! بەڵام واقیع و جەوهەری بیرکردنەوە و ساتی فەرمانڕەوایەتیان دەربارەی کورد شتێکی ترە.

لێرە ئەم دێرەی ( کورد حەقی سەربەخۆیی هەیە) بووە هۆی خوێندنەوەی کتێبەکەلەلایەن دەیان خوێنەری کورد! من باسی کتێبەکەناکەم، بەڵام کۆمیدیای ئەم جۆرە خوێنەرە نهێنیەکی تر ئاشکرا ئەکات ئەویش ئەو ڕاستیەیە کە خوێنەری کورد گەڕیدەی تێکستی گرنگ و جدی نیە، پتر خوێنەرێکی کاتی سیاسیە. خوێنەری سیاسی بە تایتڵ و گۆشەیەکی ڕۆژنامەش تینویەتی ئەشکێت! خوێنەری سیاسی لەباشور وزە و تینی لە تیقی و سۆسیال میدیا وەر ئەگرێت. ئاستی بیرکردنەوە و قسەکردنیشی لەسیاسەت لە سنوری سۆسیال میدیا و تیڤی تێپەڕناکات. تەنها ئەوتێکستانەش ئەخوێنیتەوە کە بەزمانێکی ڕووت باسی سیاسەت ئەکات. ناچێتە ناو تێکستێکی سیاسی کە بە فیکر و فەلسەفە و ئەدەب بارکرابێت. هەروەک چۆن بە کوێری ئەکەونە دوای هۆتاف و هەڵچوونی سیاسیەکی نەخوێندەوار، بەهەمان هەناسە بەدوای کتێبەکەی جۆن بۆڵتنەوەن. کێشەکە ئەوەیە یەک جۆری قسەکردن و سەرەنج و خوێندنەوەش دەبیندرێت لەسەر ئەو کتێبە!

هەڵبەت کتێبەکە سەبارەت بە شوێن و ناوخۆی ئەمریکا و چوارچێوەی سیاسەتی سەرۆکی ئەمریکا و چەند باس و خواس ڕەنگە کتێبێکی گرنگ بێت، بەڵام بۆ جۆرێکی خوێنەری کورد کە بێ ئاگایە لە سیاسەت و مێژووی خۆی بەوئەندازەیە بۆ ئەمڕۆ گرنگ نیە، بە بەراوردلەگەڵ تێکستی نووسەرێکی کوردکە بایەخ پێدان و خوێندنەوەی گرنگترە.

لەدونیا ئەم جۆرە کتێبە کە دەچێتە خانەی یاداشت، بیرەوەری، لەلای خوێنەری جدی لە پەراوێزی خوێندنەوەی کتێبە گرنگەکانی تردایە.نەک تۆ بێ ئاگابی لە ئەدەب و هونەر و کێشە فیکری و قەیرانی سیاسی و ئابووری وڵاتی خۆت، کەچی یەکسەر دەست بۆ ئەم جۆرە کتێبە ببەیت.

سیاسەت لە باشور دابڕێندرایە لەئەدەب وفەلسەفە و هونەر، سیاسەت لە باشور سیاسەتێکی بێ بەرهەمە لە لایەنی فیکر و مەعریفەوە، ئەم سیاسەتەی ئێرە، چونکە لەلایەن خەڵکی ناسیاسی و گەمژە و هەڵپەرست تاو ئەدرێت بۆیە دەبینین سیاسەت ڕووەو سادە بوونەوە دەچێت. لێرە خەریکە قسەکردن لە سیاسەت دەبێتە ئیش و وەزیفەی توێژێکی تر! لە سەردەمەی دەسەڵاتی کورد خوێنەرو ڕۆشنبیرە ڕاستەقینەکانی کەوتۆتە دەرەوەی بازنەی قسەکردن لە سیاسەت. لە باشور خەڵکی بازرگان و دەرەبەگ و پۆپۆلیست نوێنەری سیاسی ئێمەن. بەهەموو ماناکانیەوە لێرە سیاسەت توانا کوژ و تاقەت پڕوکێنە . وەک بەختیار علی دەڵێت "سیاسەت بەجۆرێک ژیانی ئێمەی داگیرکردووە بوارێک بۆ شیعر و ڕۆمان و تێکستی فیکری نەماوەتەوە. خودی کێشەکە تەنیا لە بە سیاسی بوونی سەرتاسەری ژیان و زمان و قسە وئەخلاقدا نیە،بەڵکو لەوەدایە ئەو زمانەش کە سیاسەت قسەی پێدەکات ڕۆژ بەڕۆژ لە هەموو ئاستەکان دێتەخوارێ وبەرەوسەتحیەتێکی ترسناک دەڕوات. ل١٣٣ وەک باڵندەی ناوجەنگەڵەترسناکەکان.

ئەو هەموو ئاوڕدانەوە لەو کتێبە پێویستی بە گومان و پرسیاری جدی هەیە لەسەر خوێنەر، نەک لەسەر خودی کتێبەبەکە. لیرە جۆرێکی خوێنەر هەیە کە زیاتر بەرهەمی سیاسەت و دەسەڵاتە بە شێوەی مێگەلی بەدوای نوسەرەوەن .زۆر لەو خوێنەرانەی بەجدی خەریکی بەزم و هەڵای وەک دایناسۆری مەلازهەر و دێوەکەی مەلا هەڵۆ و میزەکەی مەلا عەلی بوون و بەردەوام نووسینی بێ سەرو بەریان بڵاو ئەکردەوە، ئێستا بەهەمان شێوەش لە دەوری کتێبەکەی جۆن بۆڵتۆنەوەن. 

مخابن دەیان کتێب و تێکستی گەورەی فیکری و ڕۆمان وشیعری نووسەری کورد فەرامۆشکراون، میدیای کورد بەیەک مانشێت باسی ناکات !کەچی یاداشتی سەرکردەیەکی خوێن ڕێژ کە دەستی هەیە لە خولقاندنی کارەسات و کوشتن و برسی بوونی ملیۆنان مرۆڤ لە جیهان لە میدیای باشور دەبێتە جێی بایەخ!.

  • 1