ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پێموایە زۆربەی ئەو چەمک و مانایانەی کە کۆدەنگی دەستەجەمعی وەردەگرن بە شێوەیەکی خۆرسک لە ناو ڕووبەری گشتی بڵاودەبنەو، دواتر دەبنە زمانی ھەمووان ھۆکارێکی بابەتی لە پشتە، لە خۆیەوە نابنە سۆبێکت فۆڕمێک وەرناگرن، بەڵکو ھاوشێوەی یاساکانی ناو سروشتە، بەڵام لە کەشوھەوایەکی کۆمەڵایەتیدا، بێ ھیچ مەبەست و کار بۆ کردنێک دەبێتە زمانی گشتی، یەکێک لەو جۆرە وتراوانە "زەمانی حکومەتێ"یە، ھەر کاتێک یادەوریەکی سەردەمی ڕژێمی بەعس دێتەباس و خواس بە تایبەتی لای نەوەی "مخزرەم" ئەو نەوەیەی لە ھەردوو ڕۆژگاری بەعس و ئیدارەی کوردی ژیاون، ئەو نەوەیەی ھەستی بەراوردکاری تێدا چووەتە ترۆپک، لەو جیلەو زۆر وەسفی "زەمانی حکومەتێ"مان بەرگوێ دەکەوێت، ئەو سەردەمە تێکشکێنەرە بە "زەمانی حکومەت" پێناسدەکەن بۆ ناساندنەوەی یەکێک لە ترسناکترین سەردەمە تاریک و بولێلەکانی مێژووی ئێمە، بۆ جیاکردنەوە ڕۆژگارێک لە ڕۆژگارێکی تر، ئەو وەسفە لە شوێنبەند و سیاقێکی ئەرێنیدا بۆ بەعس چەند شتێک دەربارەی ئێستا و دوای ئەو ڕژێمەمان پێدەڵێت. دیوێکی تری ناوبردنی ئەو سەردەمە بەو ناونیشانە ئەرێنیە وەک ئەوە وایە لە دوای بەعس ھیچ حکومەتێکی تر پێکنەھاتبێت، لە بۆشایەکی ئیداری و بێ بەڕێوەبەری ڕەھا کار بەڕێبکەین، وەک دانەنانێکی ناڕەسمی و کۆمەڵاتی و خۆڕسک دەرھەق بە قەوارەی کوردی ئیدارەکەی ئەو وەسفە لە خەیاڵ و بیرەوەری نەوەیەک بە شێوەیەکی خۆڕسکانە جێگیربووە، دەکرێت ھۆکاری پشت ئەم ناونانە لە چەند خاڵێک لێکدانەوەی بۆ بکرێت:

یەکەم، کۆمەڵگەی کوردی ماوەیەکی زۆر و دوور و درێژە لەگەڵ زولم و داپلۆسین و توند و تیژی ژیاوە، حکومکردن لای ئێمە یەکسانکراوە بە چاوسورکردنەوە و ترس و تۆقین و سانسۆر و چاودێری کردنی ھەموو جموجۆلێکی ژیان و شەتەکدانی کۆمەڵگە.

دووەم، بە ھەڵە پێناس کردنی چەمکێکی ھەستیار و کارای وەک دیمۆکراسی لای کۆلکە خوێندەوارە دینی و کەسایەتیەدەسڕۆیشتووەخۆپەرستەکان و دەسەڵاتدارە چەواشەکارەکان ئەو کوێخاپیاوانەی ئەڵقە بچوک و مامناوەندەکانی ناو کۆمەڵگە خاوەنداری دەکەن، ئەوانەی لە لوتکەی ھەرامەکانی ناو کۆمەڵگە دانیشتوون، ئەو جەمسەرانە ھەمیشە دیمۆکراسیان بە بەرەلای و لێنەپرسینەوە بۆ گوێگرانیان پێناسەکردووە، لە بەرامبەردا گوێشلکردن و ژێرفەرمانی بێ مەرج و بێ چەندوچوونی و کۆیلاتیان بە کاری پەسند و نیشانەی ڕێز و حورمەت لێکداوەتەوە، ئەمەش یان لەبەر بەرژەوەندی کەسی بووە، یان بەھۆکاری بەدحاڵی بوون ئاراستەی کردوون.

سێیەم، ئەکرێ ھۆکارێکی تری پشت ئەم بیرۆکەیە ئەوە بێت کە کورد ماوەیەکی زۆرە حوکم و دام و دەزگای خۆماڵی ئەزموون نەکردووە بە تایبەتی نەوەی ڕۆژگاری بەعس و پێشتریش دوای ڕوخانی میرنیشینەکان و دواتر بێ بەش بوون لە سیستمی دەولەتداری باوەڕی بەخۆی لە دەستداوە کەسانی ھاوزمان و خۆولاتی کاروبارەکانی بۆ ڕاپەڕێنیت، تا ئەو ئاستەی بە نامۆیی ببینێت کە حکومەتێکی خۆماڵی و خۆسەری دامودەزگاکانی بەڕێوەببات، ژێردەستی بێگانەی لە ڕەوتێکی نائاسایی لێ بۆتە پێدراوێکی سروشتی و ئیلاھی و چارەنوس.

چوارەم، دوای ڕاپەڕین دامەزراندنی حکومەتی خۆماڵی نەیتوانیوە ماناکانی حوکم کردن لەسەر زەمینی واقیع جێ بەجێ بکات لە بری دادگا، سەرۆک خێل و فیودال و دەسڕۆشتوی ناوحیزب، لەبری ئاسایش و ھێزی بەرگری نیشتیمانی و نەتەوەیی، چەکدار و میلیشیا، لەبری دامودەزگا، دیوەخانە و بارەگای حیزب، لەبری یاسا، میزاج و سایکۆلۆژی و وەلا وبەرا، لەبری کەفائە و شایستەبوون، خزم و خویش و ئینتیما و تەزکیە و برادەرایەتی، لەبری ھەستی نیشتیمانی، ناوچەگەری شارشارۆکانێ، لەبری ھاوڵاتی، خێلبازی و خێلگەری و لایەنگر و ھەوادر، لەبری شانازی کردن بەخۆ خۆبادان بە خێڵ، لە بری ھۆشیاری تاکێتی، عەشیرەت و بەرەباب و بنەماڵە، لە بری ماف، خێر و خاتر، لە بری ئەرک، "بەخێری خۆت" و "بێ زەحمەت" و پیاوەتی، لە بری ناسنامە و شوناس، کوڕی فلان و خەزوری دراوسێ و خزمی برادەر و خوشکەخەسوانێ، لەبری نیشتمانسازی، پاوانخوازی و تەلبەند و مەزڕەعە و کێڵگەنەوت، لەبری دەوڵەتداری، ماڵداری، لەبری ڕێگاوبان و شەقام، سەیتەرە و تاسە دوستکردن، لەبری چاکسازی و تەواوکاری، گەندەلی و واستە، لەبری سندوقی نیشتیمانی و ئابوری، دزی و فەرھود، لەبری بەرپرسیاری و ڕایەداری، مافیاو دز و پاشدز و گروپی دزکاری، لەجێ پەروەردە و پێگەیاندن، مەملزەمە و قوتابخانەی ئەھلی بێ چاودێری و پرالێل، لەجێی زانکۆی نیشتیمانی و ناوەەندی ئەکادیمی، زانکۆچکە و دوکانەزانکۆ و مارکێتەزانکۆی کەسی، لەجێی سەربەخۆی، سەر بە حیزب و فلان، لەجێی وەفا و دەسپاکی و دڵسۆزی، خیانەت و ناپاکی و خۆفرۆشی، لەجێ کۆمەڵگەی شارستانی، مێگەل و گاڕانسازی تەزویرکردنی ھۆشیاری گشتی، لەجێی ئاشتەوایی، شەڕی ناوەخۆ، لەجێی بڕیاڕ و فەرمان و جاڕدان، زنجیرە کۆبوونەوە نەبڕاوە و چوونەلایەکتر ئەبەدی و چەقەچەق.

تەواوی ئەم ھۆکارە نەرێنیانە ژینگەیەکی لەبارە بۆ دەرونشێواوی و بێزاری دەستەمعی و خۆوێرانکردن و خۆخۆڕی و بەرھەمھاتنی زمانێکی بێ ھیوا و ئینسانێکی بێ متمانە و بێگانەدۆست و سەروەش دوجار خاین و ناپاک، کە بەھا و نرخ بۆ ھیچ شتێکی خۆیی و خۆماڵی دانەنێت، ڕێز و پێزانینی بۆ ئەرز و ئاسمانی ولات لا نەمێنێت و ھەموو پیرۆزیەکان بە نەفرەت بکات.

 

  • 1