ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

لەهاوینی ساڵی 1973 پەیوەندی حزبمان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەتەواوی گرژبوو، ژماریەكی بەرچاو لەكادیرو ئەندامانی حزب لە لایەن دامودەزگاكانی پارتی و شۆڕش دەستگیركران و، ئەشكەندەدران و خرانە بەندیخانەكانی شۆڕشەوە، بەتایبەتی دوای مۆركردنی بەرەی(نیشتمانی و نەتەوایەتی پێشكەوتوخواز) لەنێوان حزبی شیوعی عێراق و بەعس، شاڵاوێكی راگەیاندنی بەرفران لە رۆژنامەكانی هەردولا لەدژی یەكتر دەستی پێكردو، هەرچی نەشیاوبوو لەدژی یەكتر بڵاوكرایەوە، بەعسیش ئاگری دووبەرەكی و لێترازانی خۆش دەكرد، دوو ئاراستەی سیاسی و فیكری لە كوردستان بەزەقی سەری هەڵداو، شیوعی و پارتی رابردووی تێكۆشانی هاوبەشی و دۆستایەتی و هاوپەیمانییان پێچایەوە و، ئەوەی لەتوانیای هەردوو حزبی هاوپیمانی دوێنێ لە گۆڕەپانی خەباتی دوورو درێژی هەردوولا لەدژی یەكتر بەكارمان هێنا، رێكخراوەكانی حزبمان لەژێر بارودۆخێكی یەكجار دژوارو نالەبار بوون، ژماریەكی زۆر لە هاوڕێیانمان ناوچەكەكانی خۆیان بەجێهێشتوو بەخاوو خێزانەوە روویان لەشارەكان كرد. لەم بارودۆخە دژوارو ناجێگرو لێكدابڕانە، لە ژماریەك مزگەوتەكانی شاری هەولێرو لەلایەن مەلاكانەوە هێرشێكی ناڕەوای توند لە رۆژی هەینی دا كرایە سەرحزبمان و گەلێك ناو ناتۆرەی خرایە پاڵ... ژماریەك راپۆرت لە هاوڕێیانمان كە لە نوێژی هەینی لەمزگەوتەكان بەشداربوون گەیشتنە لێژنەی شاری هەولێرو داوای هەڵوێستیان لە حزبمان دەكرد.. كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی لێژنەی شاری هەولێر لە سەرتای مانگی ئابی 1973 لە ماڵی هاوڕێ محمد خلیل گرێدرا بەئامادەبوونی تەواوی ئەندامان كە بریتبوون لە هاوڕێیان( مەلا بەكر، تەلعت قەصاب، جەبار حەسەن، محمد شێروانی ، محمد عزیزی حیدەری، حنا ناسراو بە مام قادر، قادر سكە و بەندە)بابەتی هێرشی هەندێ لە مەلاكانی شاری هەولێر بۆ سەر حزبمان خرایە بەرباس و لێكۆڵینەوە، لەئەنجامداو دوای ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕاو هەندێ زانیاری سەبارەت بە بابەتەكە، كۆبونەوە بەوەگەیشت، كە ئەو شاڵاوە رێكخراوە و، هێزێكی لە پشتدایە، ئەویش رێكخراوەكانی پارتی یە، لەناو شاری هەولێر، بڕیاردرا كە پێویستە هاوڕێیانمان و رێكخراوەكانی حزب لە ناو شاری هەولێر لەبەرمبەر مامۆستایانی ئایینی هێمن و لەسەرخۆبن و، بەرێزەوە گفتوگۆیان لەگەڵدا بكەن، هەروا لەكۆبونەوەكەدا بڕیاردرا سەردانی چەند مامۆستایەك لەمزگەوتەكانییاندا بكەین و، بۆچون و هەڵوێستەكانی حزبیان بۆ رۆن بكەینەوە، لە رۆژی دوای كۆبونەوە، من و هاوڕێ قادر سكە( كە پیاوێكی رێك و پێك و پاك و خاوێن و جلی كوردی دەپۆشی، (ئەگەر كاتی نوێژبووایە لەكۆبونەوەی حزبی دەچووە دەرەوەو نوێژەكەی دەكرد) بەرەو مزگەوتی سپی بەرێكەوتین، ئەوكات مزگەوتەكە لەناو شار دوورو، وە دەوروبەری چۆڵەوانی بوو، لەكاتژمێر دەی بەیانی گەیشتینە مزگەوت و چوینە ژوورەوە، مامۆستایەكی باڵابەرزوو جوان و جلو بەرگێكی مەلانەی رێك و پێكی لەبەردابوو، ریشێكی سپی هێشتبۆوە رووبەڕوومان بوو، سڵاومان لەمامۆستا كردوو، ئەویش بەڕێزەوە وەڵامی داینەوە و، ووتی بەخێربێن، وتم مامۆستا ئێمە میوانی جەنابتین، ووتی فەرموون، فەرموون، بەهەر لێرە لەو هەیوانە دانیشین فێنكە... دوای دانیشتن كەمێك بێدەنگ بووین، مامۆستا فەرمووی، یاخوا بەخێربێن و، ووتی چ كارێكتان هەیە بیڵێن.. ووتم زۆر سوپاس مامۆستا بۆ پێشوازاییەكەتان و ، بەردەوام بووم ووتم جەنابت ئێمە دەناسی؟ وتی نەخێر، ووتم ئەی ئەم هاوڕێیەی من پیاوێكی نوێژكەرەو خواپەرستە هیچ جارێك لەمزگەوتەكەی جەنابت لەدوای تۆ نوێژی كردووە؟ ووتی من نەمدیووە، ووتم مامۆستا من نوێژناكەم بەڵام زۆر رێزی مامۆستان و مزگەوت و ئیماندار دەگردم دەتوانم بەئاسودەی لەتەكیان بژیم، چ جارێك منت بینیوە لەسەر دیواری مزگەوتەكەی جەنابت دروشم بنووسم، ووتی نەخێر.. كوڕەكەم تۆ كە نوێژناكەی، ئەوە خۆت و خوای خۆت، بەڵام من وەكو مامۆستایەكی ئایینی بەهەموو موسڵمانان دەڵێم نوێژ بكەن، چونكە ئەوە بەئەركی خۆم دەزانم، ووتم دەم خۆش مامۆستا.. بەڵام كە جەنابت ئێمە ناناسی و نەمانت دیوەو، لەدوای تۆ نوێژمان نەكردوە، كاری خراپمان ئەنجام نەداوە، ئەی بۆچی لەسەرچی لەبەر چاوی موسڵمانان و خەڵك جوونمان پێدەدەی؟ مامۆستا ووتی، ئەستەغفرواللا، خوایە تۆبە، من چۆن جونم بەئێوە داوە؟ ووتم مامۆستا لە هەینی رابردوو لەكاتی نوێژدا هێرشێكی نارەوات كردە سەر حزبمان، حزبی شیوعی عێراق، بەبێ ئەوەی ئەم حزبە و ئەندامەكانی بناسی، مامۆستای بەڕێز كەمێك بێدەنگ بوو، پاشان هاتە ئاخافتن ووتی، بەخوا راستەكەی، من نە حزبی شیوعی دەناسم و، نە هیچ شتێكی لێدەزانم و خراپەشم لێنەدیوە، بەڵام چەند رۆژێك بەرلەنوێژی هەینی، دووپیاوی وەك ئێوە هاتنە لام و دانیشت و باسی سیاسیەتیان دەكرد، پاشان باسی حزبی شیوعییان كردو، داوایان لێكردم كە لەدژی شیوعییەكان قسەبكەم، چونكە لەدژی شۆڕشی كوردن، بەراستی نەدەبوو بەو شێوەیەی قسەم لەسەر شیوعییەكان كرد، بكردایە، بەڵكو دەبوو بەخۆم هەندێ كەسانی زانا و سیاسی بیبنم و، ئاڵوگۆڕی بیرورایان لەگەڵدا بكەم، ئینجا خۆم بریارمبدایە... تازە كارلەكار ترازاو، سوپاسی ئێوەش دەكەم، كەوا بەرێزەوە مناقەشە دەكەن، من بەهیچ جۆرێ جارێكی تر باسی ئەو بابەتانە ناكەم، نەك لەبەر ئەوەی دەترسم، نا، بەڵكو ئەو بابەتانە ئەركی من نییە لەكاتی نوێژی هەینی دا.. زۆر سوپاسی مامۆستانمان كردو وەكو دۆستێك بەرێیكردین، لەكاتی رۆیشتندا، مامۆستا پرسی ووتی ئەو برادەرە ناوی چییە، مەبەستی هاوڕێ قادر سكەبوو، منیش وتم ناوەی كاك عەلی یە، مامۆستا ووتی كاك عەلی ئەگەر پێتكرا جارجار لە مزگەوت سەرم لێبدەو نوێژێكیش بكە..

شەوی هەمان رۆژ لەگەڵ هاوڕێ منعم عبد ئەلمتار رێكووتین كە دوای نوێژی عیشا بچینە سەردانی مامۆستا (مەلا سلێمان) كە لەگەڕكی عەرەبان مزگەوتێكی بچوكی هەبوو، ئێستاكەش مزگەوتەكە ماوەو هەر بەناوی مەلا سلێمانە لەبەر ئەوەی ئەو مەلایە بەرێزەش هێرشی ناوەڕەوای كردبووە سەر حزبمان، مامۆستا مەلا سلێمان بەرەچەڵەك خەڵكی شاری هەولێربوو، لەگەڵ تەواوبوونی نوێژی عیشاو رۆیشتنی خەڵكەكەو چۆڵبوونی مزگەوتەكەو، مانەوەی مامۆستا بەتەنیا لەناو حەوشی مزگەوتەكە، خۆمان گەیاندە مامۆستاو بەرێزەزە لەگەڵی كەوتینە گفتوگۆ، بەهەمان شێوەی مەلای مزگەوتی سپی، مامۆستا مەلا سلێمان سەرتا تۆزێك ترسا، چونكە مزگەوتەكە چۆڵبوو حەوشەكەیی نمچە تاریك بوو، پاشان مامۆستا هێدی هێدی هاتەوە سەرخۆ و، ووتی من زۆر لە شیوعییەكانی هەولێر دەناسم و، هەندێكیان ناسراوو برادەرمن، لەگەڕەگی عەرەبان شیوعی زۆرن و لێرەش هەنە نوێژ دەكەن، بەردەوام بوو، ووتی دیارە من قسەم لەسەر حزبی شیوعی كردوە، بەڵام ئەوە یەكەم جارو دواجار دەبێت، بەراستی خۆم پەیوەندیم بەشیوعییەكانەوە باش بووە، لیرەدا ووتم، مامۆستا كە بەڕێزت رۆژانە دەهاتیە سجن و دەرسی قەڵاچۆڵكردنی نەخوێندەواریت دەووتەوە شیوعییەكان چەند رێزی جەنابتیان دەگرت، ووتی بەخوا راستەكەی، دیارە تۆش لەسجن بویت بەم شێوەیە تواندرا لەناو شاری هەولێر پەیوەندی و رایەلەیەك لەگەڵ مەلا بەرێزەكان دروست بكەین، هەندێ لە فشارەكان كەم بكەینەوە.

روحتان شاد هاوڕێ قادر سكەو منعم عبد ئەلمتار

 

 

  • 1