ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەدوای پێكهێنانی بەرەی (نیشتمانی و نەتەوایەتی و پێشكەوتنخواز) لە نێوان حزبی بەعسی عەرەبی سۆسیالیست و حزبی شیوعی كە لە ئێوارەی رۆژی 17/ تەموزی 1973 لەلایەن-ئەحمەد حسین بەكرو هاوڕێ عەزیز محمد- لە كۆشكی كۆماری لە بەغدا واژوكرا، لەسەرەتا بارودۆخێكی لەبارو گونجاو بۆ رێكخراوەكانی حزبمان لەسەرتاسەری عێراق هاتەپێشەوە و، بارەگای كۆمیتەی ناوەندی حزب لە بەغدای پایتەخت كرایەوە و، هاوڕێیانی سەركردایەتی حزب بەشێوەیەكی ئاشكرا و بەبێ گیروگرفت كارەكانی حزبییان هەڵدەسوڕاندو، هام وشۆی بارەگای حزبییان دەكرد، هاوڕێیانی مەكتەبی سیاسی لەسەرەوەی هەموویانەوە هاوڕێ عەزیز محمد یادی بەخێر رۆژانە لەبارەگای حزب لەشاری بەغدا ئامادە بوونیان هەبوو، بارەگای لێژنەی مەحەلیەكانی حزب لە تەواوی پارێزگاكانی عێراق كرانەوە بە كوردستانیشەوە، بەرپرس و كادیرو ئەندامانی حزب بەتەواوی ئاشكرابوون، لەتەك ئەو بارەگایانە ژماریەكی زۆری تر بارەگای حزب لە قەزاكانیش كرانەوە، كردنەوەی ئەو هەموو بارەگایانەش هۆیەك بوون بۆ ئاشكرابوونی زیاتری هاوڕێیان، ئەندامانی حزب چالاكی جۆراوجۆریان دەنواند، پەیوەندی فراوانیان لەگەڵ جەماوەر بەهێزكرد، لاوان و قوتابیان، ئافرەتان و كرێكاران و جوتیاران جگە لە رۆشنبیران و وەرزشوانان و هونەرمەندان و تەواوی چین و توێژەكانی عێراق جوڵەی و هەژانی تێكەوتوو، چالاكی ئەندامانی حزب شەپۆڵی بەرەو جەماوەر دەدات و، لەهەموو كۆڕو كۆبوونەوەیەكی جەماوەری شیوعییەكان رۆڵی بەرچاویان هەبوو، كاری حزبیان لەهەموو بوارەكاندا بەرەو پێشەوە چوونی پێوەدیاربوو، سەركردایەتی حزب ساڵانە ژمارەیەكی زۆری لە كادیرانی حزب رەوانەی دەوڵەتی سۆسیالیستی بۆ بەشداری لە خولی پەروەردەی حزبی دەكردن و، بۆ ماوەی كورت و مامناوەند و درێژخایەن دەمانەوە و، گەلێك بابەتی تایبەتیان دەخوێندو، بۆ كاری حزبی و جەماوەری ئامادە دەكران، لەتەك ناردنی كادیرانی حزب بۆ خوێندنی تایبەت بە پەروەردەكردنی حزبی، ساڵانە ژمارەیەكی بەرچاو و زۆر لە قوتابیانی ئەندام لە حزبمان رەوانەی سۆڤیەت و دەوڵەتانی تری سۆسیالیستی دەكران بۆ خوێندنی ئەكادیمی، هەر لەهەمان كاتدا ساڵانە چەندجار كادیرانی حزب و پسۆڕانی بوارە جۆراوجۆرەكان لەلایەن دەوڵەتانی سۆسیالیستی بۆ لای حزبییان رەوانە دەكردن و، بۆ ماوەیەك دەمانەوە و، لە بارەگای حزب لە بەغدا خولی رۆشنبیری و كۆڕو كۆبوونەوەیان بۆ هاوڕێیان رێكدەخست و، لەپارێزگاكانی عێرقەوە كادیرو ئەندامان بۆ بەشداری لە كۆبوونەوەكان رەوانەی بەغدا دەكران... هەندێك جاریش پسپۆڕەكان خۆیان دەچوونە پارێزگاكانی عێراق و هەروا دەهاتنە كوردستانیش بۆ سازدانی كۆڕوكۆبوونەوە.

جارێكیان لە هاوینی 1975 وەفدێكی پسپۆڕانی ئەڵمانیا كە لە سێ كەس پێكهاتبوون بۆ بارەگای لێژنەی هەرێمی كوردستانی حزب كە لەشاری هەولێربوو هاتن و، ئاگاداری لێژنە مەحەلییەكانی كە سەر بەلێژنەی هەرێمی كوردستان كە، بریتی بوون لە لێژنەی مەحەلی سلێمانی و كەركوك و هەولێر و نەینەوا و دهۆك كران بۆ ئەوەی هەر لێژنە مەحەلییەك ژمارەیەك لە كادیرانی رەوانەی شاری هەولێر بكات، بۆ بەشداری لە كۆڕێكی تایبەت بە ئەزموونی ئەڵمانیای رۆژهەڵات، بابەتەكە لەلایەن هاوڕێیانی ئەڵمانیا پێشكەش دەكرێت.. لە رۆژی دیاریكراودا هاوڕێیان لە بارەگای لێژنەی هەرێمی كوردستانی حزب ئامادەبوون و لە كاتژمێر دەی بەیانی هاوڕێیانی ئەڵمانیا ئامادەبوون و، یەكێكیان ئەڵمانی لەزمانی ئەڵمانییەوە بۆ سەر زمانی عەرەبی وەرگێڕبوو، ئەو هاوڕێیەی كە لەسەرەتا قسەی كردو ووتی، زۆر سوپاس بۆ سەركردایەتی حزبی شیوعی عێراق كە ئەم بوارەی بۆ رەخساندین، بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوڕێیان لە كوردستان كۆببینەوە و، باسی ئەزموونی بینای سۆسیالیستیتان لە ئەڵمانیا پێشكەش بكەین، سەرەتا ووتی ووڵاتی ئێمە كە ئەڵمانییایە كراوەتە دووبەش و دوو دەوڵەت ئەڵمانیای رۆژئاوا و ئەڵمنیای رۆژهەڵاتە، ئەم دابەشبوونە لە ئەنجامی سەڕی دووەمی جیهانی بووە، ئێمە كاتێك لە ژێر دەسەڵاتی هیتلەر و حزبكەی رزگارمان بوو، وڵاتەكەمان وێران بوو، بیرو باوەڕی هیتلەر و حزبەكەی سەرەتاسەری ووڵاتی گرتبۆوە، بنیاتنانەوەی كەسایەتی هاوڵاتیان و ووڵات ئاسان نەبوو، سەرەتا حزبمان لەبواری خوێندن و پەروەردە دەستی پێكرد، تەواوی مامۆستایان و ئەوانەی لەبواری پەروەردەكارییان دەكرد سەربە حزبە نازییەكەی هیتلەر بوون، پرسیار ئەوە بوو، دەبێت چی بكەین؟ چۆن بۆاری خوێندن و پەروەردە بەڕێوەببەین؟ ناكرێت تەواوی مامۆستایان لە بواری پەروەردە دوربخیەنەوە، لەبەر ئەوەی ئێمە مامۆستای تایبەت بەخۆمان نەبوو، بۆ یە حزب بڕیاریدا تەواوی مامۆستایان لەسەركارەكانییان و لەشوێنی خۆیان بن و، لەپیشەی مامۆستایەتی بەردەوم بن، بەمەرجێك وانە لەبەر رۆشنایی بەرنامەو رێنماییەكانی حكومەتی ئەڵمانیا بڵێنەوە، لەلایەكی ترەوە حزب بڕیاریدا كە هەر ئەندامێكی حزب گەر خوێندەواری هەبێت و ئارەزوی هەبێت ببێتە مامۆستا دەكرێت بۆ ماوەی شەش مانگ بخرێتە خولی فێكردنی چۆنییەتی وانە ووتنەوە، لە قوتابخانە سەرەتاییەكان وەك مامۆستا كاربكەن و، ئامادەبن بۆ لادێیەكان رەوان بكرێن و ئەركی مامۆستایەتی لە ئەستۆ بگرن، لەم رێگایەوە لەماوەیەكی كوردتدا بەهەزاران مامۆستا بۆ قوتابخانە سەرەتاییەكان ئامادەكران، هێدی هێدی و لەماوەی چەند ساڵێكدا بواری پەروەردە و خوێندن پاككرایەوە و رێكخرایەوە... ئەنجا لەسەر هەمان رێچكە و دانانی بەرنامەی كاری حكومەت و، رێنمایی و پشتیوانی حزب دەتواندرا خۆمان دروست بكەینەوە، ئێستاكە ئێمە لە بواری كشت و كاڵ و پیشەسازی و تەندروستی و پەروەردە و رۆشنبیری و هونەرو وەرزش و تەواوی بوارەكانی ژیانی مرۆڤ و خۆشگوزەرانی بەرو پێشەوە دەچین و، لەزۆر بواردا پشت بە داهاتی و بەرهەم و بەروبوومی ناوخۆ دەبەستین.. بەردەوام بوو، ووتی، عێراق بارودۆخێكی زۆر گونجاوە كە ووڵات بەخێرایی بەرەو پێشەوە ببەن بەتایبەتی عێراق ئێستاكە پەیوەندی تووندوتۆڵی لەگەڵ دەوڵەتانی سۆسیالیستی هەیە و، لەبواری ئابوری و پەیوەندی دیبلۆماسی بەرو پێشەوە چوونی زۆر هەیە، ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە حكومەتی عێراق یەكەم حكومەت بوو لە دەرەوەی دەوڵەتان سۆسیالیستی دانی بە دەوڵەتی ئەڵمانیا ناوە، ئەوە هەنگاوێكی گەلێك گرنگ بوو، لەكۆتاییدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، كە ئەگەر بهاتایە لە ئەڵمانیا ئەو زەوی و ئاو و هەواو نەوت و گەلێك سامانی تر، كە لە عێراق هەیە، لەئەڵمانیا هەبووایە، ئێمە دەماتوانی بینای سۆسیالیستی لە ئەڵمانیا زۆر خێراتر بكەین.

لەم كاتەدا دەنگێك لە دواوەی هۆڵەكە بەرز بۆوە و ووتی أضف، أضف جبال كوردستان   ، هاوڕێی ئەڵمانی لەوەڵاما ووتی راستە، راستە چیاكانی كوردستان گرنگن، نزیكەی چل كادیری حزبمان لە كۆڕەكە بەشداربوون، ژمارەیەكییان ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی و لێژنەی هەرێم بوون، ئەوكات نەمزانی ئەو هاوڕێیەی ووتی، أضف، أضف جبال كوردستان كێ بوو.

  • 1