ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ھەندێک چەمک و واتا ھەن، دوو بابەتی جیاواز و دوو یەکە و خانەی سەربەخۆن لە ڕووبەری زمان، بەڵام بە ھۆی ناوردبینی و سادەیی لە تێگەیشتن و قووڵ نەبوونەوە لە واتاسازی بە یەک چاو سەیردەکرین و لەناو یەک چوارچێوە مامەڵەیان پێوەدەکرێت، لە بری ئەوەی وەک دوو یەکەی واتا ببینرێن لە کاتی کردار تێکەڵ بەیەکتر دەکرێن، لەوانە: ڕێزگرتن و پانکردنەوە"التملق"، خۆشەویستی و بەرژەوەندی، دڵپاکی و ساویلکەیی، خاکیبوون و خۆبەکەم بینی، ترس و خۆپارێزی، شەرم و ئابروو، بێ دەنگی و خۆبێدەنکردن، ھەبوون و خاوەنداری، ڕاوێژ و پرسپێکردن، ھۆشیاری و ئامۆژگاری....ھتد. ئەمانە کۆمەڵێک لەو مانا ھاوسنورانەن لە ڕووی واتاوە، بە ھۆی ھاوسنوریان لەگەڵ یەکتر، زۆر جار جیاوازیان لە نێوان ناکرێت، بەڵام لە بنەڕەتدا دوو واتایی سەربەخۆن، تەنانەت ھەندێجار تا ئاستی دژیەکی دەڕۆن.

ئەم دوانەیی و ھاوسنوریە بە درێژایی مێژووی پەیوەندی لە زۆر ئاستدا ئینسانەکانی بە ھەڵە بردووە، کێشە و ئاریشیەی بۆ لەیەک تێگەیشتن ناوەتەوە.

ئەوەی لێرە دەمانەوێت جیاوزیەکانیان ببینینەوە سنورەکەکانیان دەسنیشانکەین، ھێلێک بە نێوانیان بکێشینەوە، ھەر دووو چەمکی ھۆشیاری و ئامۆژگاریە، کە بە شێوەیەکی ترسناک تێکەڵکراون، تێکەڵکردن و نەبوونی توانای ھەڵاوێردن و ئاوێرکردن و نەبینینی ھێلەکانی نێوانیان، زۆر شتی تر تێکەڵ بە یەکتر دەکەن، دواجار زیانێکی گەورە بە تێگەیشتن و واتا و ڕەوتی ژیان و پەیوەندیەکان دەگەیەنێت، چونکە ئەم دوو چەمکە ھەر یەک سەر بە دونیایەکی جیاواز و دوو کایەی سەربەخۆن، دوو دەرەنجامی جودا دەدەن بەدەستەوە. ھەر یەک سەر بە پارادایمێک و قوتابخانەیەکی تێورین، ھەر یەک سەر بەقۆناخێکی مێژووی ئاگایی و و وریابوونەوەن.

ئەکرێت لەم بەراوردە جیاوازیەکانیان دەسنیشان بکرێت: ئامۆژگاری گوتارێکی شاقولی و ستونیە، بەڵام ھۆشیاری گوتارێکی ئاسۆیی و فرە ئاراستەیە، ئامۆژگاری ھەڵگری ڕەھەندی بکە و مەکە"ئەمر و نەھی" داخوازی و فەرمانە، ڕەش و سپییە، لە کاتێکدا ھۆشیارکردنەوە لە ھەموو ڕووبەرەکانی زمان و بە ھەموو شێوە و ئوسلوبەکانی زمان گوزارشتی لێ دەکرێت، گرەو لە سەر یەک ئوسلوب ناکات، ئامۆژگاری گوتارێکە لە سەرەوە بۆ خوارەوە، لە گەورەوە بۆ بچووک، لە باوکەوە بۆ مناڵ، واتە گوتارێکی قوچەکی ھەرەمیە، بەمەش دەبێتە گوتارێکی دکتاتۆری و ئایدۆلۆژی و تاکڕەھەند و خۆ سەپێن، لە کاتێک ھۆشیاری بەنەفەس و ڕۆحێکی دیمۆکراتی ھەموو ئەگەرەکان بۆ ویست و ئیرادە جێدێلێت بەمەش دەبێتە گوتارێکی ئازاد، ھۆشیاری ھۆکاری چالاکردنی ھزر و بیرکردنەوە و ژیری و تێڕامان و لێکدانەوەیە، کەچی ئامۆژگاری دەسگرتن و جلەوکێشانە، شونھەڵگرتنە، کەچی ھۆشیاری ڕێنموی و ڕێ نیشاندانە لە شێوەی ئاماژە بەبێ ناچارکردن، کەچی ئامۆژگاری ملگرتن و ناچارکردن و بەڕێدابردن و دەستگرتنە، ئامۆژگاری گوتارێکی تەلقینی و وانەییە، ھۆشیاری لە سنوری ئاگادارکردنەوەدایە، نەسیحەت مۆدیلێکی تەقلیدیە ھەموو کەس دەتوانیت بانگەشەی بۆ بکات خۆی وەک نەسیحەتچی پیشان بدات، ھۆشیارکردنەوە پرۆسەیەکی ئاڵۆزە پێویستی بە کەسی ورد و تێگەیشتوو ھەیە، ھەموو کەس ناتوانێت کەسێکی ھۆشیارکەرەوە بێت، مەرجە خاوەنی پاشخانێکی فیکری و فرەڕەھەند و ڕۆحێکی نابەرژەوەندی خوازن بێت، ئامۆژگاری پارادایمێکی ئاینییە ھەر لە لوقمانی حەکیمەوە تا نوح و ھود تا سەر واعیزەکانی مینبەر، کەچی ھۆشیاری ئاکارێکی فەلسەفی و فەیلەسوفانەیە ھەر لە ئەرستۆ و ئەفلاتوونەوە دەست پێ دەکات، تا سپینۆزا و ئیبنو ڕوشد تێدەپەڕێت تا دەگاتە سەر کانت و کارل ماکس و فۆکۆ...ئامۆژگاری بەرھەمەکەی زۆربەی جار مرۆڤێکی گوێڕایەڵ و پشتکراو زۆر ئاسان بەکاردەھێنرێت، ناگەڕێتەوە بۆ بیرکردنەوەو لێکدانەوە، چونکە سەرچاوەی زانیارییەکانی تەلقینی و ڕاسپاردن و قاسیدین، ئامۆژگاری خەسڵەتێکی پێش گەشەکردنی تاکتیکەکانی ژیار و شارستانیەت و ڕێگاکانی تێگەیاندن و پێگەیاندن و گۆشکردنی مناڵی ئینسانە تا ھەڵە نەکات دەربارەی بابەتە بەدیھی و سەرەتاییەکان، بەڵام ھۆشیاری بەھایەکی بەرز و ئاستێکی باڵای سەرووی ئامۆژگاریە، لەو شوێنە دەستنپێدەکات کە ئامۆژگاری پێیناگات، ئامۆژگاری ھەڵگری ڕەھەندی ملکەچی و لە قالبدانە، کلێشە و قالب و چوارچێوەی ئامادە بۆ ئامۆژگاریکراو پێشنیاردەکات، بەڵام ھۆشیارکردنەوە ھیچ کڵێشەیەک و قالب و چواچێوەیەک بۆ پێشنیار ناکات بەرپرسیاری دەخاتە ئەستۆی ئاوەز و درک، ئامۆژگاری ڕانمەڕ و گاگەل و ڕەوە بەرھەم دێنێت، بەسەر بەرژەوەندی کەسی ئامۆژگار دەڕوانێت، بەڵام ھۆشیاری تاکی وریا پێدەگەیەنێت، ئامۆژگاری سیاسەتێکی نەرمە بۆ ڕاوکردنی عەقڵی مرۆڤەکان و دەستەمۆکردن و بەکارھێنان لە ڕێگەی وتەوە، کەچی ھۆشیاری بەرھەمەکەی مرۆڤێکی سەربەخۆ و سەربەستە، خۆی خاوەنداری ژیانی دەکات و توانای بەرپرسیاریەتی دەرحەق بە خۆی گەورەتر دەبێت، دەبێتە مەرجەعی کەسایەتیەکەی، ئامۆژگاری ئەم جۆرەگوتارەیە گوێگر و شاگردانی فێری لێکدانەوە و ڕاڤە جولەی ھزری ناکات، ئەو پەڕی مرۆڤێکی مەعلوماتی و پڕ لە زانیاری کەلەکەبووی بێکەل و بێ ئەرزش دەخاتەوە، بۆ نموونە، گوتاری دینی تا ئێستا گوتارێکە ھەڵگری ئامۆژگاریە، تەنانەت ئەمە ڕەنگی داوەتەو لە سیستمی ڕێخستنی بڕیار و حوکمە فیقھیەکان، بۆ نموونە لە وتاری ھەینی بۆ ھیچ لە گوێگران نیە بەشداری گفتۆگۆکە بکەن، تەنھا گوێگرن، بەڵکو جولەی ناپێویستیش حەرام و قەدەخەیە لە کاتی پێشکەش کردن، گوتارێکە لەسەرەوە بۆ خوارەوە شاقولی و ستوونیە، ھۆشیاری بەرھەمھێنەری عەقڵێکی ڕەخنەیی و نا تەسلیبووە، ئامۆژگاری بەرھەمھێنەری عەقڵێکی گوێڕایەڵ و دەستەمۆ و بێ مەرجە، لەسەر پرسیپی " سمعنا وأطعنا" گۆشدەکرێت، ھەروەھا لە پشت دورستکردنی ھیرارکیەتی شوان و ڕان، شێخ و دەروێش، سەردار و کۆیلە، سەرۆک و بەرۆک، ئاغا و کرمانج، حیزب و کادیر، براگەورە و برابچوک، باجی و خوشکۆلەیە، ھۆشیاری کردەیەکی جۆریە، قالبێکی حازبەدەست نیە، بیرۆکەیەکی ئامادەکراو نیە، بۆ ھەموو شوێن و کاتێک ببێت، گوتارێکە دوای خوێندنەوە بۆ واقیعەکە و مژارەکە دورست دەبێت، نەسیحەت یەکەیەکی زانیاری و ڕاسپاردەیە بەناو عەقڵ و ھۆش و ئاوەز و ژیری نەسیحەتکراو تێناپەڕێت، بێ لێپرسینەوەی عەقڵی بەرامبەر، بێ ھەرسکردن بەبێ پاڵفتەبوون و پاڵاوتنێک دەگۆڕێت بۆ کردار.

ئەگەر ھۆشیاری و ئامۆژگاری لە ڕووناکی وێناکەین، ئامۆژگاری تیشکێکی لولەییە لەناو تاریکاییەک تەنھا پێش خۆی یان خەتێکی شاقولی ڕووناک دەکاتەوە، لەوانەیە ڕێگە و شەقامی گونجاوتر و ئاسانتر لەم لاو ئەو لای لەناو تاریکیە کە ھەبن، بەڵام نابینرێن، کەچی ھۆشیاری ڕووناکییەکەی پەخش بە ھەموو ئاراستەکان دەدات و ڕۆشنایی پەخش دەکات، ئەوکات تۆ خۆت ڕێگەیەک یان ئاراستەیەک ھەڵدەبژێریت، ناچارنیت بە ھێلی ڕووناکیەکە لەم تاریکیە ھەنگاو بنێیت.

با ئەو پەندە ئەورووپیە بکەینە نمونە، کە دەڵێت: " فێری ماسی خواردنم مەکە، بەڵکو فێری ماسی گرتنم بکە" ئامۆژگاری فێری ماسی خواردنت دەکات، بەڵام ھۆشیاری فێری ئەوەت دەکات چۆن ماسی بگریت و ڕاو بکەیت، بۆ ئەوەی جاری دووەم، کە برسی بوویت، نەگەڕێتەوە لای ماسیگرەکە، خۆت ئەمجارە ڕاوبکەیت.

گەر سەیرکەین لە کۆمەڵگە مسڵمانەکان پڕیەتی لە پانگخواز و نەسیحەتچی، بەڵام دوو سێ ھۆشیارکەرە دەستناکەوێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پارادایمەی کە ئەم گوتارانەی تێدا لە دایک بوون، چەندین نەوەیە توانایی دەسکاری کردنی خۆیان نیە، گەر سەیری فەرھەنگی ئەم زمانانەی ئەم دەڤەرە بکەین وەک کوردی و عەرەبی و تورکی یەکەیەک نیە بۆ کەسی ھۆشیارکار، لە عەرەبیدا ناسح و مسلح ھەیە، بەڵام "واعی" یەکەیەکی کارا نیە، لە زمانی کوردی ئامۆژگار چەمکێکی جێگیر و ناسراوە، بەڵام ھۆشیارکار یەکەیەکی نامۆیە بە فەرھەنگی ئەو زمانە، ھۆکارەکەیشی ڕوون و بەڵگە نەویستە، کە ناوەرۆک نەبووو بێگومان ناویش نابێت.

  • 1