ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەزموون بە ڕەهایی لە ڕابردوودانیە، بەڵکو زیاتر لەگەڵ ( ئێستا) دایە. ئەگەر ئەزموون بە تایبەتمەندی و عەقڵێکی فرە ڕەهەند و داهێنان ڕەنگڕێژ نەکرابێت، نابێتە ئەزموون. هەر ئەزموونێک جێی پرسیار و گومانە ئەگەر تەنیا گرێدراوی نمایشکردنەوەی کۆن و ڕابردووبێت. لەبەر ڕۆشنایی ئەم بۆچوونەش ئەزموون وجودییە. گرنگی ئەزموو لە ساتەوەختی پڕاکتیک کردن و هەنگاونان دەردەکەوێت. نەک گیرسانەوە بە ماددەکانی ڕابردوو. ئەزموون شوناسێکی دانسقەیی وچۆنایەتی و نوێخوازی هەیە. ئەزموون لە قوڵاییدا وزە و جولانێکی هەمیشەییە بۆ دابڕان و نەمریی لە داهێنانکردن.

ئەزموون،( ئەڕشیفگەری و یادگاری) نیە!

لێرە ئەزموون مانایەکی تەواو کرچ و کاڵی پێدرایە. زۆرینەی پێناسەکان دەربارەی ئەزموون دەمان بەنەوە (ڕابردوو). لای ئەم پێناسە لاوازانە ئەزموون گرێدراوی (موالید و مێژووی کارکردنە) ئەم بۆچوونەش تەواو نالۆژیکە. خراپترین تێڕوانینە بۆ ئەزموون. لای ئەم پێناسە کۆمیدیە، ئەزموون بچوک دەبێتەوە، دادەبەزێت بۆ (خزمەتی کارکردن- موالید ).

ئەم پێناسە باوەی ئێرە وایکردووە هەمیشە بێ ئەزموونی بکەوێتە سەروی ئەزموون.بەڵام ئەزموون هیچ لەو پێوەرانە نیە کە بەڕابردوو دەیبەستێتەوە .کارامەیی و تازەگەری، کاکڵی ئەزموونە، بەبێ هەبوونی توانست و تایبەتمەندی، ئەزموون، بوونی نیە.

ئەگەر پێت وابێت تەنها لە بەر ئەوەی ۳۰ ساڵە لە شوێنێک بەرپرسی،یان ڕۆژنامەنووس و مامۆستای، لەبەر ئەوە ئەزموونت هەیە. ئەوتێگەیشتنە خۆی ئاوێنەی بێ ئەزموونیە. 

ئەزموون، بوونێکی ئیستاتیکایی و درەوشانەوەی هەیە، وەک هونەری نەخشاندنە. بەهیچ جۆرێک ئەزموونێکی دەوڵەمەند بە تەمبەڵی و چەق بەستویی و خولانەوە لەناو بازنەی ڕابردوو بینا ناکرێت، وەک لای هەندێک عەقڵی پاسیڤ کە بوون و ئەزموونیان پەیوەست ئەکەن بەوەی( ڕابردوویان) هەیە. لای عەقڵی پاسیڤ ئەزموون جۆرێکە لە زیندان٫چونکە لە ڕابردوودا قەتیس بووە و ناکرێتەوە بە ڕووی (ئێستا).

کانت بڕوای بەگەڕانەوە بۆ دواوەنیە. پێی وایە سەردەمی زێڕین له پێشمانە،نەک لە ڕابردوو جێمابێت. کانت بڕوای بە گەشەی مێژوویی هەیە، واتا هەرچەند مێژوو بەرەوپێش بچێت مرۆڤ ئازادتردەبێت و پترلە کەماڵ نزیک دەبێتەوە.( یادەوەری و زەمەن، بەختیار علی).

ئەم تێڕوانینەی کانت تەواوناکۆکە لەگەڵ ئەو پێناسەی کە ئەزموون یەکسان ئەکات بە (ڕابردوو) . یان ئەوانەی وابیر ئەکەنەوە ئەزموون واتا هەبوونی ( تەمەن و ساڵی خزمەت) .بەڵام ساڵی خزمەت و تەمەن هیچ نیە ئەگەر( ئێستا ) لە داهێنان و تازەگەری کەوتبێت!

لە ڕۆمانی ژیانی نوێی ئۆڕهان پاموک، کارەکتەر کتێبێک دەخوێنێتەوە، لە ڕێی ئەو کتێبەوە سەرتاپا ژیانی دەگۆڕێت. دوای خوێندنەوەی ئەو کتێبە، کارەکتەرەکە دەبێتە کەسایەتیەکی تر، جیاواز لەو کەسایەتیەی پێشوو. بەرلە خوێندنەوەی ئەو کتێبە تەواوی ژیانی هەر گۆشەگیری و نائومێدی و پەرێشانی بووە،بەڵام بەهۆی خوێندنەوەی کتێبەکەوە، پێدەنێتە ژیانێکی تازە ونوێ و بەر کۆمەڵێک تیشک و گڕوتین و قۆناغی نوێ لە ژیان کردن دەکەوێت .لێرەدا ئەزموونێک ئاشکرا دەبێت، ئەویش ئەزموونی دابڕان و تازەگەریە.جەوهەری ئەزموون خودی گۆڕانکاری و ژیانی تازەی کارەکتەرەکەیە. لێرەوە ئەزموون بوون خۆی نمایش ئەکات، چونکە ڕابردوو لەکار دەکەوێت و دەچێتەوە شوێنی خۆی، لە بەرامبەردا کتێب دەبێتە کلیلی دابڕان و کردنەوەی دەروازەی ئەزموونێک، کە تێیدا ژیانێکی نوێی لێ بەرهەم هاتووە.

لای مارکس ئەزموون ئاڵۆزترە، بەڵام دەکرێت بڵێین ئەزموون لای مارکس پوخت دەبێتەوە لە بەردەوامی بوون لە ڕەخنەکاری و ئازادی و گۆڕانکاری، بەڵام ماهیەتی ئەزموون لای مارکس جیا ناکرێتەوە لە توانست لە کار و بەرهەمهێنان و داهێنان. گرنگی تێڕوانینی مارکس بۆ ئەزموون ئەو ڕاستیە ئاشکرا ئەکات کە ئەزموون بەرەنجامی ئامادەسازیەکی هەمیشەیی و هەنوکەییە، گەورەیی بوونی ئەزموون لە کار و داهێنان و ئازادی دەردەکەوێت.

  • 1